ئیبراهیم تاتلیساس چى بە ناسرى رەزازى گوت؟

Friday, 02/04/2010, 12:00

2222 بینراوە


لە ماوەى سەردانەكەیدا بۆ كوردستان، ئیبراهیم تاتلیساس بەهاوبەشى لەگەڵ هونەرمەند ناسرى رەزازى، ئاهەنگیى تایبەتیان لە هۆتێل خانزادى شارى هەولێر ساز كرد، كە بەیەكەوە چەندین گۆرانیی كوردیان بەزاراوەى كرمانجى پێشكەش كرد، ئامادەبوویەكى ئەو ئاهەنگەش بە (سڤیل)ـى راگەیاند، كە "ئیبراهیم تاتلیساس ئەوەندە موعجیبى گۆرانییە كوردییەكان ببوو، بە مۆبایلەكەى خۆى ئاهەنگەكەى تۆمار كرد".
دواى ئەوەى هونەرمەندى بەناوبانگى توركیا ئیبراهیم تاتلیساس لە 18ـى ئەو مانگەدا بەداوەتێكى كۆمپانیاى عادل موتەحیدە سەردانی كوردستانى كرد، هەر لەو رۆژەدا تاتلیساس ئاهەنگێكى تایبەتى و دوور لە چاوى دەزگاكانى راگەیاندن لەگەڵ هونەرمەند ناسرى رەزازى ساز كرد. لەو بارەیەوە جەمال رەزازى، كە دۆستى نزیكى هونەرمەند ناسرى رەزازییە و هاوكات ئامادەى ئاهەنگەكە بوو، بە (سڤیل)ـى راگەیاند، "لەو ئاهەنگەدا هەریەك لە ئیبراهیم تاتلیساس و ناسرى رەزازى بە هاوبەشى چەندین گۆرانیی كوردیان بە زاراوەى كرمانجى پێشكەش كرد، وەك گۆرانیى (هاى گدى و لەیم لێ)، پاشان هەریەكەیان چەند مەقامێكى كوردى و توركیان گوت، هەر موزیكێكى كورد كە لەو ئاهەنگەدا تۆمار دەكرا، ئیبراهیم تاتلیساس موبایلەكەى خۆى دەرهێنا و هەمووى لاى خۆى تۆمار دەكرد، بەڵام كاتێك رەزازى گۆرانیى (ئازیز بەهارە)ـى شەمال سائیبى خوێند و زیاتر تاتلیساسى خۆشحاڵ كرد، كە ئەو و هەموو ئامادەبووان هەڵسانە سەرپێ، من ئاگادار بووم تاتلیساس لەو كاتەدا چەندین وێنەى گرت"، هەروەها جەمال رەزازى راشیگەیاند، ئەوەى هەمووانى نیگەران كرد، سیستەمى دەنگى ناو هۆڵەكە تەواو نەبوو، لەسەر قسەكانى بەردەوام بوو گوتیشى "ئەو دوو هونەرمەندە بە زاراوەى كرمانجى گفتوگۆیان دەكرد و لەسەر هەندێ بابەت قسەیان دەكرد، كە لەبەر قەرەباڵغى ناو هۆڵەكە، ئێستاش تێنەگەیشتم باسى چیان دەكرد، بەڵام ئەوەندە دەزانم ئەو شەوە تاتلیساس بە دیتنى رەزازى زۆر دڵخۆش بوو، حەزى دەكرد لە دەنگى رەزازییەوە زیاتر گوێى لە گۆرانیی كوردی بێت، دەیگوت: با زیاتر گوێم لەو گۆرانییە كوردیانە بێت، كە لەناو خەڵكدا باون".
www.civilmag.com

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە