كۆسرەت ڕەسوڵ لەنێوان گەمەی سیاسی تاڵەبانی دا

Thursday, 11/02/2010, 12:00

1790 بینراوە



تاڵەبانی كارتی فشاری كۆسرەت ڕەسوڵ دەسوتێنێ...............

كۆسرەت ڕەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی ماوەی (30 بۆ 40) ساڵ دەبێت لەسەر گۆرەپانی سیاسی كوردستان كاراكتەرێكی سیاسی لێزانە و بە سیاسیەكی لەمێژینەی ئەژمار دەكرێ، لەهەمان كاتدا دەزانێ چون وكەی كارتی فشاری بۆسەر تاڵەبانی بەكار بهێنی و تاڵەبانی مل كەچی داواكاریەكانی بێت،، هەرچەندە كۆسرەت ڕەسوڵ جێگری ژمارە یەكی یەكێتی یە ، بەڵام تاڵەبانی رێگا بەكەس نادات مۆری یەكێتی لەدژی بەكار بهێنرێ، هەڕەشەكانی كۆسرەت لە سەرەتای ساڵی (1998 بۆ 1999) بۆ سەر تاڵەبانی دەستی پێكرد كە ئەوكات سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بوو لە غیابی تاڵەبانی دا دەستی كرد بە بەهێزكردنی پێگەی خۆی چ لەناو یەكێتی چ لەناو جەماوەر دا، لەو ماوەیەدا توانی گەورەترین پانتایی سیاسی خۆی فراوان بكات و باڵەكەی بەهێزتر بكات بەوجۆرەی كە باڵی كۆسرەت ڕٍەسوڵ لە خەتی گشتی بەهێزتر بوو ئەم زیادە ڕۆییەی كۆسرەت لەلای تاڵەبانی چوە قاڵبی دەست درێژی سیاسی كە ئەوەش لای تاڵەبانی كفرێكە و لێخۆش بوونی نیە بۆیە لەیەكەم دانیشتنی دوای هاتنەوەی تاڵەبانی داوای لەكۆسرەت رَەسوڵ كرد دەست لەكاربكشێنێتەوە بەپێی ڕای چاودێرانی سیاسی ئەمە یەكەم بەركەوتنی جەلال تاڵەبانی و كۆسرەت ڕەسوڵ بوو، دوا بەدوای ئەم كارەش دیسانەوە كۆسرەت ڕەسوڵ لە هەوڵی زیاتری بەهێزكردنی بالًَەكەی نەوەستاو بەردەوام بوو.. لێدانێكی تری تاڵەبانی بۆسەر كۆسرەت ڕَەسوڵ كاندید كردنەوەی نێچیر بارزانی بوو بۆ سەرۆكایەتی كردنەوەی خولێكی تری حكومەت ئەم گورزەی تاڵەبانی بەتایبەتی لەكۆسەرت و پاشان ئەندامەكانی تری یەكێتی درا..ئەگەر بێینە سەر گورزەكانی تاڵەبانی بۆ سەر كۆسرەت ڕەسوڵ زۆر بابەت ئەوروژێنرێ ، لەبەر چەند هۆیەك هۆی یەكەم تاڵەبانی نایەوێت لەناو یەكێتی دا كەسێك هەبێ ململانێی سیاسی لەگەڵ بكات و ببێتە میراتگری كورسی دەسەڵاتی ، هۆی دووهەم لەدوای ڕۆیشتنی نەوشیروان مستەفا ئەوەیە كۆسرەت رەسوڵ تاكە جەمسەری هێزە لەناو یەكێتی دا بۆیە تاڵەبانی ناهێڵێت خەونەكانی جێگرەكەی بێتە دی دیارە لەدوای ئەوەی نەوشیروان مستەفا یەكێتی جێهێشت وەرەقەى جۆكەر لەدەستی كۆسرەت دا بوو لەو سۆنگەیەشەوە مەسجێكی نهێنی بۆ تاڵەبانی نارد كە ئەگەر وەك پێویست داواكاریەكان جێ بەجێ نەكرێ ئەوا گردەكەی سلێمانی دەبێتە دوا مەنزڵی كاری سیاسیم بۆیە تاڵەبانی بەدوای هەڵیكی زێرین دا دەگەرا تا وەرەقەی جۆكەر لەدەستی دەربێنێت بۆیە لەشەڕی ڕاگەیاندی یەكێتی و گۆڕان تالأەبانی كۆسرەت ڕەسوڵی خستە هاوكێشەی خۆی و دواهەمین كارتی فشاری كۆسرەت ڕەسوڵی سوتاند دوا لێدانی تاڵەبانیش لە باڵی كۆسرەت لە پیلینیۆمدا پەراوێز خستنی كاندیدەكانی كۆسرەت ڕەسوڵ بوو بۆ پڕكردنەوەی شوێنە بەتاڵەكانی ناو یەكێتی نیشتیمانی كوردستان...


بارزانی و كۆسرەت ڕەسوڵ دوو هاوكێشەی لاتەریب

مێژووی نێوان پارتی و كۆسرەت ڕەسوڵ مێژوویەكی خوێناوی و پر لەكێشەیە، هەرگیز پارتی نەیهێشتوە كۆسرەت ڕەسوڵ قورسایی خۆی دەربخات و هەمیشە لەڕیگای پاراستنەوە جموجۆڵەكانی كۆسرەت ڕەسوڵی خستۆتە ژێر چاودێری و لەناو كەوانەی سەركوت كردن دایناوە، مێژووە خوێناویەكەی نێوان پارتی و كۆسرەت بۆ تەقینەوەكەی زاخۆ دەگەڕێتەوە كە لەگەرمەی شەری براكوژی دابوو ئەم تەقینەوەیەی زاخۆ كە بەدڵی پارتی ناوزەند ئەكرێ كۆسرەت ڕەسوڵی خستە ناو خانەى لێخۆش نەبوون،،، پارتی دیموكراتی كوردستان بەپارتی بیرنەچونەوەو دژایەتی كردن ناسراوە بۆیە كۆسرەت ڕەسوڵ ئەو ئومێدەی نەما كە پارتی بەخشندە بێت بەرامبەری هەر لەو میانەیەشدا پارتی چاوەڕێی زەلیل بونی كۆسرەتی كرد لەلایەن تاڵەبانیەوە ، دوای ڕێكەوتنە ستراتیژیەكەی نێوان یەكێتی و پارتی بازی بەختی كۆسرەت ڕەسوڵ دوور فڕی چەنكە كۆسرەت ڕەسوڵ بەو ئومێدە بوو تاڵەبانی سەرۆكایەتی كردنی ئەنجومەنی وەزیرانی پێ بسپێری بەڵام تاڵەبانی بۆ راِزیبونی دڵی پارتی و لێدانی كۆسرەت نێچیرڤان بارزانی كاندید كردەوە... چاودێرێكی سیاسی پێی ووتم : كاندید كردنی كۆسرەت ڕەسوڵ بۆ جێگری مەسعود بارزانی خۆی لەخۆیدا خاڵێكی هاوبەشی نێوان بارزانی و تاڵەبانیە بۆپەراوێزخستنی كۆسرەت ڕەسوڵ بوو چونكە هەردوو سەرۆك هەست بە مەترسی كۆسرەت ڕەسوڵ دەكەن و لەو نێوەندەشدا نەیانهێشت دووبارە پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم وەربگرێتەوە ئەم پەراوێز خستنە لە هەیمەنەی كۆسرەت ڕەسوڵی دابەزاندو لە پێگەی سیاسی كوردستاندا شكاندی..
لەلایەكی ترەوە ئێستا پارتی كار بۆكەم كردنەوەی دەسەڵاتی كۆسرەت ڕەسوڵ دەكات بە تایبەتی لە شاری هەولێر كە بە شاری كۆسرەتی ناسراوەو خاوەن نفوس و جەماوەرێكی زۆرە لەو شارەدا ئەكرێ بڵێین لە نێوان كۆسرەت ڕەسوڵ و پارتی دا دوو هاوكێشەی لاتەریب هەیە كە نایانگەێنێتەوە بەیەك


خۆری كۆسرەت ڕەسوڵ لەنێوان ئاوابوون و داكشاندا

كێبركێ لەگەڵ تاڵەبانی لەناو یەكێتی دا واتا یاری كردن بە ئاگر، كێشەكانی نێوان تاڵەبانی وكۆسرەت ڕەسول لە كێشەی سیاسی دەرچوەو ئێستا بۆتە كێشەی دەسەڵات چونكە لەنێوان ڕاكەبەرەكانی تاڵەبانی تەنیا كۆسرەت ڕەسوڵ ماوە و تاڵەبانیش نایەوێت كورسی دەسەڵات بەسانایی بۆ كۆسرەت بەجێ بهێڵیتَ بۆیە دژایەتی كردنی تاڵەبانی لەسەر كۆسرەت ڕەسوڵ چڕبۆتەوەو تاڵەبانی گڵۆپی سوری بۆ كۆسرەت داگیرساندوە بەو شیكارەی كە یەكێتی مام جەلالە و مام جەلالیش یەكێتی، سیستەم و ڕێڕەوی ناویەكێتی بۆ پەراوێزخستنی ئەندامەكانی لە ڕاگەیاندنەوە دەست پێ دەكات كە بەیەكەم شكاندنی كەسی پەراوێزخراو لەلایەن تاڵەبانیەوە دادەنرێت،ـ نمونەش لێخستنی جەبار فەرمان بوو كە تاڵەبانی لەدوای گەڕانەوەی لە ئێران تەنها تەوقەی لەگەڵ جەبار فرماندا نەكرد و لە میدیاكاندا پەخش كرا ،ئەوەش بوە هۆی دوور خستنەوەو پەراوێزخستن و شوناسنامەی جەبار فەرمان لەلایەن تاڵەبانیەوە سڕایەوە، لەم كاتەدا ڕاگەیاندنەكانی یەكێتی جێگری دەرەجەیەكی سكرتێری گشتیان وەلا ناوە و تەنیا لەبۆنە گشتی و كۆبونەوەكانی مەكتەب سیاسی پیشان دەدرێت: ئەندامێكی یەكێتی كە نەیوست ناوی ئاشكرا بكەم ووتی كاتێك كاك كۆسرەت دەیتوانی بەردەوام بێت لەسەر سیاسەت لەناو یەكێتیدا ئەگەر وەڵامی كاك نەوشیروانی نەدایەتەوە چونكە گردەكە بوبوە پەناگەی كاك كۆسرەت لە لێقەومانیدا دوای ئەوەش كاك كۆسرەت گۆڵی لە كاك نەوشیروان كرد بەمانای دژایەتی كردنی لیستی گۆڕان لە هەڵبژاردنەكی 25/7 دا،.... شیكردنەوەیەكی تریش ئەوەمان پێدەڵێن كە تاڵەبانی هێرۆی ئیبراهیم ئەحمەدی بۆ بێهێزكردنی باڵی كۆسرەت ڕەسوڵ داناوە چونكە لەناو كادرە سیاسی یەمانی یەكێتی كەسێك نەبوە بە ئاشكرا دژایەتی كۆسرەت ڕەسوڵی كردبێ بەڵام خانمی یەكەمی عێراق گوێ بەهیچ پرەنسیپێكی حزبی نادات لەڕێگەی بەخشینەوەی ئیمتیازاتەوە دەتوانێ تا هەندێك جێگر سست بكات.، بەم شیكارانە پێدەچێت خۆری كۆسرەت ڕەسوڵ ڕوو لە ئاوابوون بكات چونكە لەكاتێكدا دەبێ شەڕی گۆڕان و تاڵەبانی و پلرتی بكات



كۆسرەت ڕەسوڵ پیاوی ڕۆژە سەختەكان

لەناو شۆرشی كوردا كۆسرەت ڕەسوڵ بە پیاوی ڕۆژە سەختەكان ناسراوە، بێگومان مێژووی كۆسرەت ڕەسوڵ مێژوویەكە كە هەولێریەكان شانازی پێوە دەكەن... لە سەرگۆڕەپانی سیاسی كوردستان بەگشتی و لەناو یەكێتی بەتایبەتی مێژوویەكی دوورو درێژی تۆمار كردوە هەندێك لەو مێژووە سەروەری یەو بەشەكەی تری دژایەتی كردنی ناو پارتەكانی كوردستانە، تاڵەبانی حسابێكی تایبەتی بۆ كردوەو لەسەر مێژووی یەكێتی بەخەتەرترین كەسی دادەنێت چونكە تاكێكی تەنیا نیە و هەمیشەش باڵانسی ئەوەی ڕاگرتوە كە نەتوانێ یەكێتی بەجێ بهێڵێ چونكە گەورەترین زەرەر لە یەكێتی ئەدات. . سیاسەتیتاڵەبانی سیاسەتێكی حیزبیانە و ژێربەژێرە بە نەهێشتنی دەسەڵاتەكانی ، هەرچەندە كۆسرەت ڕەسوڵ ئەم ڕاستیە باش دەزانێ بەڵام ئەوەی كۆسرەتی هێشتۆتەوە مەرگی تاڵەبانیەلەبەرئەوەی دوای تاڵەبانی بەهێزترین باڵی ئێستای یەكێتی باڵًە هەولێریەكەیە و دەیەوێت دوای تاڵەبانی قورسایەكەی خۆی بەدەست بێنێتەوە، بەڵام لێرەدا پارتی پێدەچێت ببێتە لەمپەری خەونەكانی كۆسرەت ڕەسوڵ چونكە پارتی بە دوو دروشم كاردەكات یەكەم: لاوازكردنی پارتەكانی تری كوردستانی دووەم : بچووك كردنەوەی دەسەڵاتی سەرۆك و سكرتێرەكانی حزبەكان تا هەمیشە خۆی پارتی یەكەمی كوردستان بێت جا ئەگەر كۆسرەت ڕەسوڵ لەسەر هەمان ستایلی تاڵەبانی بڕوان ئەوا دوور نیە پارتی لەچوارچێوەی سیاسەتی خۆیدا كاری بۆ نەكات بەڵام بە پێچەوانەوە ئەگەر بكەوێتە دژایەتی كردنی ئەوا ئەستێرەی بەختی ئەكوژێتەوە...
بەڕای چاودێرانی سیاسی لەم كاتەدا بێدەنگیەكەی كۆسرەت ڕەسوڵ كارێكی ئەرێینیە و لە بەرژەوەندی خۆیدایە چونكە نایەوێت لەوە زیاتر پێگەكەی لاواز بێت و پشتخانی میژوویی بخرێ،،لەم كاتەدا تۆپی دەسەڵات و هێز لە ساحەی تاڵەبانی دایە بەرژەوەندی لەوەدایە هەموو فشارەكان قبوڵ بكات چونكە پێدەچێت دوای تاڵەبانی ئەستێرەكوژاوەكەی كۆسرەت ڕوو لە هەڵكشان بكات و ببێتەوە بە پیاوی ڕۆژە سەختەكان، ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی جاران و گۆڕانی ئێستا ووتی : ئەگەر كۆسرەت ڕەسوڵ ئەو فشارانەی ئێستایتاڵەبانی قبوڵ بكات ئەوا لەلای گۆڕان دەچێتە قاڵبی ژێردەستەیی و زەبونی بەڵام لەهەمان كاتدا دەتوانێ كاربۆ باڵەكەی خۆی بكات و بەهێزی بكاتەوە وگورزی كەمەرشكێن لەتاڵەبانی بدات چونكە هاتنەدەرەوەی ئێستای كۆسرەت ڕەسوڵ قەڵای یەكێتی هەرەس پێدێنێت
ماوەتەوى بڵێین كەسی دوای تاڵەبانی تەنیا كۆسرەت ڕەسوڵە بەهۆی ئەوەی بەربەستی كەسایەتی لەبەردەمیدا نیەو بۆیە فشار قبوڵ كردن و بێدەنگیەكەی چانسی زیاتری پێدەبەخشێت

كۆسرەت ڕەسوڵ كێ یە؟؟؟؟

عەبدوڵا عەلی ڕەسوڵ ناسراو بە كۆسرەت و لەساڵی1952 لە گوندی شیواشۆك لەدایك بوە و ئینتیمایەكی تایبەتی بۆ شاری هەولێر هەیە و لە عەشیرەتی مەرزانە مێژووی سیاسی كۆسرەت ڕەسوڵ دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەكانی 1970 ئەوكات ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستان بوە دواترچۆتە ناو كۆمەڵەوە و لە ساڵی 1977 لەلایەن ڕژێمەوە دەستگیر دەكرێ، بۆ چونە شاخ و دەستپێكردنی خەباتی چەكداری جوانترین دیاری دەبات كە بڕی 180 هەزار دینار بووبەو كارەشی پێگەی سیاسی لەناو شۆڕشدا قایمتر دەكات ، كۆسرەت ڕەسوڵ لە ژیانی سیاسیی دا پلە حیزبی و عەسكەریەكانی بڕیوەو لەدوای راپەڕینەكەوە دەبێتە ئەندامی پەرلەمانی كوردستان و سەردەكەوێت بۆ سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و ئێستاش جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە
كۆسرەت ڕەسوڵ بەیەكێك لە كاراكتەرە سیاسیەكانی یەكێتی ئەژماركراوە و تاڵەبانی هەمیشە گومانی زۆرینەی لەسەرە بەهۆی زۆری جەماوەری و هەروەها زۆركات سودی لە قەیران و كێشەكانی یەكێتی بینیوە و كردونی بەكارتی فشار و لە بەرژەوەندی خۆی بەكاری هێناوە
دوا هەوڵیشی لاواز كردنی باڵی خەتی گشتی بوو بەڵام لەوەدا سەركەوتوو نەبوو بۆیەلەلایەن تاڵەبانیەوە ئابڵوقەی سیاسی درا

 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە