په‌كه‌كه‌: ئەگه‌ر ئۆج ئاڵان له‌زیندان بمرێت قیامه‌ت له‌ توركیا به‌رپاده‌بێت

Sunday, 13/05/2012, 12:00

2415 بینراوە


خودی ئاپۆ لەیەکێک لەپەیامەکانیدا کەلەڕێگەی پارێزەرەکانییەوە ناردبووی بەر لەساڵێک دەڵێ (واز لە من بێن و بڕۆن لە چارەنووسی خۆتان بگەڕێن) عه‌بدوڵا ئۆج ئاڵان ماوه‌ی‌ 13 ساڵه‌ له‌لایه‌ن توركیاوه‌ ده‌ستگیركراوه‌‌و زیندانییه‌، ئێستا‌ به‌هۆی‌ رێگانه‌دان به‌سه‌ردانیكردنی‌، گومان له‌سه‌ر ژیانی‌ دروستبووه‌. بەر لەماوەیەک محەمەدی برای ئۆج ئاڵان لە هەوڵی یەکێک لەدیدارەکانیدا کە تورکان نەیان هێشبوو ووتی باوەڕم وایە ئاپۆ نەمابێت.

با بزانین عەبدوڵا ئۆج ئاڵان چۆن لە مردن دەڕوانێت؟
لەکتێبی (لەدەوڵەتی ڕاهیبی سۆمەرەوە بەرەو شارستانیەتی دیمکراسیانە - بەرگی دووەم) دەڵێت: (بەرامبەر بەمردن هەوڵم دا ئەو هەڵوێستە بەبنەما بگرم کە بەهەڵوێستی سۆکرات ناودەبرێ" تەنانەت واتادارکردنی مردنیش " مەزەندەم نەدەکرد هێندە بژیم، لەژێر بڕیاری مردن کە وەکو شمشێری دیموکلیتس لەسەرم دەهەژێنێ، لەنێو ئاسودەیەوە پێشوازی لەهەڵکشانی مەزنی ڕۆح دەکەم کەپەرەسەندنی مەزنی واتا زیاددەکات. شێوەیەکی ژیان واتادار کرا کەبەشێوەیەکی ئاسایی چەند هەفتەیەک بەرگە ناگرێت و بەردیش بێت دەتەقێت. ئیتر مردن بۆ من بابەتێکی جدی نییە، تەنانەت بەهێزێکی واتاداری وەها گەیشتوومە بەخێر و سەفا بێت، مرد لەکوێ وەو چۆن بێت بابێت، ئەگەر سبەینێ بێت، یاخو لەساڵانی داهاتوودا بێت).

ئاوا ئاپۆ پەیامی مردنی خۆیمان بەگوێدا دەدات.
ئەمڕۆ کاروان ئازادی ووتەبێژی پەکەکە، پەیامێک دەدات بەگوێ تورکاندا و دەڵێ ئاپۆ نەمێنێ قیامەت لەتورکیا هەڵدەستێت. سەیر نییە لام چونکە ئاپۆ بەڕاستی نەتەوەیەکی لەباکوردا زیندوو کردەوە، لێ بەڵێ بەدیوەکەی تردا ١٣ ساڵە ئاپۆ مردووە، ئاخر لە مێژووی شۆڕشی جیهانیدا گەر ئێمە نیلسۆن ماندێلا بهێنینەوە بە نمونە ئەو بەڕێزە لە کتێبی ڕێگەیەکی درێژ بۆ ئازادی دەڵێ، کە من گیرام ئیتر بەچاک و خراپ خۆم نەکردە ڕابەری شۆڕش، من وەک سەربازێکی شۆڕش لە زیندا بووم، لەکاتێکدا ماندێلا لەبەر دەم دوژمنێک بوو، کە زۆر لەتوکە فاشیستەکان جیاوازترە. ماندێلا دەڵێت (زیندان ته‌نیا ئازادی له‌ مرۆڤ زه‌وت ناکات، به‌ڵکو ناسنامه‌‌کەشی لێ وه‌رده‌گرێته‌وه‌). لەکاتێکدا ئێمە سەیری ژیانی ئاپۆ دەکەین لە زیندانی ئیمرالیدا خۆی ووتەنی ڕۆژانە لە پەنجەرەی ژوورەکەمەوە لە درەختێکم دەڕوانی، کەچی تورکەکان هاتن ئەوەشیان بڕییەوە، ئیتر ئەمە وەڵامێکە بۆ ئەو قیامەتەی پەکەکە دەیەوێت دوای مردنی ئاپۆ لەتورکیا هەڵیسێنێت.
شەڕ هونەرە، هونەری شەڕ هەر ئەوە نییە، کە تۆ لە دوژمنی ببەیتەوە، بەڵکو لە پاراستنی ئەو نهێنیەدایە، لەکاتێکدا تۆ دەڵێی ئاپۆ بمرێت قیامەت هەڵدەسێنین، مانای وایە ئێوە بە تورکان دەڵێن ئەگەر کوشتووتانە باسی مەکەن، ئەوانیش تا ١٠٠ ساڵی تریش باسی ناکەن، کە ئاپۆ نەماوە، چونکە ئێوە قیامەت هەڵدەسێنن. کەس هەیە لەدنیادا بیەوێت قیامەت لەماڵەکەیدا هەڵستێت، وا ماوەی یەک ساڵە ئاپۆ دەنگی نییە و پەیامی نییە، نازانرێت ماوە یان نا؟ ئەوە تەنها دەسەڵاتدارانی تورک دەزانن، ئەگەر ئیستا قیامەت هەڵنەسێت ئیتر دوای نەمانیشی هەر دەچێتە خانەی قسە کردنەوە، باشترین قیامەت کە دەبوو هەڵسێت لە تورکیادا شەهید کردنی ئەو ٣٩ کاروانچییە بوو کە بەفڕۆکەکانی تورکە فاشییەکان شەهید بوون، کەچی بەداخەوە پەکەکە ئەو شەهیدانەشی بەکەیسی ئاپۆوە بەستەوە، لای هەموومان ڕوونە، کە ئاپۆ لەماوەی زیندانییدا لە ئیمڕاڵی چەندین کتێبی نووسیوە لە خانەی بەرگریکردن لەکەیسەکەی، لەوێدا هەموو نەخشەي ڕێگەیەکی دیاری کردوە، لەمانیفێستی شارستانێتی دیمکراسیدا، بەرتووکی سێهەم دەڵێ: (ئازادی سەردەکەوێت) "هەر هەنگاوێکی ئازادی دەشێت تەنها تاقیکردنەوەویەک بێت "

لە کاتێکدا پەکەکە نازانێت چارەنووسی ئاپۆ بەچی گەیشتووە، کەچی دێت و دوور لەو هەموو مانیفێستەی ئۆج ئاڵان پەیامی کارو چالاکی خۆی بە تورکان دەڵێت، ئەمە جگە لەهەڵەی مێژووی هیچی تر نییە، جگە لە نەزانین هیچی ترمان پێ ناڵێت، تەنها ئەوە دەڵێت کە ئەگەر ئۆجەلان نەما، ئێمەش وردە وردە ئاشبەتاڵ دەکەن.

مارشاڵ ڕۆمڵ لە نامەیکدا کە باسی سەرکەوتنەکەی دەکات لە ئەفریقادا دەڵێ : هونەری سەرکەوتنەکانمان زیاتر پاراستنی نهێنی پلانەکانمان بوو. کەچی پەکە دوای ئەزموونی زیاتر لە٣٠ساڵ شەڕ کردن دەڵێن تورکان ئامادە بن تورکیا دەکەینە قیامەت.
ئاپۆ لەکتێبی عەشقی کوردا دەڵێت (من شاگەشکە دەبم بەشەڕکردن لەپێناو ئەم کارەدا، ژیان لەم ووڵاتەدا بەشێوەیەکی دیکە لەئامێز ناگیرێت) لە ڕوانگەی ئەم بۆچوونەوە بێت ئاپۆ چاک زانیووێتی ئەو بانگەوازەی کە پەکەکە لە درێژایی ئەم ١٣ ساڵەدا کە یەک لایەنانە شەڕی ڕاگرتوە، هیچ نەبووە تەنها خۆ قەپاندن بەولاوە، چونکە تورکانی فاشی هەر لە هێرشکردندا بوون، پەکەکەش هەر بەرگری لە خۆی کردووە، ئەمە چ شۆڕشێکە و چ پەیامێکە دەتاوێت رایبگەیەنن، ئەگەر وایە باشتر نەبوو چەک دابنێین و بەشیوەیەکی دیکە خەبات بکەن!؟ ئەگەر دەسەڵاتی کورد لەباشوردا ئەو ڕۆحە ئابوریەیان بە گیانی تورکیادا نەکردایە ئەوە تورکانیش ئەو یاریکەرە جەربەزەیە نەبوو، کە لەناو ڕەنگی یاریکردندا خۆیان بگرتایە، ئەمە مێژووە و شەرم لەکەس ناکات، ئەوەتانێ ئەمڕۆ زیاتر لە٨٠٠ کۆمپانیای تورکان لەباشوردا خوێنی کوردان هەڵدەلوشن و نێچیر بارزانیش بە هاوپەیمانێکی جوامێریان لەقەڵەمیان دەدات.
ماوەتەوە بڵێین پەکەکە دەبێت لەم ساڵەدا کە ساڵی کۆتاێییە خۆی نمایش بکات و قۆڵی لێهەڵماڵێت، ئەگەر نا شۆڕش بەم ئاکامە دەگات کە خۆی لەمەرگی شۆڕشگێڕاندا دەبینێتەوە، دەکرێ تورکان بەشەڕی کلاسیکی نەیبەنەوە، بەڵام ئاپۆ دەکەنە سەنگێک کە ئێوە نەتوانن لە شوێنی خۆتان نەجوڵێنەوە. ماوەی چەند ساڵە سەرکردایەتی پەکەکە پەیمان دەدات و وەک پێویستیش هیچی وای نەکردوە، کە دەڵێم هیچی نەکردوە بەو مانایە نا، کە هەر هیچ نەبووە، بەپێچەوانەوە، بەڵام یەکلاکەرەوەی ئەو گوزەرانە بۆ خۆی مایەی سەرفرازی گەلێکە.

پیرەمێردی شاعیر لە یەکێک لە پەندەکانییدا دەفەرموێت:
زۆر گوڕتان بەستوو بازێکتان نەدا
بۆیە باوەڕتان پێناکەم بەخوا

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە