تەندروستى ڕانیە لە نێوان گەندەڵى و پشتگوێ خستنى لێقەوماوانى بنارى قەندیل

Saturday, 24/09/2011, 12:00

1172 بینراوە



لە كاتێكدا مرۆڤ گەورەترین سەرمایەیە و حكومەتى بەناو هەرێمى كوردستانیش لە ڕێگەى وەزارەتى تەندروستیەوە خۆیان ووتەنى لە هەوڵى دابین كردنى ئاسایشى تەندروستى هاووڵاتیاندان , بەڵام ڕۆژانە لە ڕانیە و سنورى بەرێوەبەرێتى گشتى تەندروستى ڕانیە هەزاران مرۆڤ لە ژێر مەترسى نەبوونى سەلامەتى تەندروستى دا دەژین و لە نەخۆشخانە و مەڵبەند و بنكە تەندروستیەكاندا سەرەتاییترین خزمەتگوزارى تەندروستى پێشكەش بە هاووڵاتیان ناكرێ , لەناو نەخۆشخانەكاندا بە ئاشكرا سوكایەتى بە نەخۆش دەكرێ و مافى پێشێل دەكرێ كەس نایاتە دەنگ , بە بێ ڕەچاو كردنى بارو گوزەرانى نەخۆش و ئەوەى كە پیشەى پزیشكى پیشەیەكى ئەخلاقى و ویژدانیە نەخۆش ناچار دەكرێ لە نەخۆشخانە ئەهلى و عیادە ئەهلیەكان چارەسەر وەربگرێ و كەس بە هاوارى خەڵك ناگات
لە كاتێكیشدا دوژمانى كورد بە تۆپ و تەیارە و هەرچى چەكى سوك و قورسە بەربوونەتە گیانى خەڵكى سنورەكانى هەرێمى كوردستان و ڕۆژانە سەدان خەڵك لانە و ماڵى خۆیان جێ دەهێڵن و شەهید و بریندار دەكرێن , كەچى ئەو خەڵكە ئاوارە بووە لە كەمپى ئاوارەكانى گۆجارى ناوچەى سەنگەسەرى قەزاى پشدەر لەبەر خەمى پێوەدانى مار و دووپشك و پاشان نەبوونى خزمەتگوزارى تەندروستى لە كەمپەكە و زوو بەهاناوەچوونیان , خەمى جێهێشتنى ماڵ و موڵك و بۆردومانەكانى توركیاو ئێرانیان بیرچۆتەوە , بە ووتەى خەڵكى ئا وارە بووى كەمپەكە بەرێوەبەرێتى گشتى تەندروستى ڕانیە یەك یاریدەدەرى پزیشكى بۆ دابین كردوون بەڵام هیچ داوودەرمانێكى ئەوتۆى لانیە و ئەوەشى كە لایەتى وەك نوقڵ و چوكلێتى سەر عەرەبانە لە ژێر كەپرێكدا دانراون وەك ئەوەى بەرێوەبەرى گشتى خۆى پزیشك نەبێت و نەزانێت كە دەرمان بە گەرمى و ڕووناكى و كەش و هەواى نالەبار تێك دەچێت یا دەبێت وەك چۆن ئەو خەڵكە ئاوارانە لێیان تێك چووە , كاكى بەرێوەبەرى گشتى وەك مرۆڤى ئاسایى سەیریان ناكات و هەر ئەوەیان پێ بە ڕەوا ببینێ , تەنانە لە چەند ڕۆژى ڕابردوو كاتێك وەفدێكى ئەمریكى بۆ سەردانى ئاوارەكان ویستیان ناوچەكانى سونێ و ئاڵیە ڕەش و گوندە بۆردومانكراوەكان بە سەر بكەنەوە و داوایان لە بەِێوەبەرى گشتى تەندروستى ڕانیە كردبوو لەو سەردانە هاوڕێیەتیان بكان ناوبراو بە پاساوى ئەوەى سەردانى هەولێردەكات نەوێرابوو هاوڕێەیەتى وەفدەكە بۆ ئەو ناوچانە بكات , ئاخر خەڵك لە ووڵاتانەوە دێت خەممان دەخۆن كەچى جەنابیان لە ترسى بۆردومانەكان ئەوەندەى بە قابیل سەدان خەڵكى ئاوارەبووى شۆڕشگێر و تێكۆشەر نەبینیبوو تەنانەت سەردانیان بكات , لەكاتێكدا تا ئێستا تزیكەى 30 كەس لە ئاوارەكانى كەمپى گۆجار مار و دووپشك پێوەى داوون و ڕۆژانە مەترسى لە سەر ژیانیانە ,
بەڵام پێ دەچێت كاكى بەرێوەبەرى گشتى كە ئێستا دۆسێ ى یەكێك لە گەندەڵیەكانى بە هۆى وەرگرتنى بەرتیل و پارە لە یەكێك لە كۆمپانیاكانى ئامادە كردنى خواردنى نەخۆشخانەكان و پاكردنەوەیان لە دادگایە , هەر ئەوەندە كاتى هەبێت , چونكە ماشاللە لەناو بەرێوەبەرێتى ئیش و كارى تەواى بەشەكانى ناو دیوانى بەرێوەبەرێتى تەنانەت ڕێكخستنى خشتەى دەوامى فەرمانبەران و چاودێرى ئیمزاى فەرمانبەران و مۆڵەتیش هەر خۆى دەیكات , ئاخر جەنابى بەرێوەبەرى گشتى خەمى خەڵك و پلانى حكومەت و وەزارەت و بەرێوەبەرێتى یەكەت بۆ دابین كردنى سەلامەتى تەندروستى هاووڵاتیان و زوو بەهاناوە چوونیان لەكاتى پێویستدا لەو ئیش و كارە لاوەكى و بێ هایانە گەورە ترە كە ڕۆژانە جەنابتان خۆتانى پێوە سەرقاڵ دەكەن , بەڵام دەست و پێ سپى لێپرسراوى بەشەكانى ناو دیوانى بەرێووبەرێتى و سەرقاڵیان بە پچڕاندنى زۆرترین بەش لەو دزى و گەندەڵیەى فەرمانگەكەتى گرتۆتەوە وایكردووە جەنابتان هەردەم پڕ ئیش و كار بن و هەردەم ئەو مامەیە بن كە چۆلەكە بۆ برزاكانى دەگرى , چى بكەم خەڵكى دڵسۆز لەم ووڵاتە بێ كەس و كارەى ئێمە هەردەم پەڕاگەندە و پشت گوێ خراوو دوور خراوە بووە و لە ناو بەرێوەبەرێتى گشتى تەندروستى ڕانیەش ئەو بابەتە ڕوونتر لە جێگاكانى تر دەبینرێ , نمونەش دەست لەكار كێشانەوەى بەرێوەبەرى نەخۆشخانەى مناڵان و مناڵ بوون لە ڕانیەبوو كە لەبەر دەست ئاوەڵایى و دەست ڕۆیشتووى جێگرەكەى بۆ دزى و گەندەڵی و پشت ئەستوورى كاكى جێگرى بەرێوەبەر بە بەڕێوەبەرى گشتى دەستى لەكار كێشایەوە , دڵسۆزى بۆ پیشە و خەڵك تەنها لەوەدا خۆى نانوێنێ جەنابتان ڕۆژانە پێش فەرمانبەرەكانت بچیت بۆ دەوام , بەڵكو لەوە گرنگتر ئەوەیە لەو ماوەیەى كە لە دەوامیت بەرهەم و پلان و كارەكانت چۆن و چەندن و چەندە لە خەمى خەڵك دایت و دەتوانى پلان بۆ ڕووبەڕووبەنەوەى گرفتە تەندروستیەكان دابنێ ى نەك ئەوەى جەنابتان دەیكەن .



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە