عەبە ڕەقی پێشمه‌رگه‌ی دێریین!

Friday, 11/01/2013, 12:00

4421 بینراوە


هەر وەک ئەوەی لێدانی دڵی من لەگەڵ ترپەی دڵە نەرمۆڵەکەی ناوجەستە ڕەقەکەی عەبەڕەقدا پەیوەندیان هەبووبێت، به‌ رێکه‌وت من و کاک کەمال جەمال مەختار بە دوومانگ پێش کۆچی داویی کاکە عەبە ڕەق باسێکمان لە پێشمەرگەی دێرین کرد، کاک کەمال بۆچوونی خۆی هەبوو جیاوازتر لە پێناسەی من و کەسانی تر کە بە نوڕێنی خۆیان پێشمەرگەی دێرین هەیە لە بەرد ڕەقترە و بڕێکیشیان لە لۆکە نەرمترە، کاک که‌مال ووتی:
(له‌ دوای ئه‌نفال و نه‌مانی به‌رگریی له‌ چیاکان و له‌ کوردستان شتێک نه‌ماوه‌ پێی بگوترێت پێشمه‌رگه‌، له‌ دوای راپه‌ڕینیشه‌وه‌ ئه‌وه‌ی جلی خاکی له‌به‌ر کردبێت، یان چه‌کی خستبێته‌ سه‌ر شانی، وه‌ک پێشمه‌رگه‌ خۆی ناساندبێت، ئه‌و که‌سه‌ پێشمه‌رگه‌ نییه‌. ئه‌و چه‌کدارانه‌ی ئه‌مڕۆ، که‌ پێیان ده‌ڵێن پێشمه‌رگه‌، ته‌نها بۆ سووکردنی ناوی پێشمه‌رگه‌ و مێژووه‌که‌یه‌تی).
(ناسنامەی پێشمەرگەی دێرینیش دوو هێڵی  لێکدابڕانیان له‌گه‌ڵ یه‌کتردا نییە، له‌ ئیستادا ئه‌و پێشمه‌رگه‌ دێرینانه‌ دەبێت وەک پێشمەرگەی شاخ بمێنێننەوە، داکۆکی لە ئازادیی بکه‌ن، گەر نەشیانکرد ده‌ست نه‌گرنه‌وه‌ به‌ موچه‌ی خانه‌نشینیه‌ک ته‌سلیم بن و خۆیان ناشرین بکه‌ن، گرنگترین پێناسەش بۆ مانەوەی کەسایەتی پێشمەرگە وەک ئەوەی لە شاخدا بوونیان هه‌بووه‌، مانەوەیەتی لە سەنگەرەکەیدا وەک بەرگریکارێکی نەترس لە ئازادیی، نەک بۆ پول و پارە و کۆمەڵێک ئیمتیازات).

گەر له‌ منیشی قبووڵ بکەن، یان نا، منیش دەڵێم: هەموو ئەو نووسەرانەی لە نووسینەکانیاندا غەدری گەورەیان لە کەسایەتی پێشمەرگەی دێرین کردووە، جگە لەوانەی بە ویژدانەوە توێکارییه‌کی نێوانی لیستی پێشمەرگەی بەرژەوەندیخواز و پێشمەرگەی دێرینی بە شەرەفی ملنەوی نەکرد بۆ پارە و پۆست، (ئەوانە با دەم دابخەن، چونکە بۆ یەک دەقەش ئەودیوی جادە شەست مەتریەکەی سلێمانی و هەولێریان بە خەویش نەدیوە و باشتریشە فزەنەکەن).

عەبە ڕەق ئەو گەنجە هەژارە بوو بە کۆڵانی شاری سلێمانیدا بێجگە لە پیشەی هەلاجی و لێفەدروویی، خەباتی ڕێکخستنی کۆمەڵەشی دەکرد، کاتێکیش چووە شاخ، بەو جەستە ڕەقەیەوە تەواویی ڕەبایە و سەربازی ناو سەربازگەکانی بەعسی بە لوولەی تفەنگە ژەنگاویەکەی ڕەق دەکرد، عەبە ڕەق لە ڕه‌دوونانی هێزی شۆرشی چەواشەی قیادەم وەقەتەی ساڵی ١٩٨٢ لە شارباژێر، هێزە کۆنەپەرستەکانی قیادەی موەقەتی تا سنووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕەق کرد.

عەبە ڕەق پێش ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ بە ڕاسپاردەی نەوشیروان مستەفا لەگەڵ کۆمەڵێک پێشمەرگەی نەبەز هاتەوە بۆ سلێمانی و لەگەڵ هاوڕێکانیدا نەخشەڕێگای تەرزی خەباتی نوێی لە گووندی بلەکێوە گەیاندە ڕێکخستنەکانی شار.

عەبە ڕەق گەر عەبە ڕەقی هەر نەتەوەیەکی تر بوایە ئاوا بە تەنیایی و لە بەرەبەیانێکدا بە تاقی تەنها لە ڕەوشێکی خەیاڵیدا ڕێگەی لێخووڕینی ئۆتۆمۆبیلی پێ نەدەدرا.

عەبە ڕەق گەر وەک خۆیان ناویان ناوە عەبە گووڵ دەبوایە دەستبەجێ بە فڕۆکە، یان بە هەر رێگایه‌کی تر، خێرا بگەیەنرایە ووڵاتێکی ئەوروپی، با ئوردون، یان ئێران بوایە، یان سۆمال قیروسیا! تۆ بڵیی بڕی تێچوونی سەفەری ئەم جەستە ڕەقەی عەبەڕەق چی زیاتری تێبچوایە لە نەشتەرگەریی لووتی مەکتەب سیاسییەکەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان.

مەرگی پێشمەرگە دێرینەکان بەردەوام دەبێت ؟

ڕزگار ساڵح - هۆڵەندا _ ئەنیشخەدە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە