پاشەكشێى یەكێتى لە مەشخەڵانى شۆڕشى نوێى ئەمجارەى شێركۆ بێكەس دا

Thursday, 15/08/2013, 12:00

1834 بینراوە


لەسەرەتاى هەشتاكانەوە تاوەكو ئێستاش (مەشخەڵانى شوڕشى نوێى ئەمجارە ـ گڕى بڕواى رەنجدەران و هەژارە)ى شێركۆ بێ كەس بۆتە مارشى یەكێتى نیشتمانى كوردستان و زۆرێك لە خەڵكى كوردستان چاویان بەم شۆڕشەو بەم بڕواو بیرورایە هەڵهێناوە،لەراستیدا ئەم شیعرەى شێركۆ بێ كەس هەتا بڵێى شیعرێكى بەهێزەو رۆژگارێك بوو تین و تەزووى دەدا بەجەماوەرى كوردستان بۆ ئەوەى پەیوەست بن بە خەباتێكەوە كە خەباتى رەنجدەران و هەژاران بوو لەپێناوى گۆڕین و رەتكردنەوەى واقیعێك كە واقیعى سەردەمى بەعس بوو بۆ دنیایەك كە ئازادى و دیموكراسى و ژیان و ماف بۆ خەڵكى كوردستان بەگشتى و رەنجدەران و هەژاران بەتایبەتى بهێنێت، بەڵام ئایا وەكو شێركۆ بێ كەس دەڵێت مەشخەڵانى شۆڕشى نوێى ئەمجارە گڕى بڕواى رەنجدەران و هەژاران بوو لەدواى راپەڕین و كەوتنى بەعس یان ئیبادەكردن و خۆڵ كردنە چاوى رەنجدەران و هەژاران بوو؟ ئایا ئەو یەكێتى یەى كە شێركۆ بێ كەس ئەم شیعرەى بۆ وت ئەو یەكێتیەیە كە ئەمڕۆ حوكمى كوردستان دەكات؟، ئایا یەكێتى مافى رەنجدەران و هەژارانى پاراست و ژیانێكى شایستەى بۆ دابین كردن یان بووە شەریكى سەرمایەدارو دەوڵەمەندى دەوڵەمەندتر كردو هەژاریشى هەژارتركرد؟
عەقڵم نایبڕێ شێركۆ بێ كەس دواى راپەڕین و هەتا بەر لەمردنیشى نەیزانیبێت یەكێتى نیشتمانى كوردستان پاشەكشێى لەم شیعرە كردووەو ئێستاش بەرپرسەكانى دوێنێى ئەم حزبە بوونەتە سەرمایەدارى ئەمڕۆ و لەوانەشە تاقەتیان چوو بێت لەكاسبى تەقلیدى سەرزەوى ئێستا جۆرەها بازرگانى و سات و سەوداى نەوت دەكەن، چونكە مەعلومى هەموو لایەكە خێروقازانجى خێرا لە ژێر زەویدایەو ئەوەى بە خەیاڵیشیاندا نەیەت رەنجدەران و هەژارەكەى شێركۆ بێ كەسە، یان راستتر بڵێین رەنجدەران و هەژاران لەهەموو سەردەمێكدا كراون بە پەیژەو كەسانى مشەخۆروهەلپەرست و بەسەریاندا سەركەوتوون، بۆ بەدەستهێنانى پلەوپۆست و ماشینەوە و تاڵانكردنى داهاتى كوردستان، بەڵام شێركۆ بێ كەس هەتا مرد هەگبەى پڕبوو،لەم بارەیەوە تاكە شاعیرێكە لەدواى پیرەمێردو گۆرانەوە تاكۆچى دوایى لە نوسین و داهێنان نەكەوت تەنانەت بەر لەمردنى سەروەرییەكى بۆخۆى تۆمار كرد ئەویش بەشدارى كردنى بوو لە خۆپیشاندانەكەى 17ى شوباتى 2011 ئەوەى گوێى لە شێركۆ بێ كەس بووبێ چاك هەستى بەوەكردووە كە شێركۆ بە بەرپرسانى ئەم هەرێمە دەڵێ چى؟ دەڵێ با ئێوە سودتان لەم شیعرەى من وەرگرتبێت، بەڵام ئەو هەژارو رەنجدەرەى كە من شیعرم بۆ وتن و بەداینەمۆ و كۆڵەكەى شۆڕشم دانان، رۆژگارێكى ترو نەوەیەك بەڕێكەوتووە كە بەتەواوەتى پشت دەكاتە ئێوە، چونكە سەردەمى ئێوە بەسەرچوو، چونكە ئێوە رێزى رابردووى خۆتانتان نەگرت.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە