یەكەمین زەنگى كوشتنم لێیدا

Tuesday, 19/01/2010, 12:00

1316 بینراوە


لە چەند رۆژى رابردوودا بۆ یەكەمین جار پێیان گوتم كە تەمەنت چەندى ماوە، یان بە گوتەى خۆیان مۆڵەتى هەناسەدانم لەم شارەدا نەماوە، بەڵام نە باكم بە مردنە و نە ئازاردان، لە چاوەڕوانى كۆتاییهاتنى مۆڵەتەكەم تا دیدارى بكوژەكانى خۆم بكەم، دوعاش دەكەم مردنێكى تراژیدیام پێببەخشن كە شایستەى ژیانە تراژیدیاكەم بێت.
بۆیە ئەم قسانە دەكەم تابزانن گەنجەكانى ئەم وڵاتە چ هۆلیسۆسێكن و مردن سادەترین هەڵبژاردنیانە، بۆئەوەى تێبگەن كە ئەوەى ئێمە دەترسێنێت بەردەوامى ئەم رۆژگارەى ئێستایە بۆ نەوەیەكى داهاتوو نەك مردنى خۆمان، كارى منیش خۆشبەختى برا بچوكەكانمە نەك خۆم، زۆر بە سادەییش تاكە هۆكارى نیگەرانى من لەم هەڕەشانە ئەوەیە كە هێشتا زۆرشت ماون قسەیان لەسەربكەین و هەر ئاوا بەجێیان بهێڵین.
بەدبەختى ئەم دەسەڵاتە ئەوەیە كە باكى بە مردنى نەوەكانى خۆى نییە، دوێنێ راگرى كۆڵێژەكەم ئاگادار كردەوە كە شەوى رابردوو ئیهانەو تەهدیدى كوشتنیان كردووم، بەڵام ئەو وتى ئەمە كێشەى پۆلیسە، نازانم ئەبێت لەم سەر زەمینە وڵاتێك هەبێت كە خوێنكارێكى زانكۆى هەڕەشەى كووشتنى بكرێت و زانكۆش بێموبالاتانە بەدیار ریسوایی خۆیەوە دابنیشێت؟ ئەبووا راگرەكەم كەیسى من بكات بە كەیسى خۆى یان خوودى زانكۆ، چونكە من لە ئێستادا بەشێكم لەم زانكۆیە. بەڵام هەرگیز تووشى شۆك نەبووم، چونكە دەمێ دەزانم كە زانكۆى ئەم وڵاتە ماڵێكى ئاسوودەیی ئێمەنین.
دواى ئەوەش پەیوەندیم بە عمید عەبدولخاڵقى بەڕێوەبەرى پۆلیسى هەولێرەوە كرد پێمیگووت" لەوانەیە ئەم ژمارەى مۆباییلە هى دەرەوەى وڵات بێت یان كێشەیەكى شەخسى بێت، لەوانەیە چەند جارێكیدیكەش دووبارەبێتەوە بەڵام هەولێر ئارامە و شتى ئاواى لێڕوونادات"، بە زەردەخەنەیەكى گاڵتە ئامێزەوە خەیاڵم كرد بە قسەى جەنابى بەڕێوەبەر بێت لەوانەیە ساركۆزى بێت ئەم هەڕەشانەى كردبێت، ئاخر من چۆن لە گیانى خۆم دڵنیا بم كە چەند رۆژێكە هاوڕێیەكم لەسەر چەند نووسینێكەوە درایە بەر شەق و ناچاربوو ئەم شارە جێبێڵێت؟ هەرچیبێت من لەم شارە ناڕۆم و لە چاوەڕوانى دیدارى مردنى خۆم دادەنیشم.
ئەزانم ئەمە یەكەمین زەنگى مردنى خۆمە كە لەكۆتاییدا دەبێت ئەبێت بە زەنگێ بۆ گەنجەكانى ئەم مەملەكەتە، بەڵا ئیدى ئەمجارە نە سكاڵا تۆمار دەكەم و نە لایەنە بەرپرسەكان ئاگادار دەكەمەوە، هەنگاوێكە ناومە و ئازارەكەشى خۆم ئەیگرمە ئەستۆ، ئیدى بۆ من لە داهاتوودا هەر وشەیەك ئەكەئەینووسم وابیردەكەمەوە كە دواهەمین وشەبێت لە ژیانم، بۆیە هەوڵ دەدەم هێندەى حەزرەتى مەسیح راستگۆبم لە گوتەكانما، خۆشحاڵیشم كە هەمیشە شتێكم هەیە بۆ گوتن كەسانێك نایانەوێت بیبیستن، بەڵا هەركاتێك ئێمە بە چرپە قسە دەكەین ئەوا گوێچكەكانیان نائارام دەبن.
تا ئەو شوێنەى كە ماوین ئەبێت قسەبكەین، لەوشوێنەش كە تەمەنمان كۆتاییهات با هاوڕێكەم خاڵێكم بۆ دابنێت و بێتە سەر دێڕێكى نوێ و سور لەنوێ دەستپێبكاتەوە.
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە