زانکۆی کۆمار لە نێوان واقیع و ئیدیعادا (بەشی یەکەم)

Friday, 22/06/2012, 12:00

2420 بینراوە


زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا لە سلێمانی، کە پێشتر بە زانکۆی کوردستان بۆ زانست و تەکنەلۆجیا ناسرا بوو، هەندێک گرفتی گەورەی هەیە هەم لەڕێی ئەوەی خۆی بە شەریکێکی فەزای ئەکادیمی کوردستان بزانێت و هەم لەڕێی ئەوەی مەحکوومە بە ئیگۆیەکی سەیروسەمەرانەی سەرۆکەکەی د. سەڵاح عەزیز.

ئەم بەڕێزە ماوەی دوو ساڵە لە ئەمەکدایە بۆ ئەوەی زانکۆکە بخاتە سەر سکەی خزمەتگوزاری و ناتوانێت، حوجەکەشی ئەوە بووە کە کابینەی د. بەرهەم ساڵەح لەبەر هۆکاری شەخسیی ڕێگای بەمان نەداوە کار بکەن. ڕاست یان ناڕاست ئەم نەتوانینە گەواهی بێتواناییەکی گەورەیە لە تێگەیشتنی واقیعی کوردستان و چۆنێتی بەڕێکردنی کاروبار لە حکومەتدا. ئەگەر زیاتر نزیک بینەوە لەم بەڕێزە خێرا لیستی تاوانبارکردنە حازرەکانی بەباڵای حکومەت دەدورێت وەک بڵێی لەڕێی ئەوەوە پاساوی ئەو شکستە شورەییدارە دەکات کە دوو دانە ساڵی ڕەبەق وا لە خاوەنەکانی تری زانکۆ بکەیت تەحەمولی ئەو مەسروفە قەبەیانە بکات بە راتبی مانگانەی خۆی 10،000 دۆلارە (یەک دەفتەر دۆلار) ە. سەرەڕای شوقەیەکی تایبەت لە بینای زانکۆ لەسەر شەستییەکە، لە پاڵ ١٠٠٠ دۆلار کرێی شوقەیەکی تر لە گۆیژە لەسەر شەستییەکە! پارەی سەیارە و سایەقی تایبەت، تەماعەکە لەم ماوەیەی ئەخیردا گەیشتۆتە ئاستی ئەوەی ٣ قات لەسەر حسابی زانکۆ بۆخۆی بکڕێت! ئەمە سلوکی ئیداریی ئابووری زاتێکە کە لە هەستان و دانیشتنیا باس لە چاککردنی گەندەڵی دەکات لە کوردستان!
شایانی باسە کە ئیگۆی ئەم دکتۆرە چۆتە تەفاسیلی کار و پلانی زانکۆوە، بەڵام ئیگۆیەکی بەتاڵ و ئیدیعاکەر، بە دەلیلی ئەوەی خۆی گاڵتەی بە تەواوی زانکۆ و ئینستیوتە ئەکادیمییەکان دێ و خۆشی جارێ ئیسپاتی هیچی نەکردووە! ئیدیعای سیستیمی ئەمریکی دەکات و ‌حاڵی حازر هیچ ئەمەریکییەکی لەلا نییە! وادەی پرۆفێشناڵییەت و جیاوازیبوون دەدات لەگەڵ زانکۆکانی تردا و جارێ گەواهی هیچ کارێکی زانکۆییانە لەبەرداستا نیین کە بڕوا بەو ئیدیعایانە بکەین. بە کورتی و بە کوردی ئێستا، کاتی نوسینی ئەم وتارە، ئەم زاتە خاوەنی یەک خانمە دکتۆر ئاڵا نوری تاڵەبانی یە کە ئەویش کاری ئیداریات و شتی وا دەکات، ئێ باشە خۆ ئێمە لە ووڵاتێکی کراوەداین بە جیهاندا و ئەوەندە سادەلەوح نیین بە ئیدیعای هەموو کەس بڕوا بکەین.

شاکاری هەرە گەورەی ئەم زانکۆیە ئەوەیە کە بە عەقدێکی تایبەت خاتوو کنێر عەبدوڵای خستۆتە گەڕ کە کاری پەیوەندییەکانی زانکۆی بۆ بکات. ئەم خانمە ئەندامی لیژنەی پارێزگای شاری سلێمانییە و بەپێی یاسا نابێت هیچ کارێکی تر لەدەرەوەی ئەو کارەی خۆی ئەنجام بدات. جا ئێمە لە وووڵاتێکدا دەژین کە تێیدا ئەم خانمە لەسەر تەلەفیزۆن باس لە زانکۆ و کار و پەیوەندییەکانی دەکات و کەسێک نییە لەم پارێزگارییەتە و لەم حکومەتە بڵێ: ئەرێ دادە تۆ خۆت بە فێمینیست دەزانیت و بە سەپۆرتی یەکێتی بوویتە ئەندامی لیژنەی پارێزگای سلێمانی و ئەندامی سکرتارییەتی یەکێتی ژنانیت کە یەکێتی مەسرەفیان دەکات، ئەوا خێرە لە کۆنفرانسی کۆمۆنیستانا وەک ئەندام بەشدار دەبیت؟ یان مەسەلەکە پەیوەندی بە مەعاشێکی تری دەستگایەکی ئاسایشت و ماسایشتیشەوە هەیە؟ ئەرێ خانم تۆ بە چ مافێک پەیوەندی خۆت لە پارێزگاریەتی سلێمانی بەکاردەهێنیت و عەقد بۆ زانکۆ دەکوڵێنیت و لە زانکۆش پاداشت دەکرێیت؟ ئەرێ خانم شتێک هەیە لەم دونیایە پێی دەڵێن "پێکدادانی بەرژەوەندییەکان" و هەموو گەندەڵییەکی
بچووک یان گەورە لەمەوە دەستپێدەکات، ئەرێ خانم تۆ چۆن ئیدیعای سیستەمی ئەمەریکی دەکەیت و هیچ ئەمەریکییەک و هیچ سیستەمێکت نییە ئیسپاتی قسەکانت بکات و هیچ کارێکی پێشینەت نییە لە ئیختیساسبووندا گەواهی ئیدیعاکانت بێت؟

د. سه‌ڵاح عه‌زیز، سه‌رۆکی زانکۆی کۆمار
بۆ چوونه‌ ناو سایته‌که‌یانه‌وه‌ (کلیکی وێنه‌که‌ بکه‌)

ئەمە زانکۆیە یان مەکۆیەکە بۆ خەیاڵ؟ یانی ئەم قسە گەورانەی ئەم خەیاڵپڵاوانە دەیکەن بۆ پێکەنین و بۆ گریان باشن، پێکەنین بە واقیعی حاڵێک کە دکتۆرێکی ئیسلامیی زەدە لە ئەمریکاوە بێتەوە و کەڵە سەرمایەدارانی شار هەڵبخەڵەتێنێ و دوو دانە ساڵ مەساریفیان پێبکات و وایان لێبکات بڕوا بە ئیدیعاکانی بکەن، و تا ئێستاش نەیتوانییوە بەڕەسمیی خوێندکار وەربگرێت، گریانیش بە واقیع حاڵێکی ئەم حکومەت و پارێزگایەی سەری لا لاقی جیا ناکاتەوە و نازانێت ئەندامانی پارێزگاکەی خەریکی چ گەندەڵیەکن و چەند موچە لە چەند لایەن وەردەگرن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە