گەر مالکی دیکتاتۆرە، تاڵەبانی و پەرلەمانتارە کوردەکان چی دەکەن لە بەغداد؟

Monday, 19/11/2012, 12:00

1555 بینراوە








دروستکردنەوەی عێراق لە لایەن تاڵەبانی و بارزانیەوە هەڵەیەک و تاوانێکی گەورەبوو لە دوای ڕوخاندنی ڕژێمی فاشی بەعسی سەدامی ساڵی 2003، بەڵام ئێستا مانەوەی تاڵەبانی و پەرلەمانتارە کوردەکان لە بەغداد شەرعیەتدانە بە هەڵوێستە دیکتاتۆری و تاکڕەوەکانی مالکی و تاوانێکی گەورەترە...!؟

لەبەرئەوەی عەرەبی فاشی و کۆنەپەرستانی عێراق بڕوایان بە ئازادی و سەربەخۆیی خەڵکی کوردستان نیە و ئامانجیانە کە بە هەڕەشە و هێزو تۆقاندن دووبارە پاشەکشە بکەن بە خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان، تا نەگەن بە ئامانجەکانی کە دەیەها ساڵە خەونی پێوە دەبینن و قوربانیان بۆیداوە...!؟

ناوچە داگیرکراوەکانی کوردستانیش کە ناودەبرێت بە جێناکۆکەکان بوونەتە قوربانی و بارمتەی سیاسەتە سەرنەکەوتووەکانی بارزانی و تاڵەبانی لە عێراقدا وبۆیە مالکی دیکتاتۆریش دەستی واڵابووە و خوازیاری ئەوەیە کە بەم ڕەفتارە سەدام ئاسایی یانەی خەڵکی ئەو ناوچانە بکاتەوە بە کۆیلەی ناوەند و دەسەڵاتی دیکتاتۆری خۆی، ئەویش لە پێناو ڕازی کردنی فاشیست و کۆنەپەرستانی عەرەب و بردنەوەی دەنگی ئەوان لە هەڵبژاردنەکاندا...!؟
لەبەرئەوە دەبێت هەرچی زووە کورد بە تاڵەبانیشەوە لە بەغداد بکێشێتەوە و خەریکی ئەوە بێت کە لە کوردستان دەسەڵاتێکی شارستانی و مۆدێرن دروست بکات و کۆتایی بە دەسەڵاتی بنەماڵەیی بهێنرێت ...!! لەبەرئەوەی ڕابوردوویان سەلماندوویەتی کە هەڵەکانی ئەوان بوون کە کێشەی کورد لە عێراقدا بەم ئاستەی ئێستای گەیشت و عەرەبی فاشی و کۆنەپەرستانیان زیندووکردەوە و کردیانن بە کەڵەگا و دیکاتۆری نۆێی عێراق...!؟

گەر بارزانی و تاڵەبانیش زۆر پەرۆشن بۆ کێشەی ڕەوای کورد و بە حساب بەرگری لە ئازادی خەڵکی کوردستان دەکەن و دژی دیکتاتۆریەتن...با لە خۆیانەوە دەستپێبکەن و دانبنێن بە هەڵەکانی خۆیاندا و لەگەڵ هێزەکانی تری کوردستاندا گفتووگۆبکەن بۆ ئەوەی بتوانرێت ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتی سیاسی بە ئاشتیانە بکرێت لە کوردستاندا و ڕێگا خۆش بکەن بۆ دروستبوونی دەسەڵاتێکی شارستانی و مۆدێرن...!!؟؟


بە ناو ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردستانیش گەرڕاست دەکەن و خوازیاری گۆڕانکاری ڕاستەقینەن لە شێوازی دەسەڵاتەکانی کوردستاندا، نابێت بکەونە گەمەکانی دەسەڵاتی هەردوو بنەماڵە و دەبێت سووربن لەسەر داواکانی شەقام و گۆڕینی دەسەڵاتی بنەماڵەیی کوردستان بۆ دەسەڵاتێک کە بڕوای بە ئازادی و یەکسانی تاکی کورد هەبێت و ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتەکان بە یاسا و دەستورێکی شارستانی بکرێت بێ ساختەرکاری....!!!؟؟


کاتێک ئەو بەشەی کوردستان بە کردار و پراکتیزە دەکرێتە بە هەرێمێکی سەربەخۆ لە ژێر سایەی دەسەڵاتێکی شارستانیدا، ئەوا مالکی یە دیکتاتۆرەکان و هێزەکانی دیخلە و داگیرکەران خۆیان ناگرن لە بەرامبەر هێزو ئیرادەی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستاندا، ئەوکاتەش هەمووخەڵکی کوردستان وەک هاوڵاتیەکانی ئازاد ئامادە دەبێت بەرگری لەو دەستکەوتانە بکات....!؟
بە پێچەوانەوە گەربارزانی و تاڵەبانی و بەناو ئۆپۆزسیۆنەکان بەهەمان شێواز سیاسەت بکەن، ئەوا سینارێوی دڵتەزێنترچاوەڕوانمان دەبێت....!!؟؟

خەڵکی ناڕازی کوردستانیش دەمێکە بێیڕارن لە درۆ و سینارێۆکانی هەردووبنەماڵە و هەڵویستی لەرزۆکانە و ناڕۆشنانەی بەناو ئۆپۆزسێۆنەکانی کوردستان، لەبەرئەوەی هەردوولا بوونەتە دووجەمسەری هاوکێشە سیاسییەکان لە کوردستاندا و هەوڵەکانیان تائێستا لە پێناوی دەستکارینەکردنی ئەو هاوکێشە ناردروستەی دەسەڵاتەکانی کوردستاندا بووە تا ئەوهێزانە هەرخۆیان خاوەن هێزی سیاسی و بڕیاردەربن لە کوردستاندا، لەبەرئەوەی سەرانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن هیچکات ئامادە نەبوون واز لە دەسەڵات و دەسەلاتداریکردن بهێنن لە ناو پارت و ڕێکخراوەکانی خۆیاندا، چ جای لە ناو دام و دەزگا فەرمیەکان و بەناو پەرلەمان و حکومەتەکەی کە بوونەتە یاری دەستی هەردووبنەماڵە و ئۆپۆزسیۆنیش بەشدارە لەو گەمانەدا...!!؟؟



لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش ئامادەکاری بۆ شەڕێکی گەورە دەکرێت، کە وا چاوەڕوان دەکرێت دژی ئێران، بۆیە هاوکێشە سیاسیەکانی ناوچەکە لە گۆڕانکارییەکی گەورە و خێرادایە...! گەرکورد و هێزە سیاسیەکان خوێندنەوەیەکی ژیرانەیان بۆ ئەم گۆڕانکاریە نوێیانە نەبێت ئەوا بە زیانێکی گەورە بەسەر کورددا دەشکێتەوە، بە پێچەوانەوە خەڵکی ئازادیخوازی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان دەتوانن سوودمەند بن لێی...!!!!؟؟؟؟


بابەتی ترم سەبارەت بەعێراق و کێشەی کورد


نا بۆ عێراقی دیکتاتۆرەکان، بەڵێ بۆ ئازادی و یەکسانی و سەربەخۆیی
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=38dab26c


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە