سەعەی هاوڕێم 2

Thursday, 04/04/2013, 12:00

1589 بینراوە





سەعەی هاوڕێم بۆی گیڕامەوە و وتی:-
شەو درەنگە دونیا خامۆشە، لە سەر جێ درێژ بوومە و چرکەکانی پێش نوستنمە، گوێم لە پشیلەیە ئەوەڕێ ، سەگ ئەمیاوێنێ، کەڵەشێر لە شیرین خەوە و مریشکەکان پاسەوانن..........
لاتان سەیر نەبێ ئێرە کوردستانە!!!! هیچ کەسێ گونجاو لە شوێنی گونجاو نیە و کەسیش لە بواری زانستی و شارەزایی خۆی کار ناکات!!! بۆیە ئاژەڵەکانیش ئەڵێن:-
- بۆ لە ئێوە عادەتە و لەئێمەش عیبرەتە؟؟!!
لەگەڵ هەناسەیەکی ساردەوە و بە دڵێکی پڕ کەسەرەوە بۆ ئەو هەموە حەیفەی کە لەم کوردستانە شیرینەیا هەیە و کۆتایی پێ ناهێنن، چاوە کزە ئاوات نەدیتەکانم پێڵۆکانی نایە سەر یەك چومە ناو خەوێکی ئەرخەوانی خۆش.
لە پڕ هەستم بە دەستێکی نەرم و ناسك کرد گەشتێكی پڕ سۆز ئەکات لە ناو شەقامەکانی قژە زوو سپی بووەکەم و نەغمەیەکی ناسکیش ئەچرپێنێ بە گوێما:-
ئــازیــز ئەوا کاتژمێر حەوتە، خواردنم ئامادەکردوە و هەستە با دوا نەکەوی لە دەوامت، (لە دڵی خۆما وتم: ئەمە حەلەی ژنمە؟!! دیارە ئاخیر زەمان نزیك بۆتەوە چونکە هەرگیز شتی وای نەکردوە و لێشی ناوەشێتەوە بیکا).
تا من نانەکەی بەیانیم خوارد چالاکانە هەستا کراس و پانتۆڵی بۆ ئوتو کردم و پێڵاوەکەشی وەها جوان بۆیاغ کرد و سڕێوە پێم حەیف بوو ئەو پێیە چڵکنانەی خۆمی تێکەم. بەر لەوەی لە ماڵیش دەرچم دوو ماچی رەنگینی لە سەر روومەتە سیسەکانم نەخشاند و وتی:-
- گەر دەوامت تەواو بوو زوو وەرەوە بیریت ئەکەم!!!!!
بە چواردەورەی خۆما ئەمڕواند تا بزانم لەگەڵ منێتی یان کەسێکی تر هەیە لەگەڵمانا. هاتمە دەرێ و بڕوام بەخۆم نەئەکرد کە ئەم نەفرەجایە بۆتە دەنکە هەنارە!!!! ئۆتۆمبیلەکەم شورابوو ، چەپکە نێرگزێکیش لەسەر دەشپول داندرابوو. کەوتمە رێ و رادیۆم کردەوە تا گوێبیستی هەواڵەکانی ئەمڕۆبم سەیروسەمەرم پیست:-
- حکومەتی هەرێم بڕیاریدا پارەی داهاتی هەناردەی نەوتی کوردستان داپەش بکا بە یەکسانی لەسەر هاوڵاتیان و هەموو کەسێ مانگانە لەگەڵ پسولەی خۆراك بڕە پارەی خۆی وەرەگرێ!!!!!!!!!!!!!!!!! لەخۆشیا پڕ بە دەنگ هاوارم کرد بژی یابان!!!!
- بیمەی بێ کاری بۆ هەموو کەسێ سەرف ئەکرێ تا کار ئەدۆزێتەوە و مناڵیش تاکو تەمەن 18 ساڵی مەنگانەیەکی تایبەتی خۆی هەیە لە حکومەتەوە!!!!!! ئەمجارەیان دەسم لەسەر هۆرن دانا و کردم بە بەزم و رەزم و وتم بژی ماهاتما غاندی (لێم مەگرن تێکچوم لە خۆشییا).
- وەزارەتی رۆشنبیری رایگەیاند کە نەورۆزی داهاتوو هەر چوار پارچەکەی کوردستان بەیەکەوە ئاهەنگ ئەگێڕن و باراك ئۆباما و جنێڤەر لۆپێزیشیان بانگهێشت کردوە و ئەوانیش بە جلی کوردێوە بەژدار ئەبن. لە تاوا ئەمجارەیان دەستم کرد بە حەیران گۆتن (حەیران دەرێێێێێێم براینە برادەرینە،
نەورۆز نەورۆزە
شاییە رەشبەرەکە جەژنە پیرۆزە
ئۆباما سەرچۆپیکێشە و گاوانیش لۆپێزە!!!! (دەنگت نەڕزێ سەعە).
- وەزارەتی کارەبا رایگەیاند کە ئیتر کارەبە 24 کاتژمێر دەبێ و لە مانگی داهاتوشەوە کوردستان کارەبا دەفرۆشێتە تورکیا و سوریا و ئێران و مالیزیا. بە دەستی خۆم نەبوو گریام و وتم رەحمەت لە گۆڕت خاڵە ئەدیسۆن دەبی سەرت بەرز بێ بە بەرپرسانی کورد و ێۆمال!!
- وەزارەتی تەندروستی بڕیاریدا کە لەمەودوا چارەسەر و دەرمان بە خۆڕایی ئەبێ بۆ هاوڵاتیانی کوردستان!!! (لێدە سەعە ئیتر بە کەیفی خۆت شیرینی و سوێری و چەوری بخۆ و خەمی جەڵتەت نەبێ چونکە خەمخۆرت بۆ پەیا بوو).
- وەزارەتی پیشەسازی رایگەیاند کە 88 کارگەی گەورە لە کوردستان ئەکرێتەوە و بێ کاری نامینێ و ئیتر کرێکاری ئۆروپیمان پێویست ئەبێ!! (کرێکارانی جیهان ئیتر تێر کەباب ئەبن).
- یانەی هەولێر بووە پاڵەوانی ئاسیا و دهۆکیش پلەی دووەمی بە دەست هێنا لە فوتبۆڵ، (کورە بتخۆم مارادۆنا).
پاش ئەم هەمووە هەواڵە فێنك و خۆشانە رادیۆکەم کوژاندەوە و ئەندازەی سەرسامیم وەکو پەرلەمانتارەکانمان بوو کاتێ کە گوێیان لێ بوو سەرۆك خۆی کاندید ناکاتەوە بۆ پۆستەکەی لە هەڵبژاردنی داهاتودا. هەروەها سیمای حزبی لە دامودەزگا حکومیەکان نامینێ.
گەیشتمە ترافیك لایتێ و بینیم دوو وەزیری بەڕێز وەك هاوڵاتی ئاسایی لە ناو ئۆتۆمبێلەکەیان لە سور راوەستاون و چاوەڕێی سەوز ئەکەن!! سەرۆکی پەرلەمانیش بە سواری پاسکیل بەرەو پەرلەمان ئەچێ!! شەقامەکان خاوێنە و خەڵکی دەبە ئاوە بەتالەکان و کلێنێکسی پیس فڕێنادەنە دەرەوە لە جامی سەیارەکانیانەوە. ئەم بەیانیە گوێم لە هۆرنی ئۆتۆمبیلەکان نەبووە و شۆفێرەکان هەستیان کرد کە ئەم زەڕڕەی هینە خەلکی نا ئارام دەکات!! لە دڵی خۆمەوە وتم 100 رەحمەت لە گۆڕت مامۆستا قادر کابان چەن دوور بین بووی کە ئەدووت :- جادە چۆڵ و سێبەر بوو.......... پڕ بە دڵ حەزم ئەکرد بچم بۆ گۆڕستان لە دیار گۆڕەکەی باپیرم بوەستم و بڵێم حاجی گیان هەستەوە هەر ئەدووت :- کورد قەد نابێ بە هیچ چونکە نەفام و خۆخۆرین. عەفوت فەرموو، هەستەوە تەماشاکە ئەمڕۆ ئەوەندە هۆشیار و فامدارین وەکو نافورە زانست و ئەدەب و رەوشتبەرزیمان لێ ئەتکێتەوە. میللەت هەمووی نەرم و ئارامە، کەس دەنگی بەرز ناکاتەوە.
لە پڕ گوێم لە هاوارێك بوو تەختی ئارامی و بێدەنگی روخاند و خاپووری کرد:-
- کورە سەعە پرچت بە بڕینچێ هەستە لە خەو ئەوا سەعات هەشت و نیەو ئەی کەی ئەچی بۆ دەوام هەی زەغەلی تەمبەڵ؟! رەبی خوا لە کۆڵمتکاتەوە پێم بڵێن بێوەژنەکەی سەعە گێژ!!
راچەنـیـم لە جـێ کە روانـیـیـم ئەوە
بۆم ئاشکرا بوو هەرچیم دی خەوە




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە