یەكێتى لەزەلیلیەوە بۆ زه‌لیلتر

Thursday, 27/12/2012, 12:00

1312 بینراوە


بەپێ ى ئەو هەواڵانەى دزەدەكەن و بڵاو دەبنەوە تادێت تەندروستى تاڵەبانى بەرەو خراپى و دژوارى دەڕوات، هیواى چاك بونەوەى زۆر ئەستەمە، ئەگەر چاكیش بێتەوە و ئەمجارەش لەمەرگ رزگارى بێت، ئەوا كەفتەكارى سەرجێگا دەبێت و تا دوا رۆژەكانى ژیانى لاشەیەكى بێ گیان دەبێت،بەكوردى وبەكورتى خۆرى تاڵەبانى بەرەو ئاوابوون دەچێت وچراى تەمەنى روو لە خامۆش بوون و كوژانەوەیە.ئەمەش یەكێتى و سەركردایەتیەكەى تەواو شپرزەو سەرلێشێواو كردوە، تەكەتول وباڵەكان كەوتونەتە خۆو پێشبڕكێ، بۆ ئەوەى هەرچى زووترە لەو قەیران و تەنگەژەیە رزگاریان بێت، كۆبونەوەى بەردەوام و مقۆ مقۆ و رێكەوتنى ژێربە ژێرى نێوان ئەندامانى سەركردایەتى و مەكتەب سیاسى لێرەو لەوێ بەئاشكرا هەست پێدەكرێت.ترس ونارەحەتى و شڵەژان وبەرۆكى زۆرێكیانى گرتوە،چونكە بەنەمانى تاڵەبانى زۆرێك لەوسەركردانە پلە وپۆست وپایەو بەرژەوەندیەكانیان ون دەكەن و ئاسەواریان نامێنێت .
لەگەڵ ئەوەى تاڵەبانى لەبرى جێگرێك دوو دانە جێگرى هەیە،بەڵام لە كاتى روداوى لەو شێوە و پێشهاتە نەخوازراوانەدا بۆیان نیە و ناتوانن هیچ بڕیارو راسپاردە و رێنماییەك دەربكەن وبەسەر بارودۆخەكەدا زاڵبن و پارسەنگ رابكرن،ئەبێت تەنها وەكو شكڵ و نواندن دەربكەون، وەكو پزیشكى ناپسپۆڕ تەنها بە موهەدى و موسەكین رەوشەكە راوەستێنن ،تا ئەودەمەى تاڵەبانى دێتەوە مەیدان.ئەمەش جگەلە بێ دەسەڵاتى ئەو جێگرانە، ئەوەمان بۆدەردەخات كە تاڵەبانى تا دوا ترۆپك دیكتاتۆر وپاوان خوازە و بەهیچ شێوەیەك قبوڵى نیە لەغیابى خۆیدا، هیچ كام لەو بەناو جێگرانە بە ئەرك و كارى ئەو هەستن و بیر و خەیاڵیان بۆ ئەوە بچێت پاشەڕۆژ بچنە سەر كورسى دەسەڵات.نەخۆش كەوتن و سەفەرەكانى پێشوترى تاڵەبانى سەلێنەرى ئەو راستیەن .
بەڵام ئەمجارە رەوشەكە بەشێوەیەكى دیكەو سامناكترە ،هەموو ئەگەرەكان ئەوەبەگوێماندا دەدەن، كەتاڵەبانى بەرەو دوا رۆژەكانى ژیانى مل دەنێت و، شیفا و چاكبونەوەشى بۆتە ئەستەم و محاڵ. ئەمەش بۆتە گرێ كوێرەو مەتەڵێكى نەزانراو كە ئایندەى یەكێتى چى بەسەردێت و رەوتى گۆرانكارى و یەكێتى بەرەو كام ئاقار دەڕوات وسیاسەتى پاش تاڵەبانى چۆن دەگوزەرێت؟ لەهەمویان قورستر وزەحمەتتر ئەوەیە ئەى كێ دەبێتە جێگرەوەى تاڵەبانى؟
نەمانى تاڵەبانى و چۆڵكردنى گۆڕەپانى سیاسى بمانەوێت یان نا زیانێكى گەورە دەبێت ،نەك بۆكورد و دۆزەكەى ، بەڵكو بۆ وڵاتانى دراوسێ و شیعەو توركمان و عێراق، پارتى و مەسعودیش لەسەرو هەمویانەوە دەبێت، گەر بڕوانن لەماوەى حوكمڕانى تاڵەبانى وەك سەرۆك كۆمارى عێراق چ سودو دەستكەوت و ئیمتیازێكى بۆ كورد نەبوە، كێ هەستیكردوە كە سەرۆكەكەى كوردە و لەپێناو میللەت و كێشەكەیدا كاریكردوەو كۆشاوە؟ بەڵكو زیاترو زۆرتر لەپێناو رازیكردنى دڵى توركیا و ئیران و مەسعود وعەمامەبەسەرەكان رۆڵى بینیوە، هەر ئەوانیش بوون كەبەهەمووشێوەیەك لەهەوڵ وتەقەلادابوون تا ماوەیەكى زیاتر لە پۆستەكەیدا بمێنێتەوە و دەسەڵاتداران و لایەنەكانیان ناچار كردوەمل بۆ ئەوە بدەن، تا تەواوى ئامانج و مەرامى خۆیان بهێننە دى.هەرواش بوون .
دۆخى ئێستاى یەكێتى تابڵێى هەستیار و ناسك و پڕ لە تەم مژو گێژاو قەیران و لێڵییە، هیچ كام لەو سەركردانە ناتوانن رۆڵى حەكیمانە وبەرچاوبگێڕن، بتوانن زامنى پاشەڕۆژى یەكێتى بكەن و،متمانەو باوەڕى ئەندامان لایەنگرانیان بەدەست بهێنن و، یەكێتى لەسەر پێى خۆى راگرن ،هەروەها ناكۆكى و ناتەبایى و یەكترى قبوڵنەكردن و، تەكەتول و باڵ باڵین و ناوچەگەرێتى ئەندامانى سەركردایەتى و،قوڵبنەوەى كێشە و ململانێكان واییكردوە كەهیچ كام لەو سەركردانە نەتوانن ببنە بەدیل و، جێگرەوەو كەسى یەكەمى یەكێتى و،پاشەڕۆژێكى روناك بۆیەكێتى دابین بكەن، لەولاشەوە سێبەر و باڵادەستى وحاكمیەتى تاڵەبانى و بنەماڵەكەشى، ئەوەى بەگوێى تەواوى ئەنداماندا داوە كە یەكێتى پاش مردنى تاڵەبانیش كورسى دەسەڵات هەر بۆبنەماڵە دەبێت، بێگومانیش تاڵەبانى هێندە ساویلكە و بێخەم نیە، بۆخۆشى پێشبینى رۆژكارێكى وەهایكردوە ، حسابى وردو درشتى بۆ ئەو ئەگەر و پێشهاتانە كردوە،هاتنى هێرۆ بۆ ناو مەیدانى سیاسەت و چوونە ناو ریزى مەكتەب سیاسى ،یەكێكە لەو هەوڵانە بۆ ئەوەى تا ئەبەد یەكێتى لەژێر فەرمانڕەوایى و سایەى خۆیاندا بمێنێتەوە،ئەمەش تا رادەیەك خەونى زۆرێك لەو كەسانەى ڤاڵاكردوە و، چاوى رەشیانى كاڵكردۆتەوە،كە بیرو خەیاڵیان لەشتى واكردۆتەوە.
بۆیە لەگەڵ ئەو هەموو ناكۆكى و رقو قین و مێژووى خۆێناوى نێوان یەكێتى پارتى، بۆ رزگاربون لەو نەهامەتیە و ترسان لەوەى ئەستێرەى بەختى زۆرێكیان بكوژێتەوە،پەنایان بۆمەسعودبارزانى هێنا ،بەئومێدى ئەوەى هەگبەكەى ئەو شتێكى دڵخۆشكەرى تێدابێت و، زامنى چارەنوس و ئایندەیان بكات..مەسعودیش زۆر بەپەرۆشەوە بەدەنگ داوایانەوە هات،چونكە نەمانى تاڵەبانى گەورەترین گورزێك دەبێت بۆ مەسعودو پارتى و، مردنى ئەو مردنى زۆرێك لەخەون وخەیاڵ و پلانەكانى مەسعودە، دوورنیە لەپاش نەمان و لێك هەڵوشان و پەرتەوازەبونى یەكێتى، پریشكى ئەو ئاگرە ئەوانیش بگرێتەوە،بەتایبەت بۆ ئێستا كە پارتیش هاوشێوەى یەكێتى ،متمانەو باوەڕى ئەندامانى لەدەست داوە،بەرەو كاڵبونەوە ئیفلاسى سیاسى دەچێت، ئەگەربێت و هاوپەیمانێكى وەكو یەكێتى نەگاتە هاوار و فریادرەسى ،ئەوا لەگۆڕەپانى سیاسەت وكێبركێدا دەدۆڕێت و سەرەئەنجام لەگۆڕەپانەكە دەكرێتە دەرەوە ،ئەو دەمەش شانسى ئۆپۆزسیۆن و نەیارانى هەڵدەستێت و پارتى و یەكێتى وهاوپەیمانەكانیشى بەرەو هەڵدێر دەبنەوە.بەتایبەت ئێستا كە گۆڕان ونەوشیروان نەیارێكى سەرسەختى پارتى وبنەماڵەن بۆ ئەو ئەگەرانە تەیار ولەسەر خەتن ،هەروەها نزیكایەتى وبوونى چەندین خاڵى هاوبەش لەنێوان یەكێتى وگۆڕان ودۆستایەتى هاوسەنگەرى چەندین ساڵەى نەوشیروان و سەرانى یەكێتى و ئاسایى بونەوەى گرژى ئاڵۆزیەكانیان و دانوستاندن و گفتوگۆ و دانیشتەنەكانیان، گەورەترین زەنگى خەتەرناكە كە مەسعود بەر لەهەمو كەس دەیبیستێت و،پێشبینى رۆژگارێكى نارۆشن و بولێل دەكات. بۆیەلاتان ئاسایى بێت كە مەسعودێك بەوهەموو غرور ولوت بەرزى وخۆبەزل زانینەوە، بەپەلە پڕۆزێ بگاتە سلێمانى ، لەگەڵ سەرانى ئەوحیزبە كۆببێتەوە بەقەولى خۆیان ئامۆژگاریان بكات ،ئەوە بەگوێیاندا بدات كە پارتى بەهیچ شێوەیەك قبوڵى نیە گۆڕان و نەوشیراون بێنە ناو گەمەو كایەكەوە، راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ رۆڵیان لەدیاریكردنى ئایندەى یەكێتى هەبێت، هەروەهائەوكەسەى كە دەبێتە بەدیلى تاڵەبانى دەبێت رەئى ئەوانى لەسەر بێت ،ئەگەرنا ئەوا هاوپەیمانیێتى نێوانیان كۆتایى پێدێت و ،پارتیش وەكو هەر لایەنێكى دیكە رۆڵى لە لێكترازان و هەڵوەشاندنەوەى یەكێتیدا دەبێت و ئەگەریش زۆرە بۆ لاوزاتركردن و سڕینەوەى ئاسەوارى یەكێتى هاوپەیمانیەتى نوێ لەگەڵ نەیارەكانیدا ببەستێت.
بڕینى رێگەیەكى چەند سەعاتى مەسعود ، لەبەر چارەك سەعاتێك گفتوگۆ و ئامۆژگاریكردنى سەرانى ئەو حیزبەو تا بە ئاقڵانە رەفتار وهەلسوكەوت بكەن، نەكەونە هەڵەوە خۆیان تەسلیمى ئەملا و لانەكەن ،لەولاشەوە رۆیشتنى بەپەلەى نێچیر بۆ دیدارى تاڵەبانى،تا لەبارەى ئایندە وپێشهاتەكانەوە بدوێن سەلمێنەرى ئەوەن كە پارتى پتر لەیەكێتى بەو رەوشە نیگەرانە ،هەموو موجازەفەیەك دەكات تا كۆتایى یاریەكە بەقازانجى خۆى كۆتایى پێ بێنێت و،جارێكى دیكە خۆى ببێتەوە بە تاقانە و پاڵەوانى گۆڕەپانەكە.بەڵام پێم وابێت ئەوەى مەسعود و پارتى دەیكەن وكەوتونەتە هەلەكە سەماولەهەوڵى ئەوەدان ئاراستەى روداوەكان لەبەرژەوەندى خۆیان بێت ، یەكێتى بە خۆى و مەبدەئو بیرو بۆچون سەرانیەوە بخاتە ژێرركێفى خۆى، كارێكى ئەستەم و محاڵە،چونكە پارتى یش هاوشێوەى یەكێتى بۆخۆى لەقەیران و نوشوستدایە و رۆژانە بەرەو پیرى و پایزى تەمەن دەچێت، ئەزموون و تەجروبەى چەندین ساڵەشى گەواهى ئەوەن كە كەپارتى و بنەماڵەش ئێسكپایەر بوون وهیچ ئیزافە و نوێگەرییەكیان لە ناخدا نیە،بۆیە پێویستە بخرێنە مەتحەفەوە، هەروابێتەوە خەیاڵ پڵاوى مەسعود زۆربڕناكات و دەم درێژ نابێت، چونكە یەكێتى بەتەنها بریتى نیە لە چەند كەسێكى سەركردایەتى، تابێت سازشیان لەگەڵدا بكات و باوەڕیان پێبێنێت، ئەدى ئەو جەماوەرەى كە ساڵانێكە لەناوبۆتەى یەكێتیدا قاڵ بونەتەوە وخاوەنى هەزاران شەهیدن و لەسە ردەستى مەسعود و پارتى دوچارى تاڵترین رۆژگارو نەهامەتى بونەتەوە و بەدرێژایى مێژوو خیانەت لەدواى خیانەت و سەرشۆڕى وملكەچى بۆ كردون بەخەڵات ،چى لێدەكات ؟چۆن دەتوانێت قەناعەت و باوەڕ بەوان بێنێت و ئەوانیش بخاتە ناو رێكخستنى لق و ناوچەوە؟لەولاشەوە بمانەوێت یان نا نەوشیروان یش لەهەموان زیاتر مافى بەسەریەكێتى یەوە هەیە و نزیكترین و باڵاترین كەسە بۆ ئەوەى ئەو بەرپرسیارێتیە بگرێتە ئەستۆ، هەروا بێتەوە ناكرێت سەنگ و قورسایى ئێران و توركیا و بەرژەوەندیەكانیان فەرامۆشبكرێت ،بەتایبەت بۆ ئێستا كە بچوكترین جموجۆڵ و گۆڕانكارى تەنانەت لابردن و دانانى وەزیر یان بەرێوبەرێكى گشتى لە بەغدا ئەبێت بەئاگادارى و رەزامەندى ئەوان بێت..پرسیارەكە ئەوەیە ئایا یەكێتى رازى دەبێت بچێتە ژێر هەیمەنەى پارتى؟ئایا هاتنى مەسعود بۆ سلێمانى و راوێژو گفتوگۆى لەگەڵ سەرانى یەكێتى ،بەخواست و ئاگادارى تاڵەبانى بووە،یان گورزێك و ژەهرێكى كوشندەیە ولەغیابى تاڵەبانى و بۆشایى سیاسەتى یەكێتیدا مەسعود دەیڕێژێت؟ ئایا دەوڵەتانى ئیقلیم بەو رەفتارەى مەسعود رازین، بەتایبەت ئێران كە هەمووسیاسەت و مەرام ونەخشەو پلانێكى لەژێر ركێف ودەسەڵاتى یەكێتیدا پیادەدەكات؟ بە پەرتەوازەى و لیكترازانى یەكێیتى بەرژەوەندیەكانى ئەویش دەكەونە مەترسیەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە