خەجاڵەتنامەیەك بۆ وەزارەتی پەروەردە

Wednesday, 21/11/2012, 12:00

1481 بینراوە






بۆچی نەبووم بەبەڕێوەبەر، خۆم نەبووم یان نەیانكردم....



بەدرێژایی ئەو دە ساڵەی كە لەئامادەیی سەڵاحەدین كارم دەکەم چ وەك مامۆستا چ وەك یاریدەدەر، سوپاسی یەزدانی مەزن ئەكەم كە توانایەكی وای پێ بەخشیووم كە بەپسپۆرییەكەم بووم بەخزمەتكاری خوێندكاران و بەیاریدەدەرییەكەشم بوومەتە یارمەتیدەرێكی باش بۆ مامۆستایانی هاورێم تا بتوانن ئەو زانست و زانیارییەی كە هەیانە بەتەواوی بیگەیەنن بەخوێندكاران لەو پۆلە هێمنانەی كە بۆمان دروستكردوون، وە لەلایەنێكی تریشەوە بووینەتە هۆكاری بەرەوپێشبردنی ئامادەییەكەمان و بۆ ساڵانێكی دوورو درێژە هەم لەسەر ئاستی پەروەردەی گشتی سلێمانی و هەم لەسەر ئاستی كوردستان لەخوێندنگا پێشەنگەكانین، ئەم خزمەتەی منیش لەگەڵ هاوڕێكانمدا لەئیدارە كە بەخوێندكارو مامۆستاو ئامادەیی سەڵاحەدینمان بەخشیوە بۆتە هۆی ئەوەی كە ناوبانگێكم بۆ دروستبكات چ لەلای بەرپرسانی پەروەردە بێت، چ لای كەس و كاری خوێندكاران بێت و چ لای خوێندكارانی شاری سلێمانی بێت، بەتایبەتی خوێندكارانی پۆلی دوازدەیەم، چونكە هەمیشە حەزمكردووە خوێندكارەكانم سەد ئەوەندەی خۆم پیاوتر بن و بڕوانامەكەشیان سەد ئەوەندەی خۆم بەرزتر بێت، بۆئەوەی بڵێن پەروەردەكەی دروست و بەهێز بووە، بۆیە ئەو ڕێزو دەستخۆشیكردنانەی كە لەلایەن خوێندكارو كەس و كاری خوێندكارانەوە ئاڕاستەم كراوە، هەموویان وەها دەستكەوتێكی مەعنەوین بۆ من كە نایگۆڕمەوە بەسەدەها دەفتەر دۆلارو پلەو پایەی ئەو بەرپرسە دزو گەندەڵانەی كە ئێستا لەبواری پەروەردەدا بەرپرسیارێتی گەورەیان هەیەو دەستی هەموو بەرپرسێكی دڵسۆزو بەویژدانیش ماچ ئەكەم.

هەمیشە خۆنەویستانەو بێ‌ گوێدانە ماندووبوون و گیان و مافی خۆم داكۆكیم لەمافی خوێندكار كردووە، بەڵگەشم بۆ ئەم قسانەم كە من تەنها پیشەم خزمەتكردنی خوێندكار بووە، ئەو كاردانەوەیەم بوو لەڕۆژانی سەرەتای خۆپیشاندانەكانداو لەڕۆژی (19-2-2011)دا بۆ پاراستنی گیانی خوێندكارانی ئامادەییەكەم نواندم بەرامبەر بەچەكدارە چەتەكانی بنەماڵەی حوكمڕانی كوردستان لەبەردەم ئامادەییەكەماندا لەكاتی ڕۆیشتنەوەی خوێندكاراندا، كاتێك دەستەیەك هێزی نەناسراو ویستیان پەلاماری خوێندكارەكان بدەن بەناوی پاراستنی ئارامییەوە، چونكە خوێندكارەكانی ئێمەیان لێ‌ تێكەڵ بووبوو لەگەڵ خۆپیشاندەراندا، دوای گوێنەگرتن و حساب نەكردن بۆ خۆشم و گیانی خوێندكارەكان، ویستیان پەلاماری خوێندكارەكان بدەن، بەڵام پێشئەوەی ئەوان دەستبكەنەوەو پەلاماری خوێندكارەكانمان بدەن، خۆم و چەند خوێندكارێكی ئامادەییەكە پەلامارماندان و كارێكمان پێ‌ كردن، كە تەنانەت نەمانهێشت بێنە ناو كۆڵانی خوێندنگاكەشمانەوە، ئەمەو جگە لەهەموو ئەو هەڵوێستانەی كە هەم بوون بۆ پشتگیرییكردنی لاوان و هەژارانی شارەكەم لەخۆپیشاندانەكانی سەرای ئازادیدا.

لەدوو ساڵی ڕابردوودا مامۆستا ئومێدی بەڕێوەبەری ئامادەیی سەڵاحەدین دەیویست وازبهێنێت لەكاری بەڕێوەبەری، لەو دوو ساڵەشدا هەر دوو جارەكە من پاڵێوراوی مامۆستا ئومێد بووم بۆ جێگرتنەوەی، چ بەحوكمی خزمەتەكەم كە كۆنترین یاریدەدەرم، چ بەشارەزاییەكەم لەبواری بەڕێوەبردنی خوێندنگاكەدا كە یاریدەدەری كارگێریی خوێندنگاكەم، لەهەر دوو ساڵەكەی پێشوودا لەلایەن زۆربەی زۆری كاربەدەستانی پەروەردەو سەرپەرشتیارانی پەروەردەوە پشتگیریم لێكراوە، تەنانەت لای هەندێك بەرپرسی حیزبی پەروەردەشەوە كە نەیان توانیووە نكوڵی بكەن لەشارەزاییم لەبواری بەڕێوەبردندا، بەڵام بەئەمری سەروو خۆیان لەحیزبداو لەڕێگای ئەندامە حیزبییەكانی مەڵبەندی ڕێكخستنی سلێمانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەناو یەكەی سەرپەرشتیارییدا، كە ڕێگرییان كردووە لەوەی كە ببمە بەڕێوەبەر، چونكە وەلائیان بۆ حیزبەكەیان بەلاوە باشتر بوو وەك لەو مافەی كە هەم بووە بۆ كاری بەڕێوەبەری و كە دەبوو ڕێزیان لەو مافەم بگرتایە.

من لێرەدا پرسیارێك ئاڕاستەی مەڵبەندی ڕێكخستنی سلێمانی ئەكەم، ئایا ئەوە ڕەوایە كە ئەندامێكی مەڵبەندی ڕێكخستنی سلێمانی و بەڕێوەبەرێكی حیزبی خوێندنگایەكی بنەڕەتی(سەرەتایی) وەكو بەڕێز (م.نجم الدین) دابنرێت بۆ پۆستێكی گرنگی وەك (بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی) كە هیچ موستەحەق نییە بخرێتە ئەو شوێنەوە چونكە كەسانی زۆر لەو بەڕێزە شارەزاترو كارامەتر هەیە لەناو سەرپەرشتیاراندا، بەڵام بەڕێوەبەری خوێندنگایەكی وەك ئامادەیی سەڵاحەدین بەمن ڕەوا نەبینن كە موستەحەقی خۆمەو بەتوانای خۆم حەقە بچمە ئەو شوێنەوە، یان یاسای ئێوە ئەو پەندە تازەیەیە، كەدەڵێت :

تەزكییەی حیزبیت لەگیرفانا بێت...................هەزار شەهادە بەقوربانی بێت

بۆیە من لێرەوە بەوپەڕی تەوازوع و خۆبەخزمەتكاریی گەل و نیشتیمانەوە، بەهەموو بەرپرسە حیزبییەكانی ئەم دەڤەرە ئەڵێم: نەك بەتەنها بەڕێوەبەریی خوێندنگایەك بەڵكو ئەو حكومەتەشتان بۆ بەڕێوە دەبەم كە لەنێوان ئێوەو هاوپەیمانەكەشتاندا بووە بەگرفت و ناتوانن بەڕێوەی ببەن و بەدوو ساڵ جارێك سەری حكومەت دەگۆڕنەوە لەنێوان خۆتاندا، لەبەرئەوە ئەمساڵ من بەویستی خۆم هیچ هەوڵێكم بۆ بەڕێوەبەری ئامادەیی سەڵاحەدین نەداوە، بەڵێنیشم داوە هەتا یەكێتی دەسەڵاتدار بێت لەم شارەدا هیچ پۆستێك وەرنەگرم، چونكە نەم ویستووەو هەرگیز نامەوێ‌ حیزب لەپۆستێكی حكومیدا دام بنێت و دوایی منەتی خۆی و ئەمرم بەسەردا بكات و مەرامەكانی خۆیم پێ‌ جێبەجێبكات و ببم بەمقاش بەدەستیەوە، چونكە ئەوە لەڕەوشت و پەروەردەی منەوە دوورە.

ئەی كاربەدەستە حیزبییەكان، ئێوە وا ئەزانن كە نەتانكردم بەبەڕێوەبەر ئیتر منیش سەڵاحەدین بەجێدەهێڵم و ڕق و كینەی من دروستدەكەن بەرامبەر بەسەڵاحەدین، بەڵام خەیاڵتان خاوە كە من سەڵاحەدین چۆڵبكەم، چونكە سەڵاحەدین پەروەردەو گۆشكراوی دەستی خۆمانە، من سەڵاحەدینم هێندەی خوشك و براكانم خۆشدەوێ‌، هەمیشە وانەی چەند پۆلی خوێندنم لابووبێت، ئەوا وتوومە كە ئەوەندە كوڕو كچم هەیە، پیرەمێرد ئاسا كە وتوویەتی :

كە ئاو داری لەسەر سەر گرتووە ئەزانێت چی تیایە...................لەلای نەنگە پەروەردەی نقوم كا گەورەیی وایە

بۆیە هەرگیز من كێشەم لەگەڵ ئەوەدا نییە كە چاوم لەپۆستی بەڕێوەبەری بێت و ببمە بەڕێوەبەر، بەڵكو چاوم لەوەوەیە كە ئەگەر بەكارگوزاریش بێت هەر لەخوێندنگاكەمدا بمێنمەوەو خزمەتی خوێندكارەكانی بكەم و ئەو وەفایە بدەمەوە بەسەڵاحەدین كە دوو جار منی پێگەیاندووە، جارێكیان وەك خوێندكار كە قۆناغی ئامادەییم تیادا تەواوكردووەو گەیاندوومیەتە زانكۆ، جارێكیش وەك مامۆستا كە دیسانەوە منی دروستكردو كردمیە ئەو مامۆستا شارەزایەی كە بەهۆی پسپۆریەكەمەوە هەموو كەس دەمناسێت.

بۆیە لەكۆتایدا ئەمەوێ‌ بەهەموو ئەڵقە لەگوێكانی هەر دوو حیزبی دەسەڵاتدار بڵێم كە ئەوە باش بزانن كە لەو ماوەیەی سیانزە ساڵەی پیشەی مامۆستایمدا، خزمەتم زۆر زیاترە لەخزمەتی ئەو بیست و یەك ساڵەی كە سەركردەی هەردوو حیزبەكەتان كردوویەتی بۆ كوردستان، چونكە ئەوان لەنەگبەتی و ماڵ وێرانكردن زیاتر هیچی تریان نەكردووە بۆ كورد، بەڵام من هەر نەبێت دڵی هەزارەها خێزانم خۆشكردووە كە خوێندكارەكانیانم گەیاندۆتە ئەو كۆلیژانەی كە خەونیان پێوە بینیوە، سبەینێش دەبنە پیاوی دواڕۆژو لەجێی سەرکردەکانی ئێوە خزمەتی میللەتەکەیان دەکەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە