جاڕس بوین لەو هەموو دەموچاوە ئێكسپایەرانە

Saturday, 07/02/2009, 12:00

1487 بینراوە


گۆڕانكارى و نوێ بونەوە تام و چێژ بە ژیان دەبەخشێت مرۆڤەكان لە ڕۆژگارى ماندوێتیاندا حەز بە ئاوابونى ڕۆژ ئەكەن و بە شەوگارى تاریكیدا گوزەر ئەكەن بۆ ئەوەى ڕۆژێكى نوێ ببینن سەر لە نوێ تامى ژیان بكەنەوە، خانەكانى لەش بەردەوام نوێ دەبنەوە،سروشت بەردەوام لە نوێ بونەوەدایە لە دواى هاتنى پایزو زستانى پیرى جارێكى دى بەهار ڕۆح دەكاتەوە بەبەرى گوڵانداو نێرگزو لالە دەپشكوون، كەواتە ژیان بە بێ نوێ بونەوە هیچ مانایەكى نییە،تەنانەت لە ئایینى ئیسلامدا سەرى هەموو سەد ساڵێك خواى گەورە نوێ خوازێك دەنێرێت تا ڕۆح بكاتەوە بە بەرى ئایینەكەدا كە تێكەڵاو بە دڕك وداڵى ئەهلى بیدعەت بووەو موسڵمانان دەخاتەوە سەر شاڕێگەى خۆى، لە ماڵەكەى خۆتدا هەفتانە یان مانگانە و ساڵانە گۆڕانكارى و نوێ بونەوە دەبینیت كاتێك خانمى ماڵەوە جێگۆڕكى بە ئامێرو كەلوپەلەكان دەكات هەست ئەكەیت ئەو ڕۆژە ئارەزووت بۆ مانەوەو بەردەوامى بە ژیان زیاترە، لە دونیاى دیموكراسیدا نوێ بونەوە بە هەموو واتاكانیەوە ئەبینرێت بە تایبەتى لە بەڕیوەبردنى كاروبارى دەوڵەتدا ،ئەبینین 4 یان 5 ساڵ جارێك سەرۆكەكان دەگۆڕێن ئەگەر كارى باشى كرد ئەوا خولێكى تر دایدەنێنەوە دواى ئەو خولە ئەگەر ببێت بە فریشتەى ئاسمان وئەستێرە دابگرێتە خوارەوە سەرۆكایەتى نابینێتەوە،بگرە من و تۆ لەم وڵاتەى خۆمانەوە تامى ئەو ئەو ئاڵوگۆڕە ى ئەوان دەبینین ئۆقرەمان لێ دەبرَێت تا دەنگەكان جیا دەكرێنەوە و بزانین كام دەم وچاوەیە كورسى فەرمانڕەوایەتى بە ئەمانەت وەردەگرێت. بەڵام لەم كاول بوەى خۆماندا سەدان دەموچاوى ئێكسپایەر دەبینیت كە زۆربەیان ئێكسپدەیتەكەیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانى نەوەدەكان،كەسیان لە كۆنترۆڵى پزیشكیدا دەرناچن هەر بۆیە میلەتیان توشى دەیان نەخۆشى كوشندە كردووە،جارجار هەندێك دەنگى كزولاواز دێتە گوێمان كە دەیانەوێت دەسەڵاتداران بەخەبەر بێنن و میلەت لەو دەردە كوشندەیە ڕزگار بكەن بەڵام مەخابن نەخۆش ناتوانێت تیمارى نەخۆش بكات ئەوان بۆ خۆشیان كاتیان بەسەر چووە و ئالودەى ئەو پەتایە بوون كە ڤاكسینەكەى زۆر بە ئەستەم دەست دەكەوێت،هەر بۆیە ئەو دەسەڵاتە ئیفلیجەى ئێستا حوكمڕانى دەكات و ئەوانەش كە لە پەراوێزدان و بەتەمان چاكسازى لە ئیدارەو حوكمدا بكەن هەمویان پێكەوە ماوەیان بە سەر چووەو دەبێت ڕیسایكل بین بكرێن و بۆ هەمیشە ماڵئاوایى بكەن و كەسیش نەتوانێت ڕیستۆریان بكات.ئەوانە كۆمەڵێك ماددەى ژەنگ گرتوون دە چین بۆیاخ بێنە بە سەریاندا چارەسەریان ناكات چونكە ماددەكە یەك پارچە بووە بە ژەنگ، ئەوان تەنهاو تەنها وێنەى دینارو دۆلار لە میمۆرى مێشكیاندا سەیڤ بووە چونكە لە سى دى مەعریفەیاندا باسى خۆشویستنى نیشتمان و گەل و نەتەوە بوونى نییە و سەد جار فۆرماتیان بكەیتەوە و سەد ئەنتى ڤایرۆسیان لێ بدەیت هەر بەرهەمەكەى جاران ئەچنیتەوە، بۆیە من بەش بەحاڵى خۆم نە بڕوام بە چاكسازى ئەوان هەیەو نە بڕواشم بە هاشوهوشى كۆمەڵێك مفتەخۆرى بەر سێبەر هەیە كە ئەگەر هەڕەشەى بڕینى بودجەكەیان لێكرا خێرا دەچنەوە بۆ ئەپدەیت كردنى پاكانە و ملكەچى و لەو سەرەوە بە خەڵات و بەراتەوە دێنە دەرەوە، تەنها چارەسەر دوورخستنەوەى ئەم دەسەڵاتە بۆگەنەیە بە شۆڕشى فیكرى و مەعریفى وسەنگەر لێگرتنیان بە چەكى قەڵەم ، بە ڕاستى جاڕس بووین لەو دەموچاوانە كە مۆرى دوو ڕویى و دزى و درۆزنى بە هەمویانەوە ئەبینرێت وە لە تابلۆى هەریەكێكیاندا نوسراوە (لە بێشكەوە بۆ گۆڕ).
7/2/2009

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە