گرەوی لایەنەکان بۆ بردنەوەی ململانێکە

Tuesday, 22/03/2011, 12:00

1249 بینراوە


نمایشەکانی مەسعود بارزانی و هەڵسوکەوتەکانی بەرامبەر شەهیدەکان و شاری هەولێر و دهۆک و شارەکانی تری ژێر کۆنترۆڵی خۆی دەریدەخات ئەو نەک هەنگاوێک بەرەو ڕوی داواکاریەکانی ئازادەکان و مەیدانی ئازادی ناچێتە پێشەوە، بەڵکو دەیەوێت زیاتر پشتیان تێبکات و لەوێشەوە پشت بکاتە میللەت و خواستی میللەت بۆ گۆڕانکاری. ئەو نمایشانەش بریتین لە:
یەکەم: میدیاکانی خۆی خستۆتە گەڕ بە مەبەستی ئەوپەڕی چەواشەکاری.
دووەم: خۆی ڕۆژانە دێتە قسەو هەرجارەی بەڵێنێک دەدات لەوەی پێشتر ناواقیعی تر.
سێیەم: هێزە سەرکوتکەرەکانی تاوانەکانیان چڕترکردۆتەوە لە بەرانبەر خەڵکانی مەدەنی و ناڕازیدا، بە جۆرێک کە تەڕو وشک پێکەوە دەسوتێنن.

ئەوەی لە هەموی زیاتر لەم ساتەوەختەدا جێی تێڕامان و وردبونەوەیە هاتنە بەرچاوەکانی خۆیەتی و ئەو بەڵێنانەیە کە دەیان دات.
بەڵێنەکانی لەبەر ئەوەی درۆن تەمەنیشیان کورتە، بۆیە دەبێت بەڵێنی تر ئاڕاستە بکات.
یەکێک لە قسەکانی کە زۆر گرنگە وریای بین ئەوەیە کە دەڵێت لە ماوەی چوار مانگی تردا ئەنجامی پرۆژەی چاکسازیەکانی دەبینرێت.
ئەوە مانگی ئازار تەواودەبێت و چوارمانگی تری بخەینە سەر دەبێت بە مانگی تەموز و، ئەو مانگەش مانگێکی زۆر گەرمە. خۆی هەر لە مانگی چوارەوە گەرماکە وا بەتین دەبێت کە ئەگەر لە ئێستەوە بەرنامەی ڕوبەڕوبونەوەی بۆ دانەنرێت ئەوا مانەوە لە مەیدانی ئازادی مەحاڵ دەبێت.
کەواتە مرۆڤ دەتوانێت بڵێت کە ئەو زاتە گەمە لەسەر گەرمای هاوین دەکات بۆ لە باربردنی چالاکیەکانی ڕاپەڕین لەو شێوەیەی ئێستەیاندا.
پەیمانەکەشی بۆ دەستلەکارکێشانەوە بۆ ئەوەیە ترسێک بخاتە نێو دڵی لایەنگران و دەستەو دایەرەکەی خۆی لەلایەک و، بەشێکی میللەتیش لەلایەکی تر، بەوەی کە بەڵێ ئەو ئەگەر ناچاربکرێت دەست لە کورسی هەڵدەگرێت و ئیتر وڵات هەرچی لێهات ئەوە لەدەست ئەودا نیە. ئەمە بۆ ئەوەیە ترسی بۆشایی دروست بون لە غیابی خۆیدا بخاتە دڵی خەڵکەوەو داوای لێ بکرێت کە واز نەهێنێت.
ئەم جۆرە لە گەمە لە رۆمانی "سەد ساڵ تەنیایەکە" ی مارکیزدا یەکێکە لە گرێکان کە چنینی لەسەر کراوە. سەرکردەی شٶڕش و دیکتاتۆر بە نەمانی یەکتر هەست بە بۆشایی و لەدەستدانی نیوەی خۆیان دەکەن.
هەروەک چۆن لە کاتی هەڵواسینی سەدام دا هەست بە لە دەستدانی بەشێک لە مێژووی خود دەکرا، ئەوە گەر لە بەرژەوەندی خودیشدا بوبێت، ئەوا مەسعود بەو پێشنیاری دەستلەکارکێشانەوەیەی دەیەوێت یاری بەو تاری سۆزەی لایەنگرانی و دژەکانی بکات.
ئەو بۆ یەکترئالودەبونەی زاڵم و مەزڵوم لە کێشمەکێشی "باوکەکان و فەرزەندەکان" دا بۆی هەیە لە مەسەلەی ئاکتیڤ بوونی دەستلەکارکێشانەوەی مەسعودیشدا خۆی بنوێنێت.
یاسر عەرەفات زوو زوو هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوەی دەکرد، بەڵام لەبەر ئەوەی خۆی نەبێت کەسی تر نەیدەزانی پارەکانی لە کوێ داناوە خێرا لێی دەپاڕانەوە کە واز نەهێنێت.

ڕیگەچارە بۆ هەلسوکەوتکردن لەگەڵ ئەو دوو بارودۆخە جیاوازەدا کە مەسعود دەیان خوڵقێنێت بۆی هەیە لە دوو جۆری جیاوازی مادی و مەعنەویدا خۆیان ببیننەوە.

بۆ ئەوەی یەکەمیان، واتە بۆ بەرەنگاربونەوەی گەرمای هاوینەکە وەکو کۆسپ ئەوا گرنگە لە ئێستاوە پێشنیارەکان بخرێنە ڕوو.
بەڵام پێش ئەوەی بەرنامە بۆ چالاکیەکانی هاوین دابنرێت ئەوە لە ئێستادا شیوازی چالاکیەکان بەرفراوانتر بکرێن بە جۆرێک کە هەندێک سمبۆل و هێما دروستبکرێت و بەرهەم بهێنرێن کە بە شێوەیەکی بەربڵاوو خێرا بە ناو میللەتدا بڵاوببنەوەو، گواستنەوەشیان ئەرکێکی زۆر نەخاتە ئەستۆی بکەرەکان. بۆیە گرنگە هەندێک مەدالیا و ملوانکەو خشڵی بەربەرۆک بەرهەم بهێنرێن کە ئازادیخوازەکان لەگەڵ خۆیاندا هەڵیان گرن و بڵاویان بکەنەوە بە شێوەیەک بگەیەنرێنە ناوچەکانی هەولێر و دهۆک و شارو شارۆچکەکانی تری ژێر دەستی مەسعود.
فۆرم و دیزاینی ئەو مەدالیا و بابەتانەش لەژێر لێکۆڵینەوە و ڕەزامەندیی ئەنجومەنی کاتی مەیدانی ئازادیدا بڕیاریان لەسەر بدرێت.
بۆ دوەمیشیان کە پەیوەستە بە ڕۆیشتنی ئەو باوکەوە کە خۆی لە خودی مەسعوددا دەبینێتەوە، ئەوا گرنگە لەڕوی سایکۆلۆژیەوە نەهێڵین ئەوانەی لە دوی بەجێ دەمێنن هەست بە هەتیوی بکەن، ئیتر ئەوانە پارتیەکان بن یان بێلایەنەکان و ئەوانە بن لە میللەت کە تا ئێستاش لەو سەرکردانە زیاتر دەروازەیەکی تر نابینن.
ئەمانە وەک پلانی پلە بی B، گەر پێشهات و پێشوەچونی خێراو چاوەڕواننەکراو گوژمی خێراتر نەدەن بە ڕاپەڕینەکەو سەرکەوتن زووتر بەدی نەیەت.





نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە