بەو کتێبە بنەماڵەی سەردەشت عوسمان کەیسەکەیان گوماناویی کرد!

Sunday, 18/08/2013, 12:00

2539 بینراوە


ئەو وێنەیەی سەرەوە بەرگی یەکەمی ئەو کتێبەیە کە بەناوی سەردەشت عوسمان لەسەرەتای ئەمساڵدا چاپ کراوە. ئەو بابەت و نووسینانەی لەو کتێبەدایە،  لیژنەیەک کۆی کردۆتەوە، یەک دوو کەسی بنەماڵەی سەردەشت عوسمانیش هاریکاریی کردووە.
ئەگەر سەرنج لە ناوەرۆکی کتێبەکە بدرێت، بابەتەکان بریتین لە کلک و گوێکردنی نووسینەکانی سەردەشت عوسمان، بەبێ ئەوەی ئاماژە بەوە بدرێت لە کوێوە وەرگیراون و سەرچاوەکانیان کوێ بووە. جگە لە دوو سێ نووسین هەرچیی نووسینێکی دیکە لە کوردستانپۆستدا بلاوکرابێتەوە، لەلایەن ئەو لیژنەیەوە سانسۆرکراوە، یان ناوی کوردستانپۆستیان سڕیوەتەوە و باس نەکراوە.، بەپێچەوانەوە  ئەو لیژنەیە چەند باتێکیان لە کوردستان نیتەوە وەرگرتووە و ناویشیان هێناوە. عومەر فارسی بەرپرسی ئەو سایتە، کە تاوانبارە بە ئاشکراکردنی ناوی سەردەشت عوسمان، لەوێدا خاتری گیراوە.
لە کتێبەکەدا باس لە تیرۆرکردنەکە نەکراوە. باس نەکراوە چۆن و بۆچی ئەمە رووی داوە! ئەوەی باسکراوە، بەو شیوەیە نووسراوەتەوە، کە میدیا ئەهلییەکان بە شەرمەوە باسیان لێوە کردووە. لەو کتێبەدا کار و هەوڵی هیچ لایەنێکی تێدا باس نەکراوە، تەنانەت ئەو چالاکییەی کە ئەمنستی کردوویەتی، ئەمان وەکو سەرچاوە لە سایتی هاوپشتیی وەریانگرتووە، خوێنەر وا تێدەگەیەنرێت کە ئەو سایتە بەو چالاکییە هەڵساوە و بەخشی ئەو هەواڵەی بۆ یەکەمجار کردووە.
ئەگەر خوێنەر تەماشای ناوی تەواویی لیژنەکە بکات دەبینێت کۆمەڵێک کەسی گومانلێکراو. هەرزەکاری خانەنشینکراو. هاوڕێی گیانی بەگیانی ئەرسەلان بایز و پیاوی سێ کوچکەی هەموو لایەنەکان. شیوعییەکی بزێوی گوڵ بەئێخەی پیاوکوژەکانی ١٧ شوبات، دانراون و کاری کۆکردنەوەی بەرهەمەکانی سەردەشت و نووسینەکانیان گرتۆتە ئەستو.
ئەمانە بە مەبەست ویستوویانە سەردەشت عوسمان لە کوردستانپۆست دوور بخەنەوە، باسیان لەوە نەکردووە، کە سەردەشت پەیامنیری کوردستانپۆست بووە و نووسینەکانی  لە کوردستانپۆستدا بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە نەکراوە کوردستانپۆست لە یەکەم ڕۆژدا رووداوەکەی ئاشکراکرد و گەورەیکرد، تەنانەت نووسینەکانی بە عەرەبی و ئینگلیزی و چەند زمانێکی دیکە وەرگێرا و مەسەلەکەیان گەورە کرد و بە جیهانیان ناساند، باسیان لەوە نەکردووە، کوردستانپۆست بەبەڵگەوە هەموو رووداوەکەیان گێڕاوەتەوە.

ئێمە وەک کوردستانپۆست لیرەدا رایدەگەیەنین، ئەو کتێبە بایەخێکی مێژووی ئەوتۆی نییە، چونکە بە ئەمانەتەوە نەنووسراوەتەوە. ئەوانەی لەو لیژنەیەدان شارەزای بواریی نووسینەوەی مێژوو و یاسا و رێساکانی نیین، ئاگایان لە چۆنێتیی و مەرجەکانی نووسینەوەی مێژوو و رێنماییەکانیی نییە. هەر کتێب و لێکۆڵینەوەیەک بۆ ئیستا و بۆ داهاتوو لەسەر کەیسی سەردەشت عوسمان بکرێت، لە دەرەوەی کوردستانپۆست بایەخی نابێت، ئەو کتێبە چەواشەکاریی تێداکراوە. ئێمە بەو پەڕی بەرپرسیارێتییەوە رایدەگەیەنین، کە بنەماڵەی سەردەشت تاوانباری یەکەمن لە چەواشەکردنی ئەو مێژووە، نەک تەنها ئەو لیژنە قولاپییە، بەتایبەتی هەردوو براکەی سەردەشت عوسمان (ئارام و بەشدار)، کەسایەتیی سەردەشت عوسمانیان شێواندووە، بە مەبەست ویستوویانە سەردەشت وەک کۆمۆنیستێکی کرێکاری بناسرێنرێت، (دەرخستنی ئەو راستییە بۆ دژایەتییکردنی ئەو حیزبە نییە، با کەس بەو شێوەیە تێنەگات).
دەمانەوێت ئەوەیش بڵێین، کە بنەماڵەی سەردەشت بۆیان نییە بڕیار لەسەر نووسینەوەی ئەو مێژووە بدەن، راستە سەردەشت ئەندامێکی ئەو خیزانە بووە، بەڵام سەردەشت ئیستا بۆتە موڵکی میللەتێک، مێژوویەکی تایبەتی بە دوای خۆیدا هێناوە، سەردەشت وەک ئارامی برای بیری نەکردۆتەوە، ئەمە سوکایەتییە بە بیروبۆچوونی سەردەشت، تیرۆرکردنەکەی لەسەر ئەو دوو نووسینە بووە، نەک لە سەر هەمان بیر بیروبۆچوونی براکەی کە کۆمۆنیستی کرێکارییە.
نابێت هیچ لایەن و کەسایەتیی و رۆژنامەنووسێک سەردەشت عوسمان وەک بیروباوەڕی بەکر عوسمانی برای پێناسە بکات، لە عیلمانیی بوون و کوردستانیبوونەکەی بیسڕنەوە. ئەو کتێبە سووکایەتی و سڕینەوەی کەسایەتیی و بەلاڕێدابردنی ئەسڵی تیرۆرکردنەکەی سەردەشت عوسمانە.

ئەو لیژنەیەی بەم کارە هەڵساوە ئەم ناوانەی خوارەوەن:
(شوان محەمەد، ئەحمەد میرە، کەمال رەئوف، ڕەحمان غەریب، کامەران ئەحمەد، هەڵگورد سەمەد و بەکر عوسمان).

دیسان دەمانەوێت ئەوەش روونبکەینەوە، کە ئەو کتێبە هەرچەندە دۆسیەی تیرۆری رۆژنامەنووسێکە، لێ دۆسیە و پرسی ئازادییە لە کوردستان، نابێت رۆڵی کوردستانپۆستی تێدا بسڕێتەوە، دەبوو پرس و راوێژ بە کوردستانپۆست بکرایە؟ دەبوو لایەنی کەم ئەم کەسانەی لە ناساندن و ئاشکراکردنی تیرۆرکردنی سەردەشت عوسماندا رۆڵیان هەبووە، ماندووبوون و کاریان تێدا کردووە یەک دوانێکیان لەو لیژنەیەدا هاوبەشییان بکردایە بەتایبەتی ئەم بەڕێزانە (مستەفای حەسەنە گەورە، ئاریان بابان، سەباح عەلی قارەمان، ناسیح عەبدولرەحیم،، قادر نادر) بۆیە لێرەدا ئێمە لە بنەماڵەی سەردەشت عوسمان دەپرسین:
کێ ئەو لیژنەیەی دروست کرد؟
کێ ئەو مافەی بە خۆی دا بەم کارە هەڵبستێت و ناوی کوردستانپۆست بسڕێتەوە؟
ئەمە لە کاتێکدا دەبوو کوردستانپۆست سەرپەرشتی ئەمەی بکردایە، نەک چەند کەسێکی نێو میدیا ئەهلیەکان بەم کارە هەڵبستن، هەروەک چۆن میدیای ئەهلی هەواڵەکانی کوردستانپۆست بۆ خۆیان دەبەن و ناوی کوردستانپۆست دەسڕنەوە، بۆ ئەم کتێبەش وایان کردووە.
ئەگەر خوێنەر بە وردی لە ناوەکان  بنوارێت، تێدەگات زۆربەیان بێ لایەن نیین و پیاوی حیزب و دەسەڵاتن، لەو نمونانەن، کە بۆ مشتێ دۆلار و پارەی خانەنسینی و پارچە زەویی دنیای راگەیاندنیان لە کوردستاندا پیس و ناشرین و گومانویی کردووە، بۆیە بۆ نووسینەی بەڵگەیەکی مێژوویی ئەمانە چەواشەکاریی تێدا دەکەن. زۆربەی ئەم کەسانە لە دوور و نزیکەوە ئاگاداری کەیسەکە نەبوون، ئیستا خۆیان کردۆتە خاوەنی.
ئەو کتێبە هەڵدانەوەی گۆڕی سەردەشت و ناشرینکردن و ئازاردانی رۆحی سەردەشتی پێوەدیارە. بنەماڵەکەی لە بری ئەوەی لەگەڵ سەردەشتدا راستگۆ و بەوەفا بن. بە دانانی ئەو لیژنە گومانلێکراوە مێژوویەکی درۆیان بۆ سەردەشت نووسیوەتەوە، کارەکەیان سپاردووە بە چەند کەسێکی دەست راموساوکەری دەسەڵات، هەروەک چۆن ئەو تاقمە کەیسی سۆرانی مامە حەمەیان ناشرین کرد و خەڵاتی سۆرانیان دا بە پیاوەکانی دەسەڵات، لەم کتێبەشدا بە شێوەیەکی تر بەهەمان کار هەڵساون.

ئێمە ئاگاداری ئەوانە دەکەین کە چاویان بەو کتێبە دەکەوێت، دەمانەوێت چەند راستییەکی دیکەش لە سەر کەیسی سەردەشت عوسمانیان بۆ روونبکەینەوە، دەڵێین، کە ئێمە کاتێک بە بەڵگەیەکی زۆرەوە چوینە هۆڵەندا و داوای یاساییمان لەسەر عومەر فارسی کوردستان نێت تۆمار کرد، داواکەمان رەفز کرا، بە بیانووی ئەوەی دەبێت یەکێک لە کەسوکارەکەی ناوی لەو داوایەدا هەبێت، کاک ئارامی برای سەردەشت عوسمان ئامادە نەبوو، لە دواییدا کاک ئارام خۆی رایگەیاند کەوا لە سوید داوای تۆمارکردووە، ئەمە تەنها قسە بوو، ئێمە بەدواداچوونمان لەسەر کرد دەرکەوت، کە راستگۆ نەبووە، بۆیە تا ئیستا هەموو داواکە بەهەڵواسراوی ماوەتەوە. ئیستا هەر ئەم برایەی تاوانێکی تری ئەنجام دا و لە نائاگایی و ناوشیارییەوە بە دڵی پارتی ئەو کتێبەیان نووسیوەتەوە، ئەمە لە کاتێکدا بنەماڵەی سەردەشت بۆ خۆیان دەزانن ئەگەر کوردستانپۆست نەبوایە تیرۆرکردنی کوڕەکەیان تەنها بۆ چەند رۆژێک لە گۆشەیەکی بچوکی رۆژنامەکاندا دەمایەوە و دوایی وەک هەموو تاوانەکانی تری بنەماڵە لە بیر دەچوویەوە. ئەوەی بنەماڵەی سەردەشت عوسمان کردوویانە نەک تەنها غەدرێکە لە کوردستانپۆست، بەڵکو غەدرێکی گەورەشە لە سەردەشت، لە مێژووەکەی، لە راستگۆیی و لە وەفا، بنەماڵەکەی دەبێت داوای لێبوردن بکەن، دیسان رایدەگەیەنینەوە، کە ئێمە چەند نووسینێکی دیکەی سەردەشتمان لە ئەرشیفەکاندا دۆزیوەتەوە، بە ناوی خوازراوەوە سەردەشت عوسمان نووسیوێتی، بڕیارمان دا ئاشکرایان نەکەین و بڵاویان نەکەینەوە، چونکە دەزانین بە دەردی هەمان نووسینەکانی تر دەچێت کە ناوی کوردستانپۆستیان تێدا سڕیوەتەوە.
*****************************************
تێبینی: ئێمە لە مانگی رابردوودا و لە رێگای ئیمەیلەوە پەیوەندییمان بە کاک ئارامی برای سەردەشت عوسمانەوە کرد، چاوەڕوانی ئەوە بووین ئەو بەڕێزە ددان بەو راستییەدا بنێت و داوای لێبوردن بکات و هەڵەکە راست بکەنەوە، کەچی بە پێچەوانەوە هەوڵی دەدا بە پاساوی نابەجێ فریومان بدات، بۆیە ناچاربووین ئەم هەڵوێستە وەربگرین و نووسینە بنووسین.
 هەروەها  بەڵگەیەکی تریش، کە ئەوە دەسەلمێنێت، کتێبەکە کاریگەری بیروباوەڕی کۆمۆنیستی کرێکاریی تێدایە، هەوڵ و رەنجی کوردستانپۆستیان فەرامۆش کردووە، لە یەکەم وتارەکاندا نووسینی سکرتیری حیزبەکەیان (رێبوار ئەحمەد) بۆتە یەکەم وتاری ئەو کتێبە. ئەمەش نیشانەی بیرکردنەوە و عەقڵی حیزبخوازیی براکەی سەردەشتە، کە لە لایەکی ترەوە هەموو کتێبەکەی خستۆتە ژێر پرسیارەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە