به‌ سه‌رکردایه‌تی ته‌های ئه‌حه‌ سمێل، پارتی دیموکراتی کوردستان سه‌رکه‌وتنێکی دیکه‌ی تۆمار کرد

Sunday, 10/02/2013, 12:00

1360 بینراوە


پارتی ئەم جارەش ویستی چاو له‌ سلێمانی سوور بکاته‌وه‌، کەچی خۆی کوێرکرد، ئەوانەی لەبەر دەمی نالیادا گربوونەوە، منداڵه‌ ورتکه‌ و که‌سانی ترسنۆک بوون، که‌ به‌ چاو سوورکردنه‌وه‌یه‌ک، یان بە دوو شوڵک شیری دایکیان به‌ به‌رخۆیان دەهێنایەوە. من "تەهای ئەحە سمێڵ" که‌ ئیستا خۆی کردووه‌ به‌ هه‌ڵۆ، لەخۆی چاکتر دەناسم، ئەو کەسێکە لە دوورەوە لە دووری دووری دوورەوە لە شەڕگەی قەیوان ماوەتی دەڕوانی، تا کاک وەهاب، بەرپرسی سەربازی مەڵبەندی دوو بە قسە شکاندی، ئەو دەم من لەجێگەی تەهای ئەحە سمێڵ زۆر تەریق بوومەوە ، کاک وەهاب پێی ووت: قسەی ناو کتێبم بۆ مەکە، تۆ پیاوێکی ترسنۆکی .
ئەم ئێوارەیە لە ڕێگەی تەلەفیزۆنی نالیاوە تەهام دی ئەو کاتەم بیر کەوتەوە، کە هێندە دووربوو لەشەڕەکانەوە دوورە تۆپیش بەلایدا گوزەری نەدەکرد، ئەو کاتەبوو کە تاڵەبانی ئەم قارەمانەی ناردبوو خۆی و هێزەکەی بەشێک لەپێشمەرگەکانی گەرمیان جێگۆڕکێ پێبکەن.
ئەم ئێوارەیە تەهام دی لە ناو ئاپورەی خەڵکەکەدا ووتم ژیان چەند سەیرە، ڕەنگە ئەم ته‌های ئه‌حه‌ سمێڵه‌ ئه‌گه‌ر تۆپێکی دور بیکوشتایە ئێستا، بە شەهیدێکی قاره‌مان ناویان ده‌هێنا و هه‌زار رۆمان و داستانیان له‌سه‌ری ده‌گێڕایه‌وه‌ و ناوبانگی دەردەکرد.! به‌ڵام وه‌ک وتم ئه‌و له‌ ترساندا خۆی شاردبوویه‌وه‌، ئیستاش دوای ئەو هەموو بازبازێنەی کردویه‌تی دەیەوێت چاوی پارتی هێندەی تر کوێر بکات لە سلێمانی .
ووربوونەوە لە ڕووداوی هێرش بۆ سەر نالیا ماهێتی زۆر مەسەلەمان بۆ ئاشکرا دەکات . پێمان دەلێ پارتی هەڵگری هیچ ئایدۆلۆژیایەک نییه‌، جگە لەوەش هیچ شتێکیان نییە جێگەی شانازیی بێت، چونکە ڕابردووی پڕه‌ لە خیانەتی نیشتمانی و کوشتنی نەیار و تاوان و هێنانی داگیرکەران و شەڕی ناوخۆ و زیندانی نهێنی و دەزگای پاراستن و هەراجی کوردستان. حیزبی هاوپەیمانیشیان جگە لەوەی هەزاران سەروەری و شەهید مێژوویەتی، ئەمڕۆ بۆتە شێری کارتۆنی بەردەستی پارتی. بۆ نموونە: کاتێک ئەرسەلان بایز لەژوورەکەیدا وێنەی "مەلامستەفا"ی لابردبوو ئەمڕۆ لەپشت سەریەوە مەلامستەفایەکی هێندە ڕەنگا و ڕەنگی گەورەیان داناوە کامێراکە چۆن وێنە بگرێت ناتوانێ خۆی لە دەست وێنه‌ گه‌وره‌که‌ی مه‌لا مسته‌فا قوتاربکات. ئۆپۆزیسیۆنیش هیچ ، ئەو چەند ئۆپۆزیسۆنەی لەپەرلەماندا زوو زوو قسەدەکەن قسەکانیان ڕێک لەبەر وێنەی مەلا مستەفا ده‌یکه‌ن، ئه‌و مه‌لایه‌ی بێ ئەوەی قسەیەک بکات میللەتێکی جێهێشت . من لەجێی شێرکۆ بێکەس و ئه‌و شاعیرانه‌ی تر بوومایه‌ لەسەر ئەو هۆنراوەیەی بۆ ئەو پیاوەیان نووسی وازم لە هۆنراوە نوسین دەهێنا و داوای لێبوردنم لە خوێنەرەکانم دەکرد. دەمەوێ بڵێم لە کاتێکدا پارتی هیچ باوەڕێک لە هەناوی دا نەبێت و تەنها مەلامستەفایەکیان هەبێت، هه‌ڵبه‌ته‌ هه‌قی خۆیه‌تی ته‌های ئه‌حه‌ سمێل ده‌نێرن، تا شه‌ڕی  مه‌لا مسته‌فایان بۆ بکات، جاران شه‌ڕی دژی بنه‌ماڵه‌ و سیمبوڵی بارزانی ده‌کرد، ئه‌مڕۆ پێچه‌وانه‌که‌ی ده‌کات!

ئەگەر کەسێک لەداخی ئەو هەموو نەهامەتیی و دەردەسەریە قسەیەک بە بارزانیی بڵێت کە لە لێقەوماندا خەڵکەکەی جێ هێشت و ئاشبه‌تاڵی کرد، خۆ کفری نەکردوە، ئەوە خەڵکە، که‌ تا ئێستا بکوژەکانی ڕێژوان و گەرمیانتان نەداوەتە دادگا، ئەی چۆن شەرم ناتانگرێ باسی ئەوە دەکەن کە "هیچ هێزێک نییە سلێمانی لە پارتی دابڕێت". سلێمانی ئەم جارە قەدەری خۆی دیاری دەکات ، با پارتی لەوە دڵنیا بێت، بەوەش بەهەڵەدا نەچێت کە ئۆپۆسیسیۆنی ڕام کردوە ، ١٧ی شوبات لە پێشمانەوەیە و هەرگیز بیرمان ناچێت ، ئەی بۆ وێنە گرتن مەسعود بارزانی خۆی کوڕەکانی نایەن بۆ سلێمانی لە١٧ی شوباتدا ، بێن و لە سەربانی مونەزەمەوە بە دوربین سەیری شه‌قامی مەولەوی بکەن ؟
پەندێکی کۆری هەیە دەڵێ "تینوو هەموو هۆشی لای ئاوە" بەڵام ٢٢ساڵە ئێمە هۆشمان لەلای ڕزگاربوونە لەدەست ئێوە، کە هاتوونەتە سەر حازری، ئێوە هاوەنێکی سەنگەر ڕووخێنیشتان لەلاوە نەتەقیوە، ئیتر بۆ بەرۆکمان بەر نادەن ؟
ڕووی دەمم لەپارتی دەکەم و دەڵێم یەکێتی و کۆمەڵەی ڕەنجدەران چەندە سودیان لە"تەهای ئەحەسمێڵ" کرد دڵنیاتان دەکەم ئێوەش هەر ئەوەندە لە تەها دەچنەوە .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە