بەرپرسانى یەكێتى و پارتى ناپاكن

Thursday, 16/05/2013, 12:00

919 بینراوە







موستەشارێك بۆ بەرپرسان: وەرن دابنیشین بەراوردى كارەكانمان بكەین بزانن كاممان خزمەتى خەڵكمان كردووە

موستەشارى فەوجى 251ى سەردەمى بەعس، رایدەگەیەنێت ناوو ئیمزاى هەفتا هەزار كەس و كارى ئەنفالكراوى لایە كە ئامادەن دەنگى پێبدەن، ئەگەر بیەوێت لەهەڵبژاردنەكاندا خۆى كاندید بكات.
لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رایەڵدا ، سەعید جاف موستەشارى فەوجى 251 رەخنەى توند لەبەرپرسانى پارتى و یەكێتى دەگرێت لەبەرانبەر پشتگوێخستنیدا، لەكاتێكدا ئەوكاتەى موستەشار بووە هاوكارى كردوون.
سەعید جاف، روونیكردەوە لەساڵى 1988 لەكاتى پرۆسەى ئەنفالدا بە هەزاران هاوڵاتى كوردى لە ئەنفال رزگار كردووە، لەبەرانبەر ئازاد كردنى ئەو هاوڵاتیانەدا پارە و ئاڵتونى داوەتە بەرپرسانى بەعس.
موستەشارەكەى سەردەمى بەعس، وتیشى"جگە لەو هەزاران هاوڵاتیەى كە رزگارم كردوون، هاوكارى دەیان پێشمەرگەشم كردووە كە ئێستا تێیاندایە بەرپرسە".
سەعید جاف موستەشارى فەوجى 251 كە لەسەردەمى بەعسدا بارەگاى فەوجەكەى لە ناحیەى سەرقەڵا بووە، لەلایەن بەشێك لە كەس و كارى ئەنفالكراوەكانەوە شاهیدى بۆ دەدرێت بەوەى خەڵكێكى زۆرى لەچنگى بەعس رزگار كردووە.
سەعید جاف هەرچەندە بەیەكێك لە موستەشارە چاكەكارەكان بەناوبانگە، بەڵام بەوتەى خۆى دەسەڵاتى كوردى پاداشتى نەداوەتەوە و لەئێستادا ئۆتۆمبێلێكى گەورەى پێ یە و سەرقاڵى كاسبیكردنە، لەكاتێكدا موستەشارەكان "تاوانبارەكان"لەلایەن دەسەڵاتى پارتى و یەكێتیەوە موچەى باشیان بۆ بڕدراوەتەوە و پاسەوانیشیان بۆ دابینكراوە.
فەتاح بەگى جاف و دەیان موستەشارى تر كە لەسەردەمى بەعسدا وەكو خراپەكار ناوبانگیان هەبووە، كەچى لەئێستادا لەنێو دەسەڵاتى كوردیدا دەستڕۆیشتوون و هاوكارى دەكرێن.
سەعید جاف، وتى"ئەو موستەشارانەى خراپەكاربوون بەرانبەر بەخەڵك دێوەخانانە و موچەى باشیان بۆ بڕدراوەتەوە، كەچى منێك كە هەمووان شاهیدى چاكەكاریم بۆ دەدەن ئەوەندەى ئەوان رێزم لێناگیرێت".
ماوەیەك لەمەوبەر ئەو موستەشارەى سەردەمى بەعس بەگوندەكانى جاف و داودى و زەنگەنەدا سوراوەتەوە و ئیمزاى ئەو گوندنیشینانەى كۆ كردووەتەوە كەلەسەردەمى بەعس دا لەچنگى رژێم دەربازیكردوون.
هەروەها وتیشى"چەندین بەرپرس هەن كەئێستا عەمید و عەقید و پلەدارن یان لەنێو مەڵبەند و لقەكاندا كاردەكەن و كاتى خۆى هاوكاریم كردوون، بەڵام سپڵە دەرچوون".
سەعید جاف، گلەیى لەپارتى و یەكێتى نیە وەكو حیزب بەڵكو گلەیى لەبەرپرسانى نێو ئەو دوو حیزبە هەیە، وەكو خۆى دەڵێت"هەموویان خیانەتیان كرد بەرانبەرم و ناپاك دەرچوون".
موستەشارەكەى فەوجى 251، باسلەوەشدەكات هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دەستخۆشى لێكردووە و داوایلێكردووە بیبینێت، بەڵام بەرپرسانى خوارەوە رێگەیان نەداوە چاوى پێبكەوێت.
هەروەها وتیشى"لیژنەیەك لەسەرۆكایەتى هەرێمەوە هاتنە لام و دواتر رۆیشتن، بریاربوو سەرۆكى هەرێم ببینم دواتر دەنگیان نەما".
ئەو مستەشارە بەتەحەداوە روو لە بەرپرسانى یەكێتى و پارتى دەكات، پێیان دەڵێت" وەرن دابنیشین بەراوردى كارەكانمان بكەین، بۆ ئەوەى بۆ خەڵك روون ببێتەوە كێ خزمەتى خەڵكى كردووە ، من یان ئەوان".
سەعید جاف وتیشى" ئەو موستەشارە وتیشى"بە ڤیدیۆ و ئیمزاوە ناوى هەفتا هەزار كەسم لایە كە لەچنگى بەعس رزگارم كردوون، ئەگەر خۆم هەڵبژێرم دەنگم پێدەدەن".



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە