ئایا چاكسازی بە سەدان قەزافی كورد دەكرێت؟

Monday, 04/04/2011, 12:00


سەدان قەزافی لەكوردستانەو چیتر داواكردنی چاكسازی لەیەكێتی و پارتی و بەرپرسەكانی بێ عەقڵی و خۆگێلكردنەو دەركەوت هەرگیز چاكسازی ئەنجامنادەن و مەیلی چاكسازیشیان نییە.
ئەوەی وای لەبەندە كرد كە بڵێم بێ عەقڵییە بۆ ئەو كەسانەى كە داوای چاكسازی لەیەكێتی و پارتی دەكەن، كردارو رەفتارو هەڵسوكەوتی خودی حكومەت و حزب و سەركردەو بەرپرسەكانیانە، چونكە تاوانبار هەمیشە دژی چاكسازی و سەروەری یاساو بوونی حكومەتی تەكنۆكرات بەوەی دەبێتە مەترسی بۆ سەر خودی خۆی و تاوەكوو بتوانێت دژ دەوەستێتەوە.
ئاخر بێ عەقڵی و گێلی نییە داوای چاكسازی لەو دوو حزبەو بەرپرسەكانی بكرێت و لەولاوە بە فەرمانی بەرپرسێكی حزبی هەزاران چەكداری حكومی دەهێنرێتە كەلارەوە ئەمە چ مەهزەلەیەكە، كەواتە تەنها چارەسەر دروشم و كردارى رووخان و راپەڕینە، چونكە داواكردنی چاكسازی و سەروەری یاسا لەكەسانی دەرچوو لەیاساو ناعەقڵانی و سەربازیی عەشایەرى و دیكتاتۆر كفرێكی گەورەیە.
ئاخر كە ئێمە داواى چاكسازی و چارەسەری گەندەڵی دەكەین كەچی ئەوان تەقەمان لێ دەكەن و دەمانكوژن و دەست لەتەقەكردن و هێز هێنان هەڵناگرن ئیتر چاوەڕوانی چی دەكرێت لەو جۆرە حكومەتە حزبییە شەخسییە.
لەهەڵەبجە بە فەرمانی بەرپرسی حزبی وەكوو ئەتاری یاری بە قایمقام و پۆلیس و ئاسایش و پێشمەرگە دەكرێت ئیتر كەی رەوایە داواى چاكسازی لەو دەسەڵاتە بكرێت؟.
هێزی زێرەڤانی بە فەرمانی بەرپرسی حزبی دەگاتە سلێمانی و حكومەت بێ ئاگایە لێی ئیدی چاەوڕوانی چی لەو دەسەڵاتە دەكرێت و چ كردەیەكی بێ عەقڵییە داواكردنی چاكسازی لێی.
بە بڕوای من یەكێتی و پارتی لەناویشیاندا بەرپرسانی مافیا هەرگیز قبوڵی چاكسازی ناكەن و بڕوایان پێی نییە، چونكە چاكسازیكردن واتا سنوردانان و دەستبڕینیان لەدزینی سامانی گشتی و تەخشانكردنی پارەى میللەت، هاوكات بە مانای لاوازكردنیان دێت، بۆیە ئەستەمە بتوانن و بیانەوێت چاكسازی ئەنجامبدەن.
دەبێت هەموومان لەو دوو حزبە تێبگەین كە بۆچی ئەو هەموو دەزگا داپڵۆسێنەرو نایاسایەیان دروستكردووە، بۆچی فەرمانبەر دانامەزرێنن و رۆژانە پۆلیس و ئاسایش و پێشمەرگەو چەكدار دادەمەزرێنن، كە ئەمەش بە ماناى دەستبەردارنەبوونی دەسەڵات و بە دیكتاتۆركردنی دەسەڵاتەكەیانە.
سوێندم بە هەموو پیرۆزییەك یەكێتی و پارتی و زۆربەى بەرپرسە باڵاكانی زۆر لەقەزافی و سەدام مەترسیترن و ئاییندەش بۆمان دەردەخات، ئەوەتا رۆژانە هەموومان سەدام عەلی حەسەن مەجید و قەزافی لەگەرمیان و سلێمانی و هەڵەبجەو هەولێرو دەهۆك و زاخۆ دەبینین و لەپشت هەر یەكێكیانەوە وێنەى دیكتاتۆرێك دەبینرێت.
لێرەوە بە هەموو رۆشنبیرو خۆپیشاندەرو حزبانی ئۆپۆزسیۆن دەڵێم بێ عەقڵی و خۆگێلكردنە داواكردنی چاكسازی لەیەكێتی و پارتی و بە دڵنیاییەوە ئەوانیش قوفڵیان لەسندوقی چاكسازی داوەو نایكەنەوە.. ئەمە وتەیەكە بۆ مێژوو دەیڵێم كە ئەو دوو حزبە نە چاكسازی ئەنجامدەدەن نە كورسی دەسەڵاتیش چۆڵدەكەن.
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە