ئایا یەکێتی بوەتەوە بە خۆی؟

Sunday, 09/06/2013, 12:00

1800 بینراوە






دوای ئەوەی دەستەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەسەر زاری خوینەوارترین و دیارترین کەسیانەوە ڕایگەیاند کە کاندیدی ئەوان بۆ سەرۆکی هەرێم تەنیا بەرزانیە چەند گۆڕانکاریەک ڕویان دا، لەوانە بۆ یەکەمجار ناچاربونی هەمان دەستە بە گوێگرتن لە داواکاریەکانی خوارەوە و ملدان بۆ داواکاریەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی.

دواجار یەکێتی هەوڵی دا خۆی لە دەست پارتی قوتاربکات و ئیرادەی ئەندامەکانی گوێ لێبگرێت. خۆقوتارکردن بەو مانایەی کە لە هەندێک داواکاری و فشارەکانی پارتی خۆی بدزێتەوە و بڵیت نا!

بەڵام ئەو نا یەی چۆن بەیان کرد؟

لە بری ئەوەی بە شێوازێکی هێمنانە بەڵام پڕ لە دەلالەت و ڕون بیخاتە ڕوو ئەوەبوو لە یادکردنەوەکانی حیزبەکەیدا بە حەماس و دەستەواژەی کۆن وتی نا. لەلایەک گوترا کە یەکێتی پاشکۆی پارتی نییە و لە لایەکی تریشەوە بە حەماسەوە گوترا کە دەستور دەبێت بگەڕێنرێتەوە پەرلەمان.
لایەنی سێیەمیشیان کە عەدنان موفتی بوو باسی لە سازانی نیشتمانی کرد!
ئەم نا گوتنانەش هێندەی پەیامێک بوون بۆ لایەنگرانیان ئەوەندە پەیام نەبوون بۆ شەریکە ستراتیجیەکەیان.
دەکرێت کۆششەکانی ناو یەکێتی بۆ ئەو نا گوتنە لە دوو دیدی جیاوە ببینرێت، یەکەمیان کە نا ی ئەندامەکانی خوارەوە و ئەنجومەنی سەرکردایەتیەکەی بوو، ئەویتریشیان نا ی ئەندامەکانی مەکتەب سیاسیەکەی بوو.
نا ی ئەنجومەنی سەرکردایەتیەکەی لە پەرۆشیەوە بوو بۆ هەلومەرجەکە و بۆ ڕێگەگرتن لە مەرامەکانی پارتی بۆ خۆ سەپاندنی یەکجارەکی و، سنوردانانێکیش بوو بۆ ئەو متمانە بەخۆنەبونەی کە وەکو پەتا مەکتەب سیاسیەکەی گرتبوەوە و خۆشی کردبووە بڕیاردەر و، نا کەی تریش نا ی مەکتەب سیاسیەکەی بوو کە بە سێ شێوازی جیاواز بەیان کرا. کۆسرەت رەسوڵ بە حەماسەوە دەربڕینی لێکرد و مەلا بەختیار بە شێوازێکی نەرم و، عەدنان موفتیش بەشێوازێکی نزیک لەوەی خۆی لەدەرەوەی میحوەری ئەوانی تردا ببینێتەوە و واش کە پشتی لەلایەن پارتیەوە قایم بێت و نازی پێوە بکات!

یەکێتی بوەوە بە خۆی لەوەدا کە پەنای بردەوە بەر شەڕە پەڕۆکە، بەڵام نەبوەوە بە خۆی لەوەدا کە ئەنجومەنی سەرکردایەتیەکەی ئیرادەیەکی نوێیان نیشاندا و ئەوەش یەکێتی بیەوێت یان نا دەچێتە خانەی دەرەوەی سیاسەتی یەکێتی نێو یەکێتی، دیارە بەو مانایە نا کە دوبەرەکی دەخاتە نێو یەکێتیەوە بەڵکو بەو مانایەی کە هەوڵێکی بۆ نوێکردنەوەی یەکێتی پێیە!

هەردوو نا کەش بە بیانووی ئەوەی تەعبیر لە خواستی تاڵەبانی دەکەن بیانوویان بۆ هێنرایەوە، ئەوەش ترسە لەوەی تاوانبار بکرێن بەوەی یەکێتی نێو یەکێتیان پشتگوێ خستووە، یان وەکو گوشار بۆ سەر ئەوی تری بەکاردێنن.

ئەو نا یە زیاتر هەوڵدانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی لەلایەک و لەلایەکی تر مەکتەب سیاسی بوو بۆ نواندنی هێز لە بەرانبەر ئەوی تردا. ئەنجومەنی سەرکردایەتی لەو ڕوانگەیەوە کە بە پێی پەیڕەو بڕیاردەرە و مەکتەب سیاسیش بەو مانایەی کە خۆی بکاتە بڕیاردەر لەدەرەوەی پەیڕەو.

لە دوای حەڤدەی شوباتەوە یەکێتی لە گینگڵی خۆ ساقکردنەوەدابووە و تا هەنوکەش ئەوەی بۆ ئەنجامنەدراوە. هێشتا مەکتەب سیاسیەکەی قەرزاری ئەو تاوانانەن کە لە ١٧ شوباتدا ئەنجام دراون. دیارە لە لایەن هەموو ئەندامەکانیەوە نا!

یەکێتی دەبێت سوپاسی هەموو ئەوانەش بکات کە مەلا بەختیار بە فاڵچی ناویان دەبات، کە لە ١٧ ی شوباتەوە پەنجەیان خستۆتە سەر ئەو مەترسیانەی لەسەر یەکێتین بە هۆی پاشکۆبونیانەوە بۆ پارتی، ئەو فاڵچیانە نەبونایە یەکێتی هەستی بەخۆی نەدەکرد تا بەتەواوەتی تەسلیمی پارتی دەبوو.

یەکێتی هێشتا لە کێشمەکێشێکی ناوخۆیی زۆر سەختدا خۆی دەبینێتەوە و سنوری مانەوەی لە ڕابوردودا تێنەپەڕاندووە. ئێستا پەتڕاکێشانەکە لە نێوان بونەوە بە خۆیی و نەبونەوە بەخۆیدایە، گەر ببێتەوە بە خۆی ئەوا یەکێتی لە نزیکترین کاتدا دوچاری کێشە کۆنەکانی خۆی دەبێتەوە و گەر نەشبێتەوە بەخۆی ئەوا شانسی نوێبونەوە و دوبارە دروستبونەوەی بەهێزە.


لەڕووی کردارەوە هێشتا یەکێتی هەر پاشکۆی پارتییە، خۆ بەوە نییە کەوتونەتە خۆیان.

ئەو خۆ نواندنانەی ئەم دواییانە ئەوەندەی دەربڕین لە ململانێ نێوخۆییەکانیان دەکات ئەوەندە دەربڕین لە نوێبونەوە ناکەن، جارێ یەکلانەبۆتەوە کام ڕێگە هەڵدەبژێرێت. هێڵی ڕوون ئەوەیە بە بێ پێچوپەنا و بێ ئیستفزاز هەڵوێستی خۆی دیاری بکات، نەک بەوەی لەلایەک هێزی خۆی بەرانبەر پارتی و لەلاکەی ترەوە بەرانبەر گۆڕان نیشان بدات. سیاسەتی ڕوون ئەوەیە هەڵوێستی خۆی لەسەر کێشەی دەستور و سەرۆکایەتی و پابەندبون یان نەبونەوە بە پارتی دیاری بکات بەبێ ئیستعرازی هێز و خۆ نواندن. هێڵی ڕوون وەکو ئەوەی گۆڕانە، خۆ چەکیشیان پێ نییە بەڵام بەرنامەکەیان ڕوونە.


دەتوانم بڵێم کە یەکێتی هێشتا نەبوەتەوە بەخۆی کە ژیانەوەیە لە نێو سەروەریەکانی رابوردویدا و، نەشبووە بە غەیری خۆی بەو مانایەی کە سەروەریەکانی رابردووی تەنیا وەکو مێژو سەیربکات و دنیابینیەکی نوێ بۆ خۆی داڕێژێت کە تاکە پەنجەرەی دەبێت بۆ هەڵکشان و چونە نێو ئێستاوە.
داواکاریەکانی سەردەم ئەوەیە کە کۆمەڵگەیەکی دڵنیا مەیسەربکرێت لە ڕێگەی سیستەمێکی دیموکراتی پەرلەمانی ڕاستەقینەوە نەک وەک ئەوەی ئێستا. گەر یەکێتی ئەوانەی کردە ئامانج ئەوا ئیتر دەبێت میکانیزمەکانی گەیشتن بەو ئامانجانە دیاری بکات کە ئەوانەش لەڕێگەی ئیستفزاز و هیز دەرخستنەوە نابێت بەڵکو لە خۆ سەربەخۆکردنەوە دەبێت.

یەکێتی دەبێت خۆی لەو فشارە دەرونیەش ڕزگاربکات کە هێزی ڕاستەقینەی خۆی بزانێت چونکە ئەوە گرنگ نییە گرنگ ئەوەیە کام سیاسەت دەگرێتە بەر.





نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە