ساتێک بۆ ژیان، ساتێک بۆ نۆستالژیا، سترانی کە دەڵێن ئەمڕۆ!

Thursday, 02/05/2013, 12:00

4011 بینراوە


گوێگرتن لە بەشی کوردی ڕادیۆی بەغداد و گەشتی گۆرانیە کوردیەکان ڕۆتینێکی ڕۆژانەی ئەو سەردەمەی لاوێتیم بوو کە پێش ڕۆژانی کارکردنم دەکەوت.
ڕۆژانە لە دوای گوێگرتن لە مەلا کەریم، حەسەن زیرەک، عومەر دزەیی، شەماڵ سایب و گۆرانیبێژانی تر دەچومە سەر کار.
ئەو ڕۆژانەی کارکردن کە بە گوێگرتن لە گۆرانی و ستران دەستپیدەکەن ڕۆژانی پڕ بەختەوەری و چێژوەرگرتنن لە کار. بە پێچەوانەشەوە ئەو ڕۆژانەی کە بە گوێگرتن لە دەنگوباس دەست پێدەکەن بە گرژی تەنروان. گرژی لە میزاجی کەسی کارکەردا، چونکە هەمومان دەزانین کە دەنگوباسەکان لەم زەمەنەی ئێستاماندا وەکو مەیدانی زۆرانبازیەکانی رۆمیان لێهاتووە، هەموویان بۆنی خوین و کەمئەندامکردنی هاومرۆڤەکانمانی لێدێت، گوێلێگرتنیان پێش چونە سەر کار ڕۆژی کارەکە تراوماوی دەکەن.
ئەو دەمە کە دەچومە سەر کار زۆربەی دوکان و بازاڕەکان ڕادیۆ یان ڕیکۆردەرەکانیان کردبۆوە و گۆرانیان بە گوێی خەڵکیدا دەدا، وەک ئێستا نەبوو کە بازاڕ تەنیا بووە بە جیگەی کیبڕکێ و دەفتەرژماردن.
دوکاندار و فرۆشیارەکان بێجگە لە خزمەتگوزاری و ڕێزگرتن لە کڕیار کەشوهەوایەکی پڕ ئاهەنگ و خۆشیشیان بۆ فەراهەمدەکردن.
بازاڕ وەک ئێستا جەنجاڵ نەبوو.
لەم ڕۆژانەدا بەهۆی پەرواز حسێنەوە هەستی نۆستالژیام بوژاوەتەوە.
ئەو خانمە دەنگخۆش و روو بە بزەیە ماڵەکانی زۆرمانی رۆشنکردۆتەوە، لەلایەکی تریشەوە خێرێکی تریشی لەگەڵ خۆی هێناوە، ئەویش بەرهەمهێنانی ڤیرشنی نوێیە بۆ هەندێک ئاواز و تێکستی کڵاسیکیی، لە وانە گۆرانیەکەی مەلا کەریم.
کە دەڵێن ئەمڕۆ دەشتوکێو یەکێکە لەو گۆرانیانەی لای من زۆرترین هەستوسۆزی بزواندووە، ئەویش بە زۆرترین کاریگەرییەوە لە وتنەکەی مەلا کەریم بە کوردی و لە عەرەبیەکانیش دیارە عەبدولحەلیمیش گوتویەتی بەڵام بەو شێوەیە نەیبزواندوم.
لە وتنە کوردیەکەیدا مەلاکەریم، مەزهەر و لەم ڕۆژانەشدا لە وتنی پەرواز گەر بەراوردێک بکەم ئەوەی مەلا کەریم تا ئێستاش بە زۆرترین شێوە هەستی نۆستالژیانەم دەبزوێنێت.
ئەو بە ئامڕازی سادە و بە دەنگێکی زۆر جیاوازی پڕ لە سۆز و حەنان ئەو ئاوازەی هێناوەتە نێو هونەری کوردیەوە. دیارە مەلا کەریم لای زۆر لە نەوەی نوێ گەر نەڵێم هەمووی نەناسراوە. دلنیاشم لەبەر ئەوەی چێژی هونەری و گوێگرتن لە ستران و گۆرانی گۆڕاوە، لای ئەو نەوە نوێیە ئەو چێژە لەوەی مەلا کەریم نابینرێت کە بەندە لێی دەبینم.
وتنەکەی پەرواز حسێن وای لە ئەحلام کرد بڵێت کە هەستوسۆزی ئەو خانمە پێویستە دیراسەبکرێت و نانسیش داوای لێکرد فێری گۆرانی کوردی بکات، بەڵام ئەوەی
:پەیوەندی بە خۆمەوە هەیە بە کورتی ئاوای دەبینم
پەرواز دەنگی زۆر خۆشە، هەوڵیداوە ڤیرشنە کوردیەکەی تێکەڵ بە ڤێرشنە عەرەبیەکەی بکاتەوە ئەویش بە هەڵسانەکەی و بە بەکارهێنانی وشەی ئۆف تیایدا کە ئەمە زۆر قەناعەتم پێناکات. لە ڕووی سۆز و هەستیشەوە لە بەشێکی تری هەڵسانەکەیدا تایبەتمەندیەک دەبیستم کە تەنیا لە دەشتی هەولێر ئەو سۆزوحەنانەم لە دەنگی خەڵکی دەنگخۆشدا بینیوە، لە هەمان کاتدا هابەشم بیردێنێتەوە.
کاتێک بەراوردی هەرسێ ڤێرشنەکە دەکەم، واتە ئەوەی مەلا کەریم، مەزهەر و ئەوەی پەروازخان بیگومان ئەوەی مەلا کەریم لە دوانەکەی تر زیاتر قەناعەتم پیدەکات، کە ئەمە مەرج نییە خەڵکانی تر وای لیتێبگەن! ئەوەی مەزهەر لە ڕووی هونەری و ئەزمونەوە کارامەیە و ئەوەی مەلا کەریم سادەیە.
پەرواز مۆرکی خۆی لەسەر داناوە بەڵام چاکەی یەکەمی ئەوەیە ئەو گۆرانیەی هێناوەتە نیو نەوەی نوێوە.
:ئەمەش سێ نمونە کوردیەکەیە:












دیارە لینکەکان یەکەمیان مەلا کەریم، دوەمیان مەزهەر و سێیەمیان پەروازە.

گەر بچمە سەر گوتنە عەرەبیەکانی ئەوا چەندان گۆرانیبێژی ناوداری عەرەبی وتویانە.

دیارە لە رووی مۆرکی کەسێتی و جێدەستەوە ئەوەی عەبدولحەلیم لەوانی تر زۆر جیاوازە. ئەوەی تەروب خۆشە بەڵام ئەو هەست و سۆزەی لە کوردیەکەی مەلا کەریمدا هەیە نایدات، دواجار پێدەچێت ئەوە پەیوەندی بە جۆری لەنگەرگرتنی هەست و سۆزە کەسێتیەکەوە هەبێت، ئایا خۆشەویستی شەم گەورەترە یان خۆشەویستی زێد؟
ئەوەی مەلا کەریم باسی وڵات و زێد دەکات، سترانێکە بۆ نیشتمان هەرچەند بۆ گردەکەی یارەیە. لێرەدا گردی یارە دەبێت بە کوردستان!

ئەمەش ئەوەی تەروبە




دوا وتەم ئەوەیە کە گۆرانیەکەی مەلا کەریم هەرچەند بە ناونیشانی کە دەڵێم ئەمڕۆیە دەمێکە تا ڕادەیەکی زۆر لەیادکراوە، ئەمڕۆکەی بووە بە دوینێ. ئەوەی پەرواز کردویەتی ئەوەیە گۆرانیەکەی هێناوەتەوە ناو زەمەنەوە، هیناویەتەوە ناو ئیستا و ئەمڕۆوە.

هیوادارم گۆرانی با بچینە سەر وەیس و یارێکم هەیەش دوبارە بهێنرێنەوە نێو زەمەن!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە