لەبەشێکی بزوتنەوەی گۆڕان تێگەیشتین .

Monday, 05/09/2011, 12:00

1331 بینراوە


ڕازی بوونی بارزانی لە چوارخاڵدا بۆ ئۆپۆزیسوێن ، بەشێک نییە لەتەبایی ، بەڵکو هەوڵە بۆ شەرعیەتدانی دارایی و سیاسەتی ڕابردوویان .
بۆتێکشکاندنی ئابڵوقەی سەربازی و سیاسی لەسەر شاری هەولێر پێویستمان بە دوو هەنگاوە . یەکەمیان بەکارهێنانی هێز و دووەمیان سیاسەتی پەنگخواردووی ژیر . جگەلەم دوو هەنگاوە هیچ زەمینەیەکی تر لەبارنییە هاوشێوەی شۆڕشەکانی میسرو تونس و یەمەن ؛ دووبارەکردنەوەی ئەو نمونانە لەکوردستان ، قومارە لەسەر ئەسپی دۆراو.. بەشداربوونی نەوشیروان مستەفا لەپرسەی حەمایل خان بەشێکە لە پرۆسەی ژیرانە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی دەسەڵات ، نەک هەڵەیەکی سیاسی .
هەڵوێستی جوامێرانەی چوار پەڕلەمەنەکە ، فێری دوو وانەمان دەکات .
یەکەم / پیشانمان دەدات تا ئێستا بەشێكی ئەم بزوتنەوەیەش لەناوەڕۆکدا هاوشێوەی پارتی ویەکێتی بەبەرگی پیرۆزو جوانی گۆڕانەوە کارەکتەری هەڵدێراون .
دووەم/ لەناو گۆڕاندا نوێبوونەوەو گۆڕاندنێک بەدی دەکرێت دەشێت وەک (بنچەکان جێ بە دارکڕمۆڵەکان لێژ بکەن) و سێبەرێکی نوێ بنیاد بنێن ..
ئەو سیستەمەی لە هەولێر و دهۆکدا پیادە دەکرێت و لەکاردایە بۆ چەسپاندن ، هەمان کۆپی سیستەمی سوریایە و هیچ جیاوازییەکە لە هونەری کارکردنی حافز ئەسەدو بارزانی کوردا نییە بۆ چەسپاندنی سیستەمی تۆتیالیتار و دەسەڵاتی و دەستاو دەست . ڕوخاندنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد کۆتایی خەونی بارزانی و مەسروری کوڕیەتی . دەشێت وەک پەتایەکی گواستەر (ساری) حوکمی هەولێر و دهۆک بۆسەر لێواری هەڵدێر ڕەوانە بکات..

چۆن تێبگەین لەگۆڕان
مینوسی کارکردنی گۆڕان لەوەدا نییە ، کە نەیتوانیی وە گەشەیەکی خێرا بەخۆییەوە ببینێت بۆ ئەوەی کڕاگەی دەسەڵاتی هەولێر و دهۆک هاوتای سلێمانی تێک بشکێنێت ، بەڵکو تا ئێستا کۆمەڵێک چاکسازی لەخودی هێزەکەدا پێویستە .. گۆڕان هەڵەدەکات کار لەسەر بەرنامەی نوسراو مانیفێستی سیاسی و ئیداری خۆی بکات لەولاوە خوێندنەوە بۆ دەموچاوە قێزلێبوەکان نەکات کەپایز بەسەر داهاتویدا دێنێت . پاککردنەوەی کەسایەتییە گەنیوەکان بۆخۆی گۆڕان بۆ جارێکی تر دەگۆڕێنێت ، واتە هەناسیەکی نوێ و چەکێکی نوێ بۆ هەڵوێستە چاوەڕوانکراوەکان دەهێنێتە ئاراوە ، واتە هەناسەی ئەو مرۆڤانە قوڵتر دەکات ، کە سەری زارو بنی زاریان کردۆتە ڕەخنە ، لەوەی گۆڕان هەمان یەکێتیەو تەنها ناوی هێزەکە گۆڕاوە .. گۆڕان لەگەندەڵیەکانی ناو یەکێتی و خەڵکی نائەزمونی سیاسی پێک هاتووە .. ئەمانە ئەو پەیامە ژەهراویانەن کەڕۆژانە دەڕژێنە ناو کۆمەڵگا ، دەشێت هەندێکی ڕاست بێت و بەڵام بەخواری بەکاربهێنرێت . لەکۆمەڵگای وەک ئێمەدا (خزاندنی کەسایەتییەکی ناجۆر لەهەر هێزێکدا هەموو ڕۆژێک پێنج هەنگاو لەدەهەنگاوی ئەو هێز یان ڕێکخراوە کەمدەکاتەوە) .. ئیتر ئەم کەسایەتییانە گەر سودمەندیش بن یان نا ، دەبێت سودیان چی بێت ؟
دەشێت ناوەڕۆکی گۆڕان پتەو و بەرگەگرتوی سەرماو گەرمای سیاسی بێت . تیخێک هەیە لە ململانێی سیاستدا تواناکان دەکات بەدوو بەشەوەو گوێنادات بەفاکتی کێشەکان ، واتە ئەم تیخە هێندە کار لەسەر ڕوخاندن دەکات ، ئاوڕناداتەوە لەنمایشێکی سیاسی سەرنجڕاکێش و بەقوڵایی تەنگەشەو کێشە ڕزیوەکاندا ڕۆناچێت بۆ چارەسەر . پارتی و یەکێتی " کار لەسەر تیخی دوو بەشە دەکەن بۆئەوەی لانی کەم باری لاریان هەڵسێننەوە ، ئەم جۆرە فۆڕمە ' هەمیشە کارەکتەرە داسەپاو و هەگبەچۆڵەکان ' لەبەرامبەر نەیارە گوڵ بەدەم و سەردەرهێنەرەکانی بەهاری سیاسی بەکاری دەهێنن ؛ ئەمەش بەشێکە لەململانێی بەردەوامی بۆ دەسەڵات ..
گۆڕان هێزێکی سەرکێش نییە ، بەڵکو لەبەرەنگاری مەیدانی سەرکێشدایە ! ؛ سیاسەتی سەرکێش بیرۆکەیەکی خوێناوی و هەنگاوێکی ترسناک و جیهانێکی پڕتەموومژاوییە ؛ هەڵەبووین بەچاوی بەشداری و تەماشاکارانە ڕوانیمانە شەڕی ناوخۆ ، بنەمای مەدرەسەی سەرکێشی لەئێستادا بەخۆمان دەزانین ئێمەش بەشێکین لە دامەزرێنەرانی.
کەواتە چەکی ئاشتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتی سەرکێش لە کوردستان ؛ دوو بەکارهاتەی ژیرانەیە .

یەکەم/ بزوتنەوەی گۆڕان دڵنەوامان دەکات ئامانجی ئەو : ڕوانگەیەکی سەرکێشانە نییە و تێمان دەگەیەنێت ئیدییەی توندوتیژی " دەسەڵات و جیهانی توندوتیژی بنیاد دەنێت .
دووەم/ بەیاننامەکەی سەرۆکایەتی هەرێم ، بەشێکە لەوبەرهەمە ژیرانەیەی بزوتنەوەی گۆڕان ' کە کۆتایی بەدیزاینی دەسەڵاتی دزێو دێنێت ..
گۆمانەکان لەناو هەوڵ و ساندنی مافدا ، بە ملدانێک بۆ جێبەجێکردن ' دەمانخاتە ئەو ئاستەی ، کەتێبگەین لەوەی چیمان کردووە و بەچی دەگەین . چاوەڕوانی بۆ ئەوەی خاڵەکانی نێو پێدان ' دامان نەڕزێنێت ، ئەرکە لەوە تێبگەین کەدەسەڵات خاوەنی دەستی بەدەستی پێکردنە . لەکۆی خاڵەکان " یەکخاڵی هەوێنی خاڵەکانە (ڕادەستکردنی بکوژانی ١٧ فابریەوەر و دواتر) ، ئەمە ئەو خاڵەیە ، کەدەسەڵات لە هەگبەی تاوانی تر بەتاڵ دەبێتەوە ، ئەمە ئەو خاڵەیە دەسەڵات تەمەنی خۆی بەدەستی خۆی کۆتایی دێنێت . بەم خاڵە خەرمانەی پیاوکوژەکانی حیزب دەڕەوێننەوەو ئیتر ڕەوگەی کۆتایی مەرگی لاوانمان دانسقە دەبن .
لەدوای بەدەست هێنانی سەرەتای ئامانج " گەورەترین ناعەدالەتی و نامرۆڤایەتی لەمەیدانی ئۆپۆزیسوێن بەدی دەکرێت ، گەرمەیدانی سەواو سەودای مرۆڤەکانی نێو ململانێ دروستی کردوون نەڕوێتەوە . هەوڵی ئۆپۆزسوێن بۆ گۆڕاندن ، هەلی بەدکاری دەسەڵات بووە بۆ ئەوەی کۆمەڵێک کەس زیان لێکەوتو کۆمەڵێک سودمەند ،، یەکێتی و پارتی لەپێناو هاوسەنگی هێزو دەرباز بوون لەقەیران ، پارەو پێگەیەکی زۆریان ڕشت و لەولاوە کۆمەڵێک کەسیان لەژیان وشککردەوەو بوونە سوتەمەنی باهۆزی عەدالەتی و گۆراندنی دەسەڵات و سیستەمی وڵات ..
دەبێت ئەم ناڕێکیانە ، ڕێکبکرێنەوە .. بۆ ئەوەی لەبەشێکی تری گۆڕان تێبگەین ..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە