ئەوەى ناوى یەكێتى بێت لەنـــاو یەكێتیدا نەماوە

Wednesday, 15/05/2013, 12:00

1333 بینراوە







ساویلكەترین چاودێرى بارودۆخى سیاسى ئەمڕۆى كوردستان بەگشتى و یەكێتى بەناو نیشتیمانى كوردستان بەتایبەتى هەر زۆر زوو لاى ئاشكرادەبێت كە یەكێتى ئەمڕۆ قەوارەیەكى پەرتەوازە و فرە مینبەر و بێسەروبەرە و ئەوەى ناوى كۆدەنگى و یەكڕیزیە لەئۆرگانەكانیدا بەدیناكرێت ، دیارە ئەوە بەتەنها تاڵەبانى نیە كەنەخۆشى بێهۆشى سەر جێگاى كردووە بەڵكە مەكتەب سیاسى و سەركردایەتى پارتەكەشى بەهەمانشێوە كەلەلاى سەردەمى سەنگەر لەیەكگرتن و دابەشبوونن .
ئەوەتا مەلا بەختیار لەلایەكەوە لەخزورى فازل متنیدا ئەفەرموێ : ئێمە وەك یەكێتى لە جەنابى كاك مەسعود بارزانى زیاتر هیچ كاندیدێكمان نیە بۆ پۆستى سەرۆكى هەرێم ، هەر پاش چەند رۆژێك بەناو پەرلەمانى یەكێتى بەكۆى دەنگ لەزارى عادل مورادەوە ئاشكرایدەكات كەئەوان دژ بەخۆكاندیدكردنەوە مەسعود بارزانین ، زۆرى پێناچێ هێرۆى برایم ئەحمەد بەگەشتێك روودەكاتە تاران و چاوى بە ئەحمەدى نەژاد دەكەوێت بۆ تاوتوێكردنى هەڵوێستى سیاسى كوردستان و عێراق و شوێنگرەوەى مام جەلال ، كەچى (PUK) میدیا دەڵێ هێرۆ خان بۆ تاوتوێكردنى دۆسیە ئابووریەكان چۆتە ئەو وڵاتە ، وەك بڵێى هێرۆ وەزیرى بازرگانى بێت ، باشە بەرپرسى مەڵبەندى رێكخستنى شارێك چ جۆر و شێوە پەیوەندییەكى هەیە بە دۆسیەیى ئابوریەوە تاكو لەپێناویدا چاوى بەسەرۆك كۆمارى ئێران بكەوێت ؟؟!! مەگەر دۆسیە ئابوریەكە پەیوەست بێت بە كۆمپانیا بازرگانیەكانى بنەماڵەى خۆیەوە .
بەڵێ لەلایەكى ترەوە دكتۆر بەرهەم هەر بەئاشكرا ئاڵۆشى گرتووە بۆ كورسیە بەتاڵەكەى تاڵەبانى و هەر جرت و فرتى ئێران و ئەملاوئەولایەتى و بۆ رازیكردنى لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ وەرگرتنى ئەو كورسیە ، هەربۆیە لەپێناو بەدەستهێنانى ئەم پۆستە گرنگەشدا لە دۆسیەى خۆكاندیدكردنەوەى مەسعود و كێشەكانى ناو پارتەكەى خۆى كردووە بە كــــەڕەى شەربەت و مێش میوانى نیە .
بەهەمانجۆر كۆسرەتى ئەندازیارى تەكەتولاتى ناو یەكێتیش كولێرەیەك ئەخوا و شەش ئەكات بەخێر تاكو رۆژێ زووتر تاڵەبانى ماڵئاوایى بكات و ئەمیش زوو لەشوێنەكەیدا خۆى وەك پادشاى نوێ تەتویج بكات و ئیتر بێ شەرم و ترس كوڕ و ئامۆزا و پورزا و ئەندامانى دەستەكەى لەدەوربەرى خۆى كۆبكاتەوە و یەكێتى بكاتە كۆمپانیایەكى تایبەت بە ئـــال كۆسرەت ، لەهەمووشى گرنگتر لاى كۆسرەت كۆنتڕۆلكردنى ئیدارەى گشتى یەكێتیە تاكو لەرێگایەوە پێگەى خۆى زیاتر بەهێز بكات .
هەر لەم سەروبەندەدا ئەوەتا پێگە و گۆڤارى شار پرێس نوسیویەتى كە پێنج ئەندامى مەكتەبى سیاسى یەكێتى دەستەى كارگێڕى ئەو پارتەیان ئاگاداكردۆتەوە كە : یان چاكسازى یان مینبەرى جیاواز یان جیابوونەوە ، ئەبێ قەیرانەكان چ ئاراستیەكى مەترسیدارى ونبوونى گرتبێت تاكو هەڵوێستێكى لەمجۆرە سەرهەڵبدات لە یەكێتیدا ؟!.
هەر لەهەمان تەوەرەدا ئەوەتا كەناڵى KNN چەند رۆژێ لەمەوبەر ئاشكرایكرد كە نیوەى زیاتر ئەندامانى سەركردایەتى یەكێتى نامەیەكى ناڕەزاییان ئاراستەى مەكتەب سیاسى پارتەكەیان كردووە دەربارەى پەراوێزكردنى رۆڵى ئەندامانى سەركردایەتى لەبڕیارە چارەنوسسازەكاندا .
ئەمانەى لاى سەرەوە بێ لەو راستیەیى كە چۆن كۆسرەت و مەلا بەختیار تاكو ئیستا چەند جارێك دەماقەڵە كەوتۆتە نێوانیانەوە و چەنگە ساردەكەى نێوان رۆژ لەدواى رۆژ لە پەرەسەندندایە ، دیارە یەكێتى بەئاپۆراى ئەم پاشەڵە جوانەوە ئەیەوێ پێشڕەوى پاشماوەى جەماوەرەكەى خۆى بكات بۆ هەڵبژاردنى ئاییندە ، تاكو بەهەر دووچاوى خۆى شكستى موحەقەقى خۆى ببینێت .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە