پێشمەرگەی دێرین و بارزانی

Friday, 14/06/2013, 12:00

1905 بینراوە


هیچ شتێک موقەدەس نیە وەک ئەوەی من یان تۆ یان ئەوی تر پێناسەی بۆ دەکەین ڕەنگە من خۆم بەقارەمانی ڕزگارکەری گەل بزانم و باسی ئەو پێڵاوە لاستیک و ئەدیداسانە بکەم و بە گەل بڵێم بەهەزران شەقم لەبەرد هەڵداوە، بە هەزاران پاتەی لاستیک و ئەدیداسم بۆ ئێوە دڕیوە لەشاخدا ، لەبەرامبەر ئەم ووتانەی من و تۆو ئەوانیشدا گەنجێکی لەدایک بووی دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ گەر باسی ئەوەی بۆ بکەیت دەڵێت جا خۆ تۆی پێشمەرگەی دێرین کەس لێت نەپاڕاوەتەوە و بەساقەو قوربانت نەبووین تا بچیتە شاخ و گوناحی ئەو هەموو پاتە وئەدیداسانە چی بوو کە تۆ لەشاخدا دڕیت؟
ئەم پێشمەرگە دێرینە بەستەزمانانە وەک سینی پاقلاوە وان بە چەقۆی چەند کۆمەڵە و گروپ و تەنەنات چەند کەسێک کراون بە چەند قاشێکەوە و هەریەکەیان بۆ بروزکردنی کەسێتی خۆی کۆمەڵێک پێشمەرگەی دێرین دەباتە حزوری مەکتەب سیاسیەک و ئەویش لە ڕاگەیاندنی حیزبەکەیدا بەشانو باڵا و کەمەری خەباتی پێشمەرگەی دێریندا هەڵدەدات و پەیمان دەدات لە نزیکترین کاتدا داواکانیان جیێەجێ بکات ، نەخێر کۆمەڵەکەی ئەولا وەک تەحەدایەک کۆمەڵێک پێشمەرگەی دێرین دەباتە لای مەکتەب سیاسیەکی ترو ئەویش دەڵێت کوڕە ئێوە نە بوونایە ئەم ئەزموونە نە بەدەست نەدەهێنرا و نە حکومەتی هەرێمیش دادەمەزرا ، ئیتر ئەم پێشمەرگە دێرینە بەستەزمانانە بەس فریای ئەوە دەکەون جلێکی خاکی کۆن لەبەر بکەن و لە نێوان بیرۆی ئەم مەکتەب سیاسی و ئەوی تردا ژوور بەژووریان پێ دەکەن و وێنەیان دەگرن ، دوای کۆبونەوەکەش لە کەباب خانەیەک سەروو یەک نەفەر کەبابیان دەرخوارد دەدەن و مەرەخەسیان دەکەن.
مەسعود بارزانیش هیچ بۆنەو یادێک نیە نەڵێت خەبات و ژیانی پێشمەرگایەتیم ناگۆڕمەوە بە پۆست و پلەو پایە ، دەی کە وابێت ئەوە بۆچی پێشمەرگەیەکی دێرینی یەکێتی دەشتی هەولێر یان گەرمیان یان شارەزوور یان شارباژێڕ یان دهۆک یان سلێمانی یان هەورامان یان قەرەداخ یان ئاکرێ یان ئامێدی یان زاخۆ نەبوو بە سەرۆکی هەرێم ؟ ئەوە با پێشمەرگە خۆ بەدێرین زانەکان وەڵام بدەنەوەو یەکێکیان تەحەدای مەسعود بارزانی بکات و لە هەڵبژاردنەکانی مانگی ٩ی ئەمساڵدا خۆی هەڵبژێرێت بۆ سەرۆکی هەرێم.

ڕزگار ساڵح
هۆڵەندا- ئەنیشخەدە
١٤-٦-٢٠١٣


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە