هەوڵ و كۆششەكانى وەزارەتى پەروەردە بۆ پەرەپێدانى پەروەردەى خاوەن پێداویستییە تایبەتییەكان

Tuesday, 19/01/2010, 12:00

1704 بینراوە


هەولێر
وەزارەتی پەروەردەى حكومەتى هەرێمی كوردستان، لە درێژەى هەوڵ و كۆششەكانى خۆیدا بۆ پەرەپێدانى رەوشی قوتابی و خوێندكارانی خاوەن پێداویستى تایبەت لە هەرێمی كوردستاندا، زنجیرەیەك كۆڕو سیمینار دەربارەى پەروەردەى تایبەت لە ناوچە جیاجیاكانى هەرێمی كوردستان بەڕێوە دەبات.
بەڕێز ئیدریس لاوە بەڕێوەبەرى بەڕێوبەرایەتى پەروەردەى تایبەت لە دیوانى وەزارەتى پەروەردە لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتى: لە رۆژى 14ى ئەم مانگەوە وەرزی چالاكییە رۆشنبیرییەكانى بەڕێوەبەرێتییەكەمان دەستپێدەكات و تا 28ى مانگ بەردەوام دەبێت و، چەندین كۆڕو سمینارى تایبەت بۆ گرنگیدان بە منداڵانی خاوەن پێداویستى تایبەت لە هەریەكە لە شارەكانى هەولێر و سلێمانى، دهۆك، هەڵەبجە، شێخان، سۆران، چەمچەماڵ بەبەشدارى چەندین پسپۆڕى تایبەت بەم بوارە بەڕێوەدەبەین.
هەروەها بەڕێز لاوە گوتى:
خزمەتكردنى رۆلەكانمان لە خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان، ئەركی سەرشانى خۆمانەوە ئەوەى پێمان بكرێت بۆ خزمەتیان ئەنجامى دەدەین، ئاماژەى بەوەشدا كە هەر بیرۆكەو پرۆژەیەك بۆ خزمەتى منداڵە خاوەن پێداویستییە تایبەتییەكان بێت ئەركی ئێمەیە و وەزارەتى پەروەردە بەهەموو توانایەكییەوە پاڵپشتى لێ دەكات و نوێترین پرۆگرام و سیستمی جیهانی بۆ پەروەردەو فێركردنى خاوەن پێداویستییە تایبەتییەكان بەكاردەهێنین.
وەزارەتى پەروەردەى حكومەتى هەرێمى كوردستانیش لە روانگەى فەلسەفەى خۆی و بە دروشمى خوێندن بۆ هەمووان، بایەخێكى بەرچاو بەكەسانى خاوەن پێداویستى تایبەت دەدات و كردنەوەى بەڕێوبەرایەتی پەروەردەى تایبەتیش لە دیوانى وەزارتی پەروەردە، لەم روانگەیەوە سەرچاوە دەگرێت.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە