داخستنی سنورەکانی هەرێم بەرووی رۆژئاوا، بەشدارییە لە پیلانی دژە کورد

Monday, 07/01/2013, 12:00

1134 بینراوە


تۆری هاوکاری رۆژئاوا "THR لە دەڤەری ڕاپەڕین
بۆ رای گشتی و سەرجەم کوردستانیان....
بەیاننامەی ژمارە ٢
دوای شۆرشی گەلانی سوریاو ئەو تەنگەژانەی لەو وەڵاتە هاتنەپێش، کوردستانیانی ڕۆژئاوای کوردستان بەشێوازێکی زۆر حەکیمانە توانیان ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان لەدەست هێزەکانی ئەسەد بستێنن و پارێزگاری لەسەر و ماڵو گیانی هاوڵاتیان بکەن. بەڵام دوژمنانی نەتەوەییمان ئەم دۆخەیان پێ قوت ناچێت و هەر بۆیە رۆژانە لەرێگەی گرووپە چەتەییەکان دەستیان بە شێواندنی باری ئەمنی ئەو ناوچانە کردووە کە کورد تێیدا باڵادەستە. لە ئێستاشدا بە پیلانێکی هەرێمی ونێونەتەوەیی سنورەکان بەڕووی ئەو بەشەی کوردستاندا داخراون و لە هیچ لایەکەوە رێگا نادرێت خۆراک و پێویستییە مرۆییەکانی دیکە بگوازرێنەوە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان. ئەم پلانگێرییەش حکومەتی تورکیای لەپشتە کە بەهیچ جۆرێک نایەوێت کورد لە هیچ جێگایەکی دونیا بە ماف و ئازادییەکانی بگات.
ئەوەی بۆ ئێمە بۆتە مایەی نیگەرانی بەشداریکردنی حکومەتی هەرێم و سەرۆکایەتی هەرێمە لەم پیلانەدا و ئەوەتا لەچەند رۆژی رابردوودا پیلانی تەلبەندکردنی سنورەکانی هەرێم بەڕووی رۆژئاوادا کەوتۆتە بواری جێبەجێ کردن، کە ئەم کارە دوورە لەهەموو پرەنسیپێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی و ئەخلاقی، پێویستە حکومەتی هەرێم ببێتە دەروازەی دیفاکتۆ بۆ رۆژئاوا و پێداویستیەکانی دابین بکات نەک ببێتە بەشێک لە پیلانی ناحەزانی نەتەوەییمان، ئەم کارە لەژێر هەر پەردە و ناوێک بێت مێژوو وەک پەڵەیەکی رەش لەدیرۆکی خۆخۆری نەتەوەیی ئێمەدا دەینوسێتەوە..
ئـێمە وەک تۆری هاوکاری رۆژئاوا (THR) لە دەڤەری ڕاپەڕین رایدەگەیەنین, لەم هەڵوێستەی حکومەتی هەرێم بێدەنگ نابین و داواش لە خەڵکی کوردستان و حیزب و لایەنە سیاسییەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و رۆژنامەنوسان و رۆشنبیران و زانایانی ئایینی دەکەین هەلوێستی خۆیان رابگەیەنن و چیتر و لەژێر هیچ پاساوێکدا رێگانەدەن هەرێمی کوردستان لەلایەن ناحەزانی نەتەوەییەوە لە دژی بەشەکانی دیکەی کوردستان بەکار بهێنرێت، رێگری کردن لەم کارە ئەرکێکی نەتەوەیی و مرۆیی و ئەخلاقی و ئاینییە، پێویستە هەموومان داکۆکی لە ڕۆژئاوای کوردستان بکەین و بیپارێزین.

"تۆری هاوکاری رۆژئاوا "THR لە دەڤەری ڕاپەڕین
٧ی ١ی ٢٠١٣ ڕانیە
https://www.facebook.com/thr.rojava
07702164781
07503631128

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە