سیروان محمد كریم: هەڕەشەی ئەوەی لێ كردووم كە بەڵایەك بەسەرم بێنێت لە هەبوونی خۆم نفرەت بكەم

Thursday, 08/10/2009, 12:00

2238 بینراوە


لە چاوپێكەوتنێك دا كادری رێكخستنەكانی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان بۆ سایتەكەمان سەبارەت بە هۆكاری دەستبەرسەركردنی لەلایەن ئاسایشی گشتی شاری هەولێرەوە ووتی:

سیروان محمد كریم كادری رێكخستنی گەنجانی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان لە كوێ دەستبەسەر كرای و بۆچی؟ هەڵوێستی ئاسایش لە بەرانبەرتان چۆن بوو؟
لە رێكەوتی 24/9/2009 ڕۆژی پێنج شەممە لە بازگەی قەزای مەخموور بە هۆی ئەوەی كە من كادیری پارتی چارەسەریمە دەستبەسەر كرام و ڕەوانەی ئاسایشی قەزاری مەخموور كرام و دوای كاتژمێرێك بێ ئەوەی بەڵگەیەكی دیاری كراوو تاوانێك لەسەرم هەبێت. تەنیا تاوانم كادیر بوونی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان بووە!! پاش یەك كاتژمێر راوەستاندن ڕەوانەی ئاسایشی گشتی لە شاری هەولێر كرام. ئاسایشی گشتی بێ ئەوەی لێكۆلینەوەیەك لە سەر دەستگیركردنم بكات، دەستووریان دان تا ڕۆژی یەكشەممە بمخەنە زیندانەوە، هۆی ئەوەیان گەڕاندەوە كە گوایا ئێستا ئیدارەی حكومییەكان داخراون و دەبێت تا ئەو كاتە چەند ڕۆژ لە زیندان چاوەڕوانی رایەدارانی ئاسایش بكەی.
هەڵوێستی ئاسایشی گشتی لەم ماوەیەدا بەرامبەر بە من، هەڵسوكەوتی نادیموكراتیانەو نامرۆڤانەو نائیخلاقیان بە دوور لە بنەماكانی شارستانی و هاوچەرخ بوو، تەنانەت لە ئاسایشی گشتی هەمبەر ناسنامەی حیزبیم بێ رێزی و بێ حورمەتی كراو و بە دەهان قسەی خراپ و ناشیرین و دوور لە كەلتووری كوردایەتییە گوترا و دەهاتە گوتن ، بەناوی كردنی هەموو ئەو شتە ناشیرن و ناگونجاوانە وەكو شەرم و بێ ئەدەبی دەبینم كە بە من و حیزبەكەم كراوە. دیسان هەر بەمەش كۆتایی پێ نەهاتووە و لە ئاسایش دا بە تایبەت لە لایەن كەسایەتێك بە ناوی "محمد" كە لە ئاسایش دا كارو باری پەنجەمۆر و وێنەگرتن پێك دێنێ لە بەرامبەر بە من توندوتیژی بەكار هێناوەو بە لاق و مست هەموو جێگای لەشمی دا بەر لێدانەوە پێلەقەو لێدان تەنانەت هەڕەشەی ئەوەی لێ كردووم كە بەڵایەك بەسەرم بێنێت كە لە هەبوونی خۆم نفرەت بكەم بێ ئەوەی كە دەنگم بگاتە جێگەیەك.

زۆرترین پرسیارەكانیان سەبارەت بە چی بووە و ڕەوشی ئەو جێگایە تێدا ماون چۆن بوو؟

زۆرترین پرسیارەكانیان لە چوارچێوەی ڕەش كردنی ناسنامەو ئایدئۆلۆژی و رێبازی ژیانی و تێكۆشانی حیزبەكەم بووە، بەتایبەت بە هەر پرسیارێكیان هەوڵی ئەوەیان دەدا كە چەوت بوون و گەندەڵی ژیانی سیستەمی خۆ بۆ من بكەنە راستی و راستییەكانی ژیانی شۆڕشگێڕی و ئازادانەی حیزبەكەم لە بەر چاوم دا ڕەش بكەن. هەر وەها لە بواری رۆحی و ڕەوانی من تێك بشكێنن و دەیانخواست نەبزی من بگرن كە چەندێك گرێدراوی رێكخستنی ئازادیخوازانەی خۆمم و گوایا دەتوانن بەو ڕەنگە من تەسلیم وەر بگرن. لە ئەنجامی سێ جار لێپرسین و لێكوڵینەوەی تایبەت جارێك لە لایەن دەزگای پاراستنەوە ئەو پێشنیارە بەمن كرا كە من دەست لە خەباتی خۆم بەردەم و گوایا پارتی دیموكراتی كوردستان هەموو ئیمكاناتی شەخسی و پاراستنی بۆ من دابین دەكات كە لە خزمەتی ئەواندا ئیش بكەم و هەر وەها هاوكاری لە گەل ئەوان بكەم كە زانیاری حیزبی و رێكخستنی بە ئەوان بدەم.
ماوەی ئەو 12رۆژەی كە دەستبەسەر كرابووم، لە غۆرفەیەكی 15 میتری كە 15 كەس لە ناویدا دەژیان مامەوە، وەك كەسایەتێك كە ناسنامەی سیاسیم هەبوو لەگەڵمدا هەڵوسوكەوتیان نەكرد و لەو ماویەدا وەك هەموو ئەو كەسانەی كە بە تاوانەكانی وەك؛ ئەرهابی، كڕین و فرۆشتنی مادەهۆشبەرەكان، ناسنامەو پارەی تەزویر، قەتل و هتد گیرابوون، هەڵسوكەوتی خراوتر و ناشیرین ترم لە گەل كراوە. هەروەها لە بواری ڕاگەیاندن و چاپەمەنی چاودێرێكی چڕوپڕ دەكەن و حەتا تەلویزیۆن سانسۆر دەكەن و رۆژنامەكان جیا لە هەولێر و التأخی رۆژنامەیەكی دیكە نادەنە زیندانیەكان و بۆ بڵاوكردنی رۆژنامەیش بە دڵی خۆیان دەجولێنەوە و بەردەوام رۆژنامەیان نەدەدا پێمان. لە بواری پاك و خاوێنی دەتوانم بڵێم جێگەكی پیس و قرێژ بوو كە مرۆڤ لە كاتی هەواخۆری نەیدەویست دەربكەوێتە دەروە، لەبەر ئەوەی حەوشەیەك تێدا هەوامان دەگرت پڕ لە زبلأدان بوو و بۆنی گەنیوی لێ دەهات، بەو واتایە بە جێگەی هەواخۆری دەبوایە بۆ میكرۆب و بۆگەن خۆری بڕوایین. دەتوانم بە كۆرتی ئەوە بڵێم لەبەرامبەرم دا شەرێكی تایبەتیان بەرێوە برد. جێگایەكی كە ئەگەر مرۆڤ باوەڕییەكی بەهێزو قوولی نەبێت، لە ماوەیەكی كورتدا ئەو جێگا بێ ئەوەی مرۆڤ هەستی پێ بكات، دەیتوێنێتەوە.

هەڵوێستی ئێوە چۆن بوو؟ چۆن ئازاد كران؟
سەرەتای دەستبەسەر كردنم تا ئازاد كردنم دەتوانم بڵێم هەڵویستم لە پێناو شەرمەزاركردنی، كردەوەی نادیموكراتیانەو ناڕەوای ئاسایشی هەرێم بە مانگ گرتن لە خواردن بووە، چۆن من كەسایەتێكی سیاسییمە و لە پێناو خزمەت كردن بە گەلە چەوساوەكەم خەباتێكی ئازادیخوازانەم گرتوەتە بەر، بەم بۆنەشەو هیچ كاتێك زۆڵم و زۆری و ناعەداڵەتیم بەرامبەر بە خۆ و گەلەكەم قبوول نەكردووە و ناشی كەم، لە بەر ئەوەی دەستبەسەر كردنم لە لایەن ئاسایشەوە ناڕەوا و ناحقوقی بووە، بۆیە بڕیاری مانگ گرتن لە خواردنم دا و تا كاتی ئازاد كردنم كە رێكەوتی 6/10/2009 بووە، هەر چەند رایەدارانی ئاسایش هەوڵیان دا من رازی بكەن كە مانگ گرتنەكەم بشكێنم، بەڵام من لە سەر ئەو بڕیارەی خۆم سوورتر بووم و تا ئازاد كردنم لە زینداندا دەمم لە شتێك نەدا. بەم بڕیارەم خواستم ئەوە بە ئاسایشی گشتی هەرێم بسەڵمێنم ئێمە كادیرانی پارتی چارەسەری هەر چەند كۆسپ و تەگەرە بخەنە پێشمان لە خەباتی خۆمان و رێبازەكەمان پاشگەز نابینەوە كە هیچ، بە پێچەوانەوە بۆ ئەوەی كەلتووری دیموكراسی لە كوردستان بڵاو بكەین تێكۆشانمان گۆڕتر و بەتین تر دەكەین.
ئاسایشی هەرێمی كوردستان ئەوەش دەبێت بزانێت كە تێكۆشانی من بەو چەند رۆژەی زیندان كۆتایی پێ ناهاتووە و نایەت، بەڵكوو لە پێناوی گرتنی مافی خۆ و سزاكردنی تاوانبارانەی كە منیان بە تاوانبار ناسیوە، و بێ رێزی و بێ حورمەتیم پێ كراوە و ئەشكەنجەی جەستەیی و رۆحیم پێ كراوە، سكاڵانامەیك دەرهەقیان تۆمار دەكەم و پێشكەشی مافی مرۆڤ دەكەم و تا ئەو گێرەشێوێنانەو كەسانی نادیموكراتیك مەحاكمە نەكرێن و نەگەیەنە سزای خۆیان دەست لە دۆزی خۆشم بەرنادەم.
دەستبەسەر كردنم بڕیارێكی سیاسی بووە و بۆ چاوترساندنی خەڵك و كادیران و لایەنگرانی ئەو رێكخستنەبووە، بۆیە تاوان و تۆمەتێكی حقوقی لەسەرم نەبووە كە تا لە زیندان ڕابگیرێم و ڕاگرتنیشم لەم چەند رۆژەدا بریارێكی كەیفی ئاسایش بووە. ئێمە پارتێكی سیاسی و حقۆقین و مافی خەبات كردنمان لە باشووری كوردستان و ئێراقدا هەیە بۆیە ئاسایشی هەرێم بە بڕیاری سیاسی ناتوانێت نەك من هیچ كادیرێكی دیكەی ئەو حیزبەمان بە بۆنەی خەباتی سیاسی و دیموكراتیانە ڕابگرێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە