ماكبێسەكانى وڵاتى من

Saturday, 03/12/2011, 12:00

1089 بینراوە





گەورەیى تێكستە گەورەكان لەوەدایە كە تێكستێك نین بۆ زەمەن و شوینێكى دیارى كراو بن, بەڵكو ئەوان تێكستى هەموو زەمەن و شوینێكن, تێكستێكن لە دەرەوەى كات و شوێنن بەو مانایەى كە كات و شوین وایان لێ ناكات تا بەسەربچن و بەكەڵكى خوێندنەوە نەیەن, لە هەر سەردەم و كاتێكدا بخوێنرینەوە هەست دەكرێت بۆ ئەو كات و شوێنە نوسراون, بۆیە هەمیشە بە گەورەیى دەمێننەوە و هەر ئەوەشە نهێنى مانەوە و جیهانى بوونیان. یەكێك لەو نوسەرە گەورانەى كە تێكستى لەو جۆرەى خولقاندووە, شكسپیرى گەورە دراماتیستى بەڕیتانى یە. شكسپیر خاوەنى ژمارەیەكى زۆر شاكارە. شانۆنامەى ماكبێس بە یەكیك لە شاكارەكانى شكسپیر هەژمار ئەكرێت. ماكبێس كۆتایەمین و چوارەمین شانۆنامەى تراجیدى شكسپیرە. ئەم شانۆنامەیەى بەناوى كارەكتەرى سەرەكى چیرۆكەكەوە ناونراوە. چیرۆكەكە باس لە تموحەكانى ماكبێس بۆ دەستەڵات ئەكات و هەموو ڕووداوەكان لەدەورى كەسایەتى ئەو دەخولێنەوە. ئەوەى مەبەستى ئیمەیە لە چیرۆكى ماكبێس گێرانەوەى تەواوى چیرۆكەكە نى یە بەڵكو مەبەستى ئیمە بەراوردكرنیكى كەسایەتى ماكبێس و ڕووداوەكانى ناو چیرۆكەكەیە بە سەركردە و بەرپرسەكانى كوردستان و ڕووداوەكانى كوردستان. ئەوەى شكسپیر لەم شانۆنامەیەدا قسەى لەسەر دەكات و دەیخاتە ڕوو بۆ خوینەر بریتی یە لەتموح و حەزى ماكبیس بۆ دەستەلات. باس لەوە دەكات كە چۆن دەكرێت تموحەكانمان هەندێ جار بەرەو هەڵدێرمان بەرن, دەكرێت ببنە هۆكاریك بۆ دروستكردنى كەسایەتى یەكى شەڕانگیز و خولقاندنى دۆزەخێك بۆ خۆمان و ئەوانى تریش وەك ئەوەى لە چیرۆكى ماكبێس دا دەیبینین.ماكبێس لەسەرەتادا یەكێكە لە جەنەڕاڵە بەوافا و دڵسۆزەكانى پادشا دەنكان و مەملەكەتەكەى, بەڵام پاش ئەوەى لە لایەن فاڵچیى یەكانەوە پێى دەوترێت كە لە داهاتوودا دەبێتە پادشا, ئیتر لێرەوە كاراكتەرى ماكبێس گۆرانگارى بەسەردا دێت و لە كەسایەتى یەكى باش و دڵسۆزە وە دەگۆڕێت بۆ كە كەسایەتى یەكى خراپ و پیاوكوژ و دژ بە پادشا تەنها لە پێناو بە دیهینانى تموحە بێ ئەندازەكەیدا بۆ دەستەڵات. هەموو ئەوانەش دەكوژێت كە بەربەستن لەبەردەم چونە سەردەستەڵاتیدا و لە كوشتنى پادشا دەنكانەوە دەست پێ دەكات و دواجار بە كۆتایى هاتنى ژیانى خۆى كۆتایی پێ دێت.
ئەوەى من دەمەوێت لێرەدا هەڵوێستەى لەسەر بكەم هەلسەنگاندن و بەراوردیكە لە نیوان كەسایەتى ماكبێس و ڕووداوەكانى ناو چیرۆكەكە بە بەرپرسەكان و ڕووداوەكانى كوردستان. كاتێك ماكبێسم خویندەوە هەستم دەكرد ئەوەى دەیخوێنمەوە شتێكى غەریب نى یە بۆ من, چونكە من لە هەرێمێكدا دەژیم هەموو بەرپرسەكانمان ماكبێسێكن تموح و حەزى بێ ئەندازەیان بۆ دەستەڵات هیچى لەوەى ئەو كەتر نى یە. یەكەمین شتێك كە وەك لایەنى لێكچوونى نیوانیان دەكرێت بخرێتە ڕوو, ماناو مەبەستى پشت تێكستەكەیە, ئەویش چەمكى تموح (ambition) ە. تموح چ لە لاى ماكبێسەكەى شكسیپیر و چ لەلاى ماكبێسەكانى ولاتەكەم دەورێكى كاریگەر و سەرەكى هەیە لە ئاڕاستەكردنیاندا بۆ بوون بە مرۆڤى دیكتاتۆر و خوین ڕێژ. تموحیان بۆ دەستەڵات وایان لێ دەكات نەك تەنها بەرامبەرەكانیان بكوژن , بەڵكو ڕێیان پێ دەدات دەستیان بچێتە خوێنى مرۆڤە بێ گوناح و بێ تاوانەكان.
ماكبێس لە سەرەتادا جەنەراڵێكى دڵسۆز و بەوەفایە بۆ نیشتیمان و مەملەكەتەكەى (سكوتلەندا) و لە پێناوى سەروەریى یە كانیدا دەجەنگێت, بەڵام ئەم وەفادارى و دڵسۆزى یەى تا ئەوشوینە بڕ دەكات كە خۆشەویستى و تموحى بۆ دەستەڵات نى یە, لاى ماكبێس وەفادارى بۆ پادشاو مەملەكەتەكەى پێچەوانە دێتەوە لەگەڵ تموحیدا بۆ دەستەڵات, كە دووەمیان دیت , یەكەمیان كۆتایى پێ دێت. ماكبێسەكانى وڵاتى منیش سەردەمانێك لە پێناوى ئەم نیشتیمانەدا جەنگیون و خەباتیان بۆ سەروەریەكانى كردووە و لە پێناویدا شەونخونى و ئاوارەییان بینیوە. (هەرچەندە ئەمە لاى هەندێ كەس جێى نیقاشە, بەڵام من پَیم وایە سەردەمانێك خەباتگێر بوون.) بەڵام ئەمانیش وەك ماكبێسەكەى شكسپیر تموحى دەستەڵات و دڵسۆزى بۆ نیشتیمان دوو چەمك و كردارى بەتەواوى پێچەوانەى یەكن, بۆیە كە دەستەڵات دەگرنە دەست چیتر ئەو مرۆڤانەى پێشتر نین و كار و كرداریان پێچەوانە دیتەوە لەگەل خەباتى پێشویاندا. ترسیان لە لەدەستانى پلەو پایەكەیان وایان لێ دەكات گومان لە هەموو كەس ببەن و هەركەس بە مەترسى بزانن لە ناوى بەرن.
وێستگەیەكى ترى لێكچوون لە نیوانیاندا بریتى یە لە ڕێگە و شێوازى هاتنە سەر دەستەڵات. كەسایەتى ماكبێس لەرووى بەدەنى وە زۆر بەهیزە بەڵام زۆر بەئاسانى دەكەوێتە ژێر كاریگەرى قسەو كردارى ئەوانى ترەوە و دەكرێت ئەمە بە خاڵى لاوازى كەسایەتى ماكبیس دابنریت. كاتیك فاڵچى یەكان پێى دەڵێن لە داهاتوودا دەبیت بە پادشاى سكوتلەندا, زۆر بە ئاسانى باوەڕ بە قسەكانیان ئەكات و لیرەوە گۆڕانكارى لە كەسایەتى ماكبێسدا دەست پێ دەكات. بۆ ئەوەى ووتەى ئەو فاڵچیانە بێنێتەدى و بیكاتە واقیع لەگەل خانم ماكبێسدا پلانى كوشتنى پادشا دەنكان دادەنێن و لە كاتى میوانیداو لە ماڵى خۆیاندا دەیكوژن, چونكە ماكبێس ئەو بە بەربەستى ڕێیى و بەدیهاتنى تموحەكەى دەزانێت. بەهە مان شێوە ماكبێسەكانى وڵاتى منیش چ ماكبێسە سەوزەكان بن یان ماكبیسە زەردەكان هیچ درێغیەكیان نەكردووە لە كوشتنى یەكتر و هەموو ئەوانەى كە بە بەربەستى رێى خۆیانیان زانیوە, تەنها لە پێناوى گەیشتن بەدەستەڵاتدا, بگرە پەناشیان بۆ داگیركەران و دووژمنانى كوردستانیش بردووە تا هاوكاریان بن لە گەیشتن بەدەستەلات. دەكرێت بڵێین كە ماكیاڤیلیانە بیریان كردووەتەوە و هەموو هۆكارێكیان بۆ گەیشتن بە دەستەڵات لەلا ڕەوابووە. ئەگەر چاوێك بە مێژوویاندا بگێڕین ئەو ڕاستى ئەو قسانەمان بۆ دەردەكەوێت.
وێستگەى دواتر كە هاوبەشە, قۆناغى بەدیهاتنى حەزە بێ ئەندازەكەیانە بۆ دەستەڵات, واتە قۆناغى هاتنە سەردەستەڵاتیان و ماوەى پەیرەوكردنى دەستەڵاتەكەیانە. ماكبێس پاش كوشتنى پادشا و چوونە شوێنى ئەو وازى لە سەركێشى و كارە خراپەكانى نەهێناو درێژەى پێدان و كەوتە كوشتنى ئەوانەش كە جێى مەترسى بوون بۆ سەر كورسى یەكەى, لەوانە كوشتنى جەنەڕاڵ بانكۆ. ماكبێسەكانى كوردستانیش لەگەڵ هاتنە سەر دەستەڵاتیاندا خراپترین شێوەى حوكمكردنیان پیشانداین و هەر لەسەرەتاوە كوردستانیان لە شەڕى ناوخۆ تیوەگلاند و بە هەزاران گەنجى بێ گوناهیان لە پێناو حەز و تموحە كانى خۆیاندا بۆ دەستەڵات بەكوشتدا. زیاد لەوەش كەوتنە كوشتنى هەموو ئەوانەش كە بە مەترسیان دەزانین بۆ پێگەكەیان لەوانە كوشتنى كەسانى سیاسى و رۆژنامەنوس...هتد. هەروەها كەوتنە بێ دەنگكردنى خەڵك و كوشتنى جیاوازى یەكان و كەشێكیان لە كوردستاندا درووست كرد كە كۆپیكراوى كەشى وڵاتە فاشیست و دیكتاتۆرەكان بوو, كەشی یەكرەنگى و یەك بیركردنەوە و یەك ئایدیایان رەخساند كە كاریگەریەكى زۆر سلبى هەبوو لەسەر كوردستان و ناوناوبانگى لەتە هەریمەكەشمان.
قۆناغى دواتر كە هاوبەشە لە نیوانیاندا ئەو كەش و بارودۆخە نائارامەیە كە لە ماوەى حوكمڕانیانا درووستیان كردووە. لە چیرۆكى ماكبێسدا دواى هاتنە سەر دەستەڵاتى ماكبیس, وڵات بەتەواوى تێكدەچێت و كەشێكى نائارام درووست دەبێت و هیچ كەس ژیانى پارێزراو نابێت.ماكبێس بە جۆرێك دەستى تێكەڵ بە خوین دەبێت, وەك خانم ماكبێس دەڵیت ئەگەر ئاوى زەریایەك بهێنیت ناتوانێ دەستى لەو خوێنە پاك بكاتەوە, چونكە ئەو خوێنە خوینى كەسانى بێ تاوان و بێ گوناح بووە. لەم ماوەى حوكمڕانى ماكبیسەكانى ئەم هەرێمەشدا, وڵات لە كەشێكى زۆر نائارام شێواوایەو كەس لە ژیانى خۆى دڵنیا نى یە. ئەگەر قەڵەمەكەت بخەیتە كارو رەخنە بگریت ئەوا بەدەردى شەهید زەردەشت دەبرێیت, خۆ ئەگەر چالاكەوانى مەدەنیش بیت و لەو سنورە تێ پەڕى كە بۆت دانراوە ئەوا بەدەردى ئیسماعیلى بێژەرى سەرا و ئاسۆس هەردى و رێبین هەردى و ئیبراهیمى كاكە ئەحە دەچیت. بارودۆخەكە گەشتە ڕادەیەك كە لە زۆریك لە ڕاپۆرتە نێودەوڵەتى یەكانى مافى مرۆڤدا, ئەم هەرێمە بچوكە بە شوینێكى ترسناكى دژ بە مافەكانى مرۆڤ و رۆژنامە نوسان ناوزەد بكرێت. لەماوەى دەستەڵاتیاندا گەلێك ڕێگایان گرتە بەر بۆ شكاندنى كەرامەتى تاكى كورد, یەكیك لەو ڕێگایانەى بۆ ئەم مەبەستە گرتیانە بەر, برسى كردنى خەڵك بوو بۆ ئەوەى هەمیشە تاكى كورد مانەوەى خۆى لە ژیاندا لەواندا ببینێت و هەمیشە بە دوایانەوە بن. ماكبیسەكانى كوردستانیش دەستیان سورە بە خوینى هەزاران گەنجى ئەم وڵاتە, چى ئەوانەى لە شەڕى نەگریسى ناوخۆیا لە پێناو حەزەكانى خۆیاندا بە كوشتیان دان, چى ئەوانەش كە هەستیان كردووە جیى مەترسین و تیرۆر یان سەرنگوم كراون. بەجۆرێك دەستیان سوورە بە خوێن ئەگەر ئاوى هەموو زەریاكانى دوونیا بێنى ناتوانێت دەستیان پاكبكاتەوە و جارێكى تر بیانكاتەوە بە مرۆڤێكى ئاسایى.
یەكێك لە ووتە زۆر گرنگەكانى چیرۆكەكە كە لە چیرۆكەكەدا ڕەنگى داوەتەوە, ئەو ووتەیە یە كە لەسەرەتاوە فاڵچیەكان دەێڵێن بە ماكبێس هەموو جوانى یەكان ناشیرینن و ناشیرینەكان جوانن ئەم ووتەیە یەكیكە لە ووتە زۆر شاراوەكانى نێو تێكستەكە و لە لایەن ڕەخنەگرانەوە بە چەند جۆرێكى جیاواز خویندنەوەى بۆ كراوە.یەكیك لە خویندنەوەكان ئەوەیە كە ئەوەى كە جوان و باش دەردەكەوێت ئەوە لە بنەڕەتدا بۆ خۆى ناشیرینە و كاریكى خراپە, ئەوەشى كە ناشیرین دەردەكەوێت بە پێچەوانەوە ئەوە باش و جوانە. ڕەنگدانەوەى ئەم ووتەیە دەكرێت بڵێین لەو هەموو خیانەت و كوشتنە یایە كە ماكبێس لە كۆى چیرۆكەكەیا ئەنجامیان دەدات, لەگەڵ ئەوەى هەموو ئەوانە تاوانن بەڵام تەنها لەبەر ئەوەى بووە بە پادشا و خاوەنى دەستەڵاتە هەموویان بە جوانى و وەفادارى بۆ نیشتیمان دەبینرین. ئەم ووتەیە زۆر بە جوانى لە كوردستاندا ڕەنگى داوەتەوە. ڕۆژانە بە چاوى خۆمان دەبینین كە چۆن لەلایەن دەستەڵاتەوە بەتایبەتى میدیاكەى, شەیتان و پیاوكوژەكانمان لەلا جوان ئەكەن و بۆمان ئەكەن بە فریشتە, بەڵام كەسانى دلسۆز و وەفادار بۆ نیشتیمان دەكرێنە دڕندە و بە جۆریكى زۆر ناشیرین نیشاندەدرێن. زیندووترین نمونە ڕووداوەكانى 17ى شوبات و دواترە, بینیمان چۆن هاوڵاتیان و چالاكەوان و ڕۆژنامەنوسان و قوتابیانى زانكۆ بە گیرە شێوێن و ئاژاوەگێڕ و دەستى دەرەكى وێنا دەكران, بەڵام لەولاوە بیكەیسى بەدەست و پیاوكوژ و جەلادەكانى دەستەڵات دەكران بە مرۆڤدۆست و فریشتەى بێ پەڵەو بگرە خڵاتیشیان بەسەردا دابەشدەكراو پلەكانیان بەرزدەكرانەوە.
ئەوەى كە ماوەتەوە بیڵێم لێكچوون نى یە بەڵكو جیاوازیانە. چیرۆكى ماكبێس ى شكسپیر كۆتایى هەیە و بە كوشتنى ماكبێس كۆتایى دێت و داوجار تموح و حەزە بێ ئەندازەكانى بۆ ددەستەڵات سەرى دەخۆن و بە دەستى ماكدەف دەكوژرێت. بەڵام چیرۆكى ماكبێسەكانى وڵاتى من جارێ بەردەوامە و نازانین كەى كۆتاییەكەى دێت, بەڵام ڕووداوەكانى چیرۆكەكە ئەوەمان پێ دەڵێن كە لوتكە (climax)ى چیرۆكەكەیان كۆتایى هاتووە و كۆى چیرۆكەكەش بەرەو كۆتایى دەڕوات. بە خوێندنەوەى چیرۆكەكەشیان دەگەینە ئەو قەناعەتەى كە ئەمانیش تموح و حەزەكانیان بۆ دەستەڵات دواجار سەریان دەخوات و بەدەردى ماكبێس دەچن, چونكە بە جۆرێك باوەشیان بە كورسى دەستەڵاتدا كردووە زەحمەتە بیر لە هیچ چارەنوسێكى تر بكەینەوە چگە لەو چارەنووسە هاوشێوەى ماكبێس. بەڵام ئەوەى كە نەزانراوە ئەوەیە نازانین تاكەى چیرۆكى ماكبێسەكانى ئەم هەرێمەى ئێمە درێژە دەكێشێت. هیوادرام هەرچى زووترە كۆتایی بەم چیرۆكەش بیت و كاراكتەرە سەرەكیەكانى چیرۆكەكەش بە سزاى عادیلانەى خۆیان بگەن هەروەك ماكبێسەكەى شكسپیر.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە