(هەر گەلێك بەئازارەکانی خۆی پێبکه‌نێت، ئەوا دڵ بەو گەلە خۆش مەکە کە گەل بێت)*

Friday, 22/02/2013, 12:00

1629 بینراوە









گەر مانعی حقوقی میللەتی کورد ببێ عەرەب
بێشوبهە نوێژەکانی مازیم بە کوردی قەزائەکەم (شێخی نەمر)

شێخی نەمر ئاوا پەروەردەمان ئەکا و ئاوا نیشتمان و نەتەوەی کورد ئەپارێزێ. کەچی ئەمرۆ نەك هەر کوردستان لەمەترسی و لەناوچووندایە، بەڵکە زمان و کەلتوورە ڕەسەنەکەشی لەژێر ڕەحمەتی دەسەڵاتی پیسخۆر و گەندەڵ و مافیایی پارتی و یەکێتیە.
ڕەنگە لای من گرنگ نەبێ گەر هەموو کوردستانمان داگیربکرێ و بست بەبستیمان لەکیس بچێ؛ لێ زۆر لەوە گرنگتر لام ئەوەیە کە زمان و کلتوورمان بەزیندوویی بمێنێتەوەو بیپارێزین. هەر بۆ نمونە هەندێ لە فەرەنسیەکان لە بەشێکی ووڵاتی کەنەدا کەوا بە(کیوبیكQuebec)ناسراوە، گەر بیانەوێ ئەتوانن لە کەنەدا داببڕێن و سەربەخۆیی خۆیان ڕابگەیین. ئەویش تەنها لەبەرئەوەی توانیویانە لەدوورە ووڵاتی خۆیان کەلتوورو زمانی فەرەنسی بپارێزن.

نوێنەری کوردان میللەت فرۆشان
هەرزە وەکیلی شاری خامۆشان (پیرەمێرد)

بنوارە،بەرپرس و نوێنەرەکانی کورد چ لەناوەو چ لەدەرەوە،چەند ئەوەندەی لەخەمی پۆست و گیرفان و پارەدان، ئەوەندەش خەمساردن بەرانبەر بەزمانی دایکمان. ئەوە ماوەی ٢٢ ساڵە کوردستانی باشوور سەربەخۆیە، کەچی نامان بینی و نەمان بیست ، ڕۆژێك لەسەرکردەکانی کورد و نوێنەرانیان لەپەرلەمان و وەزارەتەکان بەگشتی و وەزارەتی ڕۆشنبیری بتوانن کەڵك و قازانج بەزمانی کوردی و کلتوورەکەی بدەن. لەماوەی ئەو هەموو ساڵەدا کەچی پەرلەمانەکەی خۆمان گشت نووسینە فەرمیەکانیانە بەزمانی عەرەبیە. لەزۆربەی زۆری کوردستاندا ئەوەندە ناوی عەرەبی و بێگانە بەکاردێ بۆ بواری ئابووری و بازرگانی ،ڕەنگە نیو ئەوەندە برەو بەزمانی کوردی نەدرێ. خۆ ئەوە باس لەوەناکرێ کەئەو کەسایەتیانەی بەرپرسیاریان هەبوو لەبواری ڕاگەیاندن و ڕۆشبیبری چەند کەسانی ناکاراو نەشارەزابوون. هەر بۆ نمونە لە فەلەکەدین کاکەییەوە دەست پێ بکە تا ئەگاتە عیماد ئەحمەد و سەفین دزەیی، بابزانین ئەوانە کامیان کوردیەکی ڕەوان و بەسەلیقە ئەزانن تا پۆستی وەزارەتی ڕۆشنبیری وەرگرن؟!

لەخۆڕایی نیە ئەمڕۆ ئەو هەموو بودجەیە لەسەر تێکشاندنی زمانی کوردی و لەبەرانبەردا گەشەو برەو بەزمانەکانی عەرەبی و تورکی و فارسی لەکوردستاندا ئەدەن و چەندین کۆلیژو خوێندگا دەرگایان خستۆتە سەرپشت بۆ لەناوبردنی زمانی کوردی . ئاخر کاری وا چۆن ئەبێ ببێ و لەکاتێکدا هیچ کام لەو ٣ دەوڵەتە سەردەستە ئامادە نیە هەمان کاری ئەوان بکاو بهێڵێ زمانی کوردی و خوێندگای کوردی بکرێتەوە؟!
گەر چاوێك بە قۆناغی (٥)بنەڕەتی و بخشێنین، ئەوا لەپەرتووکی کوردیدا لەجیاتی ووشەی بەلوعە ووشەی(شێرە)بەکاردێ.. ئەگەر چی ووشەی بەلوعە کوردی نیە ، لێ نازانین بۆچی و لەسەر چ بنەمایەکی زمانەوانی ئەو ووشە نوێیە بەکاردێ؟ کام لیژنەی سەر بە وەزارەتی پەروەردە وەیان ڕۆشنبیری بەرپرسیارن لەداڕشتنەوەو وەرگێڕانی ئەو ووشانەی ئەبێ بکرێنە کوردی؟ هیوادارین ئەوە تەنها هەڵەیەکی زمانەوانی بێت و جوغز(مەبەست)شوێندنی زمانی کوردی نەبێت و نەبێتە هۆکارێك بۆ ئەوەی خۆمان بەزمانی خۆمان پێکەنینمان بێت، هەروەك چۆن مۆنتسیکۆ ئەڵێ(هەر گەلێك بەئازارەکانی خۆی پێکەنی، ئەوا دڵ بەو گەلە خۆش مەکە کە گەل بێت)

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە