رۆژێك بۆ ئێمە ، چوار ساڵ بۆ ئێوە ....

Wednesday, 20/01/2010, 12:00

1439 بینراوە


لە ناو ئەو كەسانەى كە بژێوییان لە ئاودیوكردنى كەلوپەلا هەیە ، واتە قاچاخچین ، ووتەیەكیان كردوەتە یاساو دروشمى خۆیان كە دەڵێن (هەزار جار بگیرێم یەك جار نەگیرێم) ، ئەمانە كە كاریان هێنان و بردنى شمەك و كاڵایە ، جار جار بێ گوێدانە یاسا و باجەكان ئەم كارە دەكەن ، ئەوان كە بە قاچاخ كارەكانیان دەكەن ، مەترسى و كوشتن و دەستبەسەراگرتنى كاڵاكانیان هەیە ، ناچارن كون لە جەرگیاندا نەبێت و چاو قایمانە ئەم كارانە بكەن ، بۆیە ئاساییە بەلایانەوە ئەگەر چەندین جاریش پۆلیسى گومرك دەستبگرێت بەسەر كەلوپەلەكانیاندا ، قایلن قبوڵى بكەن ، بەڵكو خۆیان ماتداوە جارێك لە جاران بارێكیان بۆ دەرچێت ، ئەوە ئیتر دەبن بە ئەستێرەى یەك شەوە و خەنى دەبن ، بۆیە ئەم جارەیان قەرەبووى زیانەكانى جارەكانى تریان بۆدەكاتەوە ، خۆ ئەگەر زەمینەى كاسبى ئازاد و پەیاكردنى تیكە نانى حەڵاڵ لە ئارادا بێت ، خەڵكى چ مەجبوورە ملى رێگەى هاتو و نەهات بگرێت كە زۆربەى جارەكان رۆزییەكەى دەستى بەسەردا دەگیرێت ، لەوانەیە خۆشى تیا بچێت ، یان راپێچى زیندان بكرێت .. ئەمە ئەگەر بۆ قاچاخچیەكان و كەسانى تر راست بێت ئەوا ئێمەى میللەتى كورد خەریكە دەبینە قاچاخچى و دەسەڵاتدارەكانیشمان لێبوونەتە پۆلیسى گومرك ، ئەوان جار جار مافى ژیان و ئازادى و رادەربڕین و لێپرسینەوەیان لە ئێمەى میللەت زەوت كردووە ، هێشتا ئەوانیشن داوا دەكەن پابەندى رێنماییەكان بین ، بەردەوام ئەوان سوارن و ئێمەیش پیادە ، جا ئەگەر لە وتاردا یان لە نووسیندا داواى مافە سەرەتاییەكان بكەین ، ئەوا لەبەرچاوى دەسەڵات موعارەزەیەكى ئێسك قورسین ، بێزراوین ، هیچ خۆشحاڵ نابن بەبینینمان ، گوێ ناگرن بۆ قسەكانمان ، حساب ناكەن بۆ داواكانمان ، لەوانەشە بە نوسینى زەرد و تاپورى پێنجەم و دەستكێشى ئەملاولا و ناحەزى ئەزموونەكەمان بێینە ژماردن ، ئەگەریش مافێكى خۆمان بەكارهێنا ، قسەمان كرد یان خۆپیشاندانمان سازدا ، ئەوا لەبرى گوێگرتن لە داواكانمان ، زۆر بەتووندى وەڵام دەدرێینەوە و توند و تیژى لێدەكەوێتەوە وەكو لە (كەلارو هەڵەبجە و پیرەمەگرون) دا روویاندا .. بۆیە ئێمەى جەماوەریش خۆمان مەڵاسداوە و بەدەسەڵاتداران دەڵێین ، چارمان نییە ، ئاوێكى خراپمان بۆ رشتوون ، ئێوەش دەستنێژى خۆمانن ، بەڵام مەخابن بۆ بەرهەمەكەمان ، حەیف بۆ ماندووبونمان ، داخ بۆ رەنجى بێوەرمان ، قەیناكا باوا بێت ، چوار ساڵ تەمەنتانە ، چۆنتان دەوێت باوابێت ، هەزار و چوارسەد و شەست رۆژ بۆ ئێوە و تەنها یەك رۆژیش بۆ ئێمە ، هەزار فاكتان بە فیكێكمان ، رۆژى حەق و حساب هەردێت ، لەو رۆژەدا ئێمەش قسەمان دەبێت ، كە ئەویش رۆژى هەڵبژاردنە ، زۆریش خۆ ماندو ناكەین ، تەنها سەرپەنجەمان مۆر دەكەین و بە نووكە قەڵەمێك بڕیارى خۆمان دەدەین ، ئێمە وەكو ئێوە فیشەكمان نییە ، ئێمە بەكارتى دەنگدان رووبەروى دەسەڵاتى رەهاو پاوانكردنى ژیان دەبینەوە ، چەندین ساڵە سەنەویەكانمان بەناوى ئێوەوەیە كەچى ئێوەش خەمساردانە مامەڵەتان لەگەڵدا كردین ، بەڵام لە هەڵبژاردندا ئێمەش خاوەنى بڕیار و قسەى خۆمان دەبین ، بۆیە بە دڵنیاییەوە سنورێك دادەنێین بۆ بێسنووریەكانتان ، چوار ساڵ گڵوپى سەوزتان بۆ هەڵكراوە و جادەپانە ، بە مۆنیكا جامتاریكەكانتانەوە تەپوتۆز و قور ِو چڵپاوى شارە وێرانەكانمان دەكەن بە سەردا ، با یەك رۆژیش بۆ ئێمە هەبێت كە بە ئێوە بڵێین ئەم هەمووە تەحەممولى ئێوەمان كرد ، چراكان سوورن ، ئێوە بووەستن ، نۆرەى ئێمەیە هەنگاوێكى دلێرانە بنێین و چیتر لە سایدى هەڵەدا نەوەستین و بچینە ئەوبەرەوە ، دڵنیام (قەحتولریجال) نییە ، كەسانى شارەزاتر و دڵسۆزتر و كاراتر لەئێوە چاوەڕوانى ئەوەیە ئێمە دەستنیشانیان بكەین ، بۆ ئەوەى ببنە نوێنەرمان و داكۆكى بكەن لەمافە رەواكانمان .... بەڵام تۆ بَڵێى میللەتى ئێمە ئەوەندە هۆشیار بێتەوە ، كارێك بكات بەرپرسان قاچاخچى بن و میللەتیش گومرك و یاسا ، دەسەڵاتداران پیادەبن و میللەتیش سوار چاك ..
2010-01-07
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە