قسەكانی تۆش هەر (تڕی سەى) بوون جەنابی بەناو رۆشنبیر سەرنج لەچاوپێكەوتنێكی فەرهاد پیرباڵ لە كوردستان تیڤی

Saturday, 25/07/2009, 12:00

1852 بینراوە


سەیرە ئەم وڵاتە داماوەى ئێمە.. چیڤارای دوێنێ كەخەریكی داڕشتنی مانیڤێستۆی شۆڕشی گەنجان بوو لەكوردستان، لەپڕ لەكەناڵێكی دواكەوتنخوازترین حیزبی كوردستانەوە دەردەكەوێتو زۆۆۆۆۆر بێباكانە گاڵتە بەو گەنجە گۆڕانخوازانە دەكات كەشەوو رۆژانیان لەسەر شەقامەكان لەپێشوازی گۆڕاندا دەبردەسەرو بەلیك رشتنەوە بە (تڕی سەی)یان دەچوێنێ ئەگەر ئەو گەنجانە لەلایەن یاساوڵەكانى باوكە رۆحیەكەیەوە كوژران، ئەو باوكەى ئەو شانازی پێوەدەكات بەوەى یەكەم كەس بووە ئاڵای كوردستانی لەسەر سەریەوە بەرزكردوەتەوە (بەڵام ئەو شانازییەى باوكە رۆحیەكەى لەبیرچوو كەهەر ئەو یەكەم كەسیش بوو دەبابەى هێنایە سەر شارەكەىو پەرلەمانە پەڕوپۆكراوەكەى).
ئەگەر بەوردی سەرنج بدەین، لەوڵاتێكدا كەبەهاكان رۆژانە لەپووكانەوەدابن، ئیتر جاش خۆی لێدەگۆڕێتو لەپڕ خۆی بەرۆستەمی زاڵ دەزانێـتو لەلایەن سەركردەیەكى رزگاریخوازیشەوە تاجی سەركردەیی دەخرێتـەسەر. هەر ئەم كاك رۆشنبیرەش كە ساڵانێك بوو گوێی گەنجانى ئەم وڵاتە نەگبەتەى بە نەعرەتەى رۆستەمئاسا كەڕكردبوو، نموونەیەكی زیندووە بۆ تێكەڵو پێكەڵبوونەی بەهاكان ئەگینا چۆن هەر كەسەو هەڵدەستێ سووكترین قسە فڕێدەداتو گەنجانى وڵاتە زامدارەكەمان بەتڕی سەگ ناودەباتو زامدارتریان دەكات؟!!
من كەخۆم كەسێكی بێلایەنمو دوورو نزیك ئاشنایەتیم لەگەڵ برادەرانی بزوتنەوەى گۆڕاندا نییە، وایدەبینم كە نیازو بەرنامەیەكی جددی لەپشت ئەم بزوتنەوەیەوە هەیەو هەر هیچ نەبێ دۆخی كوردستان كەساڵەهای ساڵە دۆشداماوە بەدەست سیاسەتە كاولكارییەكانى دوو حیزبە مافیاكەى كوردستانەوە، ئێستا بەهۆی گۆڕانەوە شڵەقاوەو بەهەزاران گەنجو ژنو كوڕو كچانی وڵاتەكەمان هەناسەیەكیان بەبەرداهاتوەتەوەو گوڕێكیان داوەتەوە خۆیان كەجارێكیتر ئەم بارودۆخە لەهیچكەسێكیتر قبووڵ نەكەن تەنانەت ئەگەر بزوتنەوەى گۆڕان خۆیشى بێ. ئیتر ئەبێ ئەو رەوشە بۆ لەدوێنی باشترنەبێ جەنابی بەناو رۆشنبیر؟!!
من بێگومانم كە جەنابت هەر لەخۆتەوە ئەو قسانە ناكەى ئەگەر پێشەكیكەیت وەرنەگرتبێ. هیچ دەمدرێژیو قسەى زلیشم بەروودا مەكە هەروەك جاری جاران ئەتكردو خۆتت لێدەكردین بە چیڤاراو دەبوویتە كەوڵسوورى بەردەم ئۆردوو. ئێستا دەزانم بۆچی دەسەڵاتدارانی هەرێم لێیان قبووڵدەكردی قسەى زلت هەبێتو مەوقیفی نیشتمانى بفرۆشیت ... دیارە بۆ رۆژێكی ئاوابوو كەئەو دەسەڵاتدارە مونافیقانە پارەى رەشیان هەڵگرتبوو بۆ رۆژێكی روونی وەك ئەمڕۆی گەلەكەمان تا بەهۆی چەند نموونەیەكی وەك جەنابتەوە لاوەكانمان بێ هیوابكەنو تەسلیمی ئەمری واقیعیان بكەنەوە. ئێستا بێگومانم كەرەنگە نموونەى ناوازەى تریان دانابێ بۆ رۆژی رەشتریان كەهیوادارم ئەو رۆژە زوو بێتەپێشەوە. گومانیشم نییە كەسیحری پارەو پلەوپایە زۆر جار كەسانی زۆر لەتۆ جەربەزەتر یەخسیردەكاتو لەبەردەم دەرگای دەرباردا لغاویان دەكات، خۆ تۆ لەمیرابۆی گەورە وتاربێژى سەردەمی شۆڕشی فەرەنسی جەربەزەتر نێت؟!!
من تێناگەم لەم نهێنیە...؟؟ لەئێوەی خوێنەرى بەڕێزیش دەپرسم: بەناورۆشنبیرێكی وەك (پیرباڵ) بۆچی ئەوەندە سەخڵەت دەبێت بەوەى گەنجانى گەرمیانو سلێمانی بچنە سەرجادەكانو لایەنگیری بۆ لیستێكی تایبەت دەرببڕنو بەتڕی سەگیان بچوێنێ؟ ئەوە وتمان مافیاكان ئەقڵیان قبووڵی ئەوە ناكات دەستبەرداری دەسەڵات بن، ئەى جەنابت ئەگەر پەیوەندییەكی رۆحی لەنێوانتاندا نییە، بۆچى هەمان هەست دەردەبرَیت بەتایبەتی لەزوڕناگەى كوردستان تیڤیشەوە؟
من گومانم نییە لەوەى كەئەو برادەرانەى گۆڕان فریشتە نین تا چاوەڕێ بكەین كوردستان بكەن بە ژاپۆن بەڵام باجەنابت ئەو لیستو گروپو حیزبانەمان پێبناسێنی كە لەمان باشترنو دەتوانن لەوان زیاتر بەرپرسانی ئەم هەموو وێرانكاریانە بترسێنن، تا دەنگیان بۆ بدەین. جەنابت بەهەموو ئەقڵو لێكدانەوەتەوە، كەدڵنیام لەئەقڵییەتی سەرۆكەكانت زۆر تەسكترە، داوادەكەیت خەڵك دەنگ بدەنەوە بەئەندازیاری هەموو گەندەڵیەكانو لەمەشدا زۆر نزیكدەبیتەوە لەلایەنگرانی بنەماڵەچێتیو پاشایەتی چونكە جەنابت هەر ئەوان بەباشترو گونجاوترو شایانتر دەزانی.
من لێرەدا كۆتایی دەهێنم بەم نووسینەم، بەڵام هیوادارم خەڵكی كوردستان، بەتایبەتی گەنجان، بەوردی سەرنجی هەڵوێستو كرداری رۆشنبیران بدەن نەك تەنیا بەقسە چكلێتییەكانیان سەرسامبن چونكە رۆژێكی وەك ئەمڕۆ دێتە پێشەوەو داوای هەڵوێستیان لێدەكەین. بە كاك فەرهادیش دەڵێم: كەرۆژى تەنگانە هاتەپێشەوە رەشو سپی خۆی یەكلادەبێـتەوە چونكە هەردوو بەرەى رەشو سپی داواى خۆ یەكلاكردنەوە دەكەن، تۆش خۆت یەكلاكردەوە، گوڵم .....

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە