مامۆستا ئارام پیاوە نەشیاو و گەندەڵەكە سوێند دەخوات

Monday, 13/06/2011, 12:00

1063 بینراوە


وا بڕیارە سبەینێ یە كێكى تر لە مشەخۆر و گەندەڵەكان سوێند بخوات لەپەرلەمانى كوردستان بۆ وەرگرتنى پۆستى وەزیرى وەزارەتى شەهیدانى حكومەتى هەرێمى كوردستان, وابڕیارە سبەینێ جارێكى تر خوێنى بەشێكى بەشمەینەت و هەستیارى كۆمەڵگاى كوردى بمژن , وابڕیارە سبەینێ سەرەتایەكى شوم بۆ كەسوكارى شەهیدان و ئەنفالكراوەكان دەست پێبكات, وابڕیارە حكومەتە كفۆڵ و گوێنەگرەكەى هەرێمى كوردستان جارێكى تر شەهیدو ئەنفالكراوەكان زیندوبكاتەوەو شەهیدیان بكاتەوە , بۆیە بەدانانى مامۆستا ئارامى بێ بەرنامە لەژیان و سیاسەت, نەشارەزا لە كۆى جومگە هەستیارەكانى كۆمەڵگاى كوردى, بێ باوەڕ بە پێداویستى و خزمەتكردنى كەسوكارى شەهیدان و قوربانیەكان بۆ ئەو پۆستە هەستیارەى حكومەتى هەرێمى كوردستان شتێك نامێنێتەوە جێگەى ئومێدو ئایندەى كەسوكارى شەهیدان بێت, واتە ئیتر ناتوانریت بەدڵنەواى كەسوكارى شەهیدان سڕ بكرێت, چونكە گەورەترین غەدر كراوە لە وەزارەتەكەو ئەو خەڵكانەى ژێر خاك و سەرخاك لە لایەن دكتۆر بەرهەم و حكومەتە گەلە كۆمە لێكراوەكەیەوە,
بەڵێ ئەو مامۆستا ئارامەى كە لە لایەن دكتۆر بەرهەم وعیماد ئەحمەدى كۆنە هاوڕێی ئەوروپایەوە كاندید كراوە , واتە تەنهاو تەنها لەلایەن ئەو دوانەوە كاندیدكراوە هەر لەئێستا دەستى كردووە بە پارە بەخشینەوە بەسەر خەڵكدا , نەك خەڵكى كەسوكارى ئەنفال و شەهیدان بەڵكو ئەو خەڵكانەى كەنیگەرانن بە بوون بەوەزیرى واتە هەر لەپێش سوێند خواردنى گەندەڵیەكانى ئاشكرا دەبێت, ئەو مامۆستا ئارامەى كەلەلایەن یەكێتیەوە دەكرێت بەوەزیر هەر لەئێستاوە چەندین كەس لە كەسوكارى شەهیدان و ئەنفالكراوەكان نیگەران دەكات و لە ئایندەشدا گومانێكى بەهێز هەیە بۆ ڕوبەڕوبونەوەى عەشایەرى.
دیارە ماوەى چەند مانگێكە كەسێك لە لایەن یەكێتى نیشتمانى كوردستانەوە دەست نیشانكراوە بۆ وەرگرتنى پۆستى وەزیرى شەهیدان و ئەنفالكراوەكان لە حكومەتى هەرێمى كوردستان , بەڵام تائێستا دەست بەكارنەبووەو لەپەرلەمانى كوردستان سوێندى یاساى نەخواردووە, بۆیە گومان دەكرا یەكێتى پەشیمان بوبێتەوە لە دانانى ئەوكەسە , ئەمەش دواى ئەوناڕەزایانەى كە لەلایەن بەشێك لەكەسوكارى شەهیدان و ئەنفالكراوەكانەو و ڕێكخراوەكانى كۆمەڵگاى مەدەنیەوە هات, بەهۆى ئەوەى كە مامۆستا ئارام كە ئێستا كاندیەو دانراوە بۆ پۆستى وەزیرى شەهیدان ئەنفالكراوەكان لە پێش ساڵى نەوەدەوە كوردستانى بەجێهیشتوەو چوەدەرەوە بۆ ئەوروپا واتە بۆخۆى ڕۆشتوە نەك شۆڕش ناردبێتى , دواتر لە ساڵى 2010 گەڕاوەتەوە بۆ كوردستان و بە پلەى سەركردایەتى بەبێ ئەوەى شەرعیەتى هەڵبژاردنى كۆنگرەى یەكێتى هەبێت موچە وەردەگرێت, واتە زیاتر لە بیست ساڵە لە گرفت و گێشەكانى كوردو كوردستان دابڕاوەو ئێستا دەیەوێ ببێت بەوەزیر, ئەمە جگە لەوەى ئەم مامۆستا ئارامە بڕوانامەى ماستەرى هەیە لە كۆمپیوتەردا ئەمەش یەك ناگرێتەوە لەگەڵ وەزیرى شەهیداندا چونكە وەكو ئەوە وایە بڕوانامەى دبلۆم لە زمانى كوردیدا بكرێتە وەزیرى تەندروستى یان شارەزابێت لە ناشتنى كولەكەو بكرێت بە فڕۆكەوان, واتە هێندەى ئاسمان و زەوى نێوان مامۆستا ئارام و وەزارەتى شەهیدانە , دواتر نابراو هیچ كەسێكى شەهید نیەو ئەمەش دەیسەلەێنێت كە لە زام و برین و خەم و ئازارەكانى كەسوكارى شەهیدان و دایكى شەهید نازانێت و تێناگات لە ئایندەدا , ئەمانەش واى كردوە كە كەسوكارى شەهیدان و ئەنفلكراوەكان نیگەران بن بەدانانى بۆ پۆستى وەزیرى شەهیدان .
بەپێیى دواین زانیاریەكان لەسێ مانگى ڕابردودا ژمارەیەكى زۆر لەكەسوكارى شەهیدان و ئەنفالكراوەكان لە كەلارو چەمچەماڵ و سەنگاو و دوز خورماتوو شارەزور سەردانى حاكم قادر حەمەجان یان كردوە لەمەكتەبى سیاسى یەكێتى و دواتر ژمارەیەكى تر لەكەسوكارى شەهیدان سەردانى پۆڵاى شەهید سیروان تاڵەبانیان كردوە بۆ ئەوەى یەكێتى بەو بڕیارەیدا بچێتەوەو كەسێك دابنات بۆ وەزیرى شەهیدان كە خاوەنى شەهید بێت.
لەو بارەوە ئەحمەد عەبدوڵا كە كەسوكارى شەهیدە ووتى: ئێمە پێمان باشنیەو حەزمان كرد لەكەسوكارى شەهیدان بێت و ئێمە داوامان كردووە یەكێتى بەو كاندیدەدا بچێتەوە,چونكە هەموو مێژووى گەلى كوردو سەروەریەكان ودەستكەوتەكان هەیە لەوەزارەتى شەهیداندا خۆى دەبینێتەوە, بۆیە دەبێت وەزیرەكەمان كەسوكارى شەهید بیت و لێزان و كارابێت.
هەروەها كەسێكى تر كە لە ڕێكخراوێكى تایبەت بە شەهیدو ئەنفال كاردەكات و نەیویست ناوى بهێنین ووتى: من پێم باشنیە و حەزم كرد ئەو وەزارەتە كەتایبەتە بە شەهیدان و ئەنفالكراوەكان بەدڵنیاییەوە ئەبێت خەڵكێك بوایە لەناو گرفتەكانى كەسوكارى شەهیداندا بوایە, لایەنى كەم كەسوكارى شەهید بوایە یاخود نزیك لە كەسوكاریان بوایە, ئەمە دواى ئێمەیەو زۆر نیگەرانین.
ڕێباز نامیق كە كەسوكارى شەهیدە دەڵێ: پێم وایە كەسێك كاندید بكرێت كە خاوەنى شەهید بێت خاوەنى سەروەرى بێت، ئەوكەسە پێشمەرگەیەكى دانەبڕاو بێت لێزان بێت لە پێداویستى كەسوكارى قوربانیەكان، ئەو كەسە لە ئاستى بڕوانامەى باڵادا بێت، واتە كەسێك بێت خەڵك لە ناوچەكەدا بى ناسێت، دەبوایە ئەو كەسە گەرمیانى بوایە , گەرمیان جگەلەوەى خاوەنى 182 هەزار ئەنفالە بەڵكو لە پێناو ڕیزەكانى یەكێتى دا خوێنى بەخشیوە پێویستە یەكێتى كەسێك دابنات خاوەنى شەهید بێت، واتە نەك كەسانێك كە چەندین ساڵ ئاگایان لە یەكێتى نەمابێ و ئێستا داواى پۆستى وەزارەت بكات، من ئامادەم خوێنى خۆم ببەخشم لە بەرامبەر نەهێشتنى كەسێك بۆ ئەو پۆستە چونكە پۆستى كەسوكارى شەهیدە واتە كەسایەتیەك بێت , لێرەشەوە داواكارم لە كەسوكارى شەهیدان و ئەنفالكراوەكان بێدەنگ نەبن و با ئیتر خۆمان نوێنەرى خۆمان دەستنیشان بكەین و هەڵبژێرین،ئەگەر یەكێتى نیشتمانى مەبەستى بێ ئەتوانێت ئەو كەسەى كە ئێستا كاندیدى كردووە بكات بەوەزیرى وەزارەتێكى تر یان بەڕێوەبەرێكى گشتى, ئێمە داواكارین لەسەركردایەتى یەكێتى داواكارى ئێمە وەكو كەسوكارى شەهیدان قبوڵ بكات , ئەگەر داواكەمان جێ بەجێ نەكرێت ئێمە هەوڵ ئەدەین لەكۆتایى ئەم هەفتەدا هەڵوێستَێك وەربگرین،ئایا بەئیمزا كۆكردنەوەبێت یان بەڕێ پێوان بێت،بەهەر شێوازێكى مەدەنیانە بێت ئێمە هەڵوێستى خۆمان وەردەگرین،بەتایبەت لە گەرمیان وشارى سلێمانى.
ئاسكە كە براو خوشكێكى شەهیدە دەڵێت: دەبێت كەسێك دابنرێت كەسوكارى شەهیدبێت ,چونكە كەسوكارى شەهید هەموگیانى خەموو ئازارە و دەبێت كەسێك بێت لێیان تێبگات و مانى شەهید ب زانێت, ئێمە پێمان باشنیە كەسێك بهێنرێت و بكرێت بەوەزیرى شەهیدان و كەسوكارى شەهیدان نەبێت و ئەوپەڕى نیگەران دەبین , خەڵك فەرز بكرێت بەسەرماندا.
دیارە پێشتر ئەم پیاوە بەناوى وەزیرەوە چوەتە وەزارەتى شەهیدان و وەكو وەزیر خۆى پیشان داوە و پرسیارى ئەوەى كردووە كە ئەگەر ئیمزا بكات بە قەڵەمى چى ڕەنگ بێت واتە هیچ ئەتەكێتێكى ئیدارى و زمانێكى جەستەى تێدا نابینرێ, زۆر بەداخەوە بۆ یەكێتى خاوەن بیست و چوار هەزار شەهید , بەبێ حساب كردن بۆ ڕاى كەسوكارى شەهیدان و ئەنفالكراوەكان و ڕێكخراو گروپ و كۆمەڵەكانى تایبەت بە قوربانیانى كوردستان یەكێتى و حكومەتى هەرێمى كوردستان مامۆستا ئارام دەكەن بە وەزیرو بەیانى سوێندێكى ناشەرعى پێ دەخۆن. لێرەوە داواكارین لە پەرلەمانتارە خاوەن ئیرادەكان و خاوەن ویژدانەكان هەڵوێستیان هەبێت و دەنگى بۆ نەدەن, دواتر بە ئارام دەڵێین تۆ شایەنى ئەو پۆستە نیت و دەبیت بەبار بەسەر خەڵكى خاوەن شەهیدەوەو بەو پەڕى نیگەرانیەوە ڕادەگەیەنین كە هەموو هەوڵێكمان دەخەینە كار بۆ سەرنەكەوتنى ئیش و كارى ئەو كەسەى كە ناوى مامۆستا ئارامەو دەبێت بەوەزیر , هەرگیز جێگەى قبوڵ نابێت و ئایندەش دەرى دەخات كە مامۆستا ئارام و وەزارەتەكەى دەبێت یان ڕاى شەقام.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە