بانگەوازێك بۆ خەلكی ده‌ڤه‌ری زەرد

Sunday, 27/02/2011, 12:00

1766 بینراوە


ئەی خەلكی بە شەرەف و ئازادیپەرۆشی كوردستان ، ئێمە وەكو چەپكە گوڵێكی نێرگزی گەنجانی ئەم ووڵاتە كە لە ھەموو چین و توێژەكان پێكھاتووین ، ئامانجی سەرەكیمان كۆتایی ھێنانە بە دەسەڵاتی عەشایری و ناپرۆفیشنال. چونكە لەوە تێگەیشتووین كە نەتەوەكەمان پتر لەوە پێگەیشتووترە كە كۆمەڵێك لە سیاسەتمەداری بێ توانا و خاوەن رابوردووی ناپاك و خوێناوی و سووربوو بە خوێنی ئەم گەلە ئەنفالكراو ، گازخنكێنكراو ، زیندەبەچاڵكراو و دەیان جار دەربەدەركراوە . خوێنرێشتن لای ئێمە نەفرەتە و شۆرشەكەمان نێرگزە و ئەوەی گوللەمان تێگرێ ئێمە گوڵی نێرگزی تێدەگرین ، ئەوەی ووڵات بە بۆنی خوێن كاس دەكات ئێمە بە بۆنی نێرگز كاسی دەكەین . بە دڵنیاییەوە پێتان دەڵێین ھیچ لایەنێك لە پشتمانەوە نیە جگە لە ویژدانی ئاسودەمان و بیری رووناك و تیژمان كە دەسەڵات لێی تۆقیوە .
لێرەوە بانگەوازی ئازادی پێشكەشی ھەموو گەلەكەمان دەكەین و پێیان دەڵێین ئەوە مانگی ئازار ھات و پێویستە كۆتایی بە ئازاری گەنج و پیرەكانمان بێنین . ئێمەی كاوە و ئەوان زوھاك ، ئێمە قەڵەم و كیبۆرد و ئەوانیش كەلانشیكۆف و چەقوو . ئێمە و كەرتە نانێك ئەوان و مژینی خوێنی گەل . ئێمە و شەوی تاریك و بێ كارەبا ئەوان و شەوی سوور .

ئەی رۆلە نەبەردەكانی ھەولێر و كۆییە ئەی شێرروخسار و خەسرەوڕەفتاران ، كۆییەی ھونەر و ھۆنراوە ، ھەولێرە ماست ھەوێنی ماستی شۆرشەكان و نەھێنی سەركەوتنەكانی كورد، ئەی پانای ھەژاران ، پشتێنی پشتی لێقەوماوان . كاكی بە كاكی ، مەخموور جا لە راست ئێوە باسی چی بكەم ویژدانی ئاسوودەتان یان مەرداییەتیتان . ئەی كوڕانی بەڕانەتی ھیوای رۆژانی تەنگ ئەی شێربسێنان . ئەی خۆشناوەتیی ترێ و دۆشاو، خێر و بێر و بێشكەی كوردایەتی و ناندەرانی پێشمەرگە لە رۆژگاری بێ نانی ، ئەی خاوەن ھەست و ھەڵوێست لە ھەموو مێژووی كورد . ئەی كوڕانی باڵەكایەتی . ئەی كورانی ھەركی و سورچی و برادۆست نەوەكانی لەپزێرین و شێروانیانی شیرحەلال . ئەی رواندز ... ئەی رواندز ... ئەی رواندز تۆ و سەری سەروەرییەكانت تۆ سەری مێژووە پڕشانازییەكانت ، تۆ و قەڵەمی دەستی رۆشەنبیرانت، تۆ و گۆری پاشاكەت تۆ و سەری ھەندرێنەكەت ، تۆ و خەرەندی عاشقانت ، تۆ و تۆپەكەی وەستا رەجەبت ھەڵستنەوە ، ھەڵستنەوە دیسان كوردستانەكەتان لە خوێنی خۆی گەوزاوە . بە چاوی خۆتان دەبینن چۆن دەڕاسە زەردەكەی پارتی رۆژانە گیانی پاك و بێدەسەڵاتی براكانمان لە سولێمانی و كەلار و كفری چەمچەماڵ و رانیە دەدورێتەوە و بە بێگوێدان بە ھەستی ئەم گەلە ، تەنھا لەبەر ئەوەی بە دەنگی بەرز ووتیان * نا بۆ دەسەڵاتی گەندەڵ ، نا بۆ برسیاتی و زەوتكردنی سادەترین مافەكەنی مرۆڤ لە وڵاتێكدا كە كە ھەر دارێك و بەردێكی گەواھی قوربانییەكانی باوك و باپیرانمان دەدەن * .
جا لە سبەیەوە پەیتا پەیتا بە خۆ كەون و رۆژی ھەینی زەماوەند سازكەن . بەھاری كورد زۆر نزیكە و بۆنی نێرگز خەڵاتەكەیەتی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە