بۆ حاكم شێخ لەتیف: دەبێت هەوڵ بدەن هاوپیشەكانى تۆش دوانزە ملیۆن دینار وەرنەگرن

Tuesday, 20/03/2012, 12:00

1249 بینراوە



لەسەرەتادا دەڵێم ئەوەى دڵخۆشكەرە ئەوەیە كە ئێوە گرنگى بە راى خەڵك دەدەن و وەڵامیش ئەدەنەوە، واتە دەكرێت خەڵك راستەوخۆ پەیامى خۆیتان پێ بگەیەنێت، كە ئەمە شتێكى زۆر پۆزەتیڤە، ئەمە پێچەوانەى نەریتى دەسەڵاتدارانى باشوورى كوردستانە، كات وا هەیە بابەت لەم سایتە نووسراوەو هەندێك جار راستیش بووە، دەسەڵات وتویەتى: مادام لە كوردستان پۆست لەسەرت نوسراوە حەق وایە پاداشت بكرێیت.
من پێم وانیە ئەوانەى رەخنە دەگرن دژى گۆران یان كەسایەتییەكانى گۆران بن، تەنها مەسەلەكە ئەوەیە دەنگدەرەكان كاتێك دەنگ دەدەن چاوەرێى زیاتر دەكەن، من بۆ خۆم دەنگم بە نوێنەرێكى گەرمیانى گۆران دا، بەڵام زۆربەى كەس و كارەكەم دەنگیان بە تۆ دا. بەڵام چەندین جار رەخنەم لە گۆان گرتووە لەبەر ئەم خاڵانە:
ــ تۆ دەڵێیت هاوپیشەكانى من(واتە حاكمەكان) دوانزە ملیۆن دینار موچە وەردەگرن، من پرسیارى ئەوە دەكەم دادوەرێك لە ئەمریكا موچەكەى شتێكى كەم لە پۆلیس زیاترە، ئایا بۆ دەبێت دادوەرى هەرێم و عێراق مەچەى یەك مانگیان شەش ئەوەندەى هاوپیشەیەكى خۆیان بێت وەك و دادنوس جێبەجێكارى داد ....... ماوەیەك پێش ئێستا نوسراوێكم دەست كەوت جێبەجێكارى داد لە كەرادەى بەغداد تا مانگى ئازار زیاتر لە (3000) دۆسیەى هەبوو، پرسیار ئەوەیە بۆچى ئەم جێبەجێكارى دادە پاش (30) ساڵ خزمەت موچەكەى یەك لەسەر پێنجى دادوەرێكى تازە دامەزراو بێت، كە لەم وڵاتە دادوەر دامەزراندنیش بە عەدالەت نییە. هەروەها ئەو دوانزە ملیۆن دینارە بژێوى خێزانێك دابین دەكات بۆ دوو ساڵ. بۆ دەبێت كەسێك لە مانگێكدا وەرى بگرێت؟.
ئێمە ئەمانەوێت گۆران پێشنیارى هەبێت بۆ دارشتنەوەى موچە بە شێوەیەكى بنەرەتى، كە رەچاوى ئایندەى وڵات بكرێت و بە شێوەیەك بێت خەڵكى ئەم وڵاتە ببێتە خەڵكێكى بەرهەم هێنەر نەك هەموى واز لە كار بێنێت و ببێتە سەربازو پۆلیس وەك ئەوەى ئێستا هەیە. سیستەمى موچەى كاتى حزبى بەعس لەمەى ئێستاى عێراق و هەرێم زۆر باشتر بوو.
ـــ من پێم وایە ئەندام پەرلەمانى گۆران یان هى هەر حزبێكى دیكە چى پارەى دەوڵەت بۆ خۆى بەرێت یان بیداتە حزب هیچ جیاوازى نییە، چونكە حزب بەرنامەى باشى هەبێت دەنگدەرى باشیشى دەبێت، ئەگەر بە پارە سەرف كردن بوایە بۆ حزب دەبوایە ئێستا یەكێتى بە تەنها پەنجا كورسى لە پەرلەمان هەبوایە. پارەى دەوڵەت دەبێت بۆ پەرەپێدانى وڵات بێت لە رووى پیشەسازى و كشت و كاڵى ..............
... گۆران تا ئێستا هەڵویستى روونى نییە دەربارەى موچەو دیوەخانانەى كۆنە سەرۆك جاشەكان.
.... من پێم وایە هەر ئەندام پەرلەمانێك وەك و خەڵك نەژێت لەو خەڵكە نیەو نابێت ، پەرلەمانى عێراق و باشوورى كوردستانیش بۆ خۆیان بە یاسا گەورەترین پرۆژەى گەندەڵین، گەندەڵیان بە یاسا كردووە، یۆ نموونە دەیان پارێزەر هەیە موچەى پاسەوانى وەردەگرێت یەك دەقیقە دەوام ناكات، لەبەر ئەوەى خزمێكى ئەندام پەرلەمانە یان پۆستێكى دیكەى هەیەو ناوى نوسیوە، ئایا پەرلەمانى وا چاوەروانى چى لێدەكرێت؟ ئەم خاڵەیان پەیوەندى بە گۆرانەوە نییە بەڵام لە پەرلەمانێكە گۆرانیشى تێدایە.
لە كۆتایشدا دەڵێم هەڵوێستەكانت بەرز دەنرخێنم و هیوادارم كاریگەریت هەبێت لەسەر ئەندام پەرلەمانەكانى تر.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە