دەركردنی پەنابەرانی ئێرانی لە عێراق بۆ چیە؟

Thursday, 07/05/2009, 12:00

1924 بینراوە


زانا هەورامی پرسی ئێرانیە پەنابەرەكان لە عێراق و بە تایبەتی دانیشتووانی كەمپی ئەشڕەف، تا ئەو كاتەی دەسەڵاتی عێراق بە دەست هێزەكانی فرەڕەگەزەوە بوو، هەر چەند پرسێكی لە بیركراو بوو بەڵام لە ژێر سایەی هەبوونی هێزەكانی فرەنەتەوە و وریایی و هەوڵ و تێكۆشانی خۆیان و هاوسۆزیی خەڵكی عێراق، ئێران نەیدەتوانی بە ئارەزووی خۆی دەستیان بۆ بەرێت و هەڕەشەیان لێبكات. بەڵام ئەم رەوشە بە گواستنەوەی دەسەڵات بۆ عێراقیەكان لە یەكەمی كانونی دوهەمی ئەمساڵەوە چۆتە قۆناغێكی ترسناك كە گەر پێشی پێ نەگیرێت كارەساتێكی گەورەی لێدەكەوێتەوە.
ئێران دەیەویست و لەم ساڵانەشدا كاری زۆر بۆ كرد كە هێزەكانی ئەمریكا خێراتر لە عێراق دەربچن. ئەمەش گەرچی شكستی هێنا و رێككەوتننامە ئەمنیەكی نێوان ئەمریكا و عێراق ئیمزا كرا، بەڵام لە یەكەمی كانونی دووهەمەوە كە دەسەڵات رادەستی عێراق كرایەوە، یەكەم پلانێك كە لە عێراق و پەیوەندیدار بە رژێمی ئێران خرایە قۆناغی جێبەجێكردن، پلانی دەركردنی پەنابەرە ئێرانیەكان و بە تایبەتی دانیشتووانی كەمپی ئەشڕەف بوو لە عێراق. پلانێك كە چەند هەفتە دواتر، عەلی خامنەیی لە كۆبوونەوە لەگەڵ سەركۆماری عێراق پەردەی لەسەر لادا و دەركەوت كە پلانی دەركردنی ئێرانیە پەنابەرەكان لە عێراق لە بنەڕەتدا پلانێكی ئێرانیە كە سەپێنراوە بەسەر دەوڵەتی عێراقدا.
راستی لەبەر چی ئێران دەیەوێت ئێرانیە نەیارەكانی خۆی لە عێراق دەربكات؟ ئەمانە كە هیچ كێشەیەكیان لەگەڵ حكومەتی عێراق نەبووە و نیە. بۆ خەڵكی عێراقیش هەروەسا. كەوابێت چ بووە ئێران ئاوها تۆقاوە لە هەبوونی ئەوان و مانەوەیان لە عێراق؟
ئێرانیە نەیارەكان كە هەندێكیان بۆ ماوەی 26 ساڵە لە عێراقدا دەژین، كەسانێكن خاوەن ئەزموون دەربارەی ئەم رژێمە لە سەر خاكی خۆیاندا. زۆرێك لەوان ژمارێك لە ئەندامانی بنەماڵەكانیان لە لایەن دام و دەزگاكانی ئەم رژێمەدا ئەشكەنجە دراون و ئیعدام كراون. ئەوان خاوەن زۆرێك ئەزموونن دەربارەی رووبەڕووبوونەوە لە بەرانبەر ئەم رژێمەدا و لەمەڕ پێناسە و 30 ساڵ دەسەڵاتی ئەم رژێمەدا زانیاریی باوەڕپێكراویان هەیە و گەر ئەم ئەزموون و زانیارییانە بگوازرێتەوە بۆ خەڵكی عێراق و لایەنە سیاسیەكانی، ئەوا ئەو خەونەی كە ئێران بینیویەتی بۆ عێراق و عێراقیەكان دەڕەوێتەوە و هەموو ئەو سەرمایەگوزارییەی ئێران بەبا دەچێت. هەروەك لەم شەش ساڵەی رابردوودا، بەشێكی زۆر لەم ئەزموونانە گواستراوەتە. دەربڕینی هاوسۆزی 3 ملیۆن شیعەی عێراق و 5 ملیۆن كەس لە خەڵكی ئەم وڵاتە بۆ ئۆپۆزیسیۆنی ئێران و مەحكومكردنی دەست تێوەردانەكانی ئەم رژێمە لە كاروباری وڵاتەكەیان بەرهەمی گواستنەوەی ئەم ئەزموونانەیە كە ئەمەش بۆتە هاوبەندییەكی بەهێز لە نێوان دوو گەلی عێراق و ئێران. هاوبەندییەك كە تیایدا زۆرینەی خەڵكی عێراق لە ئاست مەترسیەكانی ئێران بەئاگان و ئۆپۆزیسیونی ئێران بە هاوپەیمانی خۆیان دەزانن و مانەوەیان وەك پێویستییەك بۆ نەجاتی وڵاتەكەیان لە بەرانبەر فرەخوازییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران. خەڵكی عێراق و لە پێشەوەی هەمووان، كورد بە پشت بەستن بەم راستییە بوو كە رێككەوتننامە ئەمنیەكەی نێوان ئەمرێكا و عێراقی واژۆ كرد.
كەوایە ئێران بۆ زاڵبوون بەسەر عێراق و چارەنووسی عێراقیەكاندا پێویستی بەمە هەیە كە ئەم كۆسپە، واتا ئێرانیە نەیارەكانی خۆی لە سەر رێ لابدات تا بتوانێ هەروەك لە ئێران دەستكەوتەكانی شۆڕشی 1979ی لە خەڵك رفاند، دەستكەوتەكانی خەڵكی عێراقیش بە رێگەی دەست و پێوەندەكانیەوە بڕفێنێت و گەر تیاشیدا سەركەوت هەنگاوی دی بنێت.
یەكەم جار كە عەبدولعەزِیز حەكیم سەرۆكایەتی یەك مانگەی ئەنجوومەنی حوكمی عێراقی بەدەست بوو لە دیسامبری 2003 بە ئەمری عەلی خامنەیی ئەوندە بە خێرایی و بە هەڵەداوان حوكمی دەركردنی موجاهیدینی خەلقی لە ماوەی20 رۆژدا دەركرد كە هەموو لایەك سەریان سوڕما و واقیان وڕما. ساڵ هات و ساڵ تێپەڕی و ئەوان مانەوە و مێژوو و خەڵكی عێراق بە ردێنی مەلاكانی دەسەڵاتدار لە ئێران و دەست و پێوەندەكانیان پێكەنین!
ئەمجارە و لە دوای گواستنەوەی دەسەڵات بۆ عێراقیەكان لە یەكەمی كانونی دووهەمی 2009 ئێران بە قۆستنەوەی هەلەكان، زۆر شێتانە بۆ دەركردنی ئێرانیە نەیارەكان لە عێراق دەركەوت كە چی دی نەیدەتوانی مانەوەی ئەوان لە عێراق قبوول بكات و هەر بۆیە بڕیاری دا بە هەر نرخێك بێت دەبێ دەربكرێن و بە رێگەی جیاجیاش هەڕەشەی لە دەوڵەتی عێراق كرد كە دەبێ كار بكات بۆ دەركردنی دانیشتووانی كەمپی ئەشڕەف لە عێراق. بۆ ئەم مەبەستە هەموو هێز و ئیمكانیاتی خۆی خستەگەڕ و لە گوشارهێنانی هەرە ناشیرینیش سڵی نەكردەوە و بە رێگەی موەفەق روبەیعی، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەییەوە هەڕەشەی لێكردن كە گەر لە عێراق دەرنەچەن ئەوا كارێك دەكەن كە بەرگەی مانەوە لە عێراق نەگرن (تەلەڤیزیۆنی ئەلفوڕاتی ئەنجوومەنی باڵًای شۆڕشی ئیسلامی عێراق). ئەم رژێمە بۆ جێبەجێكردنی پلانەكەی، پارەیەكی زۆری خەرج كرد و بەڵێنی زۆرێك پۆست و مەقامی دا بەم و بەو. هەر بۆیە بە هەڵكەوت نیە كە موەفەق روبەیعی، كە پۆستی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەی بە كۆڵەوەبوو بە نایاسایی، بەمجۆرە شێتانە و بێشەرمانە بووە سەرپەرشتی بەرەوپێشبردنی ئەم پرۆژەیە و لێرە و لەوێ هەڕەشەی لە دانیشتووانی كەمپی ئەشڕەف دەكرد و وادەی كۆتاییهاتنێكی خێرای دەدا دەربارەی مانەوەیان لە عێراق. ناوبراو بە جۆرێك مامەڵەی دەكرد كە وەك بڵێی هیچ خوێنێكی عێراقی لە رەگیدا نەبێت. گۆڤاری لڤین لە ژمارە 62 لە بەرواری 1ی مارسی 2008دا نووسی: تەنانەت سەرۆك عەشیرەتی روبەیعی ئەوەی رەت كردەوە كە موەفەق روبەیعی سەر بە عەشیرەتی ئەوان بێت.
سێ مانگ دواتر و لەم رۆژانەی دواییدا میدیاكان نووسیان كە لە سەر داخوازیی پەرلەمانی عێراق و رەزامەندیی سەرۆك وەزیرانی ئەم وڵاتە، موەفەق روبەیعی لەسەر كار لابرا. تەلەڤیزیۆنی ئەلعەڕەبیە رۆژی 28ی نیسان رایگەیاند: هەندێك دەڵێن كە پێًداگریكردنی موەفەق روبەیعی بۆ هاوكاریكردنی ئێران و بۆ گوشارهێنان بۆ سەر موجاهیدینی خەلق، خانەنشینكردنی ناوبراوی پێش خستووە. دەوری روبەیعی لە هاوكاریكردنی ئێران بووە هۆی ئەوە كە لە ئاستی ناوچەكە و جیهاندا، وەك كەسێكی نەفرەتبار تەماشای بكرێت. بە لابردنی روبەیعی، پڕوپاگەندەكانی ناوبراو دژ بە پەنابەرە ئێرانیەكانی دانیشتووی كەمپی ئەشڕەف وەك بڵقی سەر ئاو تەقان و دیار نەمان. مرۆڤ دەبێ چەن پەست بێت كە بۆ مانەوە لە پۆست و مەقامدا، بەمجۆرە سنووری مرۆبوون و پرەنسیبەكان بخاتە ژێًر پێ و سیمای جەللادێك بە خۆیەوە بگرێت. بێگومان لابردنی ناوبراو، شكستێًكی گەورەشە بۆ رژێمی ئێران.
روونە كە خەڵك و لایەنە سیاسیەكانی عێراق بۆ داكۆكیكردن لە مانەوەی ئێرانیە پەنابەرەكانی نەیاری رژێمی ئێران لە خاكی وڵاتەكەیان تەنیا نین. ئەوەتا پەرلەمانی ئەورووپاش كە نوێنەرایەتی سەدان ملیۆن كەس دەكات، لە كۆبوونەوە فەرمیەكانی خۆیدا لە ستراسبورگ لە رۆژی 23ی نیسانی 2009، بڕیارنامەیەكی گرینگی پەسند كرد دەربارەی دەستەبەركردنی پاراستنی كەمپی ئەشڕەف، جێگوڕكێ پێًنەكردنی دانیشتووانی ئەشڕەف و دەستەبەركردنی سەرجەم مافەكانیان بە پێی كۆنوانسیۆنی چوارەمی ژنێڤ و كۆنوانسیۆنی پەناهەندەیی 1951. لەمەودوا دەگەڕێتەوە بۆ حكومەتی عێراق چەند پابەند بێت بە خواستی گەلەكەی خۆی و ئەورووپاییەكان و یاسا نێودەوڵەتیەكان!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە