تکایە چی دی مێژوو مەشێوێنن وپەیکەریش بۆ کەس مەکەن

Friday, 05/10/2012, 12:00

2744 بینراوە




هەش بەسەرمان ،مێژووی نزیکمان ئەگەر بەم شێوەیە بشێوێندرێ ئەی مێژووی دوورمان دەبێ چی بەسەر بێت ، من لەم مەسەلەی پەیکەرەوە ، تەواوی مێژوی کورد ئەخەمە ژێر پرسیارەوە ، بەڵکو راست تر مێژوو هەر خۆی خۆی ئەخاتە ژێر پرسیارەوە .ئەگەر روداوێك کە٢٢/٢٣ ساڵێك بەسەریا تێپەری بێ ئاوها بشێوێندرێ ، چۆن مامەڵە لەگەڵ رووداوێکی دێرین بکەین کە دوو هەزار ساڵێ بەسەریا تێپەربووبێت ،بە دڵنیایی یەوە وەك راستی یەكی حێشا هەڵنەگر وەریبگرین و باوەری پێبکەین. من وەك کەسێکی ئاگادار و نزیك لەو رووداوە ئەتوانم تەقەڵێك لە پینەی ئەو دڕاویە بدەم ، هەر چەند ویستم خۆم بەدوور بگرم لەم باسە چۆنکە کەوتبووە گێژاوی لایەنگری و دژایەتی کردنەوە ، بەڵام کاتێ کە بینیم بابەتەکە خەریکە دەرئەچێ لە پرنسیپی مرۆڤایەتی ورشنبیری و کوردایەتی کە دەخوازرا هەر نەبێ لە ناوو نوسەران و رۆشنبیران ئامادەیی هەبێ ، وا تا وەك مرۆڤێ رفتار یان هەر نەبێ بیربکەنەوە و وەك رۆشنفکرێ دوور لە تانە و زمانی زبر بەرامبەر بەیەك و وەك دڵسۆزێکی کورد و کوردایەتی غەمی گەورە ،بە غەمی بچوکی ناوچەگەرێتی بەهەدەر نەبەن وکوردستانی پارچەکراومان بچوکتر نەکەنەوە ،سیاسەتی دوژمنان وەك خویەکی ناشرین وقێزەوەن لەناوماندا ئامادەیی نەبێ و بێ شەرمانە سلێمانچێتی و کەرکوکچێتی نەکەین ، کە بەداخەوە هەندێ تاریكبیر خزمەت بە دوژمنان ناوچە گەرێتی دەکەن وخۆم وخۆتە دەکەن ! .
سەرو گورشتەم لە گەڵ مامۆستا ئارێزدا، کە لە دوای بەشداری کردنی لە درامایەکی تەلەفزیۆنی بەناوی (بووکە خان) ،ناوی ئیسماعیل سەکرانی بەسەرا سەپا ، بوکە خان درامایەك بوو چیرۆکی باوکێکی نەخۆشی (نەخۆشی دەرونی) ئەگێرایەوە کە کچیکی بچووکی هەبوو، (شادان) ، دوای ئەوەی کچە بچوکەکەی ئەو کورسی یە نوێ یانە بە گوێزان پارچە پارچە دەکات ، باوکەکەی کە (ئیسماعیل سەکرانە) دەستی کچەکەی هەنجن هەنجن دەکات و دواجاش دەستەکانی بووکە خان ئەبردرێتەوە ،و کچەکەش بەگریانەوە داوا لە باوکەکەی دەکات و ئەڵێ (دە دەستەکانم بدەوە) ،، ئەم درامایە لەوانەیە زۆربەمان بینیبێتمان . ئەم مامۆستا ئارێزە ، لە دەیان کاری هونەری و شانۆی یدا حزوری هەبووە بۆ نمونە دەرهێنەری شاکاری شانۆیی (وانەیەك لە بێکەسەوە) یەکە ئەو کات سەرۆکی تیپی ئەزمونگەری چەمچەمالیش بوو. لە گەڵ ئەوەشدا فرۆشگایەکی هونەری هەبوو لە چەمچەماڵ ، مرۆڤێکی تابڵێی مرۆڤ دۆست و هونەر دۆست و کورد پەروەر بوو . ئەوەی کە لە نزیکەوە ئەیناسن گەواهی ئەم راستی یە ئەدەن . سەدان جار لەو فرۆشگایە کەمن زۆر بەی کات یارمەتیم ئەدا ، بە خۆرایی پەرتووك و کاری هونەری پێشکەش خەڵکی کردووە ، لە بەر ئەوەی پارەی تەواوی پێنەبووە بۆ کرینی ، چەندین جار کە پێکەوە کاری بۆیاخکردنمان دەکرد ، رۆژانەکەی خۆی بە کرێکارەکان داوە چونکە نەخۆشیان هەبووە یان مناڵی شیرەخۆرەیان هەبووە ، من باسی چیرۆکێکی خەیاڵی ناکەم ئەمانە بە چاوی خۆم دیومن ، هەموو حەقیقەتن .
 مرۆڤێك بوو لەو زەمەنەدا ،ئەگەر بیویستایە زۆر بە ئاسانی ئەیتوانی بەخاوەنی سەرمایە ببوایە ،ئەوەی کە رێگری بوو بەهای مرۆڤایەتی و کوردایەتی بوو .دەستی هاوکاری بۆ هەموو کەسێك درێژدەکرد . لە رۆژ روونترە لام کە مامۆستا ئارێز بۆ برێك پارە ئەم کارەی نەکردووە ،چونکە وەك ووتم زۆر بەئاسانی ئەیتوانی بەدەستی بکەوێ . کاتێ هەوڵی لەگەڵم ئەدا بۆ ئامادەکردنی پارچە شانۆیی یەك بۆ ئەوەی پێشکەشی بکەم لە ئاکادیمیای هونەرە جوانەکانی بەغدا (بەشێك بوو لە گفتوو گۆی جادوکەرێك لە گەڵ زارادەشت ، لە کتێبی زەردەشت ئاوها دوا) مرۆڤێکی باڵام تیا دۆزیەوە کە ئەستەمە ئازاری گیانلەبەرێك بدات چ جای کوشتنی مرۆڤێ . چەند جارێ لەگەڵم هات بۆ بەغدا لەسەر ئەرکی خۆی و لەوکاتەدا کە بۆخۆی فیرار بوو واتا راکردوو بوو لە خزمەتی سەربازی ، ئەوەی پێی بووتەنها ناسنامەیەکی حزبی دیموکراتی ئێران بوو ، بەو هەموو خاڵی پشکنینەدا سەرباری توندوتۆڵی ودەست رۆیشتووی دەسەڵاتی ئەوسای رژێم گۆی بە گرتن نادا لە پێناو هاوکاری من . کە بەداخەوە دوای ئەو هەموو زەحمەتەش وەرنەگیرام چونکە سەر بە حزبی دەسەڵات نەبووم .بروناکەم کەسیش هەبێ نکۆڵی لە بەرزی هونەرەکەی کاروان عوسمان بکات و تاچەندیش سەرکەوتوو بووە کارەکانی گەواهی بۆ ئەدەن کە کاری مەزنن ونەمرن،کە زۆر بەتامەزرۆوە تا ئێستاش گۆبیستی گۆرانی یەکانیم ،هەر چەند لە کاتی خۆشیدا ساردیەك لەنێوانمان هەبوو ،بەڵام مامۆستا ئارێز بەو پێکەنینە تایبەتەی خۆیەوە کە تائێستا لە مێشکما ئەزرەنگێتەوە ،هەموو جارێ پێی ئەوتم تۆ نایناسی بەباشی ئەو کەسێکی زۆر تایبەتە ،دڵنیام ئەگەر بیناسی خۆشت ئەوێ . بۆیە بەدەر لە هەر شتێ ،من وەك هونەرمەندێك سەیری دەکەم کە بەراستی کاتێ گۆبیستی گۆرانیەکانی دەبم دەزانم کە خاوەن بەهرەو هونەرێکی تایبەتی بووە .
راستی ئەم کارە دەبێ وەك مەتەڵێ بمێنێتەوە وئامادەنیم تەواوی وەردکاریەکانی باسبکەم چونکە من ئەزانم نە لەخزمەتی کاروان عوسمانە و نە شتێکیش لە مەسەلەکە ئەگۆرێ ونە خوێنی ئەو گەنجە خێرلەخۆ نەدیوەش ئەگەرێنێتەوەو نە ئەو کچەی کە لە نێوان ئەم مەسەلەدایە و تێکەڵی ئەم روداوانەیە تا کۆتایی ژیان لە ناوزراندن قورتاری ئەبێ.
سەرەرای ئەم راستی یانەش ، هونەرمەند مرۆڤە و هونەر چەمکێکە جودایە لە بەهای مرۆڤایەتی ، بە واتایەکی تر بۆ دەبێ کەسی هونەرمەند بە وێنەی پەری بشوبهێنین و چاوەروانی ئەوەی لێبکەین کە لە سەرو مرۆڤایەتی یەوە دەبێ رەفتار بکات ‌! رەنگە ئەو چاوەروانلێکردنە هەڵەی ئێمە بێ کە لە مناڵی یەوە وا لامان دوروست بووە کە کەسی هونەرمەند کەسێکی ناسك و خەیاڵی وپاکە .بەڵام لەیادی دەکەین یان پەی پێنابەین کە هەر چی یەك بێت ،دواجار ئەویش هەر مرۆڤە و شتێکی سەیرتر نی یە و باڵا تر نی یە .هەر هونەرمەندێ بگری ژیانی هونەری و ژیانی تایبەتی جودایە ،لەوانەیە ئەو دوو دنیایە زۆر کات تەنانەت دژ بەیەکیش بوەستنەوە . ئەوەی لەسەرمانە دوو شت جیابکەینەوە هونەر و مرۆڤەکەیە ، هونەر بۆ خۆی چەمکێکە و مرۆڤیش دنیایەکی ترە بۆی هەیە زۆر جار تێکەڵ یەكبن و بۆی هەیە زۆر جار لەیەك دووربکەونەوە . هیودارم ئەمەش خاڵی کۆتایی گفتوگۆ ومشتومرێکی بێ هودە بێ .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە