بارزانی و مالیكی دو ئەژدیهان و مرۆڤەكانی نیشتیمان قوتدەدەن

Friday, 25/05/2012, 12:00

1367 بینراوە






  پێشتر لەسەردەمی ئیسلامدا و دواتریش لە دوای دروست بونی ئەم سنورە جوگرافییە كە عێرااقی پێدەوترێت ، دانیشتوانەكەی لەژێر زەبرو ستەمی فەرمانڕەواكانیدا لەژێر هەڕەشەو لێدان و كوشتن و پاكتاوكردندا بون ، جا ئەو ستەمە ئاینی و مەزهەبی بوبێت یان سیاسی بوبێت دانیشتوانەكەی كەوتونەتە بەر شاڵاوی لەناوبردن ، شاڵاوێك كە لە دونیادا كەم وێنە بووە ، كارەسات گەلێكی وا بوون كە مێژویان ترساندووە ، هەرلە كوشتنی تاكە كەسەوە درێژەی كێشاوە بۆ كوشتنی دەستە جەمعی ، لە ئیعدامەوە بۆ زیندە بەچاڵكردن ، پیشەی فەرمانڕەواكانی عێراق بووە ، كوشتن و لە ناو چونیش چارەنووسی خەڵكە بێدەسەڵاتەكەی بووە ، تەنهاشتێك كە لەناو فەرمانڕەواو دەسەڵاتدارەكانی عێراقدا هەڵنەكەوتبێ خاوەن دەسەڵاتێكی مرۆڤ دۆست بووە ، بەڵكو بە پێچەوانەوە تەنانەت كەسە پلە نزمەكانی سەربەو ڕژێمە یەك لە دوای یەكانەی حوكمی عێراقیان كردوە جەلاد و خوێنڕێژ بوون ، لە مێژووی عێراقدا كەسێك هەڵنەكەوتووە گەر مرۆڤ دوست و نیشتمان پەروەر نەبوبێت جەلادیش نەبوبێت ، بەڵكو هەركەسێك بوەتە فەرمانڕەوا بە ویستی خۆی ناخونەكی قەتڵی داوە لە خەڵكی عێراق ئیدی لەوسەری باشور بوبێت یان لەم سەری باكور ، شیعە بوبێت یان سونی ، كورد بوبێت یان عەرەب ، ئەگەر پێشتر بە نۆرە و یەك لە دوای یەك تاوانیان ئەنجام دابێت ئەوا ئەمڕۆ دەسەڵاتدارەكانی كوردو عەرەب بۆیەكەمجار تۆماریانكرد لەیەك كاتدا دوقۆَڵی زوڵم لە خەڵكی عێراق دەكەن ، مالیكی و بارزانیش خەڵكی عێراقن بارگاوین بەو بارودۆخەی لەم هەرێمەدا بوەو دەگوزەرێت ، بارگاوین بەو فەرمان ڕەوا دیكتاتۆرانەی كەپێش خۆیان بوون و ئەمان تەوقەیان لە گەڵدا كردون .
شەڕە قسەو مەلەف هەڵدانەوەكانی مالیكی و بارزانی ، لە دیوە خراپەكەیدا ڕاستە ، چونكە هەردوكیان باشتر یەك دەناسن ، كاتێك مالیكی داوای پاراستنی سنورەكان دەكات كە كوردستانیش بەشێكە لە عێراق و دەبێت لە ژێرفەرمانی مالیكی دابن مەبەستی پاراستنی خاكی كوردنییە بەو مانایەی بەشێكە لە عێراق و دەبێت خاكی نیشتمان بپارێزیت لە دەستی دەرەكی و ئاسایشەكەی بپارێزێت ، بەڵكو مەبەستی ئەوەیە سنوری ئەو وڵاتانە بپارێزێت كە نوساون بە كوردستانەوە و هێزی موعارەزەیان تێدایە ، لەلایەكی دیكەوە مەبەستی ڕێگرتنە لە بەقاچاخبردنی نەوتی كوردستان لەلایەن سەرانی كوردەوە تابازاڕی قاچاخچیەتی بارزانی و تاڵەبانی كەمبكاتەوە بۆ قاچاخچییەكانی خۆی ، ئەمەش لە ژێر فشاری نەیارەكان كورددا ئەنجام دەدات كەلە دەرەوە هۆشداری دەدەنێ ، كاتێكیش بارزانی ڕازی نابێت بەوەی پاراستنی سنوری هەرێم بخاتە ژێردەستی مالیكی بۆ ئەوەنییە كوردستان وڵاتی كوردانە و سەروەرییەكەی دەپارێزێت بەڵكو بۆ مانەوەی ئەو قاچاخچییەتییەیە كە مالیكی دەیەوێت ڕێگری لێبكات بە ناوی پاراستنی سنورەكانەوە .
بارزانی بۆچونی وایە كە لەكاتی چارەسەر نەكردنی كێشەكاندا و بۆ هاوسەنگكردنی ئەو هاوكێشەیە كەلە گەڵ مالیكیدا هەیانە لەسەر تاڵانكردنی داهاتی وڵات لە دوا ئەنجامدا پەنا دەباتەوە بۆ جەماوەر ، مەبەستی بارزانی لێرەدا ئەوەنییە كە جەماوەر بڕیاردەرە و سەنگی مەحەكی دەسەڵاتە ، بەڵكو فێلێكی بارزانییە تا لەو ڕێگەیەوە بە حیسابی ساڵی نەوەدەكان كوڕی هەژاران بكاتە قوربانی پاراستنی كۆمپانیا زەبەلاحەكانی خۆیان و بنەماڵەكەیان كە دڵیان نایەت دەسبەرداری بن یان دورنییە هەموو كوردستان توشی گێژاوێكی گەورەتر نەكات وەك هەمان ئەو گێژاوەی سەردەمی شەڕی ناوخۆ بە وتەی خۆی ئەگەر شەڕی ناوخۆ نەبوایە كوردستانی سەربەخۆیان دادەمەزراند.
مالیكی بەنجەی خستوەتەسەر خاڵە لاوازەكانی بارزانی و دەزانێت لەكام بۆشاییەوە بارزانی دەبات بە هەڵەی گەورەو زەبەلاحی وادا كە پینەناكرێت ، دەزانێت چۆن كاریزمایی بونی بارزانی لە ناو خەڵكی كورددا لەق دەكات كە بۆ لەمەودوا وتارەكانی بارزانی ئەوەندە بێهێز دەكات مناڵێكیش متمانەی پێی نەمێنێت ، بڵاو بونەوەی دیدارەكەی مالیكی لە NRT دا بارزانی بەجۆرێك گوڕیوە لەوجودی خۆیشی گوماندەكەیت ، كە ئایا لەسەر پێی خۆی دەڕوات بەڕێوە یانا ، مالیكی بارزانی بە تورە و بێسەبر و درۆزن دەدات لە قەڵەم ، كاتێك مالیكی باسی غەدری بارزانی لە بزوتنەوەی گوڕان دەكات مەبەستی دەرخستنی ئەو غەدرەنییە لە گۆڕان كراوە بەڵكو دەیەوێت بە خەڵكی كوردستان بڵێت بارزانی جگە لە بنەماڵەو حیزبەكەی خۆی ڕازی نابێت كەس دەسەڵات بگرێتەدەست، وەپێمان دەڵت كوردەكان بزانن بارزانی لە پشتەوە خەنجەر لە كورد دەدات و باسی ئەمنی قەومیشتان بۆدەكات ، ڕازی بونیشی بە بونی یەكیەتی نەبونی توانای سەربازییەتی بەسەر یەكیەتیدا ، دەیەوێت بڵێت پارتی (پارتی پارتانە) وەك ئەوەی خۆیان سەردەمانێك لە شەڕی ناوخۆدا ڕایانگەیاندبوو ، مالیكی دەیەوێت خەڵكی كوردستان بزانن بارزانی و پارتەكەشی دەیانەێت وڵات تێكبدەن نەك حوكمی دیموكراسی پیادەبكەن ، چونكە گەر نەیانتوانی دەوڵەتداری بكەن دەتوانن تێكی بدەن ، مالیكی لەو ماوە كەمەی دیدارەكەیدا كۆڵێ گەندەڵی و كاری ژێربەژێری بارزانی خستەڕو وەك چۆن بارزانی ترسی خۆی لە F16 بڵاوكردەوە تا بیەوێت لە ڕێگەی ئەو جۆرە قسانەوە دانیشتوانی كوردستان بخرۆشێنێتە سەر بۆچونەكانی مالیكی و هیچ نەبێت بۆماوەیەك خەڵكی كوردستان بەو شەڕە بەرژەوەند خوازیەی بارزانی ومالیكییەوە سەرقاڵبن و كارە دزێوەكانی خۆیانی پێبشارنەوە لە كوردستاندا .
 بارزانی و مالیكی دو ئەژدیهان و مرۆڤەكانی نیشتیمان قوتدەدەن تاكەسێك نەهێڵن ڕۆژێك لە ڕۆژان چیرۆكی گەندەڵی و خیانەتەكانیان ئاشكرابكات ، بەڵام وریابن هەڵتان نەلوشن


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە