گەندەڵیەكانى بەڕێوبەرایەتى گشتى تەندوستى شارەزوور

Monday, 23/08/2010, 12:00

859 بینراوە


بەناوى دكتۆرەوە بەنایاسایی پارە وەرگیراوە
بە پێى كتابى ژمارە 3202 كەلەبەروارى 26ى6ى2009 دەرچووە لەبەڕێوبەرایەتى گشتى تەندروستى شارەزوور لەسەر حسابى نەخۆشخانەى گشتى هەڵەبجەى شەهید 15 دكتۆر زیادە نوسراوە و مانگانە بۆ هەر یەك لەو 15 نەفەرە بڕى 240,000 دووسەد و چل هەزار دینار دینارىوەرگیراوە بەنایاسایی,سەرچاوەیەك لە ئیدارەى نەخۆشخانەى گشتى هەڵەبجە كە ئامادە نەبوو ناوى بهێنین ئەو زانیاریەى پشت ڕاست كردەوە و ووتى ڕاستە بۆ ماوەى چەند مانگێك لەسەر حسابى نەخۆشخانەى هەڵەبجە 15 دكتۆر نوسرابوو بۆ وەرگرتنى خۆراك بەڵام پاش دروست بوون كێشەیەك لە نێوان بەڕێوبەرایەتى و ئیدارەى نەخۆشخانە ڕێگە لەو كارە گیرا.
گرێبەستى نایاسایی بۆ 4 كچ لە بەڕێوبەرایەتى ئەنجام دراوە
بە پێى یاسایی تەندروستى لەماوەى ساڵانى ڕابردوودا بۆ ماوەى چەند مانگێك بەڕێوبەرایەتى گشتى تەندروستى شارەزوور 4 كارمەندى كچى بە گرێبەستى كاتى لە بەشى تاقیگەى مەڵبەندى تەندروستى شەهید فاتیح دامەزراندووە بۆ هەریەكەیان مانگانە بە بڕى 120,000 سەدو بیست هەزار دینارى ئەمە لە كاتێكدا گرێبەست تەنها لە دەسەڵاتى وەزارەتدایەو بڕى گرێبەستیش 300هەزار دینارە بووە نەك 120 هەزار دینار.
بەڕێوبەرى كارگێڕى بەناوى یاساوە كتابى ناردووە بۆ وەزارەت
بەنوسراوى ژمارە 6667 /ب لەبەروارى 3ى11ى2009 كە پشتگیرییە بۆ كۆمپانیا ,بەرشێوبەرى كارگێڕى لە بەڕوێوبەرایەتى گشتى تەندروستى شارەزوور ئیحسان تەها كار ئاسانى كردووە بۆ (كۆمپانیاى ئەلحورە) بە بێ ئاگادارى بەشى یاسایی بەڕێوبەرایەتى بەناوى ئەوانەوە كتابى پشتگیرى بۆ كۆمپانیاكە كردووە بۆ ئەوەى %30 پارەى ماوەیان لەلاى وەزارەتى تەندروستى وەربگرنەوە,بە پێى زانیاریەكان ئەو كارە لە دواى دەوامى ڕەسمى كراوە ,لێپرسراوى بەشى وورد بینى لەماڵەوە بووە هێنراوەتەوە بۆ ئەوەى ئەویش ئیمزاى بكات ,سەبارەت بەو كارە لێپرسراوى بەشى یاسایی لەكاتى هاتنى لیژنەى وەزارەت و پیشاندانى ئەو كتابدا بێئاگاى خۆى لەوكتابە دەربڕیوە كە لێپرسراوى كارگێڕى ناردوویەتى بۆ وەزارەتى تەندروستى بەناوى بەشى یاساوە. هەروەها بەڕێوبەرى كار گێڕى ئیحسان تەها جارێكیتر بۆ هەمان مەبەست بەنوسراوى ژمارە 6871كەلە بەڕێوبەرایەتى كارگێڕیەوە بەناوى بەشى یاساوە ئاراستەى وەزارەتى تەندروستى كردووە بۆ پشتگیرى لە كۆمپانیاى ناوبرا ,سەرچاوەیەك لە بەشى یاسایی لە بەڕێوبەرایەتى گشتى تەندروستى شارەزوور كە نەیویست ناوى بڵاوبكرێتەوە ئەوەى ئاشكرا كرد كە لەماوەى 4 ساڵى رابردوودا سەدان كارى نایاسایی و تەزویرو ئیمزاكردن بەناوى بەشەكانیتروە كراوە .
بەرپرسى سێ بەشى بەڕێوبەرایەتى پارەى خواردنى خەفارەتیان بۆ حساب كراوە
بە پێى كتابى ژمارە (5336)بەروارى 30-8-2009 كە لە بەڕێوبەرایەتى گشتى تەندروستى شارەزورەوە نێردراوە بۆ بەشى خۆیەتى و چێشتخانە تێیایدا هاتووە و دەڵێت بڕیارماندا بە دابینكردنى خواردن بۆ ئەم كارمەندانەى لاى خوارەوەى دیوانى بەڕێوبەرایەتیەكەمان لەلایەن (كۆمپانیاى ستودە)وە لە ڕۆژى 22-9-2009 بۆ ماوەى 6 مانگ كارى پێبكرێت,ئەمە لەكاتێكدا ئەو سێ كەسە لەبەشە ئیداریكاندا كار دەكەن و سەرفكردنى خواردن تەنها بۆ ئەو شوێنانەو ئەو كەسانەیە كە خەفارەتیان هەیە و لە نەخۆشخانە و مەلچبەندە تەندروستیەكاندا شەو دەمێننەوە.
ئیهمالى لە كڕینى كەلوپەل و ئامێرى نەخۆشخانەى چاو
بە پێى كتابێك كە لە مانگى 9 ى2009 لەوەزارەتى تەندوستیەوە ئاراستەى بەڕێوبەرایەتى گشتى تەنروسى شارەزوور كراوە كە تیایدا ڕەزامەندى لەسەر كڕینى ئامێرو پێداویستى پزیشكى داوە بۆ سەتەرى چاو لە هەڵەبجەى شەهید بە بڕى 170900 دۆلار سەدو حەفتا هەزار و نۆسەد دۆلار,سەرچاوەیەك لە سەنتەرى چاو لە هەڵەبجە شەهید ئەوەى پێڕاگەیاند كە پاش چەندین جار داواكارى و بەداوداچوون و تێپەڕبوونى 10 مانگ بەسەر وادەى ڕەزامەندیەكەیدا بەڵام هێشتر ئەو پارەیە سەرف نەكراوە لەكاتێكدا پێداویستێكى زۆرمان بە ئامێرو پێداویستى پزیشكى هەیە .
لە سنورى بەڕێوبەرایەتى گشتى تەندروستى شارەزووردا دەیان كەس بەنایاسایی پارەى خۆراك وەردەگرن
سەرچاوەیەك لە نێو بەڕێوبەرایەتى گشتى تەندروست شارەزوور كە ئامادەنە بوو ناوى بهێنرێت تەئكیدى لەوە كردەوە كە دەیان كارمەند لەسنورى بەرشێوبەرایەتى بە بێ ئەوەى ناویان لە لیستى خەفارەتدا هەبێت مانگانە لەبرى خواردن پارەیان لە كۆمپانیاكە وەگرتووە ,ئەو سەرچاوە ئەوەشى دركاند كە گومان دەكرێت ئەمە رێكەوتنى نێوان كۆمپانیاكەو بەرپرسانى نەخۆشخانە و مەڵبەندە تەندروستییەكان بێت,كە ڕێكەوتن لە نێوانیاندا هەیە .
چەندین فەرمانبەر بەنایاسایی دەرماڵەى ترسناكى وەردەگرن
چەندین فەرمانبەرى تەندروستى بەنایاسایی لە نێو بەڕێوبەرایەتى تەندروستى شارەزوور %50 دەرماڵەى تەندروستى وەردەگرن .بەڕێوبەرایەتى تەندروستى شارەزوور بە كتابى ژمارە 5627 لەبەروارى 13ى9ى2009 داوا لە وەزارەتى تەنردوستى دەكات بۆ ڕێگەدان بەكاركردنى كارمەندانى بوارى تەندروستى لەبەشە ئیداریەكانى سەر بەو بەڕێوبەرایەتییە لە وەڵامدا وەزارەتى تەندوستى بە كتابى ژمارە 10906 لەبەروارى 16ى9ى2009 كە ئیمزاى جمال مولود ئەحمەد بەڕێوبەرى گشتى كارگیڕى لەسەرە ئاگادارى بەڕێوبەرایەتى گشتى تەندروستى شارەزوور دەكاتەوە كە تەنها 2مانگ لەدواى دەست بەكار بوونى دامەزراوە نوێیەكانەوە ئەو كارمەندە تەندروستیانەى كارى ئیدارى ئەكەن یان دەبێت بگەرشێنەوە بۆسەر كارى خۆیان یان دەبێت دەرماڵەى ترسناكى %50 وەرنەگرن.بە پێى زانیاریەكان فەرمانبەرە نوێیەكان لە مانگى 11 ى2009 دەست بەكار بوون ,بەڵام پاش تێپەڕبوونى 6مانگ بەسەرئەو بەروارەكەى كە وەزارەتى تەندروستى دیارى كردووە هێشتا چەندین كارمەندى تەندروستى كە لەبوارەكەى خۆیاندا كار ناكەن و لە یەكە ئیداریەكاندان بەڵام دەرماڵەى ترسناكى بە ڕێژەى %50ى موچە ئەسڵیەكەى وەردەگرێت.
ڕێكەوتنێكى نایاسایی لە نێوان كۆمپانیاى خۆراك و بەڕێوبەرایەتى گشتى تەندروستى شارەزوور
بە پێى یاساى دابینكردنى خواردن لە نەخۆشخانەكاندا بۆ ئەو مەڵبەنە تەنردوستى و نەخۆشخانانەى كە دەوامى خەفارەتیان هەیە و لەوێ دەمێننەوە 3 ژەمە خۆراكیان بۆ دابین دەكرێت بۆ ئەم كەسانەیە (نەخۆش ,كارمەندى تەندروستى ئیشكگر,دكتۆرى ئیشكگر,كارمەندی بەشە خزمەتگوزاریەكانیتر حەرەس ,پۆلیس ,كارەبایی كاتێك كە خەفەر بن ,خەفەر ئیدارى)بەڵام لە سنورى بەڕێوبەرایەتى گشتى تەندروستى شارەزوردا بە پێى ڕێكەوتنى نێوان كۆمپانیاو بەرپرسە ئیداریەكان ڕێكەوتوون لەسەر ئەوەى كە ئەو كارمەندانەى ناویان نوسراوە,بەڵام خەفارەتیان نییە بە نیوەرى پارەكەى دابەش بكەن واتە كۆمپانیا بڕى 4000 چوار هەزار دینار هەڵبگرێت و كارمەندەكەش كە خەفارەت ناگرێت 3500 سێ هەزارو پێنج سەد دینار وەربگرێت ئەمەش بۆخۆى جۆرێكە لە گەندەڵى كە وەگرتنى پارەیە لەلایەن كۆمپانیاو ئەوكارمەندانەوە كە خەفارەتیان نییە .
بە بێ بینین لەلایەن دكتۆرەوە بە تەلەفوون نەخۆش و بریندار لە هەڵەبجەوە ئیحالەى سلێمانى دەكرێت
بە پێى ئەو نوسراوەى بەردەستمان كەوتووە دكتۆرى پسپۆر بە بێ بینینى بریندار لە ڕێگەى تەلەفونەوە داوا لە دكتۆرى موقیم دەكات كە بریندارو نەخۆشەكان بنێرێت بۆ سلێمانى,دكتۆرێكى موقیم كە ئامادەنەبوو ناوى بڵاوبكەینەوە لەبەشى كتوپڕى هەڵەبجە تەواوى زانیاریەكانى سەبارەت بەو حاڵەتە پشتڕاست كردەوە و ووتى ڕۆژانە گەورەتین كێشەو مەترسى ڕووبەڕووى نەخۆشەكانى ئەم شارە دەبێتە و چەند حاڵەتى مردن بەهۆى نەهاتنى دكتۆرە پسپۆڕەكانەوە ڕوویداوە بەڵام لەبەر ئەوەى خەڵكى هەڵەبجە هۆشیاریان نییە و نازانن بۆیە ئەم كێشە بە چارەسەر نەكراوى ماوەتەوە.
هیچ دكتۆرێك لە سنورى بەڕێوبەرایەتى تەندروستى شارەزوور غیاب نادرێت
لەماوەى ڕابردوودا چەندین جار دكتۆر دەوامایان نەكردووە غیاب بوون بەڵام هیچ دكتۆرێك لەسەر غیابات لێپرسینەوەى لەگەڵدا نەكراوە ,سەرچاوەیەك لە بەڕێوبەرایەتى گشتى تەندروستى شارەزوور زانیایەكەى پشتڕاست كردووە ئەوەشى ئاشكرا كرد بە بەڕێوبەرى كارگێڕى پێشووتر عتا حسن لەبەر ئەوەى دكتۆر غیاب ئەدا لەلایەن بەڕێوبەرى گشتى تەندردوستى شارەزوورەوە لەپۆستەكەى لای دەبات و كارمەندێكى تەندورستى لە سلیچمانیەوە دەهیچنێت و دەیكاتە لێپرسراوى كارگێڕى بەڕیچوبەرایەتى تەنردوستى شارەزوور ,بە پێى ئەو زانیاریانەش كەلە سەرچاوەیەكە لە بەشى یاسا بەدەستمان گەشتووە دەیانجار لیژنە دروست كراوە بۆ سزادانى سەرپێَى دكتۆرەكان و غیابدانیان بەڵام لەلایەن بەڕێوبەرى گشتییەوە سزاى لیژنەكانى هەڵوەشاندووتەوە لەبەر ئەوەى لەلایەن بەرپرسانى حیزبیەوە تەلەفوونى بۆكراوە .
بۆ بینینی به‌ڵگه‌کان تکایه‌ کلیک له‌سه‌ر ئه‌م لینکه‌ بکه‌:
https://www.kurdistanpost.nu/biz/pdf_kp/wazaratitandwrsti.jpg.pdf

-هەڵەبجەى شەهید
[email protected]


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە