دوای ساڵێک بەسەر سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم بۆ مەخموور ھاوڵاتیانی ئەوشارە هێشتا نیگەرانن

Thursday, 20/12/2012, 12:00

1026 بینراوە






ساڵێک بەسەر سەردانەکەی سەرۆکی ھەرێم بۆ قەزای مەخموور تێپەڕدەبێت، بەڵام تا ئەو کاتە شتێکی بەرچاوو پرۆژەیەکی گرنگ لەم شارۆچکەیە ئەنجام نەدراوە، سەرۆکی ھەرێم لە سەردانەکەی دا لەبەردەم ھاووڵاتیانی مەخموور رایگەیاند لەمەودوا کار بۆ ئاوەدانکردنەوە دەکەن بۆ ئەوەی چیتر خەڵک کۆچ نەکات بۆ شوێنەکانی تر، بەڵکو خەڵک مەمنون بن بگەرێنەوە بۆ مەخموور، بەڵام ھاوڵاتیانی مەخموور نیگەرانی دەردەبڕن! چونکە ھیچ گۆرانکاریەکی ئەوتۆ لەبواری ئاوەدانکردنەوەدا نابینن.
لەوبارەیەوە (مەلای قەراجی) کەسایەتی و شاعیری دیاری مەخموور دەڵێت "زۆر بەداخەوە ئەو ھەموو بەڵێنانەی پێماندرا ھیچی جێبەجێ نەکراوە، نە نەخۆشخانە، نەکارەبا، نەقوتابخانە، نەھیچ پرۆژەیەکی تر، مەخموور بەناو قەزایە ئەگەر نا لە گوندێک دەچێت"، مەلای قەراجی گوتیشی "من ھیچ گۆڕانکاریەک لەدوای سەردانەکەی جەنابی سەرۆک نابینم، ئێمە لەمەخموور رەشبین و نائومێد ببوین، چونکە زۆربەی بەرپرسەکان کە ھاتوونەتە ئەم شارۆچکەیە بەڵێنی جۆراوجۆریان پێداوین، بەڵام کە سەرۆکی ھەرێم ھاتە شارەکەمان زۆر دڵخۆش بوین، چونکە بەراستی ھاتنەکەی گرنگ بوو، بەڵام بەداخەوە دوای ساڵێک لەرۆیشتنی سەرۆک مەخموور ھەروەکو خۆیەتی".
ھەروەھا ھاوڵاتی محەمەد مەرزانی لەبارەی تێپەربوونی ساڵێک بەسەر سەردانەکەی سەرۆکی کوردستان، گوتی "سەیری شەقام و کۆڵان و بازاڕو ھەر شوێنێک لەم شارۆچکەیە دەکەی خەم داتدەگرێ، جەنابی سەرۆک گوتی ئیتر مەخموور دەبێ ئاوەدانبکرێتەوەو بوودجەی زیاتری بۆ خەرج بکرێت، بەڵام من ھیچ گۆڕانکارییەک لەماوەی ئەو ساڵەدا نابینم".
جێی ئاماژەیە بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی کوردستان لەرۆژی ٢٤/١١/٢٠١١ لەدیداری ھاوڵاتیانی مەخمووردا گوتی "مەخموور دەتوانێ وڵاتێک بەرێوەببات"، ئەوەی بەلای جەنابی سەرۆکیش زۆر گرنگبوو ئەنجامدانی پرۆژەی ئاودێری بوو بۆ دەشتی قەراج، بەڵام ھێشتا دەستنەکراوە بەئەنجامدانی پرۆژەکە.
ھەروەھا رۆژنامەنووس (بەختیار محەمەد) گومان لەخەرجکردنی بوودجەی ساڵی ٢٠١١و ٢٠١٢ بۆ مەخموور دەکات، نموونەش بەدروستکردنی ھۆڵی داخراو دەھێنێتەوە کە ملیارێک و ٤٠٠ ملیۆنی بۆ دابینکراوە، بەڵام لەسەر زەوی ئەم پرۆژەیە بوونی نییە!، سەبارەت بەگەڕانەوەی ھاوڵاتیانیش بۆ مەخموور ئەو رۆژنامەنووسە دەڵێت "نەمانزانیوە خەڵک گەڕابێتەوە مەخموور، تاکو ئێستا کۆچی پێچەوانە بەردەوامە بۆ ناوچەکانی تر، ئەگەر ئیدارەی شارەکەش دەڵێ خەڵک گەڕاوەتەوە بۆ مەخموور با ئامارو زانیاری ئەو کەسانە رابگەیەنێت". بەبڕوای ئەو رۆژنامەنووسە ئەگەر بوودجەی ٧٠ ملیارەکەی مەخموور بدرێتە ھەر کەسێک دەتوانێت مەخموور بکاتە دوبەیەکی تر.
لەلایەن خۆشییەوە (ئیبراھیم شێخەڵڵا) قایمقامی قەزای مەخموور بۆ (دەنگی مەخموور) روونیکردەوە کە "ئەمساڵ ٥٨ ملیار دینار لەئاوەدانکردنەوەو پڕۆژەی خزمەتگوزاری خەرجکراوە، پرۆژەکان ھەندێک تەواوبوونەو ھەندێکیان کاری تێدا دەکرێت، سەبارەت بەگەیاندنی تۆڕی کارەبای ھەرێمیش بۆ مەخموور رایگەیاند "چەند رۆژێکی تر ئەم تۆڕە دەبەسترێت و ھاوڵاتیان لەگرفتی بێ کارەبایی رزگاریان دەبێت".
ھاتنی بەڕێز (مەسعود بارزانی) سەرۆکی کوردستان بۆ قەزای مەخموور گرنگی خۆی ھەبوو، چونکە بەرلەھاتنی ئەو لەزۆر بۆنەو سەردان و داواکاری و کەموکوڕی و پێویستییەکانی قەزای مەخموور لەڕێی یاداشت و بەیاننامەو نوێنەرانی خەڵک و سەردانی پارێزگاو پەرلەمانەوە گەیاندرابووە دەسەڵات، بەڵام بەدواداچوونێکی جدی بۆ نەکرابوو، بۆیە ھاتنی سەرۆک ئومێدی بەخشی بەھاوڵاتیانی مەخموور، ئێستا دوای تێپەربوونی ئەوماوەیە پێویستە جارێکیتر جەنابی سەرۆک بەدواداچونێکی تر بکاتەوە بۆ ئەم شارۆچکەیەو سۆراغی بەڵێن و جێبەجێکردنی پرۆژەکان بکات! بۆ ئەوەی ئومێد بەدانیشتوانی ئەم شارۆچکە بێنازە ببەخشێتەوە.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە