كام دەوڵەتى كوردى؟

Monday, 15/08/2011, 12:00

1317 بینراوە


لەئێستادا كەدەوڵەتى كوردى بووەتە بابەتى ڕۆژەڤى میدیاكانو كۆڕو سیمنارەكان، بەشێك پێیان وایە پێویستە سەرەتا نەتەوەى دەوڵەت دروست بكەین، واتا تابەو ئاستى وشیاریە نەتەوەییەدا تێنەپەڕین ئەوا هەمان ئەزموونە خراپەكەى یەكێتىو پارتى لەباشورى كوردستان دووبارە ئەكەینەوە. بەشەكەى تریش پێیانوایە كاتى دەوڵەتى نەتەوە نزیك بووەتەوە بەهۆى ئەو بارو دۆخەى ئەشێت لەئایندەیەكى نزیكدا ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستى پێدا تێپەڕێت، ئەویش بەهۆى ڕوخاندنى دەوڵەتى سوریاو بەرەو پێشچوونى ڕەوشى كورد لەتوركیاو خراپتربوونى پەیوەندیەكانى نێوان ئێرانو خۆرئاواو بوونى حكومەتى هەرێمیش لەعێراقدا كەئێستا نیمچە سەربەخۆییەكى هەیە، ڕێخۆشكەرەبۆ دروستبوونى ئەم دەوڵەتە كوردیە. لەپاڵ ئەمیشدا بۆچوونێكى دى پێى وایە ئەكرێت دەوڵەتى كوردى لەئایندەیەكى نزیكدا لەباشورى كوردستاندا ڕابگەیەنرێت، ئەمەش بەو پێیەى ئێستا بەشێك لەپارتەكانى پارچەكانى تر باس لەئۆتۆنۆمى ئەكەن نەك دەوڵەتى كوردو لەمكاتەشدا بەهۆى بەرەو پێشەوەچوونى پەیوەندى دووحیزبە سیاسیەكەى باشور لەگەڵ توركیاو لاوازى دەوڵەتى عێراقو دووچاربوونى بەكێشەگەڵێكى وەك ململانێى نێوان شیعەو سونەو، گەندەڵى....و گرفتارى سوریاش بەكێشەى ناوخۆەوە كەئەگەرى ڕوخانى حكومەتەكەى بەشار ئەسەدى لێئەكرێت. بەمپێیەش تەنها ئێران لەمپەرێكى گەورەیە لەبەرامبەر دروستبوونیدا .
بەندەپێم وایە لەوەها بارودۆخێكدا كەسوریا بەپێى بۆچونى دەوڵەتێكى زلهێزى وەك ئەمریكا كەجیهان بەڕێوە دەبات ئەڵێت(ئەبێت قسە لەدواى حكومەتەكەى بەشار ئەسەد بكەین)خۆى لەخۆیدا پەیامێكە ئاوسە بەحەقیقەتێكى نەگۆڕ، ئەویش ئەوەیە مانەوەى حوكومەتەكەى بەشار ئەسەد لاى ئەمریكا شتێكى حەتمیە. ئێرانیش لەوەها بارودۆخێكدا زەرەرمەندى یەكەمە بەلەدەستدانى گرنگترین هاوپەیمانى لەڕۆژ هەڵاتى ناوەڕاستدا. وەنەبێت بارودۆخى ناوخۆى ئێرانیش كەلە بوتڵەغازێكى سەرئاگر ئەچێت لەدۆخى تەقینەوەدا بێت لەهى سوریا باشتر بێت، تەنها شتێك ئێران لەسوریا جیائەكاتەوە ئەوەیە ئاگرى خۆپیشاندانەكەى ئەوێ كەى دائەگیرسێتو دورنیە لەپشت بێدەنگى شەقامو ئۆپۆزیسیۆنى ئێرانیشەوە دەوڵەتانى وەك ئەمریكاو بەریتانیاو هاوپەیمانەكانیان وەك ڕەوە پڵنگێك لەچاوەڕوانى زیاتر خوێن لێڕۆشتنو بێهێز كەوتنى نێچیرەكەیاندا نەبن نەك پەلاماردانو لەوەها بارودۆخێكدا نەخوزراوبێت لایان تا لەیەك كاتدا بەدواى دوونێچیردا بڕون كەئەمەش كارەكە بۆ ئەوان سەختتر ئەكاتو دورنیە وەك كەوتنى پولى دۆمینە یەك لەدواى نەیانەوێت سوریاو ئێران بەئۆپۆزیسیۆنو خەڵكى خۆپیشاندەر بڕوخێنن. ئەگەرچى بەشێكى شارەزایانى سیاسی لەو بڕوایەدا بوون بارودۆخى ئێران بەرلەسوریا تێك ئەچێت لێ ئەبێت بیرلەو ڕاستیە بكەینەوە ئێران پێگەیەكى بەهێزترو دەوڵتێكى تۆكمەترو داردەست گەلێكى ترى لەچشنى حوسیەكانى یەمەنو حیزبوڵاى لوبنانو بەشێكى زۆرى شیعەكانى عێراق لەڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستداهەیە بەمەش ڕەوشەكە بۆسوریا ئاراستەیەكى پێچەوانەتر وەرئەگرێت.
پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە ئێستا كورد لەبەردەم زەمەنێكى هەستیاردایەو پێشبینیەكان زیاتر بەلاى ئەوەدا ئەڕۆن ڕوداو گەلێك لەناوچەكەدا ڕوئەدەن ئەشێت دەرفەتى ئاڵتونى بن بۆكورد، بەڵام ئایا بەم حكومەتۆچكە شەقوشڕەى هەرێمەوە كەپیازو تورى لەئێرانەوە بۆدێتو لەناو خۆدا سەرەدەرزیەكى بۆ دروستناكرێت، سنورەكانى بەوڵاتانى دوژمن دەورە دراوەو ناتوانێت كەمترین بڕەخۆراكى دانیشتوانى لەناو خۆدا دابینبكاتو بودجەى لەعێراقەوە بۆدێتو هێزێكى یەك گرتووى بەهێزى تۆكمەو بەهێزى نیەو ناڕەزایی خەڵك لەناوخۆدا گەیشتووەتە لوتكەو گەندەڵى وەكو كرمى مردووخۆر بەربووەتە دواخانەى، ئەكرێت بەم دۆخەوە دەوڵەتى كوردى ڕابگەیەنرێت؟ یا لێگەڕێین ئەگەر ئەو دەرفەتە هاتە پێش بەئاسانى لەدەستمان بڕواتو بڵێین ئێمە هێشتا خەڵكەكەمان هۆشیارى نەتەوییان نیەو حكومەتەكەمان هێشتا فێرى دارەدارەنەبووەو لەڕوى داراییو هێزو شێواوى سیاسی ناوخۆییو نەبوونى یەكێتیەكى سیاسیەوە لەكۆى پارتەكانى كوردستانى گەورەدا، تواناى ئەوەمان نیەو بالێگەڕێین تائەو دەوڵەتانەى ئەڕوخێن پێگەو پایەى خۆیان لەشێوەى دەوڵەتێكى نوێدا دروستبكەنەوەو كورد وەكو باشور بچێتەوە ناویانو گۆرانى بۆ جێبەجێكردنى مادەگەلێكى وەك سەدو چل بڵێت دواى ئەوە؟! لێگەڕێین تائەبنەوە بەخاوەن هێزیكى تۆكمەو كورد لەوێش هەمان هەڵەى سەركردەسیاسیەكانى كوردستانى باشور دوبارە بكاتەوەو لەبرى جیاكردنەوەى سنورى كوردستان بچێت حكومەتی دەوڵەتێكى ڕوخاو دروستبكاتەوە كەخەونى نەبوونى كیانێكى سەربەخۆیە بۆئەو؟!
ئایا بەم ئەقڵیەتە حیزبچیە خێڵەكیە وێرانكارەى سەرۆكەكانى كورد لەباشور كەنەك هەرنەیانتوانى وشیارىنەتەوەیی تاكى كورد دروستبكەن لەبیست ساڵى ڕابردوودا، بگرە ئەو ئینتیمایەى هەیبوو ئەویشیان كوشت، پرسیارەكەلێرەدا ئەوەیە ئایا هەبوونى دەوڵەتێك گرنگترە ئینتیماى تاكى كوردى تێدا بمرێت یان نەبوونى ئەو دەوڵەتەو ئینتیما بەچیاكانیەوە زیندووبێت؟ زۆرجار من بەتاكێكى باكورم وتووە دوعابكەن ئەگەر حكومەتێكى وەكو ئەمەى ئێمەتان هەبوو نەتان بێت باشترە، ئێ بەس نیە ئێوە ئینتیماتان زیندووە، ئاخر ئەوەى كەوا ئەكات نەتەوە بمێنێتەوە ئینتیمایە نەك حكومەتو دەوڵەت.
ئێستا كورد لەبەردەم كۆمەڵێك هەلى زێڕینو هەستیاردایە و زۆرى لەدەستداوەو نەیكردووە لەڕابردوودا، كەئێستا كەئەبوو لەبرى براكوژىو گەندەڵىو شەڕى ناوخۆ ئەوەى بكردایەو كەڵكى لێوەربگرێتو بەروبوومەكەى بچنێتەوە، ئێستا لەبەردەم دووڕیانێكى گەورەی مێژوویی دایە كەئەشێت بەهەزار ساڵى تر هەڵكەوتێكى وا دووبارە نەبێتەوەو بۆكورد نەیەتە پێش. بەداخەوە حكومەتى باشور بەئاودیوكردنى ئەو هەموونەوتەوە، بەو هەموو سەرچاوە گومرگیەوە، بەهەبوونى پارلەمانو حكومەتى هەرێمى كوردستانو ئەو هەموو پۆستە سیادیەى عێراقیشەوە، بەو ئەزموونە بیست ساڵەیەوە لەباشورى كوردستاندا هەیبوو، نەك هەرنەیتوانى بەئەندازەى"پەكەكە"وشیارى نەتەوەیی بەرەوپێش ببات بگرە ئەو ئینتیمایەى بەعس بەتانكو تۆپو كیمیاوىو ئەنفال بۆى نەكوژرا ئەو بەگەندەڵى ئیدارىو وەلاخستنى خەڵكو تەراكردنى گەنجەكان بۆ هەندەرانو بەنازپەروەردكردنى بەرپرسەفیرعەونئاساكانى كوشتى، بەتاپۆكردنى سامانى میللەتێك لەسەرچەند بەرپرسێكى كەپاروى دزراوى دەمى ئەو گەنجانەیان ئەخوارد نیشتیمانیان بەجێهێشت ئینتیماى كوشت. ئێستاش ئیتر كاتى ئەوەیە بەرپرسەكانى ئەم حكومەتە تۆزێك لەبەردەمى دوكەڵى تفەنگەكانى "پژاك"و ئەزموونى"پەكەكە"دا كەمێك تەریق ببنەوەو لەبرى ئەوەى ئەزموونە دیموكراسیەكەیان پۆستكەن بۆ وڵاتانى ناوچەكەو كوردستان بكەن بەدوبەى، هەموو ئەو بەرپرسە تاڵانخۆرو كورسى پەرستانەیان بنێرنەوە بۆ ماڵەوەو خەڵكانێكى شارەزاش بنێرنە باكورى كوردستان تالەوێوە وشیارى نەتەوەیمان بۆ بێننەوەو پێمان بڵێن حیزبێك چۆن توانیویەتى لەشاخەوە وشیارى نەتەوەیی لەو ناوچانەشدا پەرەپێبدات خەڵكەكەى بەتوركى دەئاخفنو دەوڵەتى تورك كوردى بیربردبوونەوە! بۆ ئەوەى تاهەتایە وەك ئەم بیست ساڵەى خەجاڵەتى ناو لاپەڕەكانى مێژووى نەتەوەیەك نەبن وەكو لەسەردەمى براكوژیو ئاودیوكردنو ئەو دزیەى ناوى لێنراوە گەندەڵى. ئێستا ئیتر كاتى ئەوەیە هەموو پارتەكانى كوردستان بەرنامەیەكى پێشوەختیان هەبێت، كاتى ئەوەیە لەداهاتوویەكى نزیكدا كێشەى دەسەڵاتو ئۆپۆزیسیۆن چارەسەر بكرێت، سەرۆكى هەرێمیش هەربەڕاستى نیشانمانبدات كەئەو خەریكى چاكسازیەو نەك ئەوەى بەقسە بیكات چونكە ئەم میللەتە ئیتر لەقسە تێربووەو بەڵێنەكەى سەرۆكیش هێشتا بەرپرسێكى گەورەى نەبردووەتە بەردەم دادگا، پێویستى بەوەیە حكومەتى هەریم متمانەى بۆ بگەڕێتەوە ئەویش بەداگایكردنى تاڵانخۆرەكانى ناو حكومەتو حیزب ئەكرێت،نەك بەقسە. ئاخر حكومەتێك نەتوانێت خۆى ڕێكبخاتەوە ئیدارەى سێ شارى پێ نەكرێت لەكوێ ئەتوانێت هەرچوار پارچەكە لەسەر سفرەى دەوڵەت كۆبكاتەوە؟ حكومەتێك سێ شارى پێ بەرٍێوە نەبرێت لەكوێ ئەتوانێت دەوڵەتێك لەهەناوى چوار دوژمنى ئایندەدا بەڕێوەببات ؟؟
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە