من عاشقى كچەكەى بارزانیم

Sunday, 13/12/2009, 12:00

4080 بینراوە


بە بۆنەی دوو ساڵ تێپەڕبوون بەسەر تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان، لەسەر ئەم نووسینە کە لە کوردستانپۆستدا بڵاوکرایەوە، لەلایەن مەسعود بارزانی و مەسروری کوڕییەوە لەم رۆژەدا  رفێنراو بۆ بەیانییەکەی تەرمەکەی لە موسڵ فڕێیان دا و ئاگاداری کەسوکاریان کردەوە. بۆ زانیاریتان ئەم بابەتە یەکەمین و زۆرتین کلیکی لەسەر کراوە، ئیستا لە کاتی نووسینی ئەم سەرنجەدا 203.976 کلیک کراوە.
 
من عاشقى كچەكەى مەسعود بارزانیم، ئەو پیاوەى كە جار جارە دەردەكەوێت و دەڵێت من سەرۆكتم، بەڵام من حەز دەكەم خەزورم بێت، واتە دەمەوێت ببم بە ئاوەڵزاواى نێچیرڤان.
ئەگەر ببم بە زاواى بارزانى، ئەوا مانگى هەنگوینیمان لە پاریس بەسەر دەبەین و یەك دوو شەوێكیش بۆ سەردان دەڕۆین بۆ كۆشكەكەى ماممان لە ئەمریكا، ماڵەكەم لە گەڕەكێكى هەژارنشینى هەولێرەوە دەگوازمەوە بۆ سەرى رەش و شەوان سەگى ئەمریكى و پاسەوانى ئیسڕائیلى چاودێرى ماڵەكەم دەكەن،.
باوكە بەدبەختەكەى پێشمەرگەى ئەیلولیشم كە تاوەكوو ئێستا پارتى خزمەتى پێشمەرگایەتى بۆ قەبوڵ ناكات بە بیانووى ئەوەى كە ئێستا پارتى نییە،  باوکم دەكەم بە وەزیرى پێشمەرگە.
برا بەدبەختەكەشم كە زانكۆى تەواو كردووە و ئێستا بێئیشە و دەیەوێت بە قاچاغ بڕواتە هەندەران ، ئه‌ویش دەكەم بە بەرپرسى پاسەوانە تایبەتییەكانم.
خوشكەكەشم كە تاوەكوو ئێستا شەرم دەكات بڕواتە بازاڕ، دەبێت وەكوو كچە بارزانییەكان پڕادۆ و وەنەوشە لێبوخوڕێت.
دایكیشم لەبەر ئەوەى نەخۆشى شەكرە و دڵ و زەختى هەیە و پارەى نەشتەرگەرى دەرەوەى وڵاتى نییە، دوو دكتۆرى ئیتاڵى لەماڵەوە بۆ تەعین دەكەم.
بۆ مامەكانیشم چەند دیوەخانێك دەكەمەوە و ئامۆزا و خاڵۆزاكانم دەكەم بە نەقیب و عەمید و ئامر لیوا.
بەڵام هاوڕێكانم دەڵێن"وازبێنە سەرۆ خۆت بەكوشت مەدە، ئەوە ماڵى مەلایە هەرئەوەندە گوتیان هەڕڕە ئیدى ئیشت تەواوە"، باشە خۆ كفر ناكەم، سوێند بە دەسكى خەنجەرەكەى مەلا مستەفا ئیدریس بارزانى لەگەڵ باوكم سێ شەو لەژێر یەك لەتە شاخدا رۆژیان كردووەتەوە، ئاخر چیتێدایە با مەسعوود بارزانى خۆى بە سەرۆك بزانێت، ئەى ئەگەر سەرۆكە با بڵێ لەماوەى هەژدە ساڵى رابردوودا چەند جار سەرى بە گەڕەكێكى هەولێر و سلێمانیدا كێشاوە؟
بەس كێشەكەم ئەوەیە ئەم پیاوە ئەوەندە عەشایەرە لەودیو سەرى رەشەوە كەس بە پیاو نازانێت، ژنى هەموو سەرۆكەكانى دونیا لەڕێگەى یەك كلیكەوە دەدۆزمەوە كەچى هەتاوەكوو ئێستا نازانم خەسووەكەم چۆنە.
نازانم بۆ داخوازى كێ لەگەڵ خۆم ببەم؟ لەسەرەتادا ویستم چەند مەلا و ریش سپى و پێشمەرگەیەكى كۆن كۆكەمەوە و ئێوارەیەك ناوى خواى لێبێنین، بەڵام هاوڕێیەكى رۆژنامەنووسم وتى " كوڕى چاك هەندێك جاش و ئەنفالچى بدۆزەوە مەسعوود زۆر حەزى بەوانە". برادەرێكى دیكە وتى وەڵاهى ئەگەر بەقسەى من دەكەى لەكۆنگرەیەكى رۆژنامەنووسى نێچیرڤان بارزانیدا بڕۆ ژێر باڵى و بڵێ وەڵا ئیشێكى خێرم هەیە، یان ئەگەر نەشكرا كورە بە دەشنێ بڵێ ئەو زوو زوو دەیانبینێت با بۆتى تەرتیب بكەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە