دوالیزمی خۆشەویستی و توندوتیژی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا

Tuesday, 19/11/2013, 12:00

3043 بینراوە


ئەم ووتارە سەرەتایەک بۆ ئەو خویندنەوە هەمەلایەنەی دۆخی فەرهەنگی و فکری و کۆمەڵایەتیەی کوردستانە کە دەمەوێ بە چەند سەرنجێک لەسەر خۆشەویستی و توندوتیژی و خێزان لە کۆمەڵگەی کوردستان دەستی پێ بکەم.
ڕیشەی ئەم دوالیزمە
لە سەیری میدیای کوردیدا دوو دیاردەی دژبەیەکی خۆشەویستی و توندوتیژی بەرامبەر بەژنان سەرنجت بۆ ناکۆکیەک لە پەیوەندی نێوان ژن و پیاو لە کوردستان و تاراوگەدا ڕادەکێشێ. دانانی پەیکەری خۆشەویستی و سوتاندنی ، ماچی کوڕو کچی ناو پارک و هاتوهاواری دینی دژ بەم ئادابە گشتیە نوێیە. قاڵبی زەواج و خێزان وەک تاکە ڕێگای ڕەسمی و ڕیپێدراوی پەیوەندی خۆشەویستی سێکسی و هەڵکشانی لەڕادەبەدەری ڕیژەی جیابونەوە. لافاوی شیعر و نوسراوەی عاشقانە لەگەڵ کوشتنی ڕۆژانەی ژنان لەسەر دڵداری و سێکس. سەرنجدانی ئەم دیاردە دژبەیەکە زۆر جار لە مەترسی گەشەی ئیسلامی سیاسی یاخود لە سیستەمی عەشیرەتی دەسەڵاتدا کورتکراوەتەوە و کاردانەوە یا کەمپێنی دژی توندوتیژی بوە یاخود ناڕەزایەتی بەرامبەر سەپاندنی شەریعەت و یاسای کۆنەپەرستانە. بەڵام دوای دوو دەیە لە درێژەکێشانی ئەم ناکۆکیانە و لەو گۆڕانکاریە ئابوری و کۆمەڵایەتیانەی لە کوردستاندا بەتایبەت لە دەیەی ڕابردودا ڕویانداوە پێویستە سەرنجێکی قوڵتر و خوێندنەوەیەکی قوڵتر بۆ کێشەو گۆڕانکاریە کۆمەڵایەتیەکان بدەین لە پەیوەندی ژن و پیاو و مەسەلەی خۆشەویستی و عەشق و سێکس و توندوتیژی و دەوری ژنان و لاوان لەبواری خویندن و کار و ناڕەزایەتی و کاریگەری کۆمینیکەشنی جیهانی.
لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە هەلومەرجێکی سیاسی تاڕادەیەک جێگیر و بودجە وداهاتێکی زۆر و باش بونیک لە وەزعی گوزەراندا لە کوردستان هاتۆتە ئاراوە، کە هەنگاوێک کوردستانی لە ئۆردوگاوە بەرەو کۆمەڵگەیەکی مەدەنی گەڕاندۆتەوە. بەشداری ژنان لە کاری کۆمەڵایەتی دەرەوەی ماڵ و لە چالاکی و ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی دژ بە توندوتیژی و لە خوێندنی باڵا و پۆستی سیاسی و حکومی . کردنەوەی زیاتری دایەنگا. دەوری ژنان لە میدیا و دەست ڕاگەشتنیان بە میدیا و کۆمینیکەشنی جیهانی. گەورەبونەوەی شارەکان و یەکڕەنگی فەرهەنگی شاری لە هەموو فەزای گشتیدا. ئەمانە بەگشتی ئاڵوگۆڕیکی لە سیمای کۆمەڵایەتیدا پەیوەندیەکانی ژن لەگەڵ کۆمەڵگە و پیاواندا پێکهێناوە. کچان ئازادانەتر دڵداری دەکەن . ژنان لە بەرامبەر پەیوەندی ئاشکرای پیاوەکانیاندا بەنهێنی پەیوەندی سێکسی دەبەستن. ژنان زیاتر لە دەرگای جیابونەوە و تەڵاق دەدەن ئەگەر وابەستەیی ئابوری و زۆری وەلی ئەمر ڕێگر نەبن.
بەڵام هاوکات ڕێگریەکانیش لەبەردەم پەیوەندیەکانی ژن و پیاو و دەوری ژنان لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا بەچەق بەستوویی و بگرە لە ڕیگەی دەسەڵات و یاساوە بەرەو دواوە براوە. دەرکردنی یاسای فرەژنی و مانەوەی مەکتەبی کۆمەلایەتی حزبەکان و پەراوێزی دادگا وسوڵحی عەشیرەتی و نەبونی بیمەی بێکاری بۆ ژنانی بێکار و پەرەدان بە فەرهەنگی کۆنەپاریزی لەکۆمەڵگە لە ڕیگەی مینبەری ناوەندە دینیەکانەوە. مانەوەی فەرهەنگی شەرەف پارێزی پیاوسالارانە و پەردەپۆشکردن و بێدەنگ بوونی کۆمەڵایەتی و پشتیوانی عەشیرەتی لە تاوانبارانی کوشتنی ژنان.
ئەمانە فەزا و چوارچیوەی گشتی ژیانێکی کۆمەڵایەتین کە خۆشەویستی و پەیوەندی سێکسی ژن و پیاو و خێزانی لە کوردستان تێدا دەچێتەپێش.

ئایا ئەم ناکۆکیانە ،خۆشەویستی و توندوتیژی ،پێکەوە چۆن هەڵدەکەن؟ ئایا بنەماکانی خێزان چۆن دوانەی خۆشەویستی و خیانەت دەپارێزێ؟ عەشق و خۆشەویستی سێکس لەنێوان ژن و پیاو بۆ ناپاریزرێ و خیانەت و توندوتیژی بۆسەرهەڵئەدا؟ شێوازی تر لەدەرەوەی خێزان نیە بۆ پێکەوە بوون و بنەماکانی چیە؟ ئایا لە زیادبونی ڕێژەی تەڵاق و جیابونەوەدا گۆڕانکاریەک بەسەر سیستەمی خێزانی تاکەکەسیدا دێت؟ چ ڕۆشنبیریەکی سێکسی و هونەری و کۆمەڵایەتی دەتوانێ شۆڕشێکی فەرهەنگی لە کوردستاندا دروست بکا؟
ئەم پرسیارانە لەلای ئینسان دەرگای بەرەو ئاڵوگۆڕێک نیشان دەدا کە بەداخەوە لە کوردستان حەزێکی گشتی بۆ وروژاندنی لەناو توێژێکی لاواندا نەبێ هەستی پێ ناکەی . دەلیلی خەمساردی توێژی ڕوناکبیر و گەنجانی کوردستان لە مەسەلەی سوتانی پەیکەری خۆشەویستی و کێلی گۆڕێ شێرکۆ بێکەس و کاردانەوەی دوو گەنج بە ماچێکی ئاشکرادا ، ئەم نەبونی پالنەرە ڕۆشنبیریەیە بۆ شۆڕشێکی فەرهەنگی کە تائێستا کوردستان بەخۆیەوە نەبینیوە.نیشانی دەدا کە هێشتا پەیکەرتاشی ، شیعر ، ڕۆمان ، ڕەخنەی ئەدەبی ، شانۆ ،درامای تەلەفزیۆنی و چالاکیە ڕۆشنبیریەکان لە خەوی زەمەنی کۆنی نەریت و ئەخلاق و فکردان. وێڕای گۆڕانی هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و ئابوری بەڵام ڕۆشنبیری شەرمنانە دەردەکەوێ و ئەو هەنگاوانەی گەنجان خۆبەخۆ دەینێن لەلایەن ئیلیت و ڕۆشنبیرانەوە نابێتە ئاگاییەکی شۆڕشگێڕانە بۆ گۆڕینی هەرچی موقەدەساتی خورافاتی کۆنە و بەرپاکردنی شۆڕشێکی ئاداب و ئەخلاق و هونەر و فکری نوێ .هەربۆیە ئەم ناکۆکیە لە کوردستان لە نێوان خۆزگەی ئازادی و داهێنان و عەشق لەگەڵ مانەوەی پیاوسالاری و کۆنەپارێزی دینی دەبینین کە ئەمانە دوایی خۆیان لە مانەوەی ئەم ڕۆشنبیریە کۆنسەرڤاتیزمە نان دەخۆن و گەشەدەکەن.
شۆڕشەکان هەموو شتێکیان گۆڕیوە ئینسانەکان نەبێ
پێوەرێکی گرنگی گۆڕانی ئینسان پەیوەندی پیاو بە ژنەوەیە. ئەم دوالیزمەی خۆشەویستی و توندوتیژیە نیشانمان دەدا کە چ گۆڕانێک لە دەرون و نەریت و فکر و کردەوەی پیاواندا بەرامبەر ژنان پێوسیتە تاکو هەست بەنزیکایەتی لە فەرهەنگێکی ئینسانی بکەین. مارکس لە "دەستنوسە ئابوری و فەلسەفیەکان ١٨٤٤"دا دەڵێ"پەیوەندی ڕاستەوخۆ و سروشتی و پێویستی ئینسان لەگەڵ ئینساندا پەیوەندی پیاوە لەگەڵ ژندا.پەیوەندی پیاو لەگەڵ ژندا ڕاستەقینەترین پەیوەندی ئینسانە لەگەڵ ئینساندا.هەربۆیە ڕادەی ئەوە دەردەخا کە چەند ڕەفتاری سروشتی پیاو بوەتە ئینسانی،یاخود ڕادەی ئەوەی جەوهەری ئینسانی لە پیاودا بوەتە جەوهەری سروشتی ئەو. هەروەها ئەم پەیوەندیە ئەوە دەردەخا کە ڕادەی گۆڕانی نیازی پیاو بوەتە نیازێکی ئینسان:ڕادەی ئەوەی کە ئەو کەسەی تر وەکو کەسێک بوەتە نیاز".هەروەها لە کتێبی "خێزانی پیرۆز"دا دەڵێ:"خۆشەویستی بۆ یەکەم جار بەڕاستی ئینسان فێری ئەوە دەکا کە باوەڕ بە دنیایەکی ئۆبژەکتیڤ لەدەرەوەی خۆی بهێنێ.""خۆشەویستی ئەو شتەی خۆشت ئەوێت دەکاتە ئوبژێکتێکی دەرەکی ، ئۆبژێکتێکی هەستی کە چیتر لەناخدا نامێنێتەوە ،لە مێشکدا شاراوە بێت."
بەم پێیە خۆشەویستی و عەشق وەک دیاردەیەکی دەرەکی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی ئینسان خۆی نمایش دەکا و دەبێتە پێوەری ئینسانی ئەم پەیوەندیەی نێوان ژن و پیاو یان دوو ئینسان. ئەم پەیوەندیە ئینسانیە ئەسڵ و بنەمای هەر پێکهاتە و شێوازێکی کۆمەڵایەتی ژیانە کە بەدرێژایی مێژوو گۆڕانی بەسەردا هاتوە. لە فرە خێزانی سەرەتایی و زەواجی دوانە و تا شیوازی خێزانی تاکی (ناوکی- ژنێک و پیاوێک)ئێستا و شێوازەکانی ژیانی پێکەوەیی دەبینین. ئەم شێوازانەی پێکەوە بونی کۆمەلایەتی ژن و پیاو لەهەر دەورەیەکدابەپێی گۆڕانی پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنان و شۆڕشە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیەکان ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتوە.
خێزانی تاکی ئێستا لەسەر بنەمای دەسەڵات و بەرژەوەندی پیاو بۆ پاراستنی سەروەت و سامانی کەسی بورژوازی و پاراستن و گواستنەوەی میراتی بۆ مناڵەکانی دامەزراوە و هەربۆیە لە هونەر و ئەدەب و شانۆ و فلیم و شیعر و فکر و ئاداب و ڕەوشتدا خیانەتی فرەژنی پیاوان بەئاشکرا و خیانەتی فرە پیاوی ژنانیش بەنهێنی لەپاڵ خێزانی تاکدا دەبینین. کڕین و فرۆشتنی سێکس و خستنە چوارچێوەی بازاڕو یاساکانەوە دەبینین. ناچاری ژنان بە مانەوە لەسایەی ژیانی خێزانیدا لە بەرهۆی بژێوی یاخود لەترسی لەدەست نەدانی مناڵەکانی دەبێتە دیاردە و یەکسانی قانونی و ئازادی تەڵاقیش ناتوانێ بەیەکجاری ئەم ژێردەستەییە ناچاریە کۆتایی پێ بێنێ. لێرەوە توندوتیژی دەبێتە بەشی جیانەکراوەی ژیانی خێزانی و کە دیارە لە کوردستاندا لە سایەی سیستەمی عەشیرەتی دەسەڵات و نەبونی ئابوری سەربەخۆی ژنان و لە ئەستۆنەگرتنی دابینکردن و سەرپەرشتی کردنی مناڵ لەلایەن دەسەڵات و کۆمەڵگەوە و یاسای فرەژنی و زاڵ بونی شەریعەتی ئیسلامی بەسەر یاسای باری کەسێتیدا خێزان کۆتێکی گەورەتری کردۆتە ملی ژنان و هەر هەوڵێک بۆ دەربازبوون لێی ڕوبەڕوی سزای کوشتن و سوتاندن دەبێتەوە. بەردەوامی و هەڵکشانی ئامارە هەزاریەکانی کوشتن و توندوتیژی ژنان نیشانەی ئەم پەیوەندیە نائینسانیەیە کە بەسەر ژیانی پێکەوەیی ژن و پیاودا زاڵە و خۆشەویستی لەباشترین حاڵەتدا دەگمەن و خۆزگەیەکی شاعیرانەیە.
لەکاتێکدا پێوسیتە پیاو یان ژن ژیانی پێکەوەیی تەنیا لەسەر بنەمای خۆشەویست و حەزی سێکسی بەرامبەر بەیەکتر دامەزرێنن و هەرکاتێک ئەم بنەمایە نەما ئەوا ئەو پێکەوە بونە هەڵوەشێتەوە و پێکەوە بوونێکی تر لەسەر بنەمای دڵداری سێکس جێگای بگرێتەوە. ئیتر ناچاریەک بۆ درۆ و خیانەت لەیەکتر نەمێنێ لە نێوان دوو ئینساندا کە ڕاستگۆیی و وەڵامدانەوە بە خۆشەویستی یەکتر پێوەری ژیانێکی بەختیاری پێکەوەییان بێت. ناکۆکیەکانی نێوان خۆشەویستی و ئینسانیەتی ناخی ئینسان لەگەڵ فشارە مادی و کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگەی سەرمایەداری و ئایدیۆلۆژی دینی و کەلتوری پیاوسالاری کێشەی خێزانی کردۆتە یەکێک لە نامۆبونە سایکۆلۆژیەکانی ئینسانی ئەمڕۆ و لەژێر ئەم فشارەدا ڕێگاکانی شل کردنەوەی سنورەکانی شیوازی خێزانی تاکی بەشێوەی پەیدابونی ژیانی پێکەوەی کەپڵ و ژیان لە ماڵی جیا و شێوازی جۆراوجۆری فەردی تردا دەچێتە پێش. زیادبونی ڕێژەی تەڵاق و لەباربردنی مناڵ و خستنەوەی مناڵ لەدەرەوەی پەیوەندی خێزانی و پەیوەندی سێکسی نێوان لاوان ،ئەمانە نیشانەکانی هەرەسی موقەدەساتی شێوازی خێزانی پیاوسالاریە و پێویستیەکانی ئازادی عەشق و سێکس و ژیانی تاکەکەسی نیشان دەدا. ئەمانە بەشێکن لەو شۆڕشە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیەی کە کۆمەڵگەی کوردستان لەم ژانەی دوالیزمەی خۆشەویستی و توندوتیژیەوە بەرەو کۆمەڵگەیەکی ئینسانی تر دەگوێزێتەوە. ئینسانەکان لەم شۆڕشەدا نەک هەر یاسا ودەسەڵات بەڵکو لەوانە گرنگتر ناخ و ڕەوشت و فکر و کردەوەی خۆیان دەگۆڕن و ئینسانیەتی خۆیان دەسەلمێنن ، ئەمە کارێکە کە هەموو تاکێک لەپیناو ئینسانیەتی خۆیدا گرنگە بە حەماسەوە بەشداری تێدا بکا و بناغەی شیعر و هونەر و کار و خێزان و پێکەوە بوون تەنیا بە خۆشەویستی و عەشق ڕەنگ ڕێژدەکا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە