هۆی شکستەکان چین ؟

Saturday, 21/12/2013, 12:00

1510 بینراوە



٢٤٠٠ ساڵ لەوەی پێش لە وڵاتی چین فەیلەسوف وزانیاری چینی بە ناوی / کۆنفۆسیوس / لە تەمەنی ٤٠ ساڵیدا دەستی کرد بە نوسینی بابەتە تێۆریەکانی خۆی . مەبەستی سەرەکیش لەو کارە بەرەو پێش بردنی ئاستی زانست بۆ بەرەو پێشچونی کۆمەڵگای چین وئاکادمیکی جیهانی .ئاستی تێۆریەکانی توانی کاریگەری ئەرێنی لەسەر بارودۆخی ئەوکاتی وڵاتەکەی ئاشکرا بکا . سەردەمێک کە تەمەنی گەیشتە ٧٤ ساڵ پڕ بە مێژووی تێکۆشانی خۆی لەو چەند ساڵەدا هاواری کردو گوتی : تێۆریەکانم شکستیان خوارد !؟ دونیا وەک ئەوەی کەمن لێکم دابۆوە نامێنێ .
لە نێوان زانایەکی وەک کۆنفۆسیوس وسەرکردەکانی کورد لە ٧٠تا٨٠ساڵی رابوردوو جیاوازی لە عەرزو ئاسمانە . تەنیا خاڵی هاوبەش ئەوەیە کە کوردو رێبەرەکانی قەت نەیانگوتوە ،، بۆ شکستمان خوارد ؟ ،، . ئەو هەڵوێستە بوێریەکی مەزنی گەرەکە کە سەرقافڵەی سەرهەڵدانەکانی کورد وبەڕێوەبەرانی لە خۆیان بپرسن ؟ بۆ نەتەوەیەک نەیتوانیوە بە شێوەیەکی سەردەمیانە وزانستی پێنوس بەسەر رووداوەکانی مێژووی خۆیدا راکێشێ و تۆماریان کا . ! بە کورتی ئیشارە بە چەند رووداوی گرینگ دەکەم کە وەک بەڵگە نەکەوتۆتە بەر دەستی تاکی کورد تا فێری ببێ .
یەک : ئێستەش لەسەر شۆڕش و سەرهەڵدانی قەڵای دمدم لەسەردەمی سەفەویدا بۆ تاکی کورد هیچ زانیاریەکی مێژوویی لەبەر دەست دا نییە کە هۆی مێژوویی ئەورووداوە ئاشکرا بکا و لەچەند پەڕتوکو هۆنراوە بۆ قەڵای دمدم چی دیکەم زیاتر وەبەرچاو نەکەوتووە .
دوو: دووی رێبەندان وکۆماری مهاباد هەموو ساڵێ لەلایان حیزبە کلاسیکەکانی کەمپی کۆیە لە باشور بۆتە ئامرازی خۆ پێهەڵگوتن . لەو ٦٨ساڵەدا چەند پەڕتوکی زانستی لێکۆڵینەوەیی لەسەر ئەو رووداوە هۆی شکستەکانی نوسراوە . (هیچ) ، جگە لە هەڵپەڕکێی ساڵانەو قسەی زل وگرتنی کۆنگرەو کۆنفڕانس چمان بۆ وەدەر نەکەوتووە . بۆ بێ بەختیش ئەو رووداوە لەت لەت بووە سەرککۆماری ئەو رووداوەش بۆتە چەن لەت !؟ لەساڵ یادی ئەو رووداوەش ساڵی پار چی گوتراوە ساڵی داهاتووش هەر ئەو قسانە دووپات دەبنەوە!! جگە لەوانەش مەڕحومی ، دوکتور قاسملو، سیاسەتی ئێرانیگەری کردە سەر دێری کارەکانی کە چی هەر ئێرانیەکان ترۆریان کرد !؟
سێ : ١٩٧٥ز شۆڕشی کورد مەڕحومی مەلا مستەفای بارزانی بە ڕێوەی دەبرد .دیتمان چۆن لەبەر یەک بڵاو بوو ، بنە ماڵەی بارزانی و هەموو کوڕەکانی چەند پەڕتوکیان لەسەر شکستی ئەو روودواە نوسی ؟ هەتا ئەوڕۆ بەرپرسانی ئەو بنە ماڵەیە بۆ خۆیان چەند پەڕتوکی مێژووییان لەسەر کێشەی کورد نوسیوە ؟ جگە لە هەڵایسانی دوو بەرەکی بۆ کورد کام بەرهەمی دیکەیان هەیە؟
چوار : سەددامیان بۆ رووخاندین ، ناوچەی سەوزو زەرد پێکهات (ئێستێش بەردەوامە) لەو کاتەوە چەند ئاکادیمیزانی کورد لەهەر دووک لا لەسەر شەڕی ناوخۆیی ولێکۆڵینەوەیان بە کتێب نوسیوە ؟ ئەوە ٢٢ ساڵە بەشێک لە باشور دەسەڵاتی کورد بەڕێوەی دەبا ، کەس هەیە لاپەڕەیەکم نیشاندا وپێم بڵێ ئەو دەسەڵاتە سەرکەوتوو نەبووە ناشبێ ! بەرهەمی زەبرو زەنگی ئەو سیستمە ترۆری کوڕەهەژاری بوێرو زانایە .کە بکوژەکەی دەڵێ ، تێکۆشەری کوردم و بۆ حیزبەکەم تێکۆشاوم .!!
پێنج : ئەگەر ئەو خاڵەم بە گوناح بۆ نەنوسن ، دەڵێم ، حەڕەکەتی رزگاریخوازی کورد لەباکور جیاوازیەکی تەواوی لەگەڵ ئەوانیدیکە هەیە ، ئەو ٣٥ساڵەی شۆڕش توانی مێتۆدێکی تازە وقارەمانانە بەرانبەر بە دوژمن پەیڕەو بکا ، لەمێژوودا کەمتر دیتراوە کە زیندانێکی وەکو ئیمڕاڵی کەسایەتیەکی وەک رێبەر ئاپۆ ، ببێتە ناوەندی هاتۆ چوی دیپڵۆماسی . (بڵاو بونەوەی وێنەی ئاپۆش پەیامێکی دیکەی تێدایە) . ئەو بەڕێزانەش ئەگەر شکستەکانی شێخ رەزا و شێخ سەعید و...... نەکەنە سەردێڕی دووپات نەکردنەوەی بێ بەختیەکان لەداهاتوودو توشی قەیرانی مەزن دەبن .
شەش : لە رۆژهەڵاتی وڵات ئەگەر . پژاک ، وێنەی حیزبەکانی دیکە چاو لە رووداوەکانی ئەو ٣٥ساڵی رابوردوودا بکا بێ گومان لە داهاتویەکی نزیکدا توشی هەمان چارەنوس دەبێ کە ئەوانیدی بەسەریان هات .
من لەو بابەتە کورتەدا هۆی شکستەکانم بە شێوەیەکی مێژوویی دەست نیشان نەکردووە چون کارێکی قورسو گرانە . بەڵام هۆی شکستەکانم پرسیوە ؟ بۆ چارەسەری ئەو دیاردە مێژووییەش پێشنیاری من ئەوەیە ،، پێک هێنانی ناوەندێکی زانستی و لێکۆڵینیوە بە بەشداری شارەزایان وپسپۆڕانی کورد بە کەڵک وەرگرتن لە رێگوزەری ئاڵوگۆڕەکانی جیهانی لەسەر خاکی کوردوستان بە بێ بە شداری کەسانی سەر بەحیزب وبنە ماڵەو عەشیرەو ....... بۆ چارەسەری کێشەی کورد لە ناوەندی چارەسەریە مەزنەکانی جیهانی ئەو رێبازەی کە جولەکەکان ڕەچاویان کرد .هەر چەند جوغڕافیاو کولتۆرو زمان و..... کورد لەگەڵ ئەوان جودایە و هەر نەتەوەیە بە پێی تواناو لێهاتویی خۆی حەول دەدا . دیپڵۆماسی وپەیوەندیە ناونەتەوەیەکان بابەتێکە ، گوێ لەمست بون و چاو لە بێگانە کردن کە خێرمان پێبکەن بابەتێکی دیکەیە .
جەعفەر کەریمی / ٢١/ ١٢/ ٢٠١٣




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە