سەرم لەم ئیسلامە سوڕماوە؟

Monday, 13/01/2014, 12:00

1543 بینراوە



ڕۆژانە زانیاری سەیرو سەمەرە و جۆراو جۆر دەبیستم و بە دەستم دەگات بەڵام بە هۆکاری نەبوونی فەزایەکی ئەمنییەتی لە هەرێمی کوردستان زۆرجار خۆمیان لێ بەدوور دەگرم و واز لە بڵاوکردنەوەی زنیاریەکان دێنم جاری واش هەیە ئازاری ویژدانم بە پێنوسەکەم دەڵێت ڕاستییەکان بدرکێنە. لە ئێستادا لە زوربەی ناوچەکانی کوردستان زەوی و زار بووەتە سامانێکی بەربەرەکانێ ی نێوان هۆزو عەشرەت و بنەماڵەکانی ناوچە گوندنشینەکانی هەرێمی باشوری کوردستان بەگشتی.
هەر لەو چوار چێوەیەشدا بەشێک لەو هۆزو عشرەت و بنەماڵانەی ناوچە گوندنشینەکانی هەرێمی کوردستان، کاتێک زەوی و زارەکانیان دەفرۆشن بە کۆمپانیا پیشەسازیی و وەبەرهێنەرەکان، ئافرەتەکانیان لە وەرگرتنی پشکی فرۆشتنی ئەو زەوی و زارانە لە مافەکانیان بێبەری دەکرێن واتا لە مافی پێدانی ئیرس مافی ئافرەتەکانیان بە تەواوەتی پێشێل دەکەن و تەنانەت پابەند نیین بەو دیینەی کە بڕوایان پێی هەیەو بەردەوام ئەچنە مزگەوتەکانەوە عیبادەت دەکەن. پابەند نەبوون بە پەیڕەو پڕۆگرامی ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە لایان ئەو هۆزو عەشرەت و بنەماڵە گوندنشینانەی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە کە لە ئایینی ئیسلامدا کۆمەڵیک مافی ئینسانی بۆ ئافرەتان دیاریکراوە لەوانە ئافرەتان مافی وەرگرتنەوەی ئیرس یان ئەو سامانەی کە لە لایان باوو باپیرانیانەوە بۆیان بە جێ دەمێنێت مافی وەرگرتنەوەی ئەو پشکەیان هەیە لەو سامانە.
بەڵام ئەو مافە زۆر جار لەلایان کەس و کاری ئافرتانەوە زەوت دەکرێت و پێیان نادرێت. لە ئێستاشدا چەندین کێشەی لەو جۆرە ڕووبەڕووی زۆرێک لە ئافرەتانی ناوچە گوند نشینەکان بوەتەوە، کە وا لە لایان هۆزو عەشرەت و بنەماڵە گوندنشینەکانی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان مافی ئافرەتەکانیان زەوت کردووەو وەکوو بێبەریکردن چاو لە ئافرەتەکانیان دەکەن.
زانیاری ئەوەشمان لایە زۆرێک لەو بەڕێزانە کە وا مافی ئافرەتەکانیان زەوتکردوە ئافرەتەکانیان لە مافەڕەوا ئینسانییەکانیان بێبەری کراون ، هاوکات ئەو بەڕێزانە بەردەوام لە مزگەوتەکان خەریکی تەعات و عیبادەتن.
من لێرەوە داواکارم لە مامۆستایانی ئایینی و وتار بێژانی مزگەوتەکان چاوێک بەم مەسەلەیەدا بخشێنن و بنەماکانی ئایینی ئیسلام بە باشی بۆ کۆمەڵگا گوندنشینەکان ڕۆشن بکەنەوە هاوکات داکۆکی لە مافەئینسانییەکانی ئافرەتان بکەن و ئەو ڕاستیانە ڕوون بکەنەوە کە وا بزاننین ئاخۆ کامەیە و لە کام ئایەت و تەپسەرەدا هاتووە مرۆڤ بەردەوام لە مەزگەوت خەریکی تەعات و عیبادەت بێت و لەلایەکی تریشەوە ئەم شێوە ڕەفتارانەی هەبێت بەرامبەر ئافرەتان
بەهمەن ژاوەرۆیی/ ١٣. ١. ٢٠١٣


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە