سەرۆكێكى بێ ئاڵا، هەرێمێكى بێ سەرۆك !

Wednesday, 30/06/2010, 12:00

4770 بینراوە


ئایا توركیا بەراستى بەرەو كرانەوەى دیموكراسى دەچێت؟ یاخود كرانەوەى دیموكراسى ئەو دروشمە دیماگۆگیانەیە عوسمانیە نوێیەكان لە پێناو وەدیهێنانى بەرژەوەندیەكانیان بەكاریدەهێنن ؟! توركیا بەو ئەقلیەتەى ئێستا دەتوانێ چارەسەرى كێشەى كورد بكات ، یاخود بەواتایەكى تر، توركیا مەبەستیەتى كێشەى كورد چارەسەر بكات ؟! بە چ مەبەستێك سوپاى توركیا ناوە ناوە لە ژێر ناوى لێدانى گەریلاكانى ( PKK) سنوورەكانى هەرێمى كوردستان دەبەزێنێ؟! بۆچى توركیا بە سیاسەتی بانێكەو دوو هەوا مامەڵە لەگەڵ كوردەكانى باكوورو باشور دەكات ؟! سەربارى ئەوەى باشوورى كوردستان گەورەترین ئەستوندەى ئابوریە بۆ توركیاو ئەو بازاڕە كراوەیە كە كەل وپەلە ستۆكەكانى خۆى تیادا سەرف دەكات ، ئامادە نەبوو وەك سەرۆكى هەرێمێك پێشوازى لە سەرۆكى هەرێمى كوردستان بكات! هۆكارەكەى بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە بەڕێز سەرۆكى هەرێم نەیتوانى وەك سەرۆك هەرێمێك نوێنەرایەتى میللەتەكەى بكات ، یاخود توركیا دەروونى سەركردەكانى باشورى خوێندۆتەوەو خاڵە بێهێزەكانیانى لە بن دەستدایە ، كە ناچاریان دەكا لەژێر ئاڵاكەى ئەودا، وەكو سەنگى راستەقینەى خۆیان وەدەركەون ؟! و لە رێگاى ئەوەوە سوكایەتى بەكەسایەتى مرۆڤى كورد بكات ! ئایا توركیا بۆچى لە كاتى سەردانەكەى سەرۆكى هەرێم هیچ ئاڵایەكى بەرز نەكردەوە؟ !
لە راستیدا كرانەوەى توركیا بەرەو دیموكراسیەت ، ئەو دروشمە دیماگۆگیەیە كەوا سەركردەكانى عوسمانیە نوێیەكان لە توركیا بەرزیان كردۆتەوە . دیارە لەگەڵ شەڕى كەنداوى دوەم و دەركردنى سەدام لە كوێت ، بیرى ناسیونالیستى دوچارى شكستێكى گەورە بوو، تیكشكانى بیرى ناسیونالیستى بە شێوەیەكى گشتى لە رێگاى پێشكەوتنەكانى هۆكارەكانى گەیاندن و سەركەوتنى بیرى لیبراڵى ، دواى روخانى سۆڤیەت ، پانتاییەكى سیاسى لەبەردەم ئایدۆلۆژیاى توندرەوى كەمالیزمدا نەهێشتەوە ، بەرامبەر ئەمەش دەروازەیەكى ترى فراوان لەبەردەم توركیا كرایەوە ، بە تایبەتیش لە ناوچەكانى قەوقازو ئاسیاى ناوەڕاستدا ! ئەمە بوە هۆى سەرهەڵدانەوەى بیرى عوسمانچیەتى لە شێوەیەكى تردا، بۆیە لەسەردەمى (تۆرگۆت ئۆزالدا)، واتە هاوكات لەگەڵ پێشكەوتنە سیاسیەكانى عیراق و هەرێمى كوردستان بە تایبەتى ، دروشمى عوسمانیەتى نوێ لە نێو قوژبنەكانى دەسەڵاتى سیاسى لە توركیا بەرز بوەوە ! ئەو دروشمەى كە تا ئێستا بە داخەوە ، سەركردایەتى سیاسى لە باشورى كوردستان ، لە خودى هەڵگرانى ئەو دروشمە زیاتر فریوى پێ خواردوە! هەوڵدەدا لەو رێگایەوە پاساو بۆ هەڵەكانى خۆى بهێنێتەوەو و لاوازى ئیرادەى سیاسى خۆى پێ بشارێتەوە !
دەبێت ئەو راستەقینەیە بزانین ، كە مەبەستى عوسمانیە نوێیەكان چارەسەركردنى كێشەى كوردو كرانەوە نیە بە رووى دیموكراسیەت ، بەڵكو هەوڵدانێكە بۆ داگیركردنەوەو گەڕاندنەوەى ئەو ناوچانەى كە دواى جەنگى یەكەمى جیهانى لەدەستیان دا ، لە نێویشیاندا ویلایەتى موسڵ ، بە شێوەیەكى تر ئەو ناوچانەى كە ئەمڕۆ بەشێكى گەورەى لەبەر دەستى حكومەتى هەرێمى كوردستاندایە! واتە توركیاى عەلمانى لە رێگاى بەكارهێنانى ئاینى ئیسلام لە بەرگێكى نوێدا ، دەیەوێت نەخشەى ئیمپراتۆریاى روخاوى عوسمانى بۆ خۆى بگەڕێنێتەوە، بەڵام ئەمجارەیان لە روى ئیداریەوە، لە جیاتى بەكارهێنانى سیستەمى ئەیالات ، یاخود ویلایات ، كە دەتوانین بە جۆرێك لە فیدرالیەتى ئیسلامى ناو بنێین ، سیستەمى فیدرالى رۆژئاوا پیادە بكات ! بۆئەم مەبەستەش لە پشت پەردەكانەوە، زۆرجاران بانگەشەى فیدرالیەتى ئۆزالى دەژنەوین ، كە هەموو ئەو ناوچانە دەگرێتەوە، لەسەرەوە ئاماژەمان پێكرد! چونكە یەكەم كەس كە بانگەشەى بۆ ئەم شێوازە فیدرالیە كرد (تۆرگۆت ئۆزال) بوو، ئەو سەرۆكەى كە بەداخەوە زۆر لە سیاسەتمەدارانى كورد ، لە باكوورو باشورى كوردستانەوە بەو فریشتەیەى تێدەگەن كە دارێكى ئەفسسوناوى لەدەست بوو دەیویست كێشەى كورد چارەسەر بكات ! ئۆزال دواى لێدانى سەدام دڵنیابوو لەوەى كە نەخشەى سیاسى رۆژهەڵاتى ناوین گۆڕانى بەسەر دادێت ، بۆیە مرخى خۆى لەوە خۆشكرد، كە لە ژێر دروشمى عوسمانیەتى نوێى و فیدرالیزمدا ، ویلایەتى موسڵى كۆن و هەرێمى كوردستانى ئێستا لە باشورو ، بە شێك لە ناوچەكانى ئاسیاى ناوەڕاست ، بە تایبەتیش ناوچە توركماننشینەكان ، كەبەشێكى دەكاتەئەو كۆمارانەى كە دواى روخانى یەكێتى سۆڤیەت سەربەخۆییان وەدەست هێنا ، بگەڕێنێتەوە سەر وڵاتەكەى، واتە خەونى ئیمپراتۆریایەتێكى لا زیندوو بوەتەوە، كە لە دەریاى ئەدریاتیكەوە دەست پێبكات و تا سنورەكانى چین بگرێتەوە. ئەو دروشمەى (ئۆزال) ئەو دێوجامەیە بوو كە بیركردنەوەى راستەقینەى ئۆزالى پێ داپۆشراَ. كە تێكەڵكردنى ناسیونالیستێكى توند رەوى عەلمانى بوو بە روحێكى ئاینى ،كە دواجار خزمەتى ناسیونالیستى توركەكان بكات، واتە لە پەناى ئاینى ئیسلامەوە كار بۆ ئەوە بكات هەموو نەتەوە غەیرە توركەكان بخاتەوە ژێر ركێفى خۆیەوە ، بەمەش بە شێوازێكى تر لە ناو بۆتەى نەتەوەى توركدا بیانتوێنێتەوە! ئەو نامەیەى كە(ئۆزال) بەر لەمردنى بە دوو مانگ بۆ سەرۆك كۆمارى ئەو كاتە(سلێمان دیمیرێلى) ناردوە ، راستى ئەو بیركردنەوەیەمان بۆ روون دەكاتەوە، (ئۆزال)لەو نامەیەدا داوا لە (سلێمان دیمیرل) دەكات كە پێویستەكوردەكان لە باشورى رۆژهەڵاتى توركیا بگوازنەوە بۆ ناوچە تورك نشینەكان لە رۆژئاواى ئەناتۆلیا ، بە شێوازێك كە ژمارەیان هێندە نەبێت كە ئاژاوەو گێرە شێوێنى لەو ناوچانە دروست بكەن ، بە گوێرەى ئەو پلانە، (ئۆزال) واى بە باش دەزانى كە تەنیا(2-3) ملوێن كورد لە ناوچەكانى خۆیان بهێلرێنەوە، باشترین ئامڕازیش كە بۆ ئەمە بەكاریهێنا جێبەجێكردنى پرۆژەى (GAP) بوو. ئەو بیركردنەوەى (ئۆزال) درێژكردنەوەى هەمان سیاسەتى سەردەمى عوسمانیەكان و دواى ئەوانیش كەمالیەكان بوو. دیارە عوسمانیەكان لە ساڵى 1915 یاساى (كۆچ پێكردنى بە زۆرەمڵیان) دەركردو لەئەنجامیدا ، وەك زۆربەى سەرچاوەكانى ئەو سەردەمە ئاماژەى پێدەكەن زیاتر لە 700 هەزار كورد بوونە قوربانى ، دواتریش توركە كەمالیەكان لە ساڵى 1932 پەرەیان بەو یاسایەداو ناویان نا (یاساى پەرتەوازەكردن ولێكترازاندن) ، لە ساڵى 1934 دەستیان بە پراكتیزەكردنى ئەم یاسایە كردو بە هەزاران كوردیان لە زێدى باب و باپیرانى خۆیان هەڵكەند و بەرەو ناوچە توركنشینەكانى رۆژئاوایان دوورخستنەوە ، بۆ ئەوەى لە بۆتەى نەتەوەى توركدا بیانتوێنەوە!
ئەمەكرۆكى سیاسەتى توركەكانە ، هەر لەسەردەمى مەغۆلەكانەوە ، تاوەكو رۆژگارى ئەمڕۆ، ئەگەرچى لە رووخسارەوە ، بە گوێرەى سەردەمەكان ، هەوڵدرابێت ئامڕازى جیا بەكارهاتبێت ، بەڵام مەبەستەكە هەر هەمان مەبەست بوە ، ئێستاش سیاسەتى پارتى عەدالەت و تەنمیە پرۆژەى كرانەوەى دیموكراسى توركیا كە دەهۆڵى بۆ دەكوترێت ، هەر هەمان سیاسەتە بەرامبەر كوردستان پیادە دەكرێت ، بەڵام لەهەموو سەردەمەكانى بەر لە خۆى زیرەكانەتر . ئەمەش ئەو راستەقینەیە دەسەلمێنێت كەوا سیاسەتمەدارانى تورك تواناى گۆڕانیان نیەو لەسەردەمى جیهانگەرایى و شۆڕشى گەیاندنیشەوە ، هەر بە ئەقڵیەتى سەدەكانى ناوەڕاست بیر دەكەنەوە!
سەیر لەوەدایە ، وەك لە پێشەوە ئاماژەمان پێكرد ، كورد زۆر بە گەرمى بەم دەهۆڵە كەوتۆتە سەما ، سەرۆكى هەرێمى كوردستان، لەم سەردانەى دوایى بۆ توركیا ، كە بە شێوازێكى زۆر ناشایستە پێشوازیان لێكردو لە رێگاى ئەویشەوە بە داخەوە سوكایەتیان بە گەلى كورد ، لە چاوپێكەوتنێكى لە گەڵ كەناڵى (TRT) عەرەبى ، راى خۆى بەرامبەر ئەردۆگان دەربڕى بەوەى كە زۆر مرۆڤە ، بە سەرۆك تۆرگۆت ئۆزال ى چواند كە پێشتر سێ جاران چاوى پێكەوتوە !
لێردەدا رووى راستەقینەى سیاسەتى توركیا دەردەكەوێ كە چۆنەو سە ركردایەتى كوردیش چۆنى دەبینێ! من نازانم چ سەرۆكێكى هێندە مرۆڤ هەیە كە نەزانى رێزى میوانەكە خۆى بگرێت و لە رێگاى سەرۆكێكەوە ، كە وەك خۆیان بانگەشەى دیموكراسى دەكەن ! هەڵبژێردراوى گەلە، سووكایەتى بە میللەتێك بكرێت ، چۆن دەكرێت ئێمە سەرۆكێك بەو پەڕى مرۆڤ تێبگەین لە كاتێكدا ، ئەو ئەندازیارى تواندنەوەى میللەتەكەى ئێمە بێت و لە دەرەوە خۆى بە دیموكراسیخوازو، لە پشت پەردەش كار بۆ پەرتەوازەكردنمان بكات ! باشەئەگەر گریمانى ئەوەمان كرد كە سەرۆكى هەرێم ئەو زانیاریانەى لا نەبوە ، ئەى راوێژكارەكانى لەكوێ بوون ! خۆ وەك دەڵێن هەموویان خەڵكى زۆر بەتوانان!
كاتێك لەسەر رروپەڕەكانى رۆژنامەى هاوڵاتى شرۆڤەكردنى خۆمان بەرامبەر ئەم سەردانە خستە روو ، زۆر كەس بە دەنگ هات ، تەنانەت هەندێك دختۆرى پڕۆفشناڵ لە ئاسایشى نەتەوەیش! لەسەر سەركەوتوویى ئەو سەردانە هەڵیانكردێ و خوێندنەوەیان بۆكرد ، كە وەك شتێكى ئاسایى حەمدو سە ناو هەر (بژى سەرۆكى فەرماندە خوا بییپاریزێ) بوو! بەڵام بە داخەوە كەس پەنجەى بۆ ئەوە درێژ نەكردو شرۆڤەى ئەوەى نەكرد كە بۆچى لەو سەردانەدا ئاڵا یەك لە دواوەى سەرۆكى هەرێمەوە نەبینرا؟! خۆ ئاڵا ناسنانەى هەر گەلێك و هەر سەركردەیەكە كە سەردانى وڵاتێك دەكات ، جا ئەمە چ ئاڵاى هەرَیمەكە بێت، یاخود دەوڵەتەكە بێت ، ئەگەر حكومەتێكى فیدراڵى بێَت، یاخو هەردووكیان بەیەكەوە دەبێت ، وەك ئەوەى لەسەردانەكەى بەڕێز سەرۆكى هەرێم بۆ فەرەنسا بینیمان. كەواتە هەڵنەدانى هیچ ئاڵایەك لە دواوەى سەرۆكى هەرێم لە توركیا لێسەندنەوەى ناسنامەى جەنابى سەرۆك بوو ، كە نەدەبوایە بە هیچ شێوەیەك ئەم بارەى قبووڵ كردبوا ، ئەو نوێنەرایەنى نەك كوردەكانى باشور ، بەڵكو رەمزى هەموو كورد بوو لەو سەردانەدا، كەچى بەڕێزیان هەڵوێستێكى وایان نواند كە نەك تەنها چاودێرە سیاسیەكان ، بەڵكو هەموو كوردێكى ئازارداو توشى شۆكى كرد ، چۆن دەبێت سەرۆكی هەرێمێك كە نوێنەرایەتى گەلێك دەكات ، لە كۆنفراس پرێسێكى فەرمیدا ، نەبینێت كە هیچ ئاڵایەكى لە دواوە هەڵنەدراوە ، ئەگەر بەراستى بەڕێز سەرۆكى هەرێم ئەوەى نەدیبێت ئەوا كارەساتە ، ئەگەر بینیبێت و ئەمە هەڵوێست و وەڵامى بێت كارەساتەكە گەورەتر دەكات !
كە بۆچى هیچ ئاڵایەك لەدواوەى سەرۆكى هەرێم بەرز نەكرایەوە ، توركیا مەبەستى لەمە چى بوو؟! لێردەدا هەوڵدەدەین وەڵامى ئەو پرسیارە بدەینەوە كە ئەو كەسانە خۆیان لێ دزیەوە كە سەردانەكەیان بەسەر كەوتوو لەقەڵەم دا ، ئایا بەراستى هیچ شرۆڤەكردنێكى بۆ ناكرێت وەك ئەوەى (داودئۆغلو) وەزیرى دەروەى توركیا فەرمووى ، یاخود لە رووى دیپلۆملتیكى و سیاسیەوە پەیامێكى خۆى هەیە!؟
لە ژێر رۆشنایى ئەو شرۆڤەكردنەوەى لەسەرەوە كردمان ، هەڵنەدانى ئاڵا ، بە شێوەیەك لە شێوەكان هەژماركردنى هەرێمى كوردستانە وەك بەشێك لە توركیا، چونكە كاتێك ئاڵاى عیراق وەكو حكومەتى ناوەند بەرز نەكرایەوە ، چرووك پێكردنێكى راشكاوانەى رێكەوتنامەى (عیراقى-توركى-بەریتانى) ساڵى (1926) ە ، كە بە پێى ئەو رێكەوتننامەیە توركیا دانى بەوە ناوە،كە ویلایەتى موسڵ بەشێكە لەعیراق ، بۆیە وەك بینیمان (داوود ئۆغلۆ) لە كۆنفراس پرێسەكەدا ، پێشوازیكردنى سەرۆكى هەرێمى كوردستانى وەك پێشوازیكردنى سەرۆكى یەكێك لە خێزانە دیارەكانى ئەربیل وەسف كرد، ئەمە واتاى توركیا هەرێمى كوردستان وەك بەشێك لە توركیا تەماشا دەكات ، كاتێك كەسایەتیەك لە ناوەوەى وڵاتى خۆیدا سەردانى وەزیرێكى دەرەوە بكات ، تەنها پێویست بەوە دەكات كە ئاڵاى ئەو وڵاتە بەرز بكرێتەوە ، توركیاش تەنها ئاڵاى توركیاى لە دواى وەزیرى دەرەوەى خۆیى و لە دوایى بەڕێز سەرۆكى هەرێمدا بەرز كردەوە ، كە ئەمە ئاماژەیەكى زۆر خەتەر ناكە بەچاوپێبرَینەكانى توركیا لە هەرێمى كوردستان ، بە واتایەكى تر توركیا نەك هەر ئامادە نیە چارەسەرى كێشەى كوردەكانى خۆى بكات ، بەڵكو چاوى بڕیوەتە هەرێمى كوردستانیش و دەیەوێ لە رێگاى كرانەوەى دیموكراسیدا لرفى بكات ! و ەك دیكۆمنتەكانیش ئاماژەى پێدەكەن ، چەند جارێك لە دانیشتنەكانى نێوان سەرۆكەكانى توركیا لەگەڵ ئەمریكایەكان ئەو بابەتە وروژێنراوە ، وەك لەسەر زارى یەكێك لە باڵوێزەكانى ئەمەریكاش هاتوە ، "ئەمریكا هەرگیزنایەوێ كوردستانێكى سەربەخۆ دابمەزرێت" !
ئەمە دیوێكى هاوكێشەكەیە ، دیوەكەى ترى ئەوەیە كە ئایا سەرۆكى هەرێم بەوە رازى دەبێت ، هەرێمى كوردستان ، ئەو هەرێمەى كە ئەگەر هەڵەكانى سەركردەكانى كورد نەبوایە ، بناغەیەكى زۆر لەبار بوو بۆ دامەزراندنى ئەو دەوڵەتە كوردیەى كە سەركردەكانى كورد بەخەونى حوشترى دەزانن ! ببێتە بەشێك لە خاكى توركیا ؟! ئایا گەلى كورد رازى دەبێت توركیا لە ژێر هەر پاساوێكدا بێت خاكەكەى داگیر بكاتەوە ؟! دەبێت بزانبن كورد لە مێژووى خۆیدا ، بە تایبەتیش لە مێژوویى كۆمارى نوێى توركیادا ، چ سوودێكى لە توركیا وەرگرتوە ، جگە لە قڕكردن و هەوڵدان بۆ سڕینەوەى نەبێت . چ رێكەوتننامەیەكى توركیاهەیە لەگەڵ هاوسێكانیدا ، كە بە پلەى یەكەم بەمەبەستى قەتل و عام كردنى كورد گرێنەدرابى! تەنانەت لە گفتۆكاكانى كۆنگرەى پاریس ، لە ساڵى 1919 ، رۆشنبیرانى كورد وایان پى باشتر بوو بخرێنە سەر ئێران نەك توركیا ، دیارە ئەمەش دەرئەنجامى ئەو پاشخانە مێژوییەیە كە تورك بەرامیەر كوردیان ئەنجام داوە! دەبێت سەركردەكانى ئێمە وەكو بەرپرسێك و لە روانگەى ستراتیژیەتێكى نەتەوەییەوە ، مامەڵە لەگەڵ ئەو كێشەیە بكەن ، نەك وەك بازرگانێك و لە روانگەى بەرژەوەندیە تایبەتیەكانەوە لێى بڕوانن !

بۆ مامەڵە كردن لەگەڵ ئەو پرسیارگەلە دەبێت چەند بابەتێك لەیەكتر جیا بكەینەوە ، ناكرێت وەك مناوەرەیكى سیاسى ناوخۆ، بە پشت بەستن بەهێزێكى دەرەكى وا ئەنجام بدرێت ، كە چاوى بڕبێتە خاكەكەت و ئەگەر گلۆپى سەوزى بۆ دایسێ لە لایەن زلهێزەكانەوە ، ئەوە بە شێوەیەكى فعلى لەسەرت بكاتە ماڵ و هەرێمەكەت داگیر بكات ! بۆیە ئەو شرۆڤە كردنە ناچێتە ناو بوارى خوێندنەوەیەكى سیاسیانەى هوشیارەوە ، كە بڵێن سەرۆكى هەرێم ئەو هەڵوێستەى نواند بۆ ئەوەى فشار بخاتە سەر لایەنەكانى ترى عیراق ، كە دیارە ئەمڕۆ پڕۆسەى سیاسى تیایدا روو بە رووى قەیرانێكى جدى بۆتەوە و ئەگەرى هەڵوەشانەوەى دەوڵەتى عیراق و شەڕى ناوەخۆى لێدەكرێت ، تاوەكو داخوازیەكان كورد جێبەجێ بكەن ! ئایا دەكرێت توركیا بكرێتە ئەو ئامڕازەى كە لایەنى ناوەخۆى پێ بترسێنرێ ؟! لە كاتێكدا توركیا هەموو هەوڵێكى خستەگەڕ بۆ ئەوەى ئەو هاوسەنگیە سیاسیە ئاڵۆزەى ئەمڕۆى عیراق بێتە كایە ، كە خودى كورد ، ئەگەر زۆر بە وریاییەوە مامەڵە نەكات رەنگ بێت قوربانى یەكەمى بێت ! بۆیە ناكرێت ئەو خوێندنەوەیە بە دروست لە قەڵەم بدرێت و تەنانەت بیریشى لێ بكرێتەوە ، لە لایەكى تر ئایا بەراست كوردەكان باشوور دەیانەوێ بچنە پاڵ توركیا؟ ئەگەر كورد دەیان ساڵە رۆڵەكانى خۆى دەكاتە قوربانى بۆ گۆِرینەوەى داگیركەرێك بە داگیركەرێكى تر ، ئەوا بە دڵنیاییەوە دەڵیم كورد ئەو خوێنەى بەفیڕۆ رشتوەو، نەك لەبەر خزمەتى گەلەى بەڵكو لە پێناو پڕكردنى گیرفانى چەند كەسانێكدا ئەز قوربانیانەى داوە، ئەمەش گەلى كورد دەخاتە نێو ئەشكەوتەكەى ئەفلاتون ، كە ناتوانن لە بن بارى دیلیەتى بێنە دەرەوەو چاویان بەرگەى بینیى خۆر ناگرێت! ئەو كاتە خەڵك دەبێت بگاتە ئەو بڕوایەى كە مەسەلەیك لە ئارادا نەبوەو مەسەلەیەك لە ئارادا نیە كە خوێنى رۆڵەكانى خۆى لە پێناو بەخت كردبێت و بەخت بكات ، ئەمەش بێهوودەییەكەى ترسناكى مێژوویى وا دروست دەكات ، كە ئەو نەتەوەیەى هەزاران ساڵە بەرگەى گۆڕانگاریەكانى گرتوەو ماوەتەوە ، سەرەتایى توانەوەو لە ناوچوونى راستەقینەى دەست پێبكات !
كەواتە سەردانەكەى بەڕێز سەرۆكى هەرێم سەركەوتنەكەى لە كوێدا بوو، وەك ئەوەى بانگەشەى بۆ دەكرێ و گوێى خەڵكیان پێ كاس كردوە؟! هەر دواى ئەو سەردانە توركیا لەشكركێشى كردۆتە سەر ناوچە سنوریەكانى كوردستان و شەڕ لەگەڵ گەریلاكانى PKK دەستى پێكردۆتەوە ، رۆژانە فرۆكەكانى توركیا ژن و منداڵى كورد تیرۆر دەكەن ،ئایا دەكرێت دیسان پاساو بەوە بهێنینەوە كە PKKشەڕى دەست پێكردەوە و ئەوانن بیانوو دەدەنە دەست توركیا بۆ ئەوەى پەلامارى كوردستان بدات ! لە راستیدا ئەو قەوانە هێند ستۆك و كاڵفامانەیە ، كە ناچێتە ناو بوارى هیچ خوێندنەوەیەكى ئەكادیمیەوە ، چونكە ئەوە PKK نیە دان بە بوونى توركیا نانێت ، ئەوەPKK نیە لەشكركێشى دەكاتە سەر خاكى تورك ، ئەوە PKK نیە باوەڕى بە ئاگر بەست نیە ، بەڵكو ئەوە توركیایە تەنها بە زمانى ئاگر قسە نەك بە تەنها لەگەڵ PKK، بەڵكو لەگەڵ هەموو كوردێك دەكات ، پاشان دەبێت رادەیەك بۆ ئەوە دابنرێت كە چیتر خەڵكى كوردستان بە چاوى توركە شۆفینیەكانەوە سەیرى ئەو هەزاران كچ و كوڕە لە خۆ بردوەى كورد نەكات ، كە خوێنى خۆیان بەخت دەكەن ، تەنها بۆ ئەوەى ناوى كورد بوون بپارێزن ! ناكرێت دیسان PKK بكرێتە بیانگەیەك و لەو رێگایەوە فریوى خەڵكى كوردستان بدەین و خۆمان لەبەرپرسیاریەتى بدزینەوە ، بەمەش خزمەتێكى گەورەى داگیركارانى كوردستان بكەین .
بەرز نەكردنەوەى ئاڵاو دواتر لەشكركێشى كردنە سەر سنورەكانى كوردستان ، تەنیا ئەو سیاسەتەى توركیا ئاشكرا دەكات ، كە لە ساڵى 1991 خەونى پێوە دەبینن ، ئەویش گەڕاندنەوەى باشورى كوردستانە بەو هەموو سامانەیەوە بۆ سەر توركیا ، دیارە توركیا بەوەندە رازى نیە كە هەرێمى كوردستان سەر لەبەرى بۆتە كارگەیەك و خزمەتى ئابورى ئەو دەكات ، بەڵكو دەیەوێ راستەوخۆ داگیرى بكاتەوە ، ئەمەشە كە وڵاتێكى وەكو ئێرانى ترساندوە و واى لێكردوە ، كە ئەویش سوپاكانى خۆى بێنێتە سەر سنوور ، بۆ ئەوەى ئەگەر هەركاتێك توركیا ئەو پلانەى ئەنجامبدا ، ئەویش پەلامارى كوردستان بدات و پارچەیەك لەو كێكە بۆ خۆى مسۆگەر بكات ، چونكە هاتنەوە ناوەوەى توركیا بۆ هەرێمى كوردستان جیۆپۆلەتیكى ناوچەكە بە شێوەیەك دەگۆڕى كە هاوسەنگى هێز بە تەواوەتى تێكدەداو توركیا لە قەبارەى خۆى گەورەتر دەكات ، كە ئەمەش لە خزمەتى ئێراندا نیە ، ئەوانیش رەنگ بێت وا تێبگەن كە ئەمریكا دەستى توركیا بۆ سەر هەرێمى كوردستان واڵا دەكات ، بەرامبەر ئەوەى توركیا لە چارەسەركردنى مەسەلەى ئەتۆمى ئێران دا یارمەتیان بدات ! بۆیە هەموو ئەو پەلامارانەى لە دواى راپەڕینەوە بۆ سەر PKK كراوە ، دەكرێت بەوە لێكبدرێتەوە ، كەچەندە مەبەستى لێدانى PKK بوە ، هێندە زیاتر ئەو هەڵمەتانە وەك مەشقێكى سەربازى ئەنجامدراوە بۆ داگیركردنى هەرێمى كوردستان و تێكدانى ئەو ئەزموونەى كە ئەگەر سەر بكەوێت ، كاریگەرى لەسەر هەڵوەشاندنەوەى نەخشەى سیاسى سەر لەبەرى رۆژهەڵاتى ناوین دەبێت ! ئەمە ئەوە نیشان دەدات كە PKK نەك هەر سۆنگەى پەلامارەكانى سوپاى توركیا نیە ، بەڵكو ئەو دیوارەشە كە هەرێمى كوردستان لە چاوتێبڕینەكانى توركیا دەپارێزێت !
كەواتە رووى راستەقینەى سیاسەتى توركیا ، یەكەم هەنگاوى بە ناسنامەكردنى ، واتە بە ناسنامە لێسەندنەوەى سەرۆكى هەرێمى كوردستان دەستى پێكرد ، كاتێك هیچ ئاڵایەكیان لە دواى بەرز نەكردەوە، دەبێت گەلى كورد هێندە هوشیار بێت كە رێگا نەدات توركیا لە پەناى سیاسەتێكى گورگە بۆرانەوە ناسنامە لە هەموو میللەتى كورد بسەنێتەوەو هەرێمەكەى داگیر بكرێت !
سەیر لەوەدایە لە جیاتى هەوڵدان بۆ بوون بە بوونەورێكى تۆزێك ماقووڵ بەرامبەر بە توركیا ، هەموو تواناكانى كوردستان لە كاركردندایە ، بۆ بچووك كردنەوەو چاندنى تۆوى خۆ بەكەم زانین بەرامبەریان، لە ناخى هەموو كوردێكدا، ناكرێت ئەو خۆ بە كەم زانینە بەرامبەر توركیا بە مناوەرەى سیاسى لەقەڵەم بدەین ، توركیا ئەزموونێكى گەورەى لە سیاسەتى ناوچەكە دا هەیەو هێندە گەمژە نیە بەو سیناریۆ سەقەتانە فریو بخوات ، وایلێهاتوە سوپاى مەغۆلە نوێیەكان هەموو باكورى كورستان، تەنانەت هەموو كوردستانى گەورەش تەخت بكات ، لەو هەرێمە سڕ كراوە كەس بایەخى پێنەدات !، تەنانەت پاساویشى بۆ بهێنرێتەوە ، وەك ئەوەى PKK لە هەسارەیەكى تر هاتبێت و خەڵكى ئەم وڵاتە نەبێت !
دەبێت ئەم شێوازى بیركردنەوەیە لە رەگەوە دەربهێنرێت ، كورد نابێت چیتر بەو بێ خاوەنیە بمێنێتەوە ، لەوەتەى دنیا هەیە هیچ هەرێمێك نەبوە كە بی سەرۆك بتوانێت بەردەوام بێت ، بۆیە ئەو هەرێمە ئەگەر دەیەوێت ببێتە قەوارەیەكى یاسایى و داودەزگایى ، پێویستە سەرۆكێكى هەبێت ، هیچ كەسێك نەتوانێ ئیرادەى میللەتەكەى لێ بسەنێتەوە ، دەبێت سەرۆكێكى هەبێت كە بزانێت ئەو موڵكى خۆى نیە ، بەڵكو موڵكى ئەو دەنگانەیە ، كە رێگاى سندوقەكانى دەنگدانەوە ، گەیاندوویانەتە سەر ئەو كورسیەى ، كە ئەمڕۆ رەمزى نەتەوەیى كوردە!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە