یاداشت

Sunday, 13/05/2012, 12:00

1278 بینراوە




 
بەڕێزان / سەرۆکی هەرێم،
سەرۆکی پەرلەمان
سەرۆکی حکومەت، پەرلەمانتارە بەڕێزەکان ، وەزیرەکانی حکومەت
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان


کەناڵەکانی راگەیاندن

بەڕێزان سەیری رۆتینەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم بکەن کە کارە بێسەروبەرەکانیان چۆن وایانکردووە خوێندکارانی تواناسازی لە ئەمریکا ، بریتانیا ، ئوسترالیا ، مالیزیا ، میسر و ئەوروپا ئەوەندەی خەریکی ئیمەیل و ئیمەیلکاریی بێ ئەنجامبن لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی تواناسازی و خەریکی خەمخواردنبن بۆ پارە قەرزکردن و بژێوی خۆیان و مناڵەکانیان ئەوەندە ئاگایان لە خوێندنەکانیان نەماوە ، زۆر کارێکی مەترسیدارە کە پەرلەمان و حکومەت و راگەیاندنەکان خۆیان بێخەبەرو بێ ئاگا کردووە لەو رۆتینەی وەزارەتی خوێندنی باڵا ، خوێندکاران لە ساڵی پارەوە و بەشێکیش لە مانگی یەک و دووی ئەمساڵ مامەڵەکانیان پێشکەشکردوە و یان وەکیلەکانیان یان ئیمەیلیان ناردوە کەچی وەزارەت وەڵامی ئیمەیلەکانیان نادەنەوە و فایل و معامەلاتی بەشێک لە قوتابی و خوێندکارەکانیشیان ونکردووە. باشە بۆ؟ ئەوە گوایە بەڕێوەبەرایەتی تواناسازی خەڵکی خوێندەوار و خاوەن بڕوانامەی ئەمریکی و بەریتانی بەڕێوەی ئەبەن ئنجا وایە ئەی ئەبێ وەزارەتەکانی تری هەرێم چ وێرانەیەک بن ؟.
سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی حکومەت ، سەرۆکی پەرلەمان، کەناڵەکانی راگەیاندن ، پەرلەمانتارە بەڕێزەکان ، وەزیرەکانی تری حکومەت
تکایە جوڵەیەک بکەن و هەنگاوێک بنێن باشکردنی ئەم وەزعە ، ئیتر ئەم ئەم ناهەقیەی تواناسازی و فەرمانبەرو بەرپرسەکانیان بەرامبەر خوێندکارانی تواناسازی بوەستێنن ، ئەوان ژمارەیەکی زۆری فەرمانبەر و بەڕێوەبەری گشتی و راوێژکاریان هەیە بە هەموویان ناتوانن ئیشی دوو هەزار خوێندکار بەڕێوەبەرن ئەی باشە بۆ لە ئەمریکا ، بریتانیا ، ئوسترالیا دوو فەرمانبەر رۆژانە ئیشی سەدان خەڵک بەڕێوە ئەبات ؟ بە قەناعەتی ئێمە خوێندکارێکی ماستەر کە ئێستا لەم وڵاتانە دەخوێنێت یاخود تاكه فەرمانبەرێکی دڵسۆزی هەر فەرمانگەیەکی تر دەتوانێت لە ماوەی مانگێک و دوو مانگدا ئیشوکاری 2 هەزار خوێندکار جێبەجێ بکات ، بەڵام ئەم فەرمانگەیە بەو هەموو کارمەندەوە ناتوانێت لە ماوەی 6 مانگ و حەوت مانگدا کاری ئەو خوێندکارانە بکات.
لە بنەڕەتا نە ئەبوایە ئەم بەرنامەیەی تواناسازی رابگەیەنرایە کە ئێوە ناتوانن بەڕێوەی بەرن ، نە ئەبوایە ئەو خەڵکە بە وەعدی ناڕاست رەوانەی دەرەوە بکەن چونکە کاری لەمجۆرە هەرچەندە قورسیش نییە بەڵام خەڵکی بە توانای ئەوێت ، ئەو بەڕێوەبەرایەتیە نە خەڵکی بە توانای تیایە و نە لە ئاست ئەم ئەرکەیە ، نەک هەر ئەوە بەڵکو تاقەتی ئەوەیان نیە وەڵامی ئیمەیلێکیش بەنەوە .
بە دڵنییایەوە ئەگەر ئەو خوێندکارانەی لە زیاتر لە 30000 دۆلاریان نەدایە بە کۆرسی زمان و کۆرسی ئەکادیمیەکانیان ئێستا هەمویان ئەگەڕانەوە کوردستان و خۆیان نەجات ئەدا لە دەست پاڕانەوە لە کارمەند و بەڕێوەبەرەکانی تواناسازی کە درێغی ناکەن لەوەی بە واستە کاری هەندێک بە رێکو پێکی بکەن و خێرا ناویان بخەنە ناو لیستەکان بۆ پارە وەرگرتن و کارئاسانیی تریش .
تکایە سنورێک دابنێن بۆ ئەم بارودۆخە نالەبارە ئیتر خوێندکاران گەیشتۆتە بینە قاقایان و ژمارەیەکیشیان بڕیاریانداوە بە یەکجاری وازبێنن و بگەڕێنەوە و هەندێکیشیان لە ئوسترالیا و بریتانیا و ئەمریکا ئەگەڕێنەوە تەنها بۆ ئەوەی بچنە وەزارەت لە هەولێر بۆ ئەوەی خۆیان بە دوای کارەکانیانا بڕۆن ، ئەمە باسی ئەوەش ناکەین کە بەشێک لە خوێندکاران لە چی بارێکی نالەباردان و خەریکی ئیشکردنن لە پاڵ خوێندنەکانیان .
رۆژی 10ی مانگە وەزارەت دوای پێنج مانگ و نیو دواکەوتن ، لیستێکی 310 کەسی راگەیاند بۆ وەرگرتنی دەرماڵەی ئەمساڵ بەڵام سەرباری ئەوەش هەر لە پەیجەکەی خۆیان سەدان خوێندکار و قوتابی تر ناویان تۆمارکردوە کە ناویان نەهاتۆتەوە ، چونکە ئیشکردن لەو بەڕێوەبەرایەتیەی تواناسازی بە میزاجە و هەر خوێندکارێکی تواناسازی کە سەردانی ئەو بەڕێوەبەرایەتیەی کردبێت لە نێو وەزارەت باش ئەزانێت چۆن فەرمانبەرەکان و بەڕێوەبەر و راوێژکارەکانی خۆیان ئەدزنەوە لێیان و وەڵامی کەس نادەنەوە مەگەر بە واسیتە نەبێت. قوتابی و خوێندکاران ترسی ئەوەشیانە ساڵانی داهاتووش بە هەمان شێوەی ئەمساڵ کارەکان دوابکەون و رۆتین زیانیان لێبات .

ئەگەر بە ئەرک نەبێت تەنها سەیرێکی سایتەکان و لەوەش ئاسانتر تەنها سەیرێکی کۆمێنتەکانی سەر پەیجی فەرمی تواناسازی بکەن پێش ئەوەی بیانسڕنەوە کە ئەمەیە:
http://www.facebook.com/pages/HCDP-Team/188999261183694



بۆ ئەوەی باشتر لە واقیعەکە تێبگەن و بزانن قوتابیان و خوێنکاران چ کۆمێنێتیک ئەنووسن و چی ئەڵێن وچیان بەسەر هاتوە.
ئێمە هەموومان پەنامان بۆ ئێوە بردوە و بێدەنگبوونی پەرلەمان و حکومەت و کەناڵەکانی میدیا لەم دیاردەیە بێئومێدبونی تەواوی قوتابی و خوێندکارەکانە



خوێندکارانی ماستەرو دکتۆرا لە ئەمریكا ، بریتانیا ، ئوسترالیا ، مالیزیا، میسر
بەرنامەی تواناسازی (خولی یەک و دوو)


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە