كەمپینی دروستكردنی پەیكەر بۆ (سەردەشت عوسمان) ئەنجام دەدرێت

Saturday, 29/05/2010, 12:00

1329 بینراوە


لە راگەیەندراوێكدا بەكر عوسمان، برای رۆژنامەنووس (سەردەشت عوسمان) رایدەگەیەنێت سەرجەم نووسینەكانی سەردەشت عوسمان دەكرێنە كتێب ‌و كەمپینێكیش رادەگەیەنێت بۆ دروستكردنی پەیكەرێك لە شوێنی رفاندنەكەی لەهەولێر.
لە راگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی بۆ راگەیاندنەكان ناردووە، بەكر عوسمان ئاماژە بەوەدەكات لە ئەركەكەیدا پێویستی بە هاوكاری هەموو خەڵك و دڵسۆزانی ئازادی و سەردەشت هەیە و داوای هاوكاریكردن دەكات بۆ سەرخستنی ئەو پرۆژەیە. ئەمەی خوارەوەش دەقی راگەیاندراوەكەیە:

راگەیاندنی كەمپینی پرۆژەی پەیكەری ئازادی بۆ سەردەشت عوسمان

خەڵكی ئازادیخوازی كوردستان!
لایەنە سیاسی و جەماوەری و ڕۆژنامەنووسان و روناكبیرییەكان!
جەماوەری ناڕازی و بەدەنگهاتوو لە تیرۆر!
هەموو ئەوانەی كە لەكارەساتی تیرۆری سەردەشت دا لەگەڵماندا بوون و بە بوونی ئێوەش ئێمە توانیمان‌ ئەو خەمە قورسە تەحەمول بكەین!
لەرێگای ئەم راگەیاندنەوە ئاگادارتان دەكەم كە من وەكو برای سەردەشت و وەكو كەسێك كە بەشێكی ژیانی خۆمم بۆ بەرگری لە ئازادی سیاسی، ئازادی رادەربڕین و بیروڕا، دژی تیرۆرو سەركوتی سیاسی تەرخانكردوە، وە لەو سۆنگەیە‌وە كە بڕوام وایە سەردەشت ناڕازی لە نایەكسانی و قوربانیی ئازادی بوو، بزوتنەوەیەكیش كە بەدوای تیرۆرەكەیدا شارەكانی كوردستانی خرۆشاند و تا دەرەوەی كوردستانیش كشا، بۆ بەرگری لە ئازادی و لەپێناو ئازادیدابوو،‌ دروستكردنی پەیكەرێك بۆ سەردەشت بەناوی (پەیكەری ئازادی)یەوە لەهەمان ئەو شوێنەدا كە لێی رفێنرا، واتە لەبەردەم كۆلیژەكەیدا رادەگەیەنم.
هاوكات لەگەڵ ئەوەدا پرۆژەی‌ لەچاپدانی كتێبی "سەردەشت عوسمان" لەبەر دەستدایە. سەرجەم ڕۆژنامە و گۆڤار و ماڵپەڕەكان ئاگادار ئەكەینەوە، ئێمە هەڵدەستین بە لەچاپدانی تەواوی نوسراو و بابەتەكانی "سەردەشت". لە چوارچێوەی كتێبێكدا. كتێبەكە تەواوی ئەو وتار و ڕاگەیاندن و هەواڵ و ڕیپۆرتاژی نارەزایەتی و خۆپیشاندان و مەراسیمەكانی لە دژی ڕفاندن و تیرۆری "سەردەشت " نوسراون و بەڕێخرابوون لە خۆ دەگرێت. ئەو كارەشمان بە ئامانجی درێژەدانی هەموو هەوڵدان و كارەكانی تاكو ئێستا بە ئاراستەی وەستانەوەیە لە بەرامبەر تیرۆر و ئاشكراكردن و دادگاییكردنی تاوانباران و بكوژانی سەردەشتدایە.
لەم ئەركەمدا پێویستم بە هاوكاری ئێوە هەموو دڵسۆزانی ئازادی و سەردەشت هەیە. هەر لە پەیكەرتاشەوە كە بتوانێ پەیكەرێكی شایستە بە پەیام و گیانی سەردەشت دروست بكات تا بە كۆمەكی مالی بۆ ئەو پڕۆژەیە و هەروەها كەسانێكی شارەزا لەباری یاساییەوە كە بتوانین رەزامەندی لایەنی بەرپرس بۆ دانانی ئەو پەیكەرە لە شوێنی ناوبراودا بەدەست بێنین.
هەرلێرەوە بانگەوازی هەموو ئەو كەس و لایەن و دەزگاو دامەزراوانە دەكەم كە لەم كارەدا دەیانەوێ هاوكار و پشتیوانم بن بەشێوەی راگەیاندن و یان لەرێگای پەیوەندیكردنەوە لەشێوازی كۆمەك وهاوكاریەكانیان ئاگادارم بكەنەوە. لەگەڵ هاوكارانێك كە پەیوەست ئەبن بەم كەمپینە، لە نزیكترین كات ژمارە تەلەفۆن و ئەدرێسی پێویست بڵاودەكەینەوە لەگەڵ راگەیاندنی حساب بانكیەك بۆ ئەوانەی كۆمەكی مالی دەكەن.‌ ئێمە ناوی ئەوكەسانە بڵاودەكەینەوە لە داهاتودا لەگەڵ ناوی هەموو ئەوكەسانەی لەو كەمپین و پرۆژەیەدا بەشداریان كردوە.
هاوكاریتان جێگەی ڕێز و پێزانینە. هاوكات هەر سەرنج و پێشنیاریكیشتان هەبێت بۆ چۆنیەتی پەیكەرەكە و كتابەكە پێشوازی لێ ئەكەین

بەكر عوسمان (ئارام عەلی)
بەڕێوەبەری دەزگای ڕاگەیاندنی هاوپشتی
[email protected]
27-05-2010

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە