خۆ پێشمەرگە ئاژەڵ نییە !!

Wednesday, 14/05/2014, 12:00

1678 بینراوە





سەردێڕی ئەو بابەتە قسەی من نییەو من قەت ئیزن بەخۆم نادەم لە بارەی ناوی پیرۆزی پێشمەرگەو ئەرکی مێژوویی پێشمەرگە ئاوا بدوێم. ئەو گوتنە هی کەسانێکە کە لەسەر ناوی پێشمەرگە دەسەڵاتی بە رواڵەت رزگاری خوازی کورد لە باشوور تەنگی پێ هەڵچنیون و لەسەر مێدیایەکی کوردی (ک،ن،ن) بە کۆمەڵ هاواریان لێ هەستابووکە، نە نان هەیە نەئاو نە پارەی گیرفان کە سەردانی ماڵ ومنداڵمان بکەین! هەروەها دەیانگوت دوو مانگە مووچەمان وەرنەگرتوە خۆ ئێمە ئاژەڵ نین !!!.
لەسەر دەمی خۆیدا کاتێک ئامریکاو هاوفکرەکانی دەسەڵاتی پادشاییان لە ئێران بۆ رووخاندین زۆری پێنەچوو حیزب وگرووپی جیاواز رێکخراوەیە چەپوراست وێنەی هەنگی هورووژاو شۆڕ بونەوە سەرخاکی رۆژهەڵاتی کوردوستان وبە لێشاوو بە لەبەر کردنی دەستێک کەواوپاتۆڵ و تفەنگێکی کڵاشینکۆف بوونە پێشمەرگەو هەر شارو شەقامێک لەبەر دەستی حیزبێک دابوو. لەو کەشو هەوایەدا هەبون کەسانێک کە بەڕاستی پێشمەرگەی گەڵ و نیشتمان بون بەڵام بە داخەوە رێژەیان زۆر نەبووو زۆربەشیان شەهید کران (روحیان شاد بێ) .
کۆماری ئیسلامی تازە لەسەر کار زۆر زیرەکان دانەوێڵەی رۆکردو داوی چنی هێدی هێدی شار گیرانەوە، گوندی گیرانەوە، سنور گیرانەوە و بە یارمەتی دەستی خۆماڵی، ها وەرە ژیانی ئوردووگانشینی دەستی پێکردو ڕەبەق ٣٥ساڵە درێژەی هەیە ! لەحاڵیکدا هەر ئەوکات بە پێی رێژەی حیزبی دێمۆکڕات ١٢هەزار پێشمەرگەیان هەبووە. هەر بە پێی ئەو ئامارەش پارە لە سەددام وەردەگیرا! بۆ بژیوی پێشمەرگە.! لە هێرشەکانی ئەوکاتی کۆماری ئیسلامیدا ئەو کەسانەی کە ببونە پێشمەرگەو ژن ومنداڵیان هەبوو زوو دەستیان لەوکارە هەڵگرت ودابەزینە ناو شارەکان ژیانی ئاسایی خۆیان دەست پێکردەوە.
نەئەوکات لە رۆژهەڵات تواندرا ئەرکی پێشمەرگە دیاری بکرێ وپێناسەی راستەقینەی پێ بدرێ و نە دوای راپەڕین لە باشوور ئەوەی چەکی پێیە ودەڵی پێشمەرگەم بە ئەرکی خۆی شارەزایە. ماوەیەک لەوەی پێش (نزیک دوو مانگ دەبێ ئەگەر هەڵە نەبم)، فازل میرانی لە دیدارێکی مێدیاییدا رایگەیاند: بنە ماڵەی بارزانی بە تایبەی کاک موسعود هەزاران پێشمەرگەیان هەیە کە / فیدایین / وحازرن خۆیان فیدای ئەو بنەماڵەیە بکەن!! بۆ داهاتووی بارودۆخی کورد لە باشور ئەوە هەلوێستێکی مەترسیدارە! کە بنە ماڵە چەکداری تایبەت بەخۆی هەبێ؟
لە لایەکی دی بنە ماڵەی تاڵەبانی و حیزبەکەی خۆیان بە خاوەنی هەزاران پێشمەرگە لە قەڵەم دەدەن. (ئەگەر ناویان بنێن پێشمەرگە) یانی سوکو هاسان مل بۆ کەس دانانەوێنن بە تایبەت هێزێکی وەکی کۆماری ئیسلامیان لە پشت بێ ولەمپەرێک بن لە دژی جموجۆڵی حیزبەکانی ئوردووگا نشینی رۆژهەڵاتی وڵات. دەمێنێتەوە کەسانێکی هەژارو بێ دەسەڵاتی کۆمەڵگا کە لەسەر ناوی پێشمەرگە لەکۆتو بەندیان ناون.! بیستومە دەڵێن وەزارەتێک هەیە بە ناوی وەزاڕەتی پێشمەرگە کە گۆیا دەدرێ بە بزووتنەوەی / گۆڕێن / کە لەمەو دەدوا سەرپەرستی بکا. من لە سەر ئەو باوەڕەم گۆڕان گەورەترین کڵاوی سیاسی وەسەرنرا.
نازانم بەکام مەرج ئەو وەزارەتەیان وەرگرتووە؟ بەڵام لێرەدا چەند پرسیار دێتە پێشێ؟
ئەو کەسانەی لەسەر ناوی پێشمەرگە / فیدایی / بنە ماڵەی بارزانین (بە گوتەی فازل میرانی) ئایا ئەوانیش تێکەڵ بە وەزاڕەتی پێشمەرگەدەبن کە دەدرێ بە گۆڕان ؟
٢: پارەو بژیوی ،، فیداییانی ،، کاک مەسعود لە کوێ دەدرێ؟ لەکام سەروەتوسامان؟
٣: چەکدارەکانی بنەماڵەی تاڵەبانی یا یەکێتی نیشتمانی نیگەرانی / فیداییەکانی / کاک مەسعود نین؟ بۆ داهاتوو ئەگەر شتێک قەوما؟ تۆ بڵێی هەروا هاسان لقوپۆی خۆیان هەڵوەرێنن وبیدەنە دەست بزووتنەوەی گۆڕان؟؟
٤: ئایا ئەگەر خودای نەخواستە لەسەر سنورەکان شەڕیک لە گەڵ بەغداو فارس وتورک دروست بوو ئەو کەسانی وەک پێشمەرگە شەڕیان پێدەکرێ؟ لە حاڵیکدا پێشمەرگە دوو مانگە مووچەی وەرنەگرتوە! (مەبەستم ئەو کەسانە بوو کە ئەو شەوە سکاڵایان لە ژیانی خۆیان هەبوو) .
من ئەو کەسانە بە پێشمەرگە ناناسم کە دەسەڵاتی کورد خەندەق لەسەر سنوری وڵات لێداو ئەو بچێ تفەنگی بۆ هەڵگرێ. بەداخەوە ئەو مرۆوانە لە بەخێو کردنی ماڵ ومنداڵیان عاجزن بۆیە تفەنگی پێشمەرگایەتیان هەڵگرتووە. دەسەڵاتی چەند ساڵەی کورد لە باشور وەکی ئاوێنەیەکی بێجەلا دەبینم بۆ رۆژهەڵاتی وڵات . ئەگەر قەرار بێ لەداهاتوودا هەر ئەو سناریۆیە بۆ رۆژهەڵاتیش دوو پات بێتەوە من بەشی خۆم هەر لە ئێستێوە ناوێ.
جەعفەر کەریمی
١٤/٥/٢٠١٤



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە