فەزیحەیەکی ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی

Wednesday, 21/07/2010, 12:00

1526 بینراوە


لەکێشەیەکی دروستکراو بۆ مامۆستایەکی زانکۆ ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی لەسەر داوای راگری کۆلێجەکە لەمانگی 6/2009 بریاری پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆلینەوە ئەدات.دوای سێ رۆژ لیژنەکە پێک دێت. پێشتر مامۆستاکە رونکردنەوەیەکی سێ لاپەرە لەسەر کێشەکە پێشکەش بەسەرۆکی زانکۆ دەکات بەلام بەدواداچونی بۆ ناکات. یەکێک لەئەندامانی لیژنەکە خۆی لایەنێکی راستەوخۆی کێشەکەیەو لەگەل ئەوەشدا دەکرێتە ئەندامی لیژنەکە. دوای دوو هەفتە پرسیارەکان لەلایەن لیژنەکەوە دەنێردرێت بۆ مامۆستاکە. بێئەوەی چاوەرێی وەلامی مامۆستاکە بکرێت و بێئەوەی وتووێژ لەگەل مامۆستاکەی زانکۆدا ئەنجام درابێت یان کاتی وەلامدانەوەی بۆ دیاری کرابێت، وبێئەوەی مامۆستاکە واژۆی هیچ نوسراوێکی ئەم لیژنەیەی کردبێت کەچی لیژنەی لێکۆلینەوەکە وەلامەکەی دەنێرێتەوە بۆ سەرۆکی زانکۆو تەوسیەی خۆی دەنێرێت بۆ ئەنجومەنی زانکۆو پێشنیازی سزای ئینزار دژ بەمامۆستاکە دەکات.

بەلام لەمە فەزیحەتتر
بەلام لەمە فەزیحەتتر ئەوەیە کە ئەنجومەنی زانکۆ تەنیا سێ رۆژ دوای بریارەکەی خۆی و بێئەوەی ئەنجامی لیژنەکی پێگەیشتبێتەوە بریاری سزای ئینزار بۆ مامۆستاکە دەردەکات. دواتر تۆمەتبارکراو داوای پێداچونەوە دەکات وداوای ئەوە دەکات مافی بەرگری کردنی لەخۆی پێ بدرێت بەلام ئەنجومەنی زانکۆ بەشێوازێکی نائەکادیمی ونایاساییانەو نادادپەروەرانە مامەلە دەکات وبریارەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە.لەناو ئەنجومەنی زانکۆدا ئەندامی تێیدایە کە ئەم پرۆتۆکۆلەی ئەنجومەنی واژۆ کردوە بێئەوەی خوێندبێتیەوەو ئەمەش یەکەم جار نیە شتی لەم جۆرە روبدات. یەکێک لەئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ کەبریتیە لەیاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری ئیداری لەوێ لەناو ئەنجومەنەکە وتویەتی: "عەلی حسن مجید کە ئاشکرایە کۆمەل کوژەو چەکی کیمیاوی بەکار هێناوە دژی کورد کەچی مافی ئەوەی درایە بەرگری لەخۆی بکات، بۆ ئەم مافە بەو مامۆستایە نادرێ...تاد". تەنانەت زیاتر لە بیست خولەک لەنێو ئەنجومەنی زانکۆدا باسی شتی شەخسی ئەم کێشەیە هێنراوەتە پێش کە ئەوێ شوێنی ئەم باسە شەخسی وخێزانی وکۆمەلایەتیانە نەدەبوو ببێت،ئەمە بێئەوەی سەرۆکی زانکۆ یان نوێنەری مامۆستایان، یان هەر راگرێک رێگر بوبن لێی. مامۆستاکە داوای کردبوو کە مافی بەرگری کردنی لەخۆ پێبدرێت و بچێتە نێو ئەنجومەنی زاکۆوە بۆ رونکردنەوەو دوای بریارەکە بەنوسراویش روون کردنەوەی تەواوی خۆی ناردبوو بۆ ئەنجومەنی زانکۆو سەرۆکی زانکۆ بەلام داواکەی رەفز کرابوو وە پشتگوێ خرابوو. ئایا ئەمە پێی دەوترێ زانکۆ؟ ئایا بەم شێوەیە دەمانەوێ نەوەیەکی نوێی ئەکادیمی بەرهەم بهێنین؟

دەکرێ هەرسزایەک بدرێتە ئەو مامۆستایە بەلام بەم شێوە نایاساییە نا
دەکرێ هەرسزایەک بدرێتە ئەو مامۆستای زانکۆیە بەلام دەبێت لەسەر بنەمایەکی یاسایی و بەلگەو مافی بەرگری لەخۆکردنی تێدابێت نەک پەیوەندی شەخسی رۆل ببینێت، نەک بەم میتۆدە هەرزانە زانکۆ کار بکات و بریار لەسەر دوکتۆرێکی زانکۆ بدات. ئەنجومەنی زانکۆ لێرەدا خۆی کردۆتە دادگاو رۆلی دادوەرێکی زۆر خراپی بینیوە.مرۆڤ کەحوکمی ئەدەن دەبێت مافی بەرگری کردنیشی لەخۆ بدرێتێ. کەسێک بتوانێت بریارێکی لەم جۆرە قبول بکات ئەوا دەتوانێت حوکمی کوشتنیش دەربکات و ئیمزا بکات چونکە وەک پرەنسیپ هیچ جیاوازیەکی نیە.

(سەرۆکی لیژنەکە یاساناسەو لەسەر لیستی یەکێتی بۆئەم خولە بوو بەئەندام پەرلەمان لەبەغدا)
ئافەرم ئەکادیمیست ویاسا ناسەکانی نێو ئەنجومەنی زانکۆ کەسەرۆکی لیژنەکە خۆی د.سامان فەوزی یاساناسەو لەسەر لیستی یەکێتی نیشتمانی ئێستە بۆ ئەم خولە بوو بە ئەندام پەرلەمان لەبەغدا هەروا بەردەوام بن بۆ ئەوەی ببنە نمونەیەکی خراپی زانست وئیدارە.خۆزگە بەچارەکێکی ئەوە سەرقالی ئەو بروانامە تەزویرانە دەبوون هی مامۆستایان و خوێندکارە بەرپرسە حیزبیەکان کە لەناو زانکۆدا هەن و هەروەها باشتربوو کەمێک روبەرووی گەندەلیەکانی ناو زانکۆ بونایەتەوە.

وەزیری خوێندنی بالای لێ ئاگادار کراوەتەوەو سکالاش تۆمار دەکرێ
ئەم نوسینە روبەرووی وەزیری خوێندنی بالاو توێژینەوی زانستی کراوەتەوەو ئەو مامۆستایەش بەنیازە لەدادگا سکالا تۆمار بکات.ئەمە یەکەم فەزیحەی ئەم زانکۆیە نیەو دواهەمیش نابێت. یەکیک لەئامانجەکان بۆ گۆرینی ئەم جۆرە دیاردە خراپانەیە لەنێو زانکۆدا بەگشتی. ئەگەر ئەم دوکتۆرەی زانکۆ پەرپرس و دەسەلاتداریکی حیزبی لەپشت بوایە دەلنیابن لەوەی کە نەدەوێردرا بەم شێوەیە مامەلەی لەگەلدا بکرێت. هەمان دیاردە خویندکاران و فەرمانبەرانیش دەگرێتەوە.
مامۆستایەکی زانکۆی سلێمانی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە