عەمید عەبدولخالق و پۆلیسى هەولێر

Tuesday, 06/10/2009, 12:00

1463 بینراوە


لە دواى 31ى ئاب پارتى بە شێوەیەكى گشتى روویەكى رەشى لەناو هەولێر و خەڵكى هەولێردا هەبوو، هەر زوو بۆ سپى كردنەوەى ئەو روو رەشیە پارتى هەڵسا بە دانانى كەسێكى سنگ فراوان و كراوە بۆ حەساسترین شوێن ئەویش بەڕێوەبەرى پۆلیسى شارى هەولێر بوو، دواجار كەسى شایستەیان بۆ ئەو پلە دۆزیەوە ئەویش عەمید عەبدولخالق بوو، ئەوەش بۆ سڕینەوەى ئەو پەڵە رەشەى ناو چاوى پارتەكەیان و شاردنەوەى ئەو حیانەتە مێژوویییە.
پاش 31ى ئاب هەولێر لەناو كۆمەڵێك معانات و دزى و بێ سەر و بەریدا دەژیا، تا ئەوكاتەى كە عەمید عەبدولخالق بوویە بەڕێوەبەرى پۆلیسى شارى هەولێر و خودى خۆى وەكو پۆلیسێك شەو و رۆژ لە خزمەتى خەڵكى ئەو شارەدا بوو، تا بە هۆى توانا و لێهاتوویى خۆى توانى تین و توانا بكاتەوە بەر پۆلیسەكانى شارى هەولێر و هەستى بەرپرسیارێتیان كە سەردەمانێك بوو لە دەستیان دابوو، بگەڕێنێتەوە و ئەركى سەرەكى پۆلیس و چاو نەترسیان وەك پیشە هەمیشەییەكانیان كە پێشتر لە دەستیان دابوو بۆ بگەڕێنێتەوە.
عەمید عەبدولخالق كە خاوەنى 4 شەهادە و خاوەنى چەندان دەورە و بینینى چەندان دەزگاى پۆلیسى وڵاتانى دەرەوەیە، توانیویەتى ئەو رووە ناشرینەى پۆلیس كە لە روانگەى كۆمەڵگاوە بەرامبەریان دروست بووە بگەڕێنێتەوە و سیقە و متمانەیەكى تۆكمە لە نێوان هاوڵاتى و پیاوانى پۆلیسدا سەر لە نوێ دروست بكاتەوە، ئەویش بە پێى ئەو میتۆدە سەردەمیانەى لە ناخ و دڵسۆزى خودى خۆى بۆ كارەكەى بەرهەمهێناوە و توانیویەتى دڵسۆزانە لە ئاست كێشەكانى هاوڵاتیان وەك خەمخۆرێكى جددى بە شوێن چارەسەر و ئیجرائاتەكانى بكەوێت، دواتر بە لێهاتوویى خۆى بتوانێت ئەو متمانەیەى لە نێوان هاوڵاتین و پیاوانى پۆلیسدا ساڵانێك بوونى نەمابوو بە زیرەكى و شكۆمەندى خۆى بگەڕێنێتەوە، وەك زۆربەى جار بینیومانە كە باوك یا دایك هاوكارى پۆلیسیان كردوە و راستەوخۆ كە ژمارەى بەڕێوەبەرى پۆلیس لە خزمەت تەواوى دانیشتوانى شارى هەولێردا بووە لەو رێیەوە پەیوەندى پپَوەكراوە و تەواوى رووداوەكەى تێگەیەندراوە، عەمید عەبدولخالقیش بەو لێهاتووییەى خۆى توانیویەتى بەو سیاسەتى كاركردنەى خۆى لە پێناو ئارامى شاردا زاڵبێت بەسەر ئەو كەسانەى كە نیازى تەخریبات و كێشە نانەوەیان هەبووە.
من وەك ئەفسەرێك بە ناوى چەندان ئەفسەرى ترى پۆلیسى شارى هەولێرەوە بە هاتنى عەمید عەبدولخالق تەڵعەت خۆشحاڵین، كە ئەمە تەنها خۆشحاڵى ئێمە نییە بەڵكو خۆشحاڵى تەواوى دانیشتوانى شارى هەولێرە كە ساڵانێك بە ترس و لەرزەوە دەنوستن و ئەمێستا لەژێر سایەى تواناى ئەو زاتە بێ ترس و لەرز شەو بە ئارامى لە ماڵەكانیان رۆژ دەكەنەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە