ئەو کاتەی مەسعود بارزانی سەرخۆشی لە تورکە فاشیەکان دەکات !

Saturday, 23/06/2012, 12:00

1999 بینراوە


ئه‌مڕۆ رۆژی مرۆڤه‌ سوکه‌کانه‌، که ‌کار بۆ ریسواکردنی خۆیان ده‌که‌ن (زه‌رده‌شت وه‌های وت: فردریک نیتیشە)
هێندەی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی زەرەرمەند بوون بۆ کورد، هەرگیز دوژمنە سەرسەختەکان هێندە زەرەرمەند نەبوون ، مەسعود بارزانی داوا لە گەریلاکان دەکات چەک داماڵن، ئەمە سوکایەتی کردنە بە ئیرادەی گەلێک ، ئەمە داڕمانی ئەخلاقی سەرکردەیەکی فەرز کراوە، سەرکردەیەک کە هاتۆتە سەر حازری و دەیەوێت بنەماڵەکەی لە سەر گیانی گەلێک ئاسودە بێت. کەچی لە هەموو ووتارێکی گاڵته‌جارییدا بارزانی باس لە شۆڕش و پێشمەرگایەتی دەکات.
عەرەب پەندێکی جوانی هەیە دەڵێت:
(ئەوانەی زۆر باسی شەڕەف دەکەن و سوێندی پێدەخۆن، ئەوانە خاوەنی نین).
ڕێک وایە چونکە ڕێکەوت مەسعودی کردۆتە سەرکردە و سەرۆکێک و گەرمیی و ساردیی نەدیوە و لە مانای زانستییه‌کەی شۆڕش و بەرخۆدان حاڵی نەبووە بۆیە سانایی بە گەریلاکان دەڵێ چەک داماڵن ،چونکە زیانی ئابوریمان پێدەگات ، داتاکان ئاشکرایان کردوە کە تورکە فاشیەکان بە بۆنەی سەرانی کوردەوە ، تورکیا ئەوەتانێ هازاران ملیۆن دۆلار ساڵانە سودمەند دەبن لە باشوری کوردستاندا.
لێرەوەیە خیانەتی نیشتمانی دەست پێدەکات ، بێ مەڵامەت نییە، سەرانی کورد لە ئەنکەرە و ئەستەمبوڵ خۆیان نمایش دەکەن ، ئەوەتانێ سەدان کۆمپانیای فاشل و وەهمی تورکی نیشتمانیان داگیر کردووە، ئەوەتانێ سەربازخانەکانی تورک لەسەر شەرەفی مەسعود بارزانی هەواریان هەڵداوە و هەر جارێک پرسی دەرکردنیان دێتە ڕۆژەوە سەرۆک خۆی دێتە سەر خەت و لە جێگای پەرلەمانە گوێ ڕایەڵەکەی، کە تەنها موچە خۆرێکی بن دیوارن . قسە دەکات و ماوەی مانەوەیان زیاتر دەکات. کێ ناڵێ بەهەرزان ئەو زەویانەشی پێ نەبەخشیوون، بەڵام خۆشبەختانە گەلی باشور ئەزمونی هەیە لەگەڵ پایگا و سەربازخانەی دوژمناندا و ڕۆژێک دێت ئەو سەربازگایانە دەبێتە گۆڕستانی تورکان و سەرانی کورد.
موقتەدا سەدر: لەگەڵ ئەوەی هەفتەی جارێک دێتە هەولێر و سلێمانی و خوانی بۆ ڕێک دەخرێت، ووتی کەرکوک شارێکی عێراقییە و پارتی و یەکێتیش هیچ داوای کەرکوکیان نەکردووە ، کەچی سەرۆکی به‌ناو هەرێم بەدێڕێکیش وەڵامی نەدایەوە ، کە باسی مێژووش دەکات دەڵێ: باوکم و باپیرم، خۆم و کوڕی کوڕەکەشم لە سەر کەرکوک مەخسەرەی دنیامان بەسەر هاتووە، مەسعود ووتی: من واز لەمافی خۆم و کوڕيکەم دێنم بەڵام واز لەوە ناهێنم کە مالیکی لەسەر پۆستەکەی بمێنێتەوە، کەچی فازیل میرانی ووتی: ئێمە لەگەڵ لاچونی مالیکیدا نین ، ئەدهەم بارزانیش ووتی: من وەک یەکێتی بیر دەکەمەوە مالیکی با نەڕوات. مەسعود هیچ ناڵێت ، دەڵێ باگەریلاکان چەک دانێن و بچنە تورکیا خەباتی پەرلەمانی بکەن .
ئەمە نەک پێکەنیناوییە، بەڵکو گاڵتە جاریشە، تۆیه‌کی سەرۆک پار ساڵ و لە چەند بۆنە و چەند جاری تردا ووتووتە باوی چەک و خەبات نەماوە ، کەچی کە سلێمانی ووتی: نا و پایگاکانی لقی چواریان بەرد باران کرد ، چەکدارەکانت ، سلێمانیان خەڵتانی خوێن کرد ، هێزی زرێڤانتان نارد گەر باوی چەک نەماوە، بۆچی هەزاران چەکدار پاسەوانیت لێدەکەن؟ ئەی هاوار لە کوێدا دیوتانە سەرۆکێک لەماڵەکەی خۆیدا حاکمی ووڵاتێک بێت ؟
ئەمە تەنها لە مەسعود بارزانی دەوەشێتەوە و ئەوانی تریش هەموو بونەتە مەڕ لە ئاستیدا. پارتی کرێکاران چەک دانانێن و ئەوە ئەو خەوەیە کە تاڵەبانی و بارزانی دەنێتە چاڵەوە ئەوەتانێ ، د. باهۆز ئه‌رداڵ: له ‌رۆژڤماندا ته‌نیا پته‌وکردنی به‌رخۆدان هه‌یه‌:
ئەم وەڵامە ڕاستەو خۆ بۆ سەرانی باشورە و لێرەوەش پێیان دەڵێم کە قەندیل نەمێنێت ئێوە بە ورگ و سەری بۆیاخ کراوتانەوە نەک بەرگریمان لێناکەن بەڵکو گەلێک لەبەردەم چەقۆی قەسابدا جێدەهێڵن ، ئێوە هەر چەند ساڵێک دەتانەوێ لەوارەکە بده‌ن و جێمان بهێڵن ، ئێوە خاوەنی ئاشبەتاڵن ، ئاشبەتاڵ!
کاتێک ئەمەریکییه‌کان لەتەوێڵە و بیارەدا بەساروغ لە ئیسلامێکانیاندا ، دانای ئەحمەد مەجیدی پارێزگاری سلێمانی کۆن و گۆڕانی ئیستا ، ڕووی لەدەمی جەنەڕاڵێکی ئەمەریکی کرد ووتی: بۆچی بەهەمان شێوه‌ لە پەکەکە نادەن؟ واتە وه‌رن بە ساروغ له‌ ناویان به‌رن، ئەمەریكێکە لەوەڵامدا ووتی چ گەرەنتیەک هەیە کە دوای ئەو جێگایانە پڕ نابێت لە قائیدە و ئیسلامی؟ ئیتر له‌و رۆژه‌وه‌ من زانیم بۆچی به‌ دڵی تورکیا دانای ئه‌حمه‌د مه‌جید ئه‌م قسه‌یه‌ی کرد! ئاخر له‌ ناو گۆڕانیشدا که‌سانێک هه‌ن، سه‌ر به‌ میتی تورک بن!
سەرانی کورد لەباشوردا تاسەر غەرقی خیانەت بوون ، ئەوان سەدان دەزگا و لەشکریان هەیە بۆ سەرکوتکردنی خەڵک و سیخوڕی بەسەر تاکی کوردەوە، کەچی کوردستان ته‌ژیە لە میت و ئیتڵاعات و سیخوڕی دنیا و سەرانی کورد بەدەمیانەوە دەترەقێنەوە و داواش دەکەن چەک داماڵن گەریلاکان ، ئەمڕۆ کە کورد شتگەلێک هەبێت شانازی پێوە بکات ، تەنهاو تەنها ، گەریلاکانە ئەوانەی وازیان لەهەموو خۆپەرستیی و خۆویستیەک هێناوە ، ئەوانەی خۆرێکن پڕهیوا بۆمان ، کەچی سەرانی دۆڕاوی کورد، بازرگانی خوێن و هەراجی نیشتمان، خەریکن ئەوانیش لەهەموو بەهایەک داماڵن، بەڵام خۆشحالانە ئەوە خەونێکە بۆ بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی. ئازاد جوندیانی لەم ڕۆژانەدا ووتی: لەم ڕۆژانەدا تاڵەبانی ڕایدەگەیەنێت کە خەریکی دانوساندن ده‌بن لەگەڵ گەریلا و تورکاندا. منیش دەڵێم: ئامان ووریابن هێشتا کۆپتەرەکەمان بیر نەچۆتەوە، کە قوباد تاڵەبانی ئامادەی کردبوو بۆ هێنانەوەی سەرکردە جەوامێرەکانی پەکەکە، سەرکردایەتییە فەرزەکەی باشور جێگەی باوەڕ نین ، ئەوان کە دەچنە تورکیا و ئێران ، لە ترسا بیریان دەچێتەوە پلە و پایەیان چییە ، هەر کاغەزی سپی دێنە بەر دەمیان و ئەوان واژۆ و پەنجە مۆری لەسەر دەکەن ، با ئێران و تورکیا هەرەس بێنێت جا سەیری فایلەکانی ئەم خائینانە بکەن.
ئەم جاره‌ش داواکەی تاڵەبانی و مەسعود و نێچیروان لەمەڕ چەک داماڵینی گەریلاکان بووە بڵقی سەر ئاو.
پرسیارێک دێتە پێشەوە: داخۆ مەسعود بارزانی شتێکی هەیە شانازی پێوە بکات؟ شه‌ره‌فی هه‌یه‌ سوێندی پێ بخوات؟ که‌رامه‌تی هه‌یه‌ خۆی پێوه‌ با بدات؟ ئه‌گه‌ر هه‌یه‌تی با بۆمان بسه‌لمێنێت، چونکه‌ نازانین ئەو شتانه‌ چییه‌ شانازی پێوە ده‌کات و ئێمە نایزانین؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە